شەڕ و ئاشتیی پارتی و په‌كه‌كه
پارتی و په‌كه‌كه وه‌ك دوو هێزی سیاسی و سه‌ره‌كی له ئاستی كوردستانی گه‌وره، جیاواز له‌وه‌ی هه‌ریه‌كیان نوێنه‌رایه‌تیی پارچه‌یه‌كی دیاریكراوی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام هه‌ردووكیان له به‌شه‌كانی دیکەی كوردستانیشدا لق و پۆپ و حیزبی وابه‌سته و گرێ‌دراو به ستراتیجی خۆیان هه‌یه. ئه‌مه‌ش وایكردووه به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ هه‌ردووكیان بوونه‌ته لایەن له كێشه‌ی هه‌ریه‌ك له‌و به‌شانه‌ی دیکەی كوردستان و لێكه‌وته‌ی ئەو به تهرهفبوونهش كێشه و ناكۆكییه‌كانی نێوان خۆیانی قووڵتر كردووەته‌وه. بۆیه هیچ كات په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌م دوو حیزبه‌ی كوردستان دۆخێكی سه‌قامگیری نه‌بووه.
سه‌رباری ئەوەی چه‌ند جارێك گه‌یشتووەته ئاستی به‌ریه‌ككه‌وتن و خوێنیان له‌نێوانیاندا رژاوه، به‌ڵام له هه‌ندێ قۆناخیشدا به‌سه‌ر ئه‌و كێشانەدا زاڵ بوون و هاوكاری و هاوئاهەنگی له‌نێوانیاندا هه‌بووه. جیا له‌و رێككه‌تنه مێژووییه‌ی نێوانیان له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی خه‌باتی چه‌كداری له باكووری كوردستان، له شه‌ڕی داعش و دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش گه‌ریلاكانیان شانبه‌شانی پێشمه‌رگه‌ی باشووری کوردستان له سه‌نگه‌ری به‌رگریدا بوون. ته‌نانه‌ت دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ریش كاتێك سوپای عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای قودس و حیزبوڵڵای لوبنان ده‌یانویست له‌نێو خاكی سووریاوه بچنه پێشخابوور، په‌كه‌كه رێگری لێ‌كردن و رێگه‌ی نه‌دا گه‌مارۆكانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان تووندتر بكرێن.
مه‌به‌ستمه ئەوە بڵێم له‌گه‌ڵ بوونی كێشه و ناكۆكییه‌كان، په‌كه‌كه له ساته هه‌ستیاره‌كاندا هاوكاریی باشوور و ته‌نانه‌ت پارتیشی كردووه. ره‌نگه ئەمه‌ش به‌شێكی گرێدراوی ئەو پێشینانه بێت كه له دروستبوونی په‌كه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن پارتییه‌وه هاوكاری كراون و له قۆناخه‌كانی پرۆسه‌ی ئاشی نێوخۆی توركیاشدا شانبه‌شانی مام جه‌لال، کاک مەسعود و کاک نێچیرڤان بارزانی به‌رده‌وام ده‌ستێكی له پشت پرۆسەی ئاشتی بووه. كه‌واتە ئەگه‌ر ئەم هێزانه چه‌ند ناكۆكیش بن، كێشه و ململانێیەكانیان بگاته ئاستێكی زۆر خراپیش، پێویسته ئەوه‌یان له‌به‌رچاو بێت كه له رابردوودا به‌كه‌ڵكی یه‌كدی هاتوون و بۆ داهاتووش پێویستیان به یه‌كدییه. ئەگه‌ر له‌م گۆشه‌یه‌وه بڕوانینه هه‌ر ئەگه‌ر و پێشهاتێك كه ناكۆكیی و كێشه‌كانیشیان قووڵبكاتهوه، كورد واته‌نی ده‌توانن (نهیگهیێننه مریشكه ره‌شه). پێویسته هه‌میشه ئه‌وه‌یان له‌به‌رچاو بێت كه سه‌رباری ئه‌و هاوبه‌شییانه‌ی رابردوو، چاره‌نووسی كورد هه‌مووی پێكه‌وه گرێدراوه، واتە بۆ داهاتوویش مان و نه‌مانمان پێكه‌وه به‌ستراوه.
