زۆر و کەم کاریگەر

 
رۆژی یەکشەممە 14-09-2025 هەڵبژاردنەکانی خۆجێی و ئەنجوومەنی بیانیان لە هەرێمی نۆردڕاین ڤێستفالن ئەنجامدەدرێن. لەم هەرێمەدا گەورەترین دیاسپۆرای کوردستانی؛ کە ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە، نیشتەجێن. بە بەراورد لە گەڵ ساڵانی رابردوو گۆڕانکارییەکی کەم لە شێوەی بەشداری و خۆئامادەکردنی کورد بۆ هەڵبژاردنێکی ئەڵمانیا بەدی دەکرێت، بەڵام زۆر لەوە کەمترە بتوانن کاریگەریی دروست بکەن.
 
ئەو کوردانەی بوونەتە هاووڵاتی ئەڵمانی، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون تاکو پێنچ فۆرمی دەنگدانیان لە دەستدایە؛ لە شارە گەورەکان، سەرۆکی شارەوانی گەورەی شار (پارێزگار) راستەوخۆ دەنگی پێدەدرێت، ئەنجوومەنی شارەوانی، ئەنجوومەنی گەڕەک و ئەوانەی لە ناوچەی رووە دەژین پەرلەمانی ئەوێش هەڵدەبژێرن. ئەو کوردانەی تاوەکو ئێستا وڵاتینامەیان نییە یەک فۆرمی دەنگدانیان هەیە بۆ ئەنجوومەنی (گونجاندن) بیانییان. لەم نیمچە جەنجاڵییەی هەڵبژارنەکاندا، کورد بەربژیری هەیە. لە کۆیلن خانمە سیاسەتڤانی پارتی سەوز و خەڵکی باکووری کوردستان بێریڤان ئایماز رکابەرییەکی تووند بە کەمپەینێکی چڕ دەیەوێ ببێتە سەرۆکی شارەوانی گەورە (پارێزگار). لە شاری هێرنێ، خانمێکی گەنجی لە تەمەنی 6 ساڵییەوە لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتووەتە ئەڵمانیا، پەیمان حەسەن لە نێو پارتی سۆشیال دیموکرات دەیەوێت ببێتە ئەندامی پەرلەمانی رووە.
 
بۆ ئەنجوومەنی شار و شارۆچکەکانیش بەربژێری کورد لە نێو لیستی پارتەکانی ئەڵمانیا هەن. پارتی چەپ، سەوز و سۆشیال دیموکرات زۆرترین کوردیان بەربژێر کردووە. کرستیان دیموکرات و پارتی ئازادی - لیبرالەکانیش توانیویانە متمانە بۆ کوردانی ئەڵمانیا دروست بکەن و ئەندامیان هەیە بەربژێرن. 
 
زیاتر لە 300 کورد بەربژێرن بۆ ئەنجوومەنەکانی بیانیان
 
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی کردوومانە زیاتر لە 300 هاونشتیمانی بۆ ئەنجوومەنەکانی بیانیان بەربژێرن. کۆی گشتی بەربژێرەکان نزیکەی 4000 کەسن، واتە رێژەی بەربژێرانی کورد کەمترە لە 10%. بە گشتی 3 ملیۆن و 300 هەزار کەس مافی دەنگدانیان بۆ ئەنجوومەنی ئینتەگراسیۆن هەیە. ئەم ئەنجوومەنانە کارەکەیان راوێژکارییە و بۆ ئەوەی شارەوانی و فەرمانڕەواکانی شار و وڵات باشتر لە خەڵکەکە خۆی، ئاگاداری خەم و خەون و ئارەزووی بیانییەکان بن، بە مەبەستی بڕیاردان و هەنگاونانی دروست لە حکومەتە خۆجێییەکان. پشکی زۆری ئەم ژمارە بەربژێرانە لە نێو لیستی کوردیدان؛ لە لیڤەرکوزن ناوی لیستەکە (یەکبوون)ە و لە مونستەر (هیڤی)..هتد هەر لە ناو و ستراتیجیەتی بەربژێرکردنییان کەمئەزموونی و ناشارەزایی بە زەقی دیارە. 
 
لیستی تاکنەتەوە لە لایەن خەڵکی تورکیاییەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەم ئەنجوومەنانە سەریهەڵداوە، هەندێک جار سەرکەوتووبوونە لە بەر رێژەی کەمی بەشداریکردن. ئێستا ئەستەمە لیستێک بتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت، چونکە خەڵک و رەوەندی میللەتەکانی دیکەش لیستیان هەیە و رکابەرییەکی زۆرتر لە جاران بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکان هەیە. باشترین لیست، کە لە لایەن پارتە سیاسییەکانیش پەسەندن؛ ئەوانەن کە لە نەتەوە و میللەتی جیاواز پێکهاتوون. بۆ نموونە لە شاری بۆخوم لیستێکی هاوبەشی کوردی لەگەڵ میللەتانی دیکە هەیە. هەندێک لەو بەربژێرانەی نێو لیستە کوردییەکان هەن، کە هەر نازانن بۆچی بەربژێرن، وا تێدەگەن ئەمانە پەرلەمانن و دەستەڵاتی بریاردانیان هەیە. یەکێک لە بەربژێرەکان دەڵێت دەمەوێ ناوی کوردی لە سەر شەقامەکانی شار دابنێم، خۆی نازانێت ئەوە دەستەڵاتی شارەوانییە و ئەنجوومەنی بیانیان ئەو کارەی پێناکرێت. 
 
لە هەندێک شار پەلەکردن لە راگەیاندنی لیستدا هەیە؛ هەموو پیاون، یاخود هەموو خەڵکی بەشێکی کوردستانن. بەربژێرێکم بینی، لە نێو شار دەڕۆیشت، دەیگوت شەرم دەکەم خەڵک تەماشام دەکەن؛ خۆی دەیەوێ بێتە نێو رای گشتی و پێی خۆش نییە خەڵک سەیری بکەن. هەرچەندە کورد و رەوەندی میللەتانی دیکەش، لەبەر ئەوەی بە باشی نەچوونەتە نێو کۆمەڵگاکە، هەڵبژاردن بۆیان پرسێکی گرنگ نییە تاکو نەگاتە ئەوەی کە کام لایەن دژەکۆچبەرە و کام لایەن کۆچبەردۆستە. چانسێکی باشی ئەوانەش هەیە، کە لە نێو لیستی پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا بەربژێرن. لە نێو ئەو پارتانەش هەن، کە ژمارەی دەنگدەرەکانیان ناتوانێت بەربەستی 3% لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمەکە تێبپەرێنێت. ئەوەی لە هەموویان سەیرترە، کوردیش کەوتوونەتە ژێر کاریگەری رەوتە پۆپۆلیستەکانی کۆچبەران، کە باس لە دروستکردنی پارت و لیستی تایبەت بە بیانی و کۆچبەران دەکەن. بۆ نموونە لە شاری ئێسن، گرووپێک بە ناوی رووناکی دروست کراوەو کوردێک بۆ بەدەستهێنانی دەنگ کاریان بۆ دەکات. ئەم جۆرە گرووپ، لیست و پارتە سیاسیانە زۆر ئەستەمە بتوانن شوێنیان لە سەر نەخشەی سیاسی ئەڵمانیادا هەبێت.
 
22 هاونشتیمانی کوردی ئێزدی بەربژێرن
 
لایەنی دڵخۆشکەر و ئەرێنی ئەم هەڵبژاردنانەش هەن؛ زیاتر لە 20 هاونشتیمانی کوردی ئێزدی بەربژێرن، ژن و پیاو، نەوەی دووەم و سێیەمیشیان کە هاتوونەتە ئەڵمانیا و تا رادەیەکی زۆر پابەندی کولتووری ئێزدییاتین لە نێو بەربژێراندا دەبینرێن. ئەم هەڵبژاردنانە هەر پێنچ ساڵ جارێک دەکرێن و نەوەی دووەمی کوردانی ئەڵمانیا لە دایبابەکانیان باشتر کۆمەڵگا و سیستەمی وڵاتەکە دەناسن، بۆیەش لەوانەیە لە ساڵی 2030، ئەگەر کوردانی ئەم هەرێمە بیانەوێ، کاریگەرتر و باشتر بەشداری بکەن و تەنانەت دەتوانن پێگەی دیاسپۆرای کوردستانیش لەم وڵاتە بەهێزتر بکەن.