ئەنفال؛ سێبەری ماوەدرێژی جینۆساید
سی و هەشت ساڵی تێپەڕی، بەڵام هێشتا بۆنێکی تایبەت بە ئاسمانی کوردستان دا بڵاوە. رزگاربووان زۆر بە باشی کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو بۆنەیان لەبیرە: بۆنی گازی خەردەل، زەوی سووتاو، هەروەها بێدەنگی. پرۆسەی جینۆسایدی ئەنفالی ساڵی 1988 تەنیا تاوانێکی سەربازی نەبوو کە لەلایەن دەسەڵاتی بەعس بە سەرۆکایەتیی سەدام حوسێن ئەنجام درا، بەڵکو هەوڵێکی سیستماتیک بوو بۆ نەهێشتنی گەلێک بە تەواوی لە مێژوودا، واتە بۆ سڕینەوەی جەستەیی، زمانی و گوند و یادەوەری نەتەوەی کورد.
لەنێوان شوبات و ئەیلوولی ساڵی 1988دا هەزاران خێزانی کورد بەرەو بیابانەکانی عێراق گوێزرانەوە و بێسەروشوێن کران. لەو هەڵمەتەدا زیاتر لە 4000 گوند وێران کران، سەتان هەزار کەس ئاوارە کران، زیاتر لە 182 هەزار کورد کوژران یان بێسەروشوێن کران. لەو هەڵمەتەدا پیاوان لە خێزانەکانیان جیاکرانەوە و کوژران. ژن و منداڵەکان برانە ئۆردووگاکان؛ تەواوی ناوچەکان لە باشووری کوردستان چۆڵ و وێران کران.
هەڵەبجە بووە سیمبوولی ئەو هەڵمەتە پڕ لە تۆقینە، کاتێك لە 16ی ئاداری 1988دا گازی کیمیایی بەسەر شارەکەدا بارێندرا. لە ئەنجامدا تەنیا لە چەند کاژێرێکدا نزیکەی 5000 هاونیشتمانیی سیڤیل گیانیان لەدەستدا. وێنەی لەشە بێ گیانەکانی سەر شەقام بۆ ماوەیەکی کورت جیهانی حەپەساند، بەڵام ئەنفال بریتیبوو لە هەڵمەتێک کە زۆر لە کیمیابارانی هەڵەبجە گەورەتر بوو. ئەو جینۆسایدە بەشی هەرە زۆری باشووری کوردستانی گرتەوە: گەرمیان، بادینان، قەرەداخ و سەتان گوندی دیکە کە ئێستا ناویان تەنیا لە یادگەی هاووڵاتیانی زیندوودا ماوە.
تراژیدیای ئەنفال لە هەمان کاتدا تراژیدیای بێدەنگیی نێودەوڵەتی بوو. ئەم جینۆسایدە لە پڕێکدا دەستی پێنەکرد، بەڵکو ئەنجامی چەندین ساڵ بێبەشکردنی کورد بوو لە مافەکانی. کورد لە عێراق بۆ چەندین دەیە لە مافە سیاسییەکانیان بێبەش کران، لە شوێنی خۆیان دەرکران و لە کولتووری خۆیان بێبەش کران. جینۆساید بە گۆڕی بەکۆمەڵ دەستپێناکات، بەڵکو بەو بیرۆکەیە دەست پێدەکات کە دەڵێ، هەندێ خەڵک لە خەڵکی دیکە کەمتر شایستەن. جینۆساید ئەوکاتە دەستپێدەکات کە زمانێک قەدەخە دەکرێ، نکۆڵی لە ناسنامەیەک دەکرێ، دانیشتووانی ناوچەیەک وەک هەڕەشە تەماشا دەکرێن.
تووندوتیژییەکەی باشووری کوردستان لە ساڵی 1988 کۆتایی نەهات، بەڵکو تەنیا شێوەکەی گۆڕا. تەنانەت ئەمڕۆ، جینۆسایدەکە لە مێشک و لەشی رزگاربوواندایە. زۆربەی رزگاربووان بەدەست کاریگەری زەبری دەروونیی ئەو تراژیدییە، خەمۆکیی قووڵ، دڵەڕاوکێی درێژخایەن، شێوانی خەو، نەخۆشیی دەروونی و خەمباریی ئاڵۆزەوە دەناڵێنن. زۆرجار رزگاربووان باسی ئەو کابووسە دەکەن کە هیچ کات جێیان ناهێڵێ؛ قسە لەبارەی ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە دەکەن کە لە پڕێکدا دایاندەگرێ؛ ئاماژە بەوە دەکەن کە بە ئاسانی ناتوانن هەستەکانیان دەربڕن؛ هەمیشەش هەست بە نەبوونی سەلامەتی دەکەن. زۆربەی رزگاربووان دوای تەواوبوونی ئەنفال نەیانتوانی ژیانێکی ئاساییش بنیات بنێنەوە. ژمارەیەکیان هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان لەدەستدا، ئەوانی دیکەش بە یادەوەریی پڕ لە کوشتنی کەسانی نزیکیان، هێرشی چەکی کیمیایی، برسیکردن و بێسەروشوێنکردنی ئازیزانیان رۆژەکانیان بەڕێدەکەن.
