یەدەگی دراوی بیانیی عێراق لە 2026دا
یەدەگی دراوی بیانی عێراق مانگ بە مانگ روو لە دابەزینە و لە دوو مانگی ئەم ساڵ دا 4.5 تریلیۆن دینار و لە چوار ساڵی رابردووشدا 14.2 تریلیۆن دینار دابەزیوە، بەڵام ئاستی دابەزینی زیاتر یان بەرزبوونەوەی ئەمساڵ پەیوەستە بە رەوشی تەنگەی هورمز و بەهای زێڕ و خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنانەوە.
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە دوو مانگی سەرەتای 2026 ( 29ی کانوونی دووەم بۆ 19ی ئادار ) یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە 131 تریلیۆن دینارەوە بۆ 126.4 تریلیۆن دینار دابەزیوە، واتە بڕی ئەو پارەیەی لە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق لەو 59 رۆژەدا کەمیکردووە 4.5 تریلیۆن دینار (3.4 ملیار دۆلار) بووە.
بەرزبوونەوە و دابەزینی یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە ماوەی کورتخایەن دا زیاتر پەیوەستە بە نرخی بەرمیلێک نەوت و بەهای زێڕەوە، بەڵام ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا روویداوە زیاتر بەهۆی زیادبوونی خەرجی، بەتایبەتیش خەرجی بەکارخستنەوە بووە لەچاو داهاتەکەی دا.
ئیستا کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە قۆناخی ئاگربەستدایە و رەوشی تەنگەی هورمز بەوشێوەیە مەترسییەکی دیکەی بۆ داهاتی عێراق دروستکردووە و کاریگەری تەواو دەکاتە سەر یەدەگی دراوی بیانی عێراق، چونکە بڕی ئەو داهاتەی لە نەوتەوە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و دەیداتە بانکی ناوەندیی عێراق، تەنیا یەک لەسەر چواری کەمترین خەرجی مانگانە و یەک لەسەر هەشتی زۆرترین خەرجی مانگانەی عێراق پڕ دەکاتەوە، کە هەر کامیان بێت ئەوا عێراق دەبێت پارەی یەدەگ بەکاربینێت بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی.
دەتوانین بڵێین ئاراستەی گەورەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق زیاتر پەیوەستە بە رەوشی تەنگەی هورمز نەک نرخی بەرمیلێک نەوت و ئۆنسەیەک زێڕ لە 2026 دا.
هەڵبەز و دابەزی یەدەگی دراوی بیانی عێراق لە دوو دەیە دا
یەدەگی دراوی بیانی بانکی ناوەندیی عێراق CBI لە سێ جۆر پێکهاتووە: دراوی بیانی (دۆلار، پاوەن و یۆرۆ)، قەواڵە داراییەکان و زێڕ. زۆرینەی ئەم یەدەگەش قەواڵە داراییەکان و نزیکەی یەک لەسەر سێشی زێڕە و رێژەی 28٪ی کۆی یەدەگەکە پێکدەهێنێت، هەربۆیەش گۆڕانکاری لە بەهای ئۆنسەیەک زێڕ هاوشێوەی نرخی بەرمیلێک نەوت کار دەکاتە سەر کۆی یەدەگی دراوی بیانی عێراق.
لە ماوەی ئەو دوو مانگەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق دا 4.5 تریلیۆن دینار دابەزیوە، نزیکەی نیوەی بەهۆی دابەزینی نرخی زێڕەوە بووە. بۆ نموونە لە شوباتی 2026دا بەهای ئۆنسەیەک زێڕ 5 هەزار و 19 دۆلار بوو، لەو مانگەشدا کۆی بەهای یەدەگی زێڕی عێراق بە دینار 36.9 تریلیۆن دینارە، بەڵام کاتێک لە ئاداری 2026دا بەهای ئۆنسەیەک زێڕ دادەبەزێت بۆ 4 هەزار و 862 دۆلار، ئەوا بەهای یەدەگی زێڕی عێراق بە دینار دادەبەزێ بۆ 34.1 تریلیۆن دینار.
ساڵ بە ساڵ یەدەگی زێڕی عێراق زیادیکردووە و لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەهاکەی بە دیناری عێراقی لە 1 تریلیۆنەوە گەیشتووەتە سەروو 30 تریلیۆن دینار. بەتایبەتیش ئاراستەی ئەم زیادبوونە لە 2025 بووە، کە بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ هۆکاری سەرەکی بووە و ئێستا گەیشتووەتە 174.6 تۆن زێڕ.
هەروەها، ساڵی رابردوو زێڕ توانیویەتی بەشێک لە کۆی کەمبوونی یەدەگی دراوی بیانی عێراق داپۆشێت و ئەو جیاوازییەی بەهۆی کەمی داهات و زۆری خەرجییەوە روویدا، بەدەرنەکەوێت.
نرخی بەرمیلێک نەوت و بڕی هەناردەکردنی بۆ دەرەوە هۆکاری کۆبوونەوەی دراوی بیانی عێراق بووە لە سەرەتای 2005ەوە تاوەکو 2025. هەرکاتێک نرخی بەرمیلێک نەوت دابەزی بێت، یەدەگی دراوی بیانی عێراق دابەزیوە وەکو 2016 و 2020. بەدیوەکەی دیکەشدا کاتێک نرخی نەوت بەرزبووەتەوە ئەوا یەدەگی دراوە بیانییەکەی زیادیکردووە وەکو 2022.
هاوشێوەی نرخی بەرمیلێک نەوت و بەهای ئۆنسەیەک زێڕ یەدەگی دراوی بیانی عێراق پابەندی سیاسەتی خەرجییەکانی ولاتیشە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە لە عێراق پیادە دەکرێت، وەکو سیاسەتی خەرجی لە بەرامبەر داهات، بڕی خەرجی وەبەرهێنان و لەسەرووی هەموویانەوە بەهای 1 دینار لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، لەبەرئەوەی 90٪ی داهاتەکەی لە نەوتەوە دێت و نەوتەکەش بە دۆلار دەفرۆشێت.
ژمارەکانی 2015-2025؛ هەمەچەشنبوونی خەرجی و تاک سەرچاوەیی داهات
کۆی پارەی چاپکراوی عێراق لە کۆتایی 2025 دا 99.7 تریلیۆن دینارە، کە 92.5 تریلیۆن دینار لە دەرەوەی بانکەکان و 7.2 تریلیۆن دیناری لەنێو بانکەکانە، بەڵام بڕی ئەو پارەیەی لە بانکی ناوەندیی عێراق (Deposit) ئەوا بە هەموو جۆرەکانییەوە و بڕەکەی لە 19ی کانوونی دووەمی 2026 دا 27.6 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە 12ی ئادار کەم دەبێتەوە بۆ 21.4 تریلیۆن دینار، واتە بڕی 6.2 تریلیۆن دینار کەمبووەتەوە.
ئەم کەمبوونەوەی دیناری کاش و یەدەگی دراوی بیانییەی عێراق، بەشێکی گەورەی پەیوەندی بە جیاوازی داهات و خەرجییەوە هەیە، بەتایبەتیش لە دوو ساڵی رابردوودا کە خەرجییەکان زۆر زیاتربوون لە داهات، بۆ نموونە لە 2024دا جیاوازییەکە 9.7 تریلیۆن دینار و لە 2025دا گەشتووەتە 17 تریلیۆن دینار بوو.
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر ئێران ئاڵنگارییەکی گەورەی دیکەیە بۆ عێراق لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتەکەی، چونکە سەرەڕای دروستبوونی کێشە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و گاز بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەکردنەوەی داهاتەکەی زۆر دابەزیوە و تاوەکو ئێستا توانیویەتی یەک لەسەر حەوتی ئەو بڕەیە هەناردە بکات کە پێش جەنگ هەناردەی دەکرد، ئەمەش واتە داهاتێک کە ناتوانێت خەرجییە بنەڕەتییەکانیش پڕبکاتەوە.
بۆ نموونە، رۆژی 13ی نیسان 2026 وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە مانگی ئادار بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق 18.6 ملیۆن بەرمیل بووە و داهاتەکەشی 1.96 ملیار دۆلارە، واتە کەمترین بڕی هەناردەکردنی نەوت لە دوو دەیەی رابردوودا.
لە راستی دا، داهاتی نەوتی مانگی ئاداری عێراق بەمانای یەک لەسەر چواری خەرجی مانگێکی ئاسایی دێت، کە ئیستا خەرجی مانگێکی عێراق بەتێکرا 10 تریلیۆن دینارە. ئەگەر خەرجی مانگێک کەوا پارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی تێدا دەدرێت وەکو تەممووزی 2025، کە کۆی خەرجییەکان گەشتە 20 تریلیۆن دینار، واتە راکیشانی 17.5 تریلیۆن دینار لە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی کەمی داهاتەوە بەدیهاتووە.
نموونەیەکی روونی دیکە زیادبوونی خەرجی و کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی و زیادبوونی پشتبەستن بە نەوتە. مانگی یەکی 2015 کۆی خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان 2.6 تریلیۆن دینار بووە، کە 69 ملیار بۆ وەبەرهێنان بووە! بەڵام لە هەمان مانگی 2025دا کۆی خەرجییەکان دەگاتە 8.8 تریلیۆن دینار، کە 8.2 بەکارخستن و 613 ملیار بۆ وەبەرهێنان بووە، واتە خەرجی چوار هێندە زیادیکردووە بۆ بەکارخستن نەک وەبەرهێنان.
بە دیوەکەی دیکەدا بۆ داهاتەکان لە ساڵی 2015 دا عێراق بڕی داهاتی بەدەستهاتووی مانگی یەکی 6.4 ملیار دۆلار بووە، کە 3.6 لە نەوت و 2.7 لە نانەوتییەوە بووە، لەکاتێکدا لەم ساڵەداعێراق یەک لەسەر سێی خاکەکەی داگیرکرابوو و لەگەڵ داعش لە شەڕدا بوو، کەچی دوای دەیەیەک کۆی داهاتەکەی دەبێتە 8 تریلیۆن، کە 7.3 لە نەوت و 692 ملیار لە نانەوتییەوە دێت. هەربۆیەش کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، واتە کەمبوونەوەی یەدەگی دراوی بیانی عێراق و بەپێچەوانەشەوە هەر راستە.
لە ماوەی رابردوودا بەرزبوونەوە و دابەزینی یەدەگی دراوی بیانی عێراق زیاتر بەهۆی نرخی نەوت و زێڕ بووە، بەڵام لە دوای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردنیشی هاتووەتە سەر، هەربۆیەش پێویستە بیر لە گۆڕینی ستراکچەری ئابووری عێراق بکرێتەوە تاوەکو ئەم یەدەگە بەرزەی هەیە مایەپووچ نەبووە. ئەگینا چیرۆکی داڕووخانی ولاتان زۆرە لە جیهان بە یەدەگی سەرچاوەی سرووشتی و لە کیشوەری جیاوازدا. هەربۆیەش کەمکردنەوەی هەمەچەشنی خەرجی و رزگارکردنی تاک سەرچاوەی داهاتی نەوتی هەنگاوی یەکەمە لە رۆژانی داهاتوو دا.