ئەوەی لێره‌دا به گرنگی ده‌زانم، جیاواز له‌و هه‌موو خاڵه هاوبه‌شه‌ی وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی چه‌وساوه و خاك داگیركراو، هاوچاره‌نووسیی پێكه‌وه‌مان ده‌به‌ستێته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌مو ئەو ناكۆكی و جیاوازییانه‌ی ئێستا له‌نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌شدا هەن، له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م خولە تازه‌یه‌ی ناكۆكیی و ململانێیەكانیان كه گه‌یشتووەته ئاستێكی ترسناك و ئەگهری به‌ریه‌ككه‌وتن له هه‌موو ئەگهرێك له‌پێشتره، یه‌ك خاڵی گرنگی هاوبه‌ش هه‌یه كه ده‌بێت ئەم دوو هێزه ئەمه بكه‌نە جه‌مسه‌ری كێشه‌كانی ئەم قۆناخه و بیكه‌نه هه‌وێنی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی دیكه‌یان، هاوکات ببێته سه‌رچاوه و زاده‌ی لێكتێگه‌یشتنێكی تازه له‌نێوان پارتی و په‌كه‌كه و ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی چه‌كداری بۆ هه‌میشه دووربخاته‌وه. ئه‌ویش ئەوه‌یه كه بۆ یه‌كه‌مجاره پارتی مەترسی ئەوەی خستووەتەڕوو كه ئەم جێگیرکردنە بەرفراوانەی هێزە پرۆسه‌یه‌كی داگیركارییه و ئامانج لێی داگیركردنی ناوچه ستراتیجییه‌كانی باشووری كوردستانه.
په‌كه‌كه زۆر له‌مێژه بۆ وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ی پێیان وایه (توركیا به‌هۆی په‌كه‌كه‌وه هێز ده‌هێنێته باشوور و ئەگه‌ر په‌كه‌كه لێره نه‌بان ئەوه توركیا سنووری نه‌ده‌به‌زاند)، هاوار ده‌كات كه ئەوه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دروست نییه، په‌كه‌كه وه‌ك پاساو و بیانوویه‌كی رووكه‌شی ستراتیژی تازه‌ی توركیایه، ئەگینا حه‌قیقه‌ته‌كه پرۆسه‌ی داگیركردنی باشووری كوردستانه.
له رووداوه‌كانی په‌یوه‌ست به جوڵه‌ی هێزی پێشمه‌رگه بۆ چیای مه‌تین و شه‌هیدبوونی پێنج پێشمه‌رگه كه هێشتا روون نه‌بووەته‌وه ئایا تورکیا شه‌هیدی كردوون یان په‌كه‌كه، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگهیێندراوێكی بڵاوكرده‌وه، ئەگه‌رچی لێره‌شدا هه‌ر ئۆباڵه‌كه ده‌خاته ئه‌ستۆی په‌كه‌كه و پێیوایە هۆی هەموو ئەو نەهامەتییە پەکەکەیە، به‌ڵام له به‌شێكی راگەیێندراوەکەی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا كه رۆژی 6ـی حوزه‌یران بڵاوكراوه‌ته‌وه هاتووه "په‌كه‌كه به‌مه‌به‌ست و ده‌ستی ئه‌نقه‌ست شه‌ڕی له‌گه‌ڵ توركیا گواستووەته‌وه نێو خاكی هه‌رێمی كوردستان و به پیلانێكی دانراو شه‌ڕ ده‌كات و ناوچه‌كان بۆ سوپای توركیا به‌جێده‌هێڵێت تاوەکو خاكه‌كه‌مان به‌داگیركردن بدات."
ئەوەی لێره‌دا گرنگه ئەو ده‌ربڕینه تازه‌یه‌یه كه مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیش پێیان وایه هاتنی سوپای توركیا ئیتر به‌هه‌ر هۆكارێكه‌وه بێت بۆ داگیركردنی خاكی هه‌رێمی كوردستانه. لێره‌دا كێشه نییه كه پارتی راسته‌وخۆ كێ به به‌رپرسیار بزانێت له بیانووی داگیركارییه‌كه، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا بە پرۆسەی داگیرکردن دەبینێت. كه‌واتە دوای ئەم به‌یاننامه‌یه ده‌بێت چاوه‌ڕوانییه‌كان له ئەگهری به‌ریه‌ككه‌وتنی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و هێزی پێشمه‌رگه‌وه بگۆڕین بۆ پێشهاتی دیکە، چونكه مەبەست لەو پرۆسەیە ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا.
له هه‌رێمی كوردستان ئەزموونێکی پێشووترمان هه‌یه، كاتێك داعش گوندی به‌شیری توركمانی شیعه‌نشینی له نزیك كه‌ركووك داگیركرد، به‌درێژایی ماوه‌یه‌كی زۆر ئەو گونده به داگیركراوی مایه‌وه، عێراق رێگه‌یان نه‌دەدا پێشمه‌رگه گونده‌كه رزگار بكات، چه‌ند مانگ جارێكیش حه‌شدی شه‌عبی هێرشێكی رووكهشانهیان بۆ ده‌كرد و ده‌شكان. رزگاركردنی به‌شیر وه‌كو مه‌ته‌ڵی لێهاتبوو، چونكه ئامانجه‌كه رزگاركردنی به‌شیر نه‌بوو، به‌ڵكو هێشتنه‌وه‌ی به‌شیر به‌ده‌ستی داعشه‌وه بۆ ره‌وایه‌تیدان بوو بۆ هێنان و جێگیرکردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ كه‌ركووك.
كه‌واتە پێویسته له پشتی رووداوه‌كانه‌وه كه‌ناڵی گفتوگۆ بكرێتەوە لەنێوان هەموو لایەنەکاندا بۆ داڕشتنی پلان و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش، بۆ ئەوه‌ی رێگه له‌م داگیركارییه بگیرێت. ئەوه‌ی پێویسته له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا دوورخستنه‌وه‌ی هێزی چه‌كداره له یه‌كدی بۆ ده‌سته‌به‌ری دڵنیایی له دروستبوونی شه‌ڕ له‌نێوانیان، بۆ ئەوه‌ی رێگه له هه‌ڵه و ئەگهری ئەو گومانانه‌ش بگیرێت كه دوور نییه هه‌بن له‌نێو هه‌ردوولادا. ئەوه‌ی له‌سه‌ر پارتی پێویسته ئەوه‌یه كه له‌بری هێزی پێشمه‌رگه، هێزی پاسه‌وانی سنووری عێراق كه چه‌ند فه‌وجێكیان كوردن، ئەوان بهێندرێنه ئەو ناوچانه‌ی ئەگهری بهریهكهوتنیان لێده‌كرێت. په‌كه‌كه‌ش پێویسته له هه‌ندێک ناوچه كه ئەگهری بهریهكکهوتنیان هه‌یه دووربكه‌وێته‌وه، وه‌ك چۆن له‌پێناوی سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی ئاشتی له توركیا چه‌ندین ساڵ تفه‌نگه‌كانیان بێدهنگكرد و ته‌نانه‌ت خاكی باكووری كوردستانیان بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی به‌جێهێشت و هاتنه باشووری کوردستان. ئێستا له‌پێناوی دووركه‌وتنه‌وه له ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزی باشووری کوردستان، بچنه شوێن و هه‌ندێ لووتكه و دامێنی هەندێ لووتكه شاخی دیكه. ئەمه وه‌ك قۆناخێكی راگوزه‌ر تاوەکو هاقڵمهندانی نێوان هه‌ردوو حیزبه‌كه و خه‌مخۆرانی دیکە له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوولایان، ته‌گبیرێكی گونجاوتر بۆ خه‌بات و قۆناخی داهاتوو ده‌دۆزنه‌وه.