بەڵام پێدەچێ قووڵترین برین بریتی بێ لە نەبوونی دڵنیایی. هێشتا تەرمی هەزاران قوربانی لە گۆڕە نەزانراوەکانی عێراقدان. تاوەکو ئێستاش زۆر خێران نازانن ئازیزەکانیان لە کوێ ژێر خاک کراون. ئاخر هیچ گۆڕێک نییە بۆ ئەوەی سەردان بکرێ، هیچ ماڵئاواییەک نییە، هیچ دڵنیاییەکیش نییە. خەم و پەژارە تەواو نابێ. ئازاری ئەندامی ئەو خێزانانە وەک برینێکە کە هیچ کات دەرفەتی ئەوە نەبووە چارەسەر بکرێت.
ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێك ئازاربەخشترە بریتییە لەوەی زەبری دەروونی (ترۆما) لە یەک نەوەدا کۆتایی نایێت. منداڵ و نەوەی رزگاربووان بە کۆمەڵێک یادوەرییەوە گەورە دەبن کە هیچ کات خۆیان ئەزموونیان نەکردوون. ترس، بێدەنگی، دوورەپەرێزی و نەبوونی متمانە وەک میراتێک بۆیان دەمێنێتەوە. زۆربەی منداڵانی دایک و باوکە تۆقیوەکان تووشی خەمۆکی، ترس، نیگەرانی، دوورەپەرێزی و ئەو هەستە دەبن کە وا بیر دەکەنەوە دەکرێ لە هەر چرکەساتێکدا مەترسییەکە روویان تێبکاتەوە. زەبری دەروونی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە، ئەویش تەنیا لە رێگەی چیرۆکەکانەوە نا، بەڵکو لە رێگەی بێدەنگی، مامەڵە، ترس و هەستی نێو خێزان و کۆمەڵگەکان.
ئەنفال تەنیا کاریگەری دەروونی لەسەر تاکەکان نەبووە، بەڵکو کاری کردووەتە سەر کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی. ئەنفال کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی خەڵک و دەوڵەت، هاووڵاتی و سیاسەت، یادەوەری و داهاتوو هەبووە. نەوەیەک کە لە کاتی بۆردوومان، ئاوارەکردن و بەکۆمەڵ کوشتن گەورەبوو، ئەو ئەزموونانەی لەگەڵ خۆی بۆ قۆناخی پێگەیشتوویی و گەورەبوون گواستووەتەوە. زۆربەی سەرکردە سیاسییەکان، رۆشنبیران و کەسایەتییەکانی دیکەی ئەمڕۆی کوردستان لەو نەوەیەن. جەنگ، لەدەستدانی ئازیزان و نەبوونی ئاسایش کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی سیاسییان هەبووە، تەنانەت کاریگەری لەسەر هیوای ئەم کەسانەش هەبووە.
زۆرجار ئەو کۆمەڵگەیانەی رووبەڕووی جینۆساید دەبنەوە، متمانەیان بە سەقامگیری و دادپەروەری نامێنێ. ئەگەر گوندەکان تەنیا لە چەند کاژێرێکدا لەبەرچاو نەمێنن، ئیدی داهاتووش زۆر ناسک دەردەکەوێ، هیوا زەحمەت دەبێ، متمانە کەم دەبێتەوە و تەنانەت ژیانی ئاساییش بە جۆرێک دەردەکەوێ کە دڵنیایی تێدا نییە. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەنفال تەنیا رووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو تاوەکو ئەمڕۆش وەک دۆخێکی دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسی ماوەتەوە.
سەرەڕای ئەوە، جینۆسایدی ئەنفال ئەو ناساندنە ئەخلاقییەی بەدەست نەهێناوە کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی شیاویەتی. دیمەنی هەڵەبجە بۆ ماوەیەکی کورت ویژدانی مرۆڤایەتی هەژاند، بەڵام ئیدی دوای ئەوە کوردستان لە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ونبووەوە و بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکان لە مەینەتی مرۆڤایەتی بایەخدارتر دەرکەوتن. هەربۆیە داننان بە ئەنفال دا وەک جینۆساید تەنیا کردارێکی یاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی دادپەروەرانەشە. کارێکی لەو جۆرە واتای ئەوەیە بە رزگاربووان دەگوترێ: مەینەتی ئێوە راستەقینە بووە، مردووەکانتان لەبیرناکرێن، مێژووتان جێگەی بایەخە.
بەڵام بەرپرسیاریی تەنیا بە داننان بە ئەنفال وەک جینۆساید کۆتایی نایێت. دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارێتییەکی گەورەی مێژوویی و ئەخلاقی گەورەی لەئەستۆیە. نەدەبووایە ناساندنی ئەنفال بە جینۆساید لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە ساڵی 2008دا کۆتایی پرۆسەکە بووایە، بەڵکو دەبووایە سەرەتا بووایە. بەغدا ئەو ئەرکەی لە ئەستۆدایە کە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و راستگۆیانە لە تاوانەکانی رژێمی بەعس بکات، هەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبداتەوە، یارمەتیدەربێ بۆ ئەوەی قوربانییەکان بناسرێنەوە و رووفاتەکان بۆ خێزانەکانیان بگەڕێنەوە و پاشانیش پاڵپشتییەکی دەروونی و مادیی ماوەدرێژ پێشکێشی رزگاربووان بکات.
چارەسەرکردن تەنیا لە ژووری نەخۆشخانەکان دەست پێناکات. چارەسەرکردن پێویستی بە راستگۆیی، دادپەروەری، داننان بە تاوان و رووبەڕووبوونەوەی راستگۆیانەی رابردووە. هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێ بەسەر زەبری دەروونی بەکۆمەڵدا سەربکەوێ، ئەگەر تاوانەکان بچووک پیشان بدرێن، فەرامۆش بکرێن یان سیاسەتمەداران خۆیان لێ لابدەن. زەبری دەروونی لەنێو کۆمەڵگەکاندا دەمێنێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی هەموو راستییەکان ئاشکرا دەکرێن. هەربۆیە، لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی تێروتەسەل لە ئەنفال کارێک نییە کە تەنیا گرێدراوی رابردوو بێ، بەڵکو پەیوەندی بە داهاتووی عێراقیشەوە هەیە.
ناکرێ بەرپرسیارێتیی سیاسی تەنیا بریتی بێت لەو گوتانەی لە ساڵیادی رووداوەکاندا پێشکێش دەکرێن. کرداری راستەقینە پێویستە: دەبێ رزگاربووان لە بواری دەروونییەوە پاڵپشتی بکرێن، خێزانەکان قەرەبوو بکرێنەوە، پرۆگرامی پەروەردەیی هەبێ کە تیشک بخاتە سەر جینۆساید، تاوانەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێ و پاشانیش، دەبێ ئەنفال لە یادەوەریی مێژوویی عێراق و جیهاندا هەبێ و بمێنێتەوە.
پێویستە منداڵان بە جۆرێک پەروەردە بکرێن کە بزانن چی روویداوە، نەوەک تەنیا بە ئاماژەدان بە کۆمەڵێک ژمارە، بەڵکو بە ناساندنی ئەنفال وەک تراژیدیاییەکی مرۆڤایەتی. پێویستە منداڵان لەوە تێبگەن کە گوندەکان وێرانکران، تەنیا لەبەرئەوەی دانیشتووانەکەیان کورد بوون. ئاخر ئامانجی جینۆساید تەنیا کوشتنی خەڵک نییە، بەڵکو ئامانجێکی گەورەتری هەیە کە لەنێوبردنی داهاتووی خەڵکێکە. هەربۆیە ئەوەی پەیوەندی بە یادەوەرییەوە هەیە پرسێکی سیاسییە.
لە کاتێکدا تاکڕۆیی، رقلێبوونەوە لەسەر بنچینەی نەتەوە، پێشێلکردنی مافی خەڵک لە زۆر بەشی جیهان دا سەری هەڵداوەتەوە و زیادیکردووە، ئەنفال تەنیا چیرۆکێکی ساڵی 1988 نییە، بەڵکو هۆشدارییەکە؛ هۆشدارییەک کە دەریدەخات کاتێک بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان لە ژیانی خەڵک بایەخدارتر بوون، ئیدی دەکرێ جیهان سەرنج نەخاتە سەر هەندێک رووداو. تاوەکو ئێستا رزگاربووانی ئەنفال لە چاوەڕوانیدان، نەوەک تەنیا بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵکو چاوەڕێی شتێکی بنچینەییترن، ئەویش داننانە بەوەی کەسوکاریان لەنێوبراوە و ستەمیان لێکراوە. پێدەچێ دوایین بەرپرسیارێتیی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوە بێ کە مردووەکانی هەڵەبجە، گەرمیان، بادینان و هەزاران گوندی کوردستان جارێکی دیکە لە یادەوەریی جیهان دا نەمرن.