لە نێوان دوو (شەرع) دا چما سووریا وا دەکات؟

 
هێرشەکانی سەر حەلەب، بەتایبەت هەردوو گەڕەکی کوردنیشنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، بەتەنها رووداوێکی سیاسی و کاتی نییە، بەڵکو دیوێکی دیکە و دیرۆکێکی قووڵتری هەیە و پەیوەندی بە بڕینی ساڕێژنەبوو و قەیرانێکی ریشەدارەوە هەیە، کە بەستراوەتەوە بە میراتی عەقڵیەت و تێڕوانینی رەوت و رژێمە خۆپەرستەکانەوە، بەشێکیان بەناوی عرووبە و بەشێکیان بە ناوی ئیسلامەوە قەت ئامادە نین دوور و نزیک دان بە کورد و مافە رەواکانی بنێن.
 
ئەوەی بەرامبەر کورد کراوە و دەکرێت، بە هەموو پێوەرە ئەخلاقی و ئینسانییەکان پێشێلکاری و زووڵمێکی گەورەیە، ئامانجی هەرەسەرەکیش سەرکوتکردن و شکاندنی ئیرادەی کورد و شێواندنی شوناس و دیمۆگرافیایە، هاوکات بەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر کورد دا هێنراوە و دێت، کورد وەک گەلێکی خۆڕاگر و بەئیرادە لەسەر خاک و ناسنامەی خۆی ماوەتەوە و سازشی نەکردووە، لە مێژووشدا وابووە ئەوەی ستەمی کردووە و مافی کوردی پێشێل کردووە شەرمەزاری بۆ ماوەتەوە، ئەوەشی بەرگری لە ماف و مانەوە و کەڕامەتی کورد کردووە، بووەتە رەمزی شانازی کورد و مرۆڤایەتی.
 
کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و کولتووری لێبووردەیی و مرۆڤدۆستی، هەمیشە ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە، ئیسلام نەکاتە ئامراز بۆ ئەجێندای سیاسی و ئایدیۆلۆژی و بەرژەوەندی تایبەتی، بەڵکو لە ئایینەوە ئەو تێگەیشتنەی لا گەڵاڵە بووە، کە مرۆڤایەتی بەو هەموو تیرە و هۆز و گەل و نەتەوەیە، ئیرادە و ویستی خوای پەروەردگارە لەپێناو ئامانجێکی گەورە، کە خۆی لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی و یەکتر قەبووڵکردن و ئاشنایەتی و پێکەوەژیان دەبینێتەوە، خوای گەورە دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا..) الحجرات:13.
 
لەگەڵ ئەمەدا بەدرێژایی مێژوو، کورد ستەمی لێ کراوە و خاکی پارچە و داگیرکراوە و مافی خوراوە یان نەدراوە، وەلێ لە جیهانی ئیسلامی کەسێکمان نەبینی پاڵپشتی قەزیەی کورد بکات و ئەوەی ئیسلام پێی بە رەوا دەبینێ قسەی لەسەر بکات، رۆژێک هەڵوێستێکی وڵاتانی عەرەبی و ناعەرەبی ئیسلامیمان نەبیست، بڵێ بەپێی ئایینی ئیسلام کوردیش هەمان ئەو مافەی هەیە، کە گەلانی دیکە هەیانە، لەوەش زیاتر سیاسییەکانیان وەک دروشم جاری وا هەیە موجامەلەی کورد دەکەن، بەڵام لە رووی پراکتیکیەوە تا سەر ئێسقان دژن و قسە و بڕیاریان بستێک لە خۆیان تێپەڕ نابێت! دوا نموونە دۆخی رۆژئاوایە؛ کە هەمووان چاوەڕوانی زۆرمان لە سووریای نوێ هەبوو، بەتایبەت لێکتێگەیشتن و پێنگاڤی گرنگ و ستراتیژی نرا لەپێناو سەروەری یاسا و چەسپاندنی دادپەروەری و مافی پێکهاتەکان لە بونیادنانەوەی وڵاتدا، بەڵام بەداخەوە نەک گرێنتی پاراستنی مافی کورد نەدرا، بگرە هەوڵێک هەیە بۆ لەباربردنی خەونی کورد و شکاندنی ئیرادەی ئەو نەتەوەیەی پتر لە هەشت سەدەیە مێژووی هەیە و خاوەنی ئەو خاکەیە، قەڵای دیمەشق و قوتابخانە و شوێنەواری ئەو شارە و بوونی سووریا وەک ناوەندی بڕیار لەسەردەمی سوڵتان سەلاحەددینی ناوچەکە، هێمای ئەو راستیە دەردەخات کورد پێکهاتەیەکی نامۆ و میوان نییە، بەڵکو نەتەوەیەکی خاوەن ماڵی سەر خاکی خۆیەتی، دەیەوێ بەئازادی و کەڕامەتەوە بژیت و شوناسی خۆی بپارێزێت، چونکە ئەم دیرۆکە لە چوارچێوە مێژوودا تەنیا چالاکییەکی ئاسایی نەبووە، بەڵکو گوزارشتە لە رەسەنایەتی نەتەوەیەک کە مێژووی ناوچەکەی نەخشاندووە.
 
