چی ترەمپی ناچار بە ئاگربەست کرد؟
رێک پێش نیوەشەوی 8ی نیسانی 2026، کاتێک هەواڵی ئاگربەستەکە لە ئیسلام ئابادەوە دەگەیشتە ناوەندە دیپلۆماسییەکان، نرخی نەوتی خاوی تەکساس بۆ رادەستکردنی لە مانگی ئایاردا بە 112.95 دۆلار داخرابوو. بەرزبوونەوەیەکی 68٪ـی بەراورد بە رۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕ. تاوەکو بەیانی 8ـی نیسان، نرخەکەی بە رێژەی 16.4٪ پاشەکشەی کرد و دابەزی بۆ 94.41 دۆلار. ئەوە بووە گەورەترین دابەزینی رۆژانەی نرخی نەوتی تەکساس لە دوای نیسانی 2020ـەوە. بەهای بۆرسەکانی ئەمریکاش بە رێژەی زیاتر لە 2٪ بەرزبوونەوە. جیهان هەناسەیەکی ئاسوودەیی هەڵکێشا.
بەڵام بەڕاستی بۆچی ئاگربەستەکە روویدا؟ لە هەمووی گرنگتر نیگەرانی و پشێویی نێو بازاڕەکانی ئەمریکایە، بەتایبەتی لەکاتێکدا لە تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دا، هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی کۆنگرێس بەڕێودەچن، ئەمانە چەند هۆکار بوون بۆ ئەوەی ترەمپ ئاگربەست بکات؟
ئەو نەوتەی کە لە ئەمریکا ، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، بازرگانەکان و پاڵاوگەکان مامەڵەی پێوە دەکەن، دەیکڕن و دەیفرۆشن و دەیگوازنەوە بۆ پاڵاوگەکان لە کۆگاکانی (کوشینگ) عەمبار دەکردێن لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما. رۆژانە لە رێگەی بۆڕییەوە دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەکان و سەرئەنجام لەوێوە دەگەیێندرێتە بەنزینخانەکان و دەگاتە دەستی هاووڵاتیانی ئەمریکی. نرخەکەی لە راستی دا 35 تاوەکو 40 رۆژ پێشتر لەو رۆژەی باردەکرێت دیاریکراوە و مامەڵەی پێوەکراوە، ئەمەش بەهۆی سرووشتی گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی تەکساسە کە نزیکەی 35 تاوەکو 40 رۆژ بەر لە وادەی بارکردن دادەخرێن و یەکلایی دەکرێنەوە. هەرچەندە نرخی نەوتی تەکساس لە دوای راگەیاندنی ئاگربەست بە ریژەیەکی بەرچاو دابەزی بۆ نزیکەی 94 دۆلار، بەڵام هەمان رۆژ پاڵاوگەکان نەوتی 112 دۆلارییان کە زیاتر لە مانگێک پێشتر کڕیبوویان بەدەست دەگەیشت و دەیانکردە بەنزین و گازوایل. لەبەر ئەوە تەنانەت دوای راگەیاندنی ئاگربەست و هەرزان بوونی رێژەیی نرخی نەوت لە ئەمریکا، قورسایی بەرزیی نرخی سووتەمەنی لەسەر شانی هاووڵاتیان زیاتر لە مانگێکی دیکەش دریژە دەکێشێت، ئەگەر زیاتریش نەبێت. بە واتایەکی دیکە هەرچەندە بۆ نموونە نرخی نەوتی سووکی تەکساس ئەمڕۆ 94 دۆلارە، بەڵام پاڵاوگەکان 112 دۆلاریان پێداوە و بە 18 دۆلار گرانتر کڕیویانە. ئەو زیانەش دەخەنەسەر شانی هاووڵاتیان و تەنانەت نرخی نەوتی خاو زیاتریش دابەزێت ئەوان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە هەر بەنزین بە گران دەفرۆشنە هاووڵاتیان.
ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا دەڵێت تێکڕای نرخی گاڵۆنێک بەنزین ( 3.78 لیتر) لە 2.98 دۆلاری پێش جەنگی ئێران بۆ 4.14 دۆلاری ئێستا بەرزبووەتەوە و تەنانەت پێشبینی دەکات لە درێژەی ئەم مانگەدا بگاتە 4.30 و 5.0 دۆلاریش.
ئەگەری سستبوونەوەی ئابوووری
پێشبینی دامەزراوە داراییە گرنگەکان بۆ ئەگەری سستبوونەوەی ئابووری ئەمریکا تاوەکو سەرەتای نیسانی 2026 گەیشتووەتە ئاستێک کە لە خراپترین مانگەکانی قەیرانی دارایی 2008ەوە، نەبینراوە. (گۆڵدمان ساکس) ئەگەری سستبوونەوەی ئابووری ئەمریکای لە 12 مانگی داهاتوودا بۆ 30٪ بەرزکردووەتەوە. دامەزراوەی موودیز، ئەگەرەکەی بە نزیکەی ٪49 داناوە. ئەمانە تەنیا پێشبینی ئەکادیمی نین، بەڵکو ئەم راپۆرتانە هەموو بەیانییەک دەخرێنە سەر مێزی ئەنجوومەنی ئابووری نیشتمانی ئەمریکا.
ئەوەی وایکرد ئەم ژمارانە کاریگەریی سیاسییان هەبێت، دەستنیشانکردنی کاتێکی دیاریکراو بوو. (مارک زەندی) سەر بە دامەزراوەی موودیز بە راشکاوی گوتی" ئەگەر نرخی نەوت تاوەکو رۆژی بیرەوەرەی (25 ـی ئایار) لەم ئاستەی ئێستادا بمێنێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمریکا دەکەوێتە نێو سستبوونەوەی ئابوورییەوە". قەبارەی پچڕانی دابینکردنی نەوت زۆر گەورە بوو. بەرهەمهێنەرانی کەنداو لە مانگی ئاداردا نزیکەی 7.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەمهێنانیان کەمیکردبوو. تەنانەت چاوەڕاندەکرێت ئەم کورتهێنانە لەم مانگەدا بگاتە 9.1 ملیۆن بەرمیل کە گەورەترین شۆکی دابینکردنە لە مێژووی نوێی بازاڕی نەوت دا.
هەر 10 دۆلار زیادبوون لە نرخی بەرمیلێک نەوت، ساڵانە نزیکەی 450 دۆلار تێچووی زیاتر دەخاتە سەر شانی هەر خێزانێکی ئەمریکی. لە لووتکەی جەنگ دا کە نرخی نەوت گەیشتە 112 دۆلار و نرخی نەوت 46 دۆلار سەرکەوت، ئەمە بە واتای زیادبوونی خەرجی ساڵانەی هەر خێزانێکە بە بڕی زیاتر لە 2000 دۆلار. رەنگە 2000 دۆلار ژمارەیەکی هێندە گەورە نەیێتە بەرچاو، بەڵام ئابووری ئەمریکا تایبەتمەندییەکی هەیە و ئەوەش ئەوەیە 70٪ـی کۆی ئابووری ئەمریکا لەسەر خەرجکردن و بەکارهێنان لەلایەن هاووڵاتیانییەوە پێکدێت. بەوپێیەش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، لە ماوەی یەک ساڵ دا زیانی 270 ملیار دۆلاری لە ئابووری ئەمریکا دەدات ئەگەر نرخی نەوت لە ئاستە بەرزەکانی خۆیدا بمێننەوە و ئاگربەستەکە نەبێتە ئاگربەستێکی درێژخایەن. بەپێی خەمڵاندنی موودیز ئەمە زیاتر لە 1٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا لەنێودەبات و دەبێتە شۆکێکی چەند لایەنە بۆ سەر ئابووری ئەمریکا.
هەڵبژادنەکانی نیوەخولی تشرینی دووەم
لە نێوان هەموو ئەو هۆکارانەی کە ترەمپیان ناچارکرد بریاری ئاگربەست بدات، رەنگە گرنگترینیان ئەوەبێت کە سەرچاوەکانی گۆڤاری تایم لە کۆشکی سپییەوە بە ( گەوررەترین نیگەرانی) دۆناڵد ترەمپ ناوزەدیان کردووە. ئەویش هەڵبژاردنە نیوەخولی کۆنگرێسە لە تشرینی دووەمی 2026. ئەو هەڵبژاردنانە چارەنووس و پێکهاتەی کونگرێس تاوەکو ساڵی 2029 دەستنیشان دەکات و دەکرێ هاوسەنگی هێز لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان دا بگۆڕێت.
تۆنی فابریزیۆ، راپرسیكاری دێرینی دۆناڵد ترامپ، راپرسییەکی نێوخۆیی کردووە کە ئاشکرای دەکات جەنگی ئێران، رۆژ لە دوای رۆژ نێوبانگی سەرۆکی ئەمریکا خراپتر دەکات. نرخی بەنزینی 4 دۆلاریی و دابەزینی بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی چەند ساڵەی خۆیان و کوژرانی 13 سەربازی ئەمریکی، ئەمانە نیگەرانییەکی گەورەن بۆ سەرۆکی ئەمریکا. تەنانەت هەندێک لە لایەنگرە دیارەکانی ترەمپ دەستیان بە رەخنەگرتن کردووە لە بەردەوامی شەڕ. (سوزی وایڵز)، سەرۆکی دیوانی کۆشکی سپی و گرووپێکی بچووک لە یاریدەدەرانی ئەرکی ئەوەیان کەوتە ئەستۆ کە راستەوخۆ بە سەرۆک بڵێن " هەرچەندە جەنگەکە درێژە بکێشێت، مەترسیی زیاتر لەسەر پێگەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەم دروست دەکات". دەگوترێت ترەمپ بەم هۆشدارییانە نیگەران بووە و رایگەیاندووە کە دەیەوێ کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
راستە نرخەکانی نەوت لەسەر کاخەز دابەزیون، بەڵام تەنگەی هومرز نەکراوەتەوە . هەرچەندە سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ، رایگەیاند کە تەنەگی هورمز بۆ هەموو کەشتییەکان و کەشتییە ئەمریکییەکانیش کراوەیە ئەگەر کاری دووژمنکارانە نەکەن. دوای ئەوەی ترەمپ شەوی رابردوو گوتی دەبێ ئێران تەنگەی هورمز بکاتەوە.
لە دۆخی ئاساییدا رۆژانە لە نێوان 100 بۆ 120 کەشتی بازرگانی بە تەنگەی هورمزدا تێپدەپەڕین. لە 8ی نیسان، دوای راگەیاندنی ئاگربەست، تەنیا چوار کەشتی تێپەڕین کە هەردووکیان کەشتی بازرگانی بوون و کەشتی نەوتهەڵگر نەبوون. سوپای پاسداران بە راشکاوی رایگەیاندووە سەرەڕای ئاگربەستەکە، هێشتا کۆنتڕۆڵی ستراتیجیی تەنگەکەیان بەدەستەوەیە. ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و هەروەها هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن. بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایەکی گەوەی کەشتیوانی بە تەلەفزیۆنی CNBC گوتووە نازانن لەکاتی ئاگربەستدا چۆن دەتوانن بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕن و گرنگترین شت بۆ ئەوان سەلامەتیی تیمەکانیانە. ئاشکرایە دابەزینی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکان روونادات ئەگەر دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباد ئەنجامێکی روون و ئاشکرایان نەبێت و تەنگەی هومرز بە تەواوی نەکرێتەوە. هەرچەندە پێدەچێت ئاگربەستی 8ـی نیسانی 2026 کاری نایابی دیپلۆماسی پاکستان بێت، بەڵام لە پشتەوە نرخەکانی نەوت وسووتەمەنی و بەهای بۆرسەکانی ئەمریکا و نیگەرانی لە هەڵبژاردنی نیوەخولی مانگی تشرینی دووەم، گەورەترین پاڵنەربووبن بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا ناچاری راگرتنی شەڕ بکەن.