ئەو پەڕی وەحشییەت
هێرشی بێئامانی سەر شنگال، کوشتاری سەربازگەی سپایکەر لە تکریت، سەربڕینی پێشمەرگە هوجام سوورچی، سووتاندنی فڕۆکەوانی ئوردونی کەساسبە و زۆر کردەی تۆقێنەری دیکە کە ریزکردن و یادکردنەوەیان نەک باش نییە، بەڵکو ئێجگار بەد و شۆکهێنەرە، بەڵام هەموو ئەم کارانەی بەرهەمی چ هێزێکن؟ هێزێک ئێستا دەوڵەتێکی رادەستکراوە.
ئەو هێزانەی بڕیاری گۆڕانکاری دەدەن لە ناوچەکە و دەسەڵاتداران دادەمەزرێنن، لە دەمی گۆڕانکاریدا، لە کاتی بردنی داشێک و هێنانی داشێکی دیکەیدا، بیانوو یان هۆکارێک بەردەوام دەیانخستە بەردەست؛ دیکتاتۆریی دەسەڵاتدار یان بیانووی پشتگیریکردنی ئەو دەوڵەتە بە ئامانجگیراو و سەرۆکەکەی بوو لە تیرۆر. راستە زلهێزە هەرێمییەکانی ناوچەکە رۆڵێکی یەکجار بەد دەبینن و حەز دەکەن داعش دراوسێیان بێت نەک کورد، بەڵام ئایا لابردنی ئەسەد و رادەستکردنی سووریا بە گرووپێک رابردووی پڕ بێت لەو تاوانانەی ئاماژەیان پێکرا و کاری سەرەکی ئێستایشی قڕکردنی، درووزەکان، عەلەوییەکان، مەسیحییەکان، کوردەکان و هەموو ئەوانی دیکەی بێت لەو ناچن، ئایا ئەمە بوو پەیام و ئەرکی زلهێزان بۆ گۆڕانکاریی یان هەوڵی سەقامگیرکردن لە ناوچەکەدا؟ ناوچەیەک 100 ساڵە سەرچاوەی وزە و بەرژەوەندیی جۆراوجۆرە بۆ ئەو هێزگەلە.
ئەم هێزە تیرۆریستیەی ئێستا سووریای رادەست کراوە، ئەمان و هاوکارەکانیان بوون کاتێک (ئۆپۆزیسیۆن!) بوون سەربازی سووریاییان بە دیلگرت و لە باڵەخانەوە فڕێیان دایە خوارێ. هێزێک بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاودین و هاوزمان و هاونەتەوەی خۆیان بکات، ئایا دەبێت چ پلانێکی بۆ ئەوانی دیکە، بۆ رەنگ و دەنگ، زمان و کولتوورە جیاوازەکان هەبێت؟ هێزێک ئەم تابلۆیان لە یادەوەریدا بنەخشنێت ئایا تەواوی ناوچەکە دەکاتە کۆڵەوژی چ ئاگردانێک؟
ئەم هێزە هەم خۆی ئەو پەڕی بێباکە لە ترساندن و تۆقاندن، هەم تیرۆر تاکە بوارە کە تێیدا لێزانە. ئێستاش پشتگیریی نێودەوڵەتی هەیە، وەکو دەوڵەتێک و لە چوارچێوەی پلان بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی پەلاماری ئەوانی دیکە دەدات و قڕیان دەکات. لە حەلەب بینیمان چۆن بێباکانە، بێ هیچ ترس و سڵەمینەوەیەک تەرمی کچە شەڕڤانێکی کورد لە باڵەخانەوە فڕێ دەدەنە خوارێ. ئەم کارە ئەو پەڕی وەحشییەتە و سنووری هەموو ئاکار و هەموو رەنگ و بۆیەکی مرۆڤانە ورد و خاش دەکات. نەک لەبەرئەوەی چەتەکانی هێزی دەوڵەتێک ئەو کارە دەکەن، بەڵکو لەبەرئەوەی هەموو دونیا ئەو تاوانە دەبینێت و نەک کاردانەوە نییە، بەڵکو دەستی ئەنجامدەرانی پتر کراوە دەکەن تاوەکو لە لێدانی کورد و ئەوانی دیکەی نێو سووریا بەردەوام بن.
لە گەرمەی ئەم کارەسات و تاوانە گەورانەدا هەواڵێکی پڕ شەرم سەرنجی مرۆڤ دەبات، نووچەیەک لە کاتی پەلاماری گەڕەکە کوردییەکانی حەلەبدا، ئەمریکاییەکان بڵاویان کردەوە، "دوێنێ شەو لە سووریا لە داعشمان دا". دووانەی مۆراڵ و ئاکار بەدترین جومگەی گەمەکردنی سیاسەتە لە هەموو دونیا و لە مێژووی سیاسەت خۆیشیدا. هاوپەیمانیی دژی داعش دروست بکە، کچان و کوڕانی کورد لە هەرە پێشەنگەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆریستان بن، پاشان یەکێک لە سەرکردەکانی داعش و تیمەکەی بهێنە، رۆڵی رزگارکەر و رابەری شایستەی ئاشتی و سەقامگیریی سووریای پێبدە! چ ناوێک لەمە دەنرێت؟
ناوچەکە دەکوڵێت و ئاوەزی "دەوڵەتداران!" و هەموو دراوسێکانمان نەکوڵۆکن و پێناگەن. کەسیان وانەیەکیان لە رابردوو وەرنەگرتووە. مێژوو دەڵێت، هەرگیز قڕکردن یان کوشتنی زمان و کولتووری میللـەتێک نەبووە بە هۆکاری بەختەوەری بۆ بکەرەکەی. تاوانبار و بکوژ هەمیشە چارەنووسی دیارە کە چ چارەنووسێکی گەمارە. ئەو سەرانەی وا بیردەکەنەوە بە قڕکردنی کورد بەهێز و بەختەوەر دەبن لە وەهمدا دەژین. سەدام حوسێنیش خاک و ئاوی عێراقی فرۆشت بۆ لێدانی کورد، بەڵام هەمووان بینییان دوا وێستگەی سەدام کوێ بوو.
دەبێت سەردارانی ناوچەکە ئەو سەرەی خۆیان فڕێ بدەن، بیگۆڕن، دەنا خۆیان و ناوچەکەیش هەر لەم بازنە نەفرەتییەدا دەخولێنەوە. دەیان ساڵە ناوچەکە لەم دیمەنە دووبارە و بەدەدا دەژی، داگیرکردن، دابەشکردن، هەڵگیرساندنی شەڕ، پاشان هاتنی هێزێک و دامەزراندنی دەسەڵاتدارێک و بەڵێنی پڕ لە وەهم، ئەنجامیش دووبارە، کوشتار، ئاوارەیی و هەژاری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە، بە ناسنامەی جیاوازەوە. کێ لەم کارەی زلهێزان و ئەم ئەکتەرانە حاڵی دەبێت کە رۆژئاوا پشتگیرییان دەکات؟ کێ ئەم گەمە پێچیدەیە شیدەکاتەوە؟ ئایا بێ هێنانی ئەم تیرۆریستانە و دامەزراندنیان، بێ ئەم هەموو شەڕ و کوشتارە، ناکرێت سوود لە وزە و لە سامانی ناوچەکە وەربگیردرێت؟