لەسەر ئاستی ئایینییەکەش کورد نموونەیەکی سەرکەوتوو بووە لە خزمەتکردنی ئیسلام و توڕاسی ئیسلامی، خشتێکی جوانی هەیکەلی دینداری راستەقینە و جیهانی ئیسلامی بووە، لەگەشەپێدانی شارستانیەت و هەڵکەوتەی هەزارەها سەرکردە و زانای پایەبەرزی ئایینی و پاڵپشتی رێبازی زانستی و تەبلیغ و پەیڕەوی ئایینی و گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان، قەت نەبووە کورد بە ناوی ئایین و نەتەوەوە ستەمی لە کەسێک کردبێ، یان هەڕەشە و مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایش و کیانی لایەنێک و دەوڵەتێک، هەزار ساڵ پترە رۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتی دین و ژینی گەلەکەمان ئەرێنی بووەو هەوڵی تەواویان داوە رەحمەتی ئیسلام پیشان بدەن و چوارچێوەیەکی دروست و زانستی دونیابینی و دینداریی نەتەوەی کورد بگوازنەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، کە لەناو کورددا ئایین نەک تەنها فاکتەری یەکڕیزی نەتەوەیی، بگرە هۆکاری ئاشتیخوازی بووە بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
 
کەچی گەل و وڵاتی دیکە بەناوی ئیسلامەوە زوڵمی گەورەیان لە کورد کردووە و دەکەن و زیانی گەورەشیان پێ گەیاندووە، وێڕای پارچە پارچەکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزانەوە، پرۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و تەهجیر و تەعریب و تەرحیل و کوشتوبڕی زۆر و دروستکردنی لەمپەر و مەینەتی جۆراوجۆر لەوێڕانکردنی شار و دێهات و گۆڕینی دیمۆگرافیا و سەپاندنی هێز و رێگە نەدان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی و دەیان بەربەستی دیکە! بەشێکی ئەو مێژووە تاڵەیە کورد لەگەڵی ژیاوە، بە مانایەکی دیکە کورد بەس بۆ ئەوەی بژیت دەریایەک خوێنی بۆ مافی خۆی و پارێزگاری لە بوونی خۆی رشتووە و هەزارەها رۆڵەی ئەو میللەتە بووەتە قوربانی رێی رزگاری کوردستان، کەچی نەک کەس بەناوی ئیسلامەوە بە جواب نەهات! بگرە زۆربەشیان رەوایەتیان دەدا بەو کردە وێرانکەر و شۆڤێنی و پاکتاویانەی بەرامبەر کورد کراوە و دەکرێت، خۆ ئەگەر چەند وڵات و لایەن و گرووپێک هەڵوێستی جوان و موسڵمانەیان پیشان دابوایە و بە ویژدانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردبا، ئێستا دەمانگوت بێ کەس نین و ویژدانی مرۆڤایەتی بەرامبەرمان زیندووەو ئەوانە بە چاوی ئیسلامەوە سەیری میللەتان دەکەن و ئەوەی بۆ خۆیان پێیان خۆشە بۆ برای موسڵمانی خۆیان هەمان شتیان دەوێت! وەلێ بەداخەوە.
 
