حەلیم بەگ و مێرتا هانسۆن
بیرەوەرییەکانی ئاپێ مووسا عەنتەر پڕن لە رووداو و چیرۆکی سەرنجڕاکێش، ئاپێ مووسا کوردایەتی و کوردبوونی کردووە بەو داوە دەزووەی هەموو چیرۆکەکانی وەکو تەزبیحێک پێ هۆنیوەتەوە، کە بایەخی مێژوویی زۆریان هەیە.
کاتێک بەناو بەرنامەکانی (پەنجەمۆر)دا دەچمەوە، دەیان چیرۆک و بەسەرهاتی مێژوویی ئەتۆ دێنە بەرچاوم کە رەنگە تامی بیرەوەرییەکانی ئاپێ مووسا عەنتەر یان چێشتی مجێورەکەی مام هەژار بدەن، ئاخر کەسایەتییەکانی نێو بەرنامەکە جۆراو جۆرن، کورد گوتەنی هەریەکەو لە ئاوازێک دەخوێنن، بەڵام کوردبوون و کوردایەتی هەوێنی بەشێکی زۆری چیرۆکەکانە.
یەکێک لەو کەسایەتیانەی کە لە دەرەوەی کوردستان بەرپرسیارێتی لە نێو قوتابیان و پارتی دیموکراتی کوردستان دا هەبووە، سەردەمانێک نوێنەری شۆڕش و ژەنەراڵ بارزانی بووە لە سوێد و ئەورووپا جەمال عەلەمدارە. لەو ساڵانەی دواییدا دۆستایەتیم لەگەڵی خۆش بوو، چەندین جار لە ستۆکهۆڵم یەکتریمان بینیوە، کاتێک لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا پریاسکەی زیاتر لە شەست ساڵ دوورە وڵاتیمان کردەوە، پڕبوون لە یادەوەری و بەسەرهاتی جۆراوجۆر. یەکێک لەو چیرۆکانە بەسەرهاتی خۆشەویستی حەلیم بەگ و مێرتا هانسۆن بوو، هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە مێرتا هانسۆن تاوەکو ئەوکاتەی کۆچی دوایی کرد، وەکو مۆمێک بۆ کورد دەسووتا ئەو خۆشەویستییە بوو. دۆستایەتی مێرتا هانسۆن لەگەڵ کورد لەبەر بەرژەوەندی دارایی نەبوو بەڵکو هەڵقوڵاوی خۆشەوستییەکی ناکام بوو، هەروەها بە پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ و دژایەتی داگیرکاری رەنگ رێژکرابوو.
بەسەرهاتی ناسینی جەمال عەلەمدار و مێرتا هانسۆن دوای بڵاوکردنەوەی وتارێکی جەمال عەلەمدار لە رۆژنامەی بەنێوبانگی سوێد (ئافتۆنبلادت)ی ساڵی 1966، کە تێیدا بە دەنگێکی بەرز داوادەکات فریای نەتەوەی کورد بکەون و پشتیوانی لە شۆڕشەکەی بکەن، ئاخر کارگەیشتبووە ئەوەی دیلان گوتەنی نەک شووشە دەشکا بەڵکو رەزیش دەسووتا، داگیرکاری عێراق گەیشتبووە ئەو رادەیەی کە گوند، شار، شاخ، مەدەنی و پێشمەرگەی بەلاوە گرنگ نەبوو، گرنگ سووتامککردنی کوردستان بوو.
دوای ئەو وتارە مێرتا پەیوەندی بە عەلەمدارەوە دەکات و هەموو دارونەداری خۆی دەخاتە بەردەست.
من دەمویست وەڵامی ئەو پرسیارە وەربگرم کە ئایا بۆچی مێرتا هانسۆن باری خەمی کوردی خستبووە سەر شانی، بۆیە لە جەمال عەلەمدارم پرسی، ئەرێ خێر بوو مێرتا بەوشێوەیە بۆ کورد دەسووتا؟
کاک جەمال دەستێکی بە سمێڵەکانیدا هێنا کە هەر تاڵەی روویان لە شوێنێک کردبوو، خۆی قیت کردەوە و گوتی بەخوا رۆژێک هەمان پرسیارم لە مێرتا خانم کرد، چونکە ببووە مەراق لام، لە کاتێکدا بەو پرسیارە ختوکەی یادەوەری چەندین ساڵ لەو پێشیم دا گوتی: "باوکم باڵیۆزی سوێد بوو لە قاهیرە، من تازە دەگەیشتمێ، عوسمانییەکانیش نوێنەرایەتیان لە قاهیرە هەبوو، کوڕێکی قۆز بە ناوی حەلیم بەگ کەسی سێیەمی نوێنەرایەتی عوسمانییەکان بوو، کورد بوو، جارێک بانگهێشتی ئاهەنگێکی باڵیۆزخانەی سوێد کرابوو، لەوێ یەکترمان بینی، هەر لە یەکەم دیدارەوە پێی سەرسام بووم و عاشقی بووم، دیاربوو ئەویش هەمان مەیلی هەبوو، بۆیە داوام لێکرد بمخوازێت، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوەی من مەسیحی بووم وئەویش موسڵمان بوو بە گونجاوی نەزانی و دەستی بەڕووەوە نام، بەڵام عەشقەکەی هەر لە دڵم دا مایەوەو نەکوژایەوە و نەکوژایەوە".
شێخی سەنعان بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەردەگەڕا، بەڵام حەلیم بەگ هەمان رێچکە ناگرێت و، هەندێک لەو کوردە موسڵمانانەی نێو عوسمانییەکان لە هەمووان زیاتر بە دینەکەیانەوە پەیوەست بوون. دیارە ئەو خۆشەیستییە دەبێتە هاندەرێک بۆ مێرتا هانسۆن کە کوردی خۆشبوێت، ئەوە نییە دەنگبێژێکی کورد دەڵێت:
ئەو ریزە ماڵەی بە ماڵ ئەنگۆوە
هەمووم خۆشدەوێت بە بۆنەی تۆوە
دیارە مێرتاش هەموو کوردی لە چاوی حەلیم بەگەوە بینیوە و خۆشیویستوون.
مێرتا هانسۆن و جەمال عەلەمدار و سەلاحەدین راستگەڵدی و چەند کەسێکی دیکە لە ساڵی 1966 یەکەمین کۆمیتەی سوێدی – کوردی دادەمەزرێنن کە لە سەردەمی خۆیدا وێنەی نەبووە.
کاتێک جەمال عەلەمدار لە رێگەی مێرتاوە دەزانێت حەلیم بەگ هێشتا لە ژیاندایە و لە قاهیرە دەژی، لەسەر ناوی کۆمیتەی سوێدی – کوردی، دیارە بە ئاگاداری مێرتا هانسۆن کە پێشتر چەند جارێک بە تایبەتی حەلیم بەگی داوەتکردووە بۆ سوێد، بەڵام نەهاتبوو، پێشنیاز دەکات بەناوی کۆمیتەکەوە داوەتنامەی بۆ بنێرن بەڵکو ئەمە خوایە دڵی نەرم بێت و مێرتا دیارئاخیری نەبێت! بەڵێ حەلیم بەگ کە هێشتا تروسکەیەکی کوردایەتی لە دڵی دا ماوە بە داوەتنامە کوردییەکە رازی دەبێت، ئیدی لەکاتی هاتنیدا لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم، کۆمیەتەی سوێدی – کوردی و مێرتا هانسۆن و مێردەکەی لە پێشوازی جەنابی حەلیم بەگ دا بە ریز دەوەستن! ئەگەرچی حەلیم بەگ بە هاوکاری گۆپاڵەکەی دەستی بە رێگەدا دەڕوات، بەڵام کاتێک دەست دەخاتە ناو دەستی مێرتا هانسۆنەوە، هەردووکیان چاوەکانیان پڕ لە فرمێسک دەبن.
کاک جەمال دەیگوت ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو مێردەکەی مێرتا هانسن بوو، دەیگوت ئەها جەمال سەیرکە بەخوا پێدەچێت هێشتا حەلیم بەگی زیاتر لە من خۆشتربووێت!.
ماوەیەک حەلیم بەگ میوانی کۆمیتەی سوێدی – کوردی و مێرتا هانسۆن دەبێت و کاک جەمال عەلەمدار و هاوڕێیەکانی بایەخی پێدەدەن و کوردایەتییەکەی دەمەزەرد دەکەنەوە تاوەکو ئەو رادەیەی کە حەڵیم بەگ دەڵێت: خوای گەورە غەدرێکی گەورەی جوگرافیایی لە ئێمەی کورد کردووە کە ئێمەی خسووەتە شوێنێکەوە میللەتانی نەیار دەوریان داواین، جگە لە کوشت و کوشتار چی لە مانە فێربووین و، چ مافێکیان بە کورد رەوا بینیوە؟ هەرخۆی وەڵامی خۆی دەداتەوە، هیچ!
کاک جەمال دەیگوت دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا حەلیم بەگ هەستی کوردانەی بەرزبوو.
دوای ماوەیەک حەلیم بەگ دەگەڕێتەوە بۆ قاهیرە، رەنگە ئەوە دوا دیداری بووبێت لەگەڵ کورد. ئێستا مێرتا و حەلیم بەگ کۆچی دواییان کردووە، بەڵام لەو بڕوایەدام مێرتا لەو دنیاش دەستبەرداری حەلیم بەگ و کورد نابێت، بۆیە پێمخۆش بوو بەم کورتە نووسینە مێرتا هانسۆن و لە کەسایەتی ئەوەوە هەموو ئەو دۆستانەی کورد کە لە رۆژە سەختەکاندا لەگەڵ نەتەوەکەمان بوون بەبیر بهێنمەوە.