چەکەکانی ترەمپ سەری کورد دەدات بە قەڵبەیەکدا
نزیکەی 30 ساڵ دەبێت لە مێشکی خۆمدا لە مشتومڕی ئەوەدام تاکی کورد ئینتیمای بۆ بنەماڵە و خێڵ و شارۆچکە و شار و حیزب، زۆر زیاترە لە ئینتیما بۆ نەتەوەکەی. بۆ بەڵگە و سەلماندنی بۆچوونەکەشم ئەو نموونانەم دەهێنایەوە کە خەڵکانێک، زۆر دەمارگیرانە بنەماڵە و خێڵگەرایی و شارچێتی و حیزبایەتی دەکەن، بەڵام ئەو هەستیاری و سۆزەیان بۆ نەتەوە و نیشتمان نییە.
هەروەها دەمبینی بۆ نموونە هونەرمەند یا بەندبێژێک، یان نووسەرێک، ناوی عەشیرەت یا شار و شارۆچکەیەکی بەجۆرێک هێنابێت، تووشی چەند کێشە و دەردەسەری هاتوون. بەڵام ئەگەر سوکایەتی بە هەموو کورد کردبێت، کەس گێچەڵی پێ نەکردووە. ئەوە حیزبایەتی هەر باس ناکرێت کە بەدرێژایی ئەو چەند دەیەی رابردوو سەدان کەس کوژراون لەسەر ئەوەی بۆچوونیان لەسەر حیزبێک خراپ بووە، یا بەجۆرێک قسەیان کردووە لە زەرەری حیزبێک بووە. بەڵام بە سەدان جار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە بینیومانە یا گوێمان لێ بووە، خوێندوومانەتەوە خەڵکانێک سوکایەتی بە هەموو نەتەوەی کورد و بەها و پیرۆزییەکانی کردووە و تووشی یەک دەردەسەری نەبووە.
ئەمە لای من مایەی تێڕامان و جێی هەڵوەستە بوو، کەسانێک هەستی خۆبەخاوەنزانینی بۆ بنەماڵە و عەشیرەت، بۆ شارۆچکە و حیزبۆکەیەک زیاتر بێت لە هەستی خۆبەخاوەنزانینی نەتەوەکەی. پێم وابوو ئەم دابەشبوونی ئینتیمایە لە بازنە گەورەکەی نەتەوەوە بۆ بازنەی بچووک بچووکی وەک عەشیرەت و شار و حیزب، جۆرێکە لە بەدبەختی کورد و پەیوەندی بە رەگ و ریشەی ناکۆکی ناوخۆیی و کاریگەریی کوولتووری داگیرکارییەوە هەیە. بەڵام ئێستا دوای چەند لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی کوردەوە، وای دەبینم دەردەکە لەوە گەورەترە لە ئاستی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەوە لەم مەترسییە بڕوانین، دەرکەوت خودی حیزبەکان و دامەزراوە حوکمڕانییەکانی کوردستانیش تووشی ئەم دەردە کوشندەیە هاتوون و هەستی خۆبەخاوەنزانینی نەتەوەییان بەشی ئەوەندە ناکات وەڵامێکی ئەو سوکایەتییانەی ترەمپ بەرانبەر بە نەتەوەی کورد بدەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە دەستپێکی شەڕی دژ بە ئێرانەوە چەندین جارە هێرشی ناڕەوا دەکاتە سەر کورد، پاساوەکەی ئەوەیە گوایە چەکی ناردووە بگات بەدەستی خەڵکی ناڕازی ئێران و چەکەکان نەگەیشتوون. ئەو دەڵێت، چەکەکانمان دا بە کوردەکان بیگەیەنن و بۆ خۆیان بردیان، دزیان، خیانەتیان لێمان کرد... چەندین ناو و ناتۆرەی دیکە ریز دەکات. کورد بە شەڕکەری بەکرێگیراو ناو دەبات، بە دز دەیشوبهێنێت. بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک، ئاماژەیەک بخاتەڕوو کە چەکیان داوە بە کام هێزی سیاسی کوردی. ئایا مەبەستی لە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، یان مەبەستی لە هێز و حوکمڕانییەکەی باشوورە، ئایا مەبەستی لەو چەکانەیە بەهۆی شەڕی تیرۆرەوە داویانە بە هێزەکانی رۆژاوای کوردستان و هێزی پێشمەرگە؟ ترەمپ تێکەڵی دەکات، یاخود هەر بەڕاستی چەکیان ناردووە بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران و کورد بردوویەتی، یان کێ دەڵێت ئەمە سەرەتای پیلانگێڕییەک نییە لە دژی کورد؟ سبەینێ گەلەکۆمەیەکی هەرێمی بکرێتە سەر کورد لە ناوچەکە، ئەمریکا تاکە هیوایەک بوو بۆ کورد بیپارێزێت، دوای ئەم قسانەی ترەمپ، هیچ هیوایەک ماوە بۆ ئەوەی لە لێقەومانێکدا ئەمریکا لەسەر کورد بێتە دەنگ؟
کەس وردەکاری پشتی ئەو قسانەی ترەمپ نازانێت، بەڵام رووە ئاشکراکەی ئەوەیە خەریکە ناو و ناوبانگ و پێگەی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی زۆر لەکەدار دەبێت. سەرۆکی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا جارێک و دووان نا، چەندین جار لەبەردەم کەناڵەکانی راگەیاندن و لە کۆڕ و کۆنفرانسەکانیدا کورد وەک دز، بەکرێگیراو، پارەخۆر ناو دەبات، بێ ئەوەی هیچ حیزبێکی سیاسیی کوردی لە هەر یەک لەو بەشانەی کوردستان کە ئاماژەکانی ترەمپ دەیگرێتەوە، وەڵامێکیان بۆ قسەکانی ترەمپ هەبێت. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانیش هەڵوێستێکی جددییان نەنواند بۆ رەواندنەوەی ئەو تۆمەت و ناو زڕاندنانە.
بەڵام ئەگەر لە پەراوێزی قسەکانی ترەمپدا کە هێرشەکانی راستەوخۆ بۆ سەر نەتەوەی کوردە، یەکێک بە هەر مەبەستێک ویستبێتی ناوی حیزبێکی پێوە بگلێنێت، یەک لەشکر لەو حیزبە بە وەڵام دێن. پارتی و یەکێتی وەک چۆن تەنانەت باران و لافاویش دەقۆزنەوە بۆ شکاندنی یەکدی، رۆژنامەنووسێکی پارتی وەک بەشێک لەو ململانێ ناوخۆییەی باشوور، ویستی ترەمپ بۆ ئەوە راکێشێت بڵێت چەکەکان لە سلێمانییە، چەندین بەرنامەی تەلەڤزیۆنی لەسەر ئەوە کرا گوایە ئەوە بە مەبەست دەیانەوێ ناوی شارێک لەکەدار بکەن. هەموو ئەوانەی لەسەر شارەکە بە وەڵام هاتن، پێشتر هیچ قسەیەکیان لەسەر ئەوە نەبوو کە ترەمپ نەتەوەکەتی لەکەدار کردووە. ئاساییە ناوی کورد هەموو بزڕێندرێت، ناوبانگی بەخراپ بڕوات، تۆمەتی ناڕەوا و ناڕاستی بدرێتە پاڵ، ئەمەیان کێشە نییە، بەڵام ئەگەر ناوی شارێک یا حیزبێک یا سبەینێ ناوی سەرکردەیەک ببرێت، سەدان کەس لەسەری دێنە دەنگ، بەڵام ئێستا کە سووکایەتی بە نەتەوەی کورد دەکرێت، نە ئەو کەسانە، نە حیزب و دەسەڵات و حوکمڕانییەکەشی لەسەر خۆی بەدەنگ نایەت.
ئەمە گرفتێکی گەورەیە دەبێت دامودەزگا زانستییەکانی وەک ئەکادیمیا و ناوەندەکانی توێژینەوە و زانکۆکان لێی بکۆڵنەوە و رێگای چارەسەرمان بۆ بدۆزنەوە. چونکە ئەمە دەردێکە تووشی هەر نەتەوەیەک بێت، لە ناوەوە دایدەڕزێنێت.
داواکارم لە سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی کوردستان، بەشێوەی فەرمی داوا لە باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکرێت بۆ روونکردنەوەی فەرمی لەو بارەیەوە، تەنانەت ئەگەر راستە چەک نێردراوە و لایەنێک دەستی بەسەردا گرتووە، ئاشکرا بکرێت بۆ کورد باشترە لەوەی ئەم دۆسیەیە بە شاراوەیی بمێنێتەوە و هەموو نەتەوەی کوردی پێ تاوانبار بکرێت. ئەگەر ناڕاستیشە روون بکرێتەوە. لە هەر حاڵەتێکدا بێت باشترە لەمەی ئێستا هەیە. بەردەوامبوونی ئەم کەیسە ناڕوون و گوماناوییە، سەری کورد دەدات بە قەڵبەیەکدا. بۆ ئەوەی پێشوەختە رێگە لە لێکەوتەکانی بگیرێت، دەبێت راستی و ناڕاستی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ جیهان روون بکرێتەوە.