ئێستا لە ئاست ئەو هێرشانەی سەر کورد لە حەلەب بەشێکی زانا و کەسایەتی ئایینی و بانگخواز و موسڵمانی سووریا، بەری چاویان لێڵ بووە و جاڕی جیهاد بەرامبەر کورد لێ دەدەن و بە گوتنی (الله أکبر) پاڵپشتی کومەڵکوژی کورد دەکەن و ئەو ستەمە گەورەیە دەشەرعێنن بەرامبەر کوردانی رۆژئاڤا، وەک بڵێی کورد هەر موسڵمان نەبێت بەلایانەوە وا دەهۆڵی شەڕی بۆ دەژەنن! چ عەجەب ئەوانە چۆن لە ئیسلام حاڵی بوون و بە چ ویژدانێکەوە رێگە بە ماڵوێرانی و دەربەدەری و کوشتن و داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا دەدەن؟ مەگەر کورد موسڵمان نییە؟ پێکهاتەیەکی رەسەن و خاوەن مێژووی خۆی نییە لەم وڵاتە؟ لانیکەم مرۆڤ نییەو مافی ژیانی نییە؟ ئەی ئەو هەموو ئایەت و فەرمودانەی باس لە ماف و برایەتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و پاراستنی کەڕامەت و گیان و ماڵ و سامان و نەژاد دەکەن چ لێ دەکەن؟ چۆن وڵامی خوا دەدەنەوە تا فەتوای لەناوبردنی کورد دەربکەن؟ چۆن بەناوی سیاسەت و بەرژەوەندی، پاساو بۆ ستەم دەهێنرێتەوە و چاوپۆشی لێ دەکرێت؟ لە کاتێکدا لە رووی شەرع و ئەخلاق و مرۆییەوە کارێکی رەتکراوەو ناپەسند و تاوانە و بەدڵنیاییەوە ئیسلام بەرییە لەو هەڵسوکەوت و هەڵوێستە نادروستانە.
 
بۆ کەسێک کە بانگەشەی دیکتاتۆری و بێ دینی و هەڵپەرستی بکات، لێی چاوەڕوان دەکرێت ستەم و تاوانکاری ئەنجام بدات، بەڵام کەسێک خۆی بە خەلیفەی موسڵمانان و میراتگری پێغەمبەری رەحمەت بزانێ و نازناوی (شەرع) لەخۆی بنێت، نەک نەنگی و شوم و شەرمەزاری و پەڵەیەکی رەشە، بگرە کارەساتێکی مرۆیی هەرە مەزنە بێ ویژدانانە بەربیتە گیانی نەتەوەیەکی موسڵمان، کە داوای ژیان و ماف و کیان و خاکی خۆی دەکات و خوای باڵادەست ئەو مافەی پێداوە.
 
لەنێوان ئەو (شەرع)ە، کە لە بەرگی ئایینی خۆی نمایش دەکات و عاتیفەی دینی بەکار دێنێت بۆ لێدان و کوشتن و هێرشکاری و نەهێشتنی کورد، لەگەڵ (شەرع)ی خوا -جل جلاله- کە هەموو ئەمانەی حەرام و مرۆڤەکانی بە یەکسانی خەڵق کردووەو دادپەروەریی کردووەتە بنەمای حوکمڕانی و ستەمی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە قەدەغە کردووەو رێزی لە مرۆڤ گرتووە و مافی هەمووانی پاراستووە، نێوانیان ئەرز و ئاسمانە! ئەگەر ریش و دینداری ئەو رووکەش و نمایش نییە، بۆ لەجیاتی شەڕ؛ بژاردەی ئاشتی پەیڕەو ناکات و بە یەک چاو و سەیری هاووڵاتیانی ناکات و پاڵپشتی داوا و مافی کوردی موسڵمان ناکات؟ ئەگەریش ئامانج دەوڵەتی خیلافەت و پابەندی دیندارییە چما لە (جبل الشیخ) کە خاکی سوریایەو ئیسرائیل داگیری کردووە نوقەی لێوەنایەت!؟
 
ئەوەی روو دەدات لە حەلەب تەنها پاککردنەوەی چەند گەڕەکێک نییە وەک دەڵێن، بەڵکو هەوڵێکە بۆ گەمارۆی ناوچەکە و شەڕی کورد و تێکشکاندنی ئیرادەیە، لەبەر ئەوە بە نیسبەت کورد ویژدانی مرۆڤایەتی بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی و ئیقلیمی بەتایبەتی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە دایە، لەوەی پاڵپشتیکردنی کورد تەنها هەڵوێستێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی گەورەیە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەکەن.