بە کردەوەى بەغدا مەکەن
دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، جیاواز لە هەموو وڵاتانى دیکەى ناوچەکە عێراقى خستووەتە هەستیارترین دۆخەوە. وەک حیکمەتێک هەیە دەڵێ لە نێوان ژیان و مردندا تاڵە موویەکى باریک هەیە، ئەم دۆخە بۆ عێراق بەو جۆرەیە لەنێوان بەسەلامەتى رزگاربوون و وێران بوونى وڵاتەکەدا تاڵە موویەکى باریکتر هەیە کە باریکترە لە تاڵى ئاوریشم.
پێشتر لە چۆنێتى مامەڵەکردن و بەڕێوەبردنى مەلەفى کورد لە بەغدا، ئەوەم گوتووە ئەم نەوە تازەیەى شیعە لە حوکمڕانى لە دەسەڵاتدارەکانى پێشووترى عێراق (بیژیترن)، دەزانن چۆن پرسى کورد وەک نەتەوەیەکى بێماف و خاک داگیرکراو لە بۆتەى خواست و کێشەى زۆر بچووکدا لەقاڵب بدەن، کورد و راى گشتى کوردستان و عێراق بە شتى زۆر لاوەکییەوە سەرقاڵ بکەن و ئەسڵى کێشەکە لە بیرى خەڵک ببەنەوە. بەڵام ئەم چرکەساتەى عێراقى پێدا تێپەڕدەبێت، ئەوەى سەلماند زۆر لەوە کۆڵەوارترن بە کەسانى سیاسى و دەوڵەتمەدار بیانچوێنیت، دیارە ئەوەى پەیوەست بە مامەڵە لەگەڵ کێشەى کورد کردوویانە عەقڵى خۆیان نەبووە، بەڵکو وەک راسپێردراوێک لە شوێنى دیکەوە فەرمانیان پێکراوە چى بکەن و چى نەکەن، ئەمان تەنیا فەرمانیان جێبەجێکردووە.
شەڕێکى ماڵوێرانکەر رووى لە ناوچەکە کردووە، سەرەتاکەى دیارە، بەڵام کەس نازانێ کۆتاییەکەى چۆن دەبێت. ئەمریکا و ئیسرائیل بە تووندترین شێوە و بە بەکاربردنى باشترین و پێشکەوتووترین تەکنەلۆجیاى سەربازى لە ئێران دەدەن، ئێران وەک پەلەقاژەى مەرگ زیاتر لە 10 وڵاتى ناوچەکەى بە ئامانج گرتووە و دەیەوێ پەلکێشى ناو جەنگەکەیان بکات. سەربارى ئەوەى بە هەموو یاسا و رێسایەکى نێودەوڵەتى و بە هەموو پێوەرێک ئەوەى ئێران دەیکات دەستدرێژییە بۆ سەر ئەو وڵاتانە و بە دیاریکراوى وڵاتانى کەنداو، بەڵام هیچ کام لەو وڵاتە عەرەبییانە نەکەوتوونەتە ناو داوى ئێرانەوە، رۆژانە نەک هەر ژێرخانى وڵاتەکانیان بەڵکو شوێنى نیشتەجێبوونى هاووڵاتییەکانیشیان دەکرێتە ئامانج، بەڵام هێشتا هەر لە هەوڵى ئەوەدان بە زیانى کەمتر لێى بچنە دەرەوە، چونکە دەزانن بە بوون بە تەرەفى سەرەکى جەنگەکە، چى وێرانەییەک چاوەڕوانیان دەکات. لە کاتێکدا وڵاتانى کەنداو پێکەوە نزیک بە 400 لە پێشکەوتووترین فڕۆکەى جەنگى و باشترین تەکنەلۆجیاى سەربازییان هەیە. هەروەها پێکەوە و هەریەکەشیان بەجیا چەندین هاوپەیمانى و گرێبەستیان لەگەڵ وڵاتانى زلهێزى جیهان هەیە بۆ ئەوەى هەرکاتێک مەترسى کەوتە سەریان، بەرگرییان لێبکەن، بەڵام هێشتاش ئامادەنین دەست بۆ ئەو چەکە بەرن، چونکە نایانەوێ لەوە زیاتر تێوەبگلێن.
بەڵام عێراق لە رووی سیاسى و ئابووریى و ژێرخان و تواناى سەربازییەوە بەراورد بە دەوڵەتانى کەنداو، وەک چەقەڵێکى گەڕ وایە، ئەگەر هاوپەیمانى نێودەوڵەتى و ئەمریکا دەستى لێبەردات بەرگەى هەفتەیەکى گرووپێکى هاوشێوەى داعش ناگرێت، کەچى بەبێ هیچ هۆکار و پاساوێکى رەوا خەریکە وڵاتەکە لە جەنگێکى ماڵوێرانکەر تێوە دەگلێنێت. محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، پێدەچێت چیرۆکى سەرهەڵدان و شەڕى داعشى باش نەخوێندبێتەوە، رەنگە هێشتا درکى بە مەترسیی هێنانی 5 هەزار چەکدارى داعشى زیندانیکراو بۆ بەندینخانەکانى عێراق نەکردبێت. دیارە باڵەکەى دیکەى داعش نابینێت لە سووریا وەک هەڕەشەیەک بەدیار عێراقەوە. رەنگە وەک فیلمى کارتۆن لە مەجەراى نزیک سێ ساڵەى شەڕى ئیسرائیل دواى 7ـى ئۆکتۆبەر و کەوتنى یەک لەدواى یەکى داشەکانى بەرەى مقاوەمە بڕوانێت وا بێباکانە گوێى بە تکا و داواى