ژیریی دەستکرد؛ هەڵوەشاندنەوەی شکۆی ئەکادیمی و هەڵئاوسانی رۆشنبیریی رۆبۆتی


رووداو دیجیتاڵ

لە سەردەمێکدا دەژین کە تەکنەلۆجیا لە گەشەی هۆشیاریی مرۆڤ خێراترە. یەکێک لە دیارترین ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی کایەی رۆشنبیری و زانستیمان دەبێتەوە، پەنابردنی هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکانە (ماستەر و دکتۆرا) بۆ ژیریی دەستکرد، کە ئەو دەقانەی دەینووسن بەرهەمی هزریی خۆیان نییە و ناوی خۆیان دەخەنە سەر. ئەم دیاردەیە تەنیا تەمبەڵی نییە، بەڵکو نیشانەی قەیرانێکی قووڵی ئەخلاقی و هزرییە؛ هاوکات ئەم دەردە کوشندەیە تووشی نووسین و وەرگێڕانیش بووە.
 
پێشتر دزیی ئەدەبی بریتی بوو لە کۆپیکردنی دەقی نووسەرێکی دیکە، یان بیرۆکەی دەقی ئەوانی دیکە؛ بەڵام ئێستا جۆرێکی مەترسیدارتر سەری هەڵداوە، کە دەکرێت ناوی بنێین دزینی رۆحی نووسین. کاتێک خاوەن بڕوانامەیەک داوا لە ئامێرێک دەکات بابەتێکی بۆ بنووسێت، راستییەکەی بیرکردنەوە دەداتە دەست رۆبۆتێک. ئەمە گەورەترین سووکایەتییە بەو بڕوانامەیەی کە مرۆڤ دەبێت بیکاتە هۆی بەرهەمهێنەری مەعریفە، نەک تەنیا بەکارهێنەری پڕۆمۆت.
 
کەسێک کە دکتۆرای هەیە، واتە دەبێت خاوەنی شێواز، جیهانبینی و میتۆدی تایبەت بە خۆی بێت، کاتێک دەقێکی ژیریی دەستکرد بڵاودەکاتەوە، ئەو دەقە بێ رۆحە. ژیریی دەستکرد تەنیا ئەگەرەکان رێکدەخات و وشەکان ریز دەکات، بەڵام ناتوانێت ئەزموونی مەیدانی، هەستی مرۆیی و تێگەیشتنی لۆکاڵی بخاتە نێو بابەتەکان. لێرەدا جیاوازیی نێوان داهێنەر و هەڵگری کارتۆنیی بڕوانامە دەردەکەوێت؛ بە واتایەکی دیکە، بڕوانامەدارێکی پڕ و دەقێکی ناوەڕۆک بەتاڵ، هاوار دەکات.
 
ژیریی دەستکرد، سەرەڕای پێشکەوتنی، هێشتا لە داڕشتنی کوردیدا وەک "بیانییەک" دەردەکەوێت کە بەکوردی دەنووسێت. ئەو کەسانەی پەنای بۆ دەبەن، خزمەت بە زمانی کوردی ناکەن، بەڵکو زمانەکە بەرەو رۆبۆتیکبوون و هەژاریی دەربڕین دەبەن. لە بۆ خاوەن بڕوانامەیەک کە دەبێت پارێزەری رەسەنایەتیی زمان بێت، ئەمە پاشەکشەیەکی مەترسیدارە. هاوکات زمان بەرەو کڵێشەبوون و بیرکردنەوە بەرەو چەقبەستن دەبات.
 
ئەو کەسانەی ئەم کارە دەکەن، زۆربەی کات لە پاتەبوونەوەی وشەکان و نەبوونی نموونەی زیندوو لە نێو دەقەکەدا دەناسرێنەوە.
 
ئەرکی ئەکادیمیست رەخنەگرتن و هەڵوەشاندنەوەی چەمکەکانە، بەڵام ژیریی دەستکرد بۆ ئەوە دروست کراوە، کە بێ دڵی نەکات و بێلایەن بێت. ئەوەی بە ژیریی دەستکرد دەنووسێت، توانای رەخنەگرتنی خۆی دەکوژێت و تەنیا دەبێتە دەنگدانەوەی ئەو زانیارییە گشتییانەی کە لە ئینتەرنێتدا هەن؛ یان ئەو چەند وشەیەی کە پلاتفۆڕمەکە هەڵیگرتووەو ناتوانێت لە سنووری ئەو وشانەی کە لە فەرهەنگیدایە، زێتر بیر بکاتەوە؛ بازنەی بیرکردنەوە و داهێنانی چەند سەت وشەیەکن و پێکی دەلکێنێت.
 
ئەو کەسانەی وادەزانن بەم کارە دەبنە خاوەن پێگە، تەنیا خۆیان دەخەڵەتێنن. خوێنەری ورد و ناوەندی ئەکادیمیی راستەقینە، زۆر بە ئاسانی درک بە ساردی و بێ تاموچێژیی ئەو دەقانە دەکەن. نووسین ناسنامەیە، کاتێک ناسنامەکەت دەدەیتە دەست ئامێرێک، ئیدی تۆ وەک نووسەر، وەک ئەوە وایە بوونێکی فیزیکیت هەبێت، بەڵام بنیادی هزرییت مردبێت.
 
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد وەک ئامرازێکی یارمەتیدەر (بۆ سەرچاوە، بۆ رێکخستنی کات) کارێکی ئاساییە، بەڵام وەک جێگرەوەیەک بۆ بیرکردنەوە کارەساتە. جیاوازیی نێوان نووسەر و ئامێر، لەو خوێن و ئارەقەیەدایە، کە دەرژێتە نێوان دێڕەکان. با بڕوانامەکانمان تەنیا دیوارەکان نەڕازێننەوە، بەڵکو با نووسینەکانمان رەنگدانەوەی ماندووبوونی ئاوەزمان بن.
 
