وڵاتانی کەنداو و جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران
پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە درێژایی 47 ساڵی رابردوو خراپ و لە هەڵکشان و داکشاندا بووە، لێرەدا باس لە هۆکارە مێژووییەکان ناکەین ئەوەندەی هەوڵی تیشکخستنەسەر رووداوەکانی هەنووکە و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی هەردوو کەنارەکانی کەنداو دەکەین.
یەکەم:
• ئەم جەنگەی ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل بەرپایان کرد دژ بە ئێران، پەیوەندیی نێوان ئێران و وڵاتانی کەنداوی زیاتر ئاڵۆزکرد، بە حوکمی پەیوەندیی ئاڵۆزی گرێدراوی نێوان ئەو وڵاتانە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵات و شانشینەکانی کەنداو بە رەچاوکردنی جیاوازییەکی رێژەیی لەگەڵ ئاوازی ئەمریکادا خوێندیان، ئێرانیش بێ بیرکردنەوە وەک بەشێک لە جەنگی سەپێنراو بەسەریدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.. ئەو جیاوازییە رێژەییەی هەڵوێستیان لە جەنگەکە و تاران رەنگدانەوەی لەسەر هەڵوێستگرتن لە رەوشی جەنگ و ئاشتی و رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن بەجێ هێشتووە، شانشینی سعودیە، ئیمارات و بەحرەین ترسی رێککەوتن و کۆتاییهاتنی ئەم جەنگەیان هەیە بێ گوێدانە ترس و دڵەڕاوکێی ئاسایشی کەنداو، لەوە دەترسن لەپاش کۆتاییهاتنی جەنگ رووبەڕووی ئێرانێکی برینداری تووڕە ببنەوە، ئەمەش هۆکارێکی پاڵنەرە وا لە ئیمارات دەکات هەوڵی بەردەوامبوون و بەشداریکردنی جەنگەکە بدات، هەوڵی رێگری لە رێککەوتنی ئەتۆمیش دەدەن.
• لە ساڵی 2015دا کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما، رێککەوتنی ئەتۆمی کە پێی دەوترێت (پلانی کاری گشتگیریی هاوبەش-JCPOA)ی لەگەڵ ئێرانییەکان واژۆ کرد، ئیسرائیل و عەرەبەکان بە تایبەت سعودیە و ئیمارات بە رێککەوتنەکە ناڕەحەت بوون وەک سەرکەوتنێکی ستراتژیی ئێرانییان بینی و بڕگەکانی رێککەوتنەکە هیچ رەچاوی ئاسایشی وڵاتانی کەنداوی نەکرد، بۆیە وەک وەلی نەسر لە کتێبی (ستراتیژە گەورەکانی ئێران- مێژووی سیاسیی) دا دەڵێت: ئەوان لەگەڵ ئیسرائیل بە رژدی هەوڵی تێکدانیان دا، تا لە کۆتاییدا بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و ئەوپەڕی گوشاری ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند.
• وڵاتانی عەرەبی کەنداو ئەمەش یەکێکە لە هەڵەکانیان، هەوڵی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییان لە رێگەی ئەمریکاوە دەدەن، وەک دیلیڤەری مامەڵە لەگەڵ پرسی ئاسایش دەکەن، لەکاتی رێککەوتنەکەی 2015شدا هەوڵی ئەوەیان لەگەڵ ئەمریکا دا، بەڵام ئۆباما بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەچوو، لە سیاسەتی ئەمریکادا نییە لە بری هیچ وڵاتێک کردەی سەربازی ئەنجام بدات یان چاو لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆی دابخات ئیسرائیل نەبێت. ئەمەش هۆکاری راستەوخۆی ئەو دۆخەیە کە ئێستا دەیبینین، لەنێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە، بۆ قەرەبووکردنەوە و دڵنەواییان دەڵێن چەکی قورستان پێ دەفرۆشین، لەو کاتەدا لە 2015 کۆشکی سپی بڕیاری فرۆشتنی چەک و کەرەسەی سەربازی پێدان بە بەهای 100 ملیار دۆلار، هەروەک چۆن ئێستا بڕیاری فرۆشتنی چەکیان پێداون بە بەهای 25 ملیار دۆلار. ئەمریکا و ئیسرائیل دێن پەیوەندیی وڵاتە عەرەبییەکان لەگەڵ ئێران ئاڵۆزدەکەن، ئێرانییان وەک ئەژدیها لا وێنا دەکەن، پاشان خۆیان لەگەڵ ئێران دانوستاندن و رێککەوتن دەکەن ئینجا بەوان دەڵێن وەرن پارەکانتانمان بدەنێ و چەکتان دەدەینێ بۆ شەڕ و بەرگریکردن لەخۆ، هەرچەندە ئۆباما هەندێک دڵسۆزانەتر و راشکاو پێیگوتوون خۆتان بڕۆن لەگەڵ ئێران ئاشتییەکی سارد بکەن.
