زۆرتر لە مانگێکە لە واشنتن دی سیم. جاران وەک ئەوروپییەک تەماشای ئەمریکام دەکرد و زۆر بۆم گرنگ نەبوو چی لە دی سی دەگوزەرێ. ئێستا وەک کوردستانییەک تەماشایدەکەم.
بەکورتییەکەی کورد لێرە زۆرتر چیرۆکی جوانی کۆمەڵێک جەنگاوەرە کە یارمەتیی ئەمریکییە قارەمانەکانیان داوە تا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داعش تێکبشکێنن. ئەو هوتێلەی لێی دەمێنمەوە دووسەت مەتر دوورە لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان. هەموو بەیانییەک کە دەچمە ستۆدیۆی رووداو، کە ئەویش دوو سەت مەترێک لە کۆشکی سپی دوورە، لە باڵەخانەی نوێنەرایەتیی حکومەتی کوردستان ئاڵایەکی کۆن و چڵکنی کوردستان و عێراق دەبینم.
لە ماڵێکی تەنیشت ئەوان فیلێکی گەورە دانراوە. لێرە فیل سیمبۆلی کۆمارییەکانە. ئەو کۆمارییانەی دۆناڵد ترەمپیان کردە سەرۆکی ئەمریکا و ئەویش لە ساڵی 2017 رێگەیدا حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی نیوەی خاکی باشووری کوردستان لەدەست کورد دەربهێنێت.
کاتێک بە کۆڵانەکانی دی سیدا تێدەپەڕم، سەنتەری سوڵتان قابووس و سەنتەری کولتووریی وڵاتانی عەرەبی و تورکی دەبینم. هەموویان نوێنەرایەتیی سۆفت پاوەری ئەو وڵاتانە دەکەن کە دەیانەوێ لە واشنتن ببیندرێن و لەبیرنەکرێن. ستۆدیۆی رووداو لە باڵەخانەی نیشتمانیی میدیای ئەمریکیدایە. لەو باڵەخانەیە، تابلۆی سەر ئۆفیسێک سەرنجم رادەکێشێ. تیمێکی پی ئاڕ کار بۆ ناساندی خالیستان دەکەن.
هەرێمێکە لە هیندستان کە داوای سەربەخۆیی دەکات. ئەوان هێشتا نە گشتپرسییان کردووە، نە حکومەتێکی هەرێمیان هەیە و نە پێشمەرگەشیان هەن، بەڵام لەنێو ئەو باڵەخانەیەی هەموو میدیای ئەمریکای لێیە، هاتوون خەریکی ناساندی خالیستانن.
شتێک کە هەموو رۆژێک دڵخۆشم دەکات ئەوەیە کە هاوکارانم لەسەر دەرگای خۆیان لەو باڵەخانەیەدا نووسیویانە (تۆڕی میدیایی رووداو-کوردستان). ئەو وشەی کوردستانە لە هیچ شوێنێکی دنیا هێندەی ئێرە کاریگەر و باڵکێش نییە. رۆژانە ئەو کەسانەی لەسەر کۆشکی سپی دەنووسن، بەهۆی رووداوەوە چاویان بە ناوی کوردستان دەکەوێ، بەڵام ناوی کوردستان زۆرتر لەگەڵ ئاڵا کۆنەکەی سەر باڵەخانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن و تابلۆکەی رووداوە. لێرە شتێک نییە ناوی کوردستان بێت.
چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا هەیە لەپشتمان بێت، بەڵام لە دی سی هیچ شتێکی کولتووریمان نییە ئەمریکییەکان هۆشیار بکاتەوە کە کوردستان چییە.
راستییەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ئەمریکایە. ئەو ماوەیە کە لێرە رووماڵمانکردووە لەوە تێگەیشتووین کە وەک شەڕکەری چاک خۆشیاندەوێین، بەڵام زۆر لە بڕیارساز و ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر بڕیاری ئەمریکی هەیە شتێکی زۆر لەسەر کورد نازانن. لە یەکێک لە رووماڵەکانی رووداودا لەو ماوەیە، میوانەکانم پێیانگوتم ساڵانە لە واشنتن هەفتەیەک هەیە کە هەموو باڵیۆزخانەکان دەرگاکانیان دەکەنەوە تا خەڵک بێن و بزانن کولتووری میللەتەکان چییە. گوتیان ئەمریکی دەیانەوێ بزانن کورد چییە، بەڵام لە واشنتن کوردستان چالاکانە خەریکی خۆناساندن نییە.
زۆر کەس لە کوردستان دەستی لەسەر دڵیەتی کە بایدن یان ترەمپ دەبێتەوە سەرۆک و کاریگەریی لەسەر کوردستان چی دەبێت. راستییەکەی ئەوەیە کە دەبێ دەستتان لەسەر دڵتان بێ کە ئێمە وەک درامای رەجەب لەژێر دارهەنجیری ئەمریکی دانیشتووین و چاوەڕوانین هەنجیرەکەیان بەربێتەوە ناو دەممان. خۆمان لێرە هیچمان نییە. وادەزانین بە بانگهێشتی دوو سیناتۆر بۆ کوردستان هەموو شتێک تەواوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەک وانییە، بەڵکو تەواو هەڵەشە. هەروەها ئەوەش بەڕوونی بزانن کە هەرچەندە هەبوونی سیستمێکی دیموکراسی لە کوردستان گرنگە، بەڵام ئەوەی بۆ سیاسییەکانی ئەمریکا گرنگە ئەوەیە کە لێرە لە واشنتن هەبیت و بتبیستن و بەقسەت بکەن. ئەوان دەیانەوێ بزانن چەند دەنگت لە ئەمریکا هەیە و بۆچی باشترە بەقسەت بکەن.
پێم سەیرە ئەو هەموو کوردە زیرەکە لە دی سی هەن، کەچی ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان لە رادیۆی ئەمریکا و شوێنی دیکە کاربکەن. کەچی هەرێمی کوردستان بە ملیۆنان دۆلاری لە رازیکردنی دڵی سیناتۆر و کۆنگرێسمەنی وادا خەرجکرد کە رەنگە لە هەموو ژیانیاندا دوو جار قسەیەکی خێریان بۆ کوردستان نەکردبێت. کۆری و ئەرمەنی و زۆر گەلی دیکە پارە دەدەنە گەنجەکانیان تا بچنە واشنتن و لێرە بگەنە ئۆفیسی کۆنگرێسمان و بڕیارسازانی دیکە، کەچی ئەمڕۆژانە لە دی سی کوردم بینیوە کە سێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە، کەچی فریلانسە و بە نانەسک دەژیت.
ئێمە ساڵەهایە گلەیی لە ئەمریکا دەکەین. هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا ناناسین. ئەگەر بیناسین ناهێڵین کورد هێندە بچووک ببێتەوە لە دی سی، کە بەلایەنی کەمەوە رێستورانتێکی کوردیی لێنەبێ کە وەکچۆن ئێرانی و ئەفغانی و تورک و عەرەب کردوویانە، بەرپرسانی دی سی بژارەی ئەوەیان هەبێ نانێکی کوردیش بخۆن و بیر لە پاراستنی کوردستان بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