یەکێکی دیکە لە مەترسیدارترین لایەنە "شاراوەکان"ی سەردەمی ژیریی دەستکرد، دەکرێت ناوی بنێین هەڵئاوسانی رۆشنبیریی رۆبۆتی؛ کاتێک نووسەر یان وەرگێڕێک، دەقێک بڵاودەکاتەوە، کە لە ئاستی هزرینی خۆی نییە، لە ئاستی زمانەوانی و مەعریفیی خۆی بەرزترە، جۆرێکە لە خەڵەتاندنی گشتی.
 
گەورەترین کێشە لێرەدا ئەوەیە، کە دەقەکە لە خاوەنەکەی گەورەترە؛ کە کەسێک بابەتێکی فەلسەفی یان وەرگێڕانێکی ئاڵۆزی کانت، هێگڵ و هایدگەر بڵاودەکاتەوە، خوێنەر وا تێدەگات کە ئەم وەرگێڕە خاوەنی ئەو باکگراوندە قووڵەیە. بەڵام کاتێک لە دانیشتنێکی ئاسایی یان سیمینارێکدا قسە دەکات، دەبینیت کە زمان و ئاوەزی ئەو کەسە، هیچ پەیوەندییەکی بەو دەقە شیک و پڕ لە زاراوە ئەکادیمییانەوە نییە، کە بڵاوی کردووەتەوە. ئەمە جۆرێکە لە بۆتۆکسی هزری؛ رووکارێکی جوانە، بەڵام بێ نرخ و رۆحە؛ درزێکە لە نێوان دەق و کەسایەتیی نووسەر، یان وەرگێڕ.
 
پێشتر وەرگێڕ دەبوو شارەزای دوو زمان و دوو کولتوور بێت. ئێستا زۆرن ئەو کەسانەی تەنانەت ناتوانن بە ئینگلیزی یان عەرەبی چوار رستەی سادە بدوێن؛ کەچی کتێبی ئەستووریان وەرگێڕاوە! ئەمانە تەنیا دەقەکە دەدەنە دەست ئامێرەکە و دواتر کەمێک دەستکاریی رستەکان دەکەن. 
 
ماوەیەکی دیکە دەگەینە ئەوەی کتێبخانەی کوردی پڕ دەبێت لە کتێبی "مردوو"؛ ئەو کتێبانەی کە وشەکانیان کوردییە، بەڵام واتا و هەڤۆکەکانیان کوردی نین. ئەمە تیرۆرکردنی مەعریفەیە، چونکە هێندێ خوێنەر کاتێک کتێبەکە دەخوێنێتەوە و تێی ناگات، وا دەزانێت کێشەکە لە خۆیەتی، لەکاتێکدا کێشەکە لەو وەرگێڕانە رۆبۆتییەدایە، کە وەرگێڕەکەی تەنیا ناوی خۆی پێوە لکاندووە.
 
ئەم دیاردەیە وا دەکات ناولکاندن و داهێنان تێکەڵ ببن. لە ئەنجامدا، کەسانی دڵسۆز و راستینە کە ساڵانێکە ماندووی خوێندنەوە و فێربوونی زمانن، پەراوێز دەخرێن؛ چونکە بەرهەمهێنەرە دەستکردەکان بە خێراییەکی زۆر و بە زمانێکی بریقەدار بازاڕ و سۆشیال میدیا دادەپۆشن. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی توێژێک لە رۆشنبیری ساختە کە راستییەکەی هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە.
 
کاتێک ئەم نووسەر و وەرگێڕانە دەخرێنە بەردەم تاقیکردنەوە و ئەزموون، بۆ نموونە: وەرگێڕانی راستەوخۆ، یان نووسینی گوتارێکی کتوپڕ، دەمامکەکەیان دەکەوێت. لێرەدا قەیرانی متمانە دروست دەبێت. کۆمەڵگە ئیتر متمانەی بە بڕوانامە، ناوی نووسەر و وەرگێڕ نامێنێت؛ چونکە دەزانێت زۆرینەیان بەرهەمی کارگەی ئەی ئاین.
 
ئەو کەسانەی راهاتوون بە ژیریی دەستکرد بنووسن، ئیتر ناتوانن بیر بکەنەوە. ئاوەز وەک ماسوولکە وایە، ئەگەر مەشقی پێ نەکەیت، لاواز دەبێت. ئێمە لە بەردەم نەوەیەک لە نووسەری تەمبەڵداین کە توانای داڕشتنی سێ رستەی سەربەخۆیان نییە، بەڵام خاوەنی سەتان بڕوانامەی باڵا و گوتاری بریقەدارن!
 
پێویستە ناوەندی ئەکادیمی و رۆشنبیریی ئێمە، پێوەر و فلتەری هەبێت. دەبێت بزانرێت کە ئەی ئای مامۆستا، نووسەر و وەرگێڕی ساختە دروست دەکات. نووسین تەنیا لکاندن و ریزکردنی وشە نییە؛ وەرگێڕان تەنیا گۆڕین و وەرگەڕاندنی وشە نییە، بەڵکو هونەر، زانست، ئەزموونی گواستنەوەی چەمک و دەربڕینی ئەزموونی ژیانە. هەر کەسێک ئاستی نووسینەکەی لە ئاستی هزریی خۆی بەرزتر بێت، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و زوو یان درەنگ لە بەردەم راستیدا تێکدەشکێت؛ زیان بە خۆی و کۆمەڵگەکەیشی دەگەیەنێت.