چەند سەرنجێک لەسەر بابەتى "کوردستان لە واشنتن نییە"

 
نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن
 
 کاک هێمن عەبدوڵڵا لە ماڵپەڕی رووداو وتارێکی لە رۆژی شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2020 بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی "کوردستان لە واشنتن نییە"، کە بە داخەوە پڕە لە بۆچوون و زانیاریی هەڵە. جێگەی سەرسوڕمان و نائومێدییە کە رۆژنامەوانێک بەو شێوەیە بنووسێت بێ ئەوەی ئەرکی سەرەکیی خۆی لەبەرچاو بێت وەك وردبوونەوە لە بابەتەکە لە هەموو لایەکەوە، سەیرکردنی داتا و فاکتەکان، و پرسیارکردن لەو لایەنەی کە تیری رەخنەی تێدەگرێت.
 
کاک هێمن دیارە لە رەوشەکە تێنەگەیشتووە و نازانێت کاروبارەکان لە واشنتن چۆن بەڕێوەدەبرێن. رەنگە لەبەرئەوە بێت کە لە کاتێکی زۆر نائاساییدا سەردانى ئەمریکاى کردووە، کە سەروەختی هەڵبژاردن و دەنگدانە، و زۆربەی ئۆفیسەکان داخراون لەبەر پەتای کۆڤید و کۆبوونەوە و چالاکییەکان بە شێوازەکانی پێش پەتاکە، ئەنجام نادرێت.
 
مایەی شانازیمانە کە ئەمریکییەکان، کورد لە رێگەی نەبەردییەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانەوە دەناسن، ئەو هێزەی کە ئەفسانەی داعشی بۆ هەتایە تێکشکاند و داعشی بەزاند. دیارە لە ئەمریکا کاری زۆر کراوە بۆ بەرزڕاگرتنی قوربانی و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە و باسکردنی لە کۆنگرێس و لە بازنەکانی ئیدارەی ئەمریکی. بۆیە ئەوەی کە بگوترێت لە واشنتن، کورد بە قوربانیدانی پێشمەرگە ناسراوە، ئەوە جێگەی شانازییە بۆ هەموومان، نەک ئەوەی رەخنە بێت.
 
دیارە تەنیا کاک هێمن ئاگادار نییە، ئەگەرنا هەموو خەڵکى کوردستان و کەناڵى رووداویش دەزانێ کە حکومەتى هەرێمى کوردستان و فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت بە تایبەت لەدواى ساڵى 2003 رۆڵى بەرچاویان هەبوو لە پتەوکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوەکانى ئەمریکا لە کۆشکى سپى، کۆنگرێس، سێنات، وەزارەتەکان، دامەزراوەکانى هزرى و سەنتەرەکانى لێکۆڵینەوە.
 
کاتێ بەرپرسانى ئەمریکا لەسەر ئاستى شاندى باڵاى سیاسى وەک مایک پێنس و جۆزیف بایدن سەردانى هەرێمى کوردستان دەکەن و ژوورى بازرگانیی ئەمریکى هانى کۆمپانیا وەبەرهێنەرە زەبەلاحەکانى خۆیان دەدەن کە کارى بازرگانى و وەبەهێنان لەگەڵ هەرێمى کوردستان پەرەپێبدەن، ئەمە بە رێکەوت نەبووە، لەلایەن فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و حکومەتى هەرێمی کوردستان کارى بۆ کراوە و کاریگەریى دۆستانمان بووە لە دامەزراوەکانى ئەمریکا لەسەر ئەو پێشکەوتنانە. هاوکات هەر کاتێک بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە یان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکایان کردبێت ئەوا لەسەر ئاستی باڵا و بە فەرمی پێشوازییان لێکراوە. لە دوایین سەردانی بۆ ئەمریکا، بەڕێز سەفین دزەیی 42 دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس و گەورە بەرپرسان لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و ناوخۆ و وەزارەتی وزە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و دامەزراوە گرنگەکانی ئەم وڵاتە، وێڕای کۆبوونەوە لەگەڵ رەوەندی کوردستانی.
 
بەڕێزتان باس لە هەرێمێکى نەناسراوى هیند دەکەن کە گوایە چالاکى ئەنجام دەدەن، ئەگەر واز لەو هەرێمە بێنین و سەیرى هەرێمە بەهێز و دەوڵەمەندەکانى دیکەى دونیا بکەین، جگە لە هەرێمى کوردستان سەرۆکى کام هەرێم بە فەرمى و بەوپەڕى رێزەوە لە کۆشکى سپى پێشوازى لێکراوە؟ بێگومان ئەوەش کارى لۆبى بۆ کراوە و دەبوو بزانى لەم هەموو بایەخدانەى ئەمریکا بۆ هەرێمى کوردستان ئاکامى هەوڵەکانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمە لە واشنتۆن بە پشتگیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەپێناو پەیڕەوکردنى سیاسەتێکى دروست بۆ بونیادنانى پەیوەندییەکى باش لەگەڵ ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى.
 
سەبارەت بە رەوەندى کوردستانى لە هەموو بۆنەیەکى نەتەوەیی و کولتوورى بایەخمان پێداون. ئەوە جگە لەوانەى چەندین ساڵە نیشتەجێى ئەمریکان، پێگەى بەهێزیان هەیە لەناو دامەزراوەکانى ئەمریکا وەک باڵیۆز، وەرگێڕ، دکتۆر، سیاسەتڤان و خاوەن بڕوانامەى باڵا.
 
رەنگە تاکە خاڵێکی راستی ئەو وتارە، ئاڵای کوردستان و عێراق بێت لەسەر بینایەکە، کە کۆن بوون، چونکە لە بەهارەوە زۆربەی باڵیۆزخانەکان و ئۆفیسەکان و نوێنەرایەتیش داخراون، هەر بۆیە ئەوە روویداوە، ئێمە بەمزووانە دوو ئاڵای نوێ لەسەر بیناکە دادەنێین و رێزمان هەیە بۆ ئەم سەرنجە.
 
سەبارەت بە هەبوون یان کردنەوەی سەنتەرێکی کولتووری و فەرهەنگیی بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەمريكا، بەڕێزیان دەبێت بزانێت کە لەناو نوێنەرایەتیى حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشى پەرەپێدانى کولتوورى و رۆشنبیرى هەیە وەک سەرجەم باڵیۆزخانەکانى دونیا کە بایەخ بە فەرهەنگ و کولتوورى خۆیان دەدەن. لەم رووەشەوە جێپەنجەمان دیار بووە.
 
وەک نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نەورۆزی 2019 ئاهەنگێکی گەورەمان سازکرد بۆ دەڤەری واشنتن بە ئامادەیی سەدان کەس لە رەوەندی کوردستانی و چەند کەسێکیش لە وەزارەتی دەرەوە و دۆستانی ئەمریکیش ئامادەبوون، هەروەها ساڵانە بەشداریمان کردووە لەو چالاکییەی کە ئەو باسی دەکات و دەڵێت باڵیۆخانەکان ئەنجامی دەدەن. ئێمە لەو رۆژەدا لەناو باڵیۆزخانەی عێراق سووچێکمان هەبووە کە تێیدا جلوبەرگ و کەرەستە و کەلوپەلی دێرینی کوردی و فۆلکلۆریی کوردمان پێشان داوە، و جێی سەرنجی گەشتیاران و میوانان بووە.
 
بۆ نەورۆزی ئەمساڵیش ئاهەنگێکی گەورەمان بەدەستەوە بوو و کارمان لەسەر کردبوو، بەڵام لە دوایین هەفتەکان لەبەر کۆڤید هەڵوەشایەوە. هەروەها داوەتمان بۆ ژمارەیەکی زۆر بڕیاربەدەست و جەنەراڵ و بەرپرس کردبوو بۆ ئێوارەخوانێک بۆ نەورۆز، و زۆریشیان ئامادەیی خۆیان دەربڕیبوو بۆ بەشداریی، بەڵام لەبەر ئەم پەتایە هەڵوەشایەوە.
 
هەروەها رێکخراوێک هەیە کە چالاکیی فەرهەنگیی دەکات بۆ ئەو گەشتیار و کەسانەی لە واشنتنن و دەیانبات بۆ باڵیۆزخانەکان، ئێمە پێشتر بەرنامە و سەردانمان بۆ رێکخستوون و لەناو نوێنەرایەتیی، کولتوور، موزیک و خۆراکی کوردەواریمان پێشکەش کردوون. ئێمە هەروەها پێشانگەی وێنە و کتێبمان رێکخستووە.
 
دیسانەوە سەبارەت بە پەیوەندییە گشتییەکان، دەبوایە بەڕێزیان بەدواداچوونی زیاتری بکردایە. ئێمە هەواڵنامەیەکمان هەیە کە مانگانە دەگاتە هەزاران کەس، لەناویاندا نووسینگەی بەرپرس و بڕیاربەدەستان و کۆنگرێسی ئەمریکی، هەروەها ئێمە پۆدکاستی مانگانەمان هەیە، ئامرازێکی پی ئاڕ کە وەنەبێت هەموو باڵیۆزخانەیەکیش بەکاریبهێنێت. ئەمانە تەنها بەشێکن لە چالاکیی پەیوەندییە گشتییەکانی ئێمە، هیوادارین ناوبراو زیاتر لەو بارەیەوە بخوێنێتەوە و بەدواداچوونی بۆ بکات.
 
ناوبراو لە شوێنێکدا نووسیویەتی، نوێنەرایەتی وەک رەجەبی تەمسیلەکەیە لەژێر دار هەنجیرێک دەمی بۆ بەربوونەوەی هەنجیر کردووەتەوە، ئەمە ناهەقییەکی گەورەیە، چالاکییەکانی ئێمە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمریکی و ئیدارەی حکومی لەم مانگانە لەرێگەی کۆبوونەوەی ئۆنلاین و تەلەفۆن و وێبینارە، چونکە ئەو دەستگایانە لەبەر کۆڤید داخراون بەڕووی میواندا. لۆبی کوردی لۆبییەکی زێدە چالاکە بە بەراورد لەگەڵ ژمارە و قەبارەی کورد لە ئەمريكا، و پەیوەندییمان لەگەڵ هەردوو حیزب لە کۆنگرێس و لە سێناتیش زۆر باشە و گرووپى دۆستایەتی لەگەڵ گەلى کوردستان پێکهێنراوە. هەر لێرەوەیە کە کۆنگرێسی ئەمریکی هاوکاریی دارایی دوو دەستگەی خوێندنی باڵای کوردستانی کردووە. هەروەها لە کۆنگرێس کۆکەسی کوردی هەیە، کە لە کۆنگرێسمانانی هەردوو حیزبەکە پێک دێن. 
 
کاک هێمن لە شوێنێک باسی خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار دەکات بۆ رازیکردنی دڵی سیناتۆر و کۆنگرێسمانان، ئەم وتەیەشی زۆر ناڕاست و بێ بناغەیە، شتی وا رووی نەداوە و ئەمەش دەچێتە پاڵ ناهەقییەکانی دیکەی وتارەکەی، چونکە بەپێی یاسای ئەو وڵاتە، هیچ کونگرێسمان یان بەرپرسێکی حکومەت بۆی نییە پارە یان دیاری گرانبەها وەربگرێت. دۆستانمان لە کۆنگرێس و سێنات کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن تەنانەت پارەی تیکتی فڕۆکەش لەسەر خۆیانە. بۆیە نەدەبوو بە ناشارەزایی باس لە بابەتێکی ئاوا بکات.
 
نوێنەرایەتی چالاکیی جۆربەجۆر دەکات هەم بۆ پەیوەندییەکانی گشتی و بەرەوپێشبردنی دۆزی کورد، هەم بۆ گرێدانی ويلایەتە یەكگرتووەکان لەگەڵ کوردستان، نەك تەنیا وەک چالاکی سیاسی و فەرهەنگی، بەڵکو هەروەها بۆ نموونە لە بواری ئابووری. ئێمە هانی بزنس و بازرگانیی دەدەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان. پەیوەندیی ئابووری زۆر گرنگە بۆ پێکەوەبەستنەوەی دوو وڵات، هەر بۆیە بەردەوام سیمینار و وێبینار ساز دەکەین لەگەڵ بزنسی ئەمریکی. شاندی ئەمریکی دەبەین بۆ کوردستان و هی کوردستان دەهێنین بۆ ئێرە، ئەمەش خاڵێکە کە ناوبراو لە بیری چووە باسی بکات یان جێی سەرنجی نەبووە. هەروەها ستاف و نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمريكا بەردەوام بەشداری دەکەن لە بۆنە و ئیڤێنتەکاندا، لەگەڵ میدیای ئەمریکی پەیوەندیمان باشە، هەروەها لەگەڵ دامەزراوەکانی هزرى و زانکۆکان.
 
سەبارەت بەوەی ئەو پێی دەڵێت ماڵێک لە تەنیشت نوێنەرایەتی هەیە فیلێکی گەورەیان داناوە، بە داخەوە دیسان بە هەڵە تێگەیشتووە، راستە پەیکەری فیلێک هەیە لە حەوشەکە، و راستە فیل رەمزی کۆمارییەکانە، بەڵام ئەو پەیکەری فیلە بۆ ئەو مەبەستە لەوێ نییە کە جەنابی لێی تێگەیشتووە، بەڵکو هێمایە بۆ دژ وەستانەوەی چەوساندنەوەی ئاژەڵان. دەبوایە بەڕێزیان سەرنجی بدایە کە ئەوە پەیکەری فیلی سێرکە، و کۆتوبەند و زنجیر لە پێیدایە، وەک ئاماژەیەك بۆ چەوساندنەوە و بەدرەفتاریی لەگەڵ ئاژەڵان. بینایەکە هی رێکخراوێکە بە ناوی پیتا People for Ethical Treat of Animals، رێکخراوی خەڵکانێک لەپێناو رەفتاری ئەخلاقییانە لەگەڵ ئاژەڵان.
 
سەبارەت بەوەی چێشتخانەیەکی کوردیی نییە، دیارە ئەوە کاری هیچ حکومەتێک نییە کە لە وڵاتێکی بیانی چێشتخانە بکاتەوە. ناوبراو ناهەقیی کردووە بەرامبەر رەوەندی کوردستانی لە ئەمريكا، رەوەندی کوردستانى زۆر چالاکە و بەردەوام کاریگەریی لە زیادبوونە. ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی رەوەندی کوردستانی، هەڵگری بڕوانامەی بەرزن، خاوەنی بزنسی سەرکەوتووی خۆیانن، هەروەها هەیانە لە دەستگەی هزروبیری گەورە و ناودار کار دەکەن، و هەروەها ژمارەی رێکخراوە ناحکومییە کوردییەکانیش بەردەوام لە زیادبوونە، هەموو ئەمانەش جێگەی دەستخۆشییە.
 
لێرەدا وەنەبێت هیچ کەموکوڕی و ئارێشەیەک نەبێت، کاری زۆر کراوە و کاری زۆریشمان لەپێشە ئەنجامی بدەین بۆ ئەوەی ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاست خواست و ویستی ئێمە بێت، سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانەش دەکەین کە هاوکارمان دەبن بۆ زیاتر پێشخستنی ئاستی پەیوەندییەکانمان.
 
لە کۆتاییدا، ئێمە بە داخەوەین کە رۆژنامەوانێکی کورد بەبێ ئەوەی هیچ ئامادەکارییەك و لێکۆڵینەوەیەک بکات، وتارێکی وەها دەنووسێت کە بە شێوەیەکی نابەجێ رەخنە بگرێت لە رەوەندی کوردستانی و لە ئێمە لە نوێنەرایەتی، بەبێ ئەوەی پەیوەندیمان پێوە بکات لە نوێنەرایەتی و وتارێک بنووسێت کە پڕە لە بەدحاڵیی لە کاری دیپلۆماسی و پەیوەندییە گشتییەکان و لەوەی چۆن لە واشنتن کار دەکرێت.