دووەم:
• لە ئێستادا بوون بە بەشێک لەم جەنگە، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی وڵاتانی ئەوانە، بەگوێرەی سەرچاوەکان چ لە وەزارەتی دەرەوە یان کۆنگرێس، پێکهاتەی ئەو بنکە سەربازییانە و شێوازی ئەم جەنگەی ئێستا دژ بە ئێران، بەشدارن لە جەنگەکەدا، ئێرانیش وەک ژێرخانی سەربازی و هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، لە 40 رۆژی جەنگدا لە رێگەی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان و وێنە بڵاوکراوەکانی سێنتکۆم بۆ ئێرانییەکان، سەلما کە خاکی ئەو وڵات و میرنشینانە بەشێکن لە جەنگی سەپێنراو بەسەر ئێراندا.
• لەگەڵ بوونی بنکە سەربازییەکان، دەوڵەتی ئیمارات بۆ خۆی بە تەنها و بە نزیکی لەگەڵ ئیسرائیل بەشداریی جەنگی کردووە و هانی وڵاتانی دیکەش دەدات بۆ خزانە راستەوخۆی ناو جەنگەکە.
- شازادەی سعودیە محەممەد بن سەلمان هانی ترەمپی دا تا شتێک دژ بە ئێران بکات: نیویۆرک تایمز، 24-3-2026)
- هاوکاری ئاسایشی و سەربازیی لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیلدا هەیە: نیوزویک، 26-4-2026).
- ئیمارات هاوکاریی خنکاندنی ئێرانی کرد لە رێگای خستنە بازاڕی رێژەیەکی زۆری نەوتەوە: وۆڵ ستریت جۆرناڵ، 4-5-2026).
گۆڤاری ئەلمجەلەی عەرەبی لە 13-4-2026 لە ئێکۆنۆمیست-ی گواستەوە کە (هەندێک لە وڵاتە عەرەبییەکان پاڵیان بە ترەمپەوە نا تا گەمارۆی دەریایی ئێران بدات) وەک گوشارێکی ئابووری بە ئامانجی ناچارکردنی سوپای پاسداران و کردنەوەی تەنگی هورمز بە زۆر.
کاتێک کە ئێران جەنگی مان و نەمان دەکات، دوو هێزی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بێبەزەییانە بۆمبارانی دەکەن و هەوڵی لە برسا مراندنی دەدەن، لە پەناشییەوە بەدیدی ئەو وڵاتانی دراوسێ دەبینێ کە رێخۆشکەری جەنگەکەن، بێگومان دەستیان لێ ناپارێزێت، بەڵام هەموو وڵاتان لێرەدا یەک هەڵوێست نین، ئەوەی کە زۆر رۆچووە لەم جەنگەدا ئیمارات، بەحرەین، پاشان سعودیەیە، هەریەک لە عومان، قەتەر، پاشان کوەیت جیاوازن، دیدی ئەم سێ وڵاتە بەرامبەر ئێران تایبەتمەندییەکی هەیە لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و دووریی یان نزیکبوونەوە لێی، ئەمەش هۆکاری پشت هەڵوێستی ئێرانە لە هەریەک لەو دەوڵەتانە، هەر ئەو هۆکارەشە بووە مایەی ئەوەی زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر ئیمارات بن، تەنانەت دەڵێن زیاد لە ئیسرائیلیش مووشەک و درۆنی ئاراستە کراوە.
سێیەم: داهاتوو
• گەورەترین گرفت، دیارترین نیشانەی پرسیار لای دانیشتووان و دەوڵەتانی کەنداو دروست بووبێت، بریتییە لە سەرلەنوێ خوێندنەوەی ئەرکی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو میرنشینانە (سعودیە، قەتەر، بەحرەین، کوەیت، ئیمارات)، سرووشتی ئەو بنکە سەربازییانە لە هەر وڵاتێکدا هەبن فرە رەهەندە، یەکێکیان دروستکردنی هاوسەنگی هێزە بۆ پاراستنی ئەو وڵاتانە لە هەر هێرشێکی دووژمنکارانە و چاندنی ترس لای وڵاتانی ناحەز پێیان، بەڵام لەم جەنگەدا ئەو پێگە سەربازییانە بوون بە مایەی نەهامەتی بۆ خودی دەوڵەتەکان خۆیان، ئەمە و بەرپاکردنی جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی دژ بە ئێران بێ رەچاوکردنی بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداوی هاوسنووری دەریایی ئێران ورووژاندنی ئەگەری تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیریان، گومانی لە دڵی بەرپرساندا دروستکردووە بەرامبەر بە ئەمریکا، بە تایبەت کە دڵنیان لەوەی ئەم جەنگە، جەنگی ئیسرائیل و وەڵامدانەوەی ئارەزووەکانی نەتنیاهوویە. هەمووشیان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل ترسێکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە دەبێت رێگای زاڵبوونی هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا بۆ ساڕێژ نەبێت.
• ئەوان ناتوانن بە ئاسانی لە هاوبەشی ئاسایشی ئەمریکا دەبازبن، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، بەڵام ناشکرێت ببنە بارمتەی سیاسەتی ئەمریکایەک کە بارمتەی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلە، لە لایەکی دیکەوە ناکرێت بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن هەمیشە لەژێر ترس و گوشاری تاراندا بن، بۆیە پێویست بە چاوخشانەوە دەکات بە کۆی پرۆسە و پلانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی کەنداو، چۆن گەشەپێدانی ئابووریی و مرۆیی خۆیان بپارێزن؟
• وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران محەممەد جەواد زەریف نامەیەکی درێژی تووندی رەخنەئامێزی قووڵی ئاراستەی سەرانی وڵاتانی کەنداو کرد، نامەکە بە ناونیشانی (چەند وانەیەک لە جەنگ: بانگەوازێک بۆ هەڵسەنگاندەوەی ستراتیژیی رۆژئاوای ئاسیا) پێگەی Aljazeera.net لە 6-5-2026 بڵاویکردەوە، تیایدا بە راشکاوانە، بێ پێچ و پەنا، بێ پەردە، رەخنەی تووندیان لێ دەگرێت، بە هاندان و یارمەتیدانی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی تاوانباریان دەکات، پێشنیازی داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی هەرێمایەتیان بۆ دەکات، بەڵام بە بێ بوونی ئەمریکا لەو نەخشەیەدا.
• ئەم جەنگە ئەوەی سەلماند کە بێ بوونی لێکتێگەیشتن و پەیوەندیی نزیک لەگەڵ ئێراندا، ئەو وڵاتە عەرەبییانەی کەنارەکانی کەنداو ئاسایشی گەلەکەنییان بۆ ناپارێزرێت، ئاسایش بە دیلیڤەری فەراهەم نایەت، قەدەر لە دەرەوەی دەسەڵاتی مرۆڤەکان ئەم جوگرافییایەی خولقاندووە و ئەم گەلانە بوون بە دراوسێی یەکدی، بۆیە دەبێت بە هەموویانەوە ئاسایشی خاک و نیشتمان بپارێزن، بەڵام گەورەترین ئاڵنگارییەک دێتە رێگە بریتییە لە خۆخۆری وڵاتان خۆیان، زیاد لە ترس لە ئێران.. ئەو خۆخۆرییە یەکەمین هەڕەشەی رێگای بەردەمیانە، ململانێی نێوانیان و گەورەیی و بچووکی خوێندنەوە، دەرگای بۆ دزەکردنی وڵاتان بە تایبەت ئیسرائیل واڵاکردووە، هەرئەمەش وایکردووە کە سەلتەنەی عومان خۆی بەدور بگرێت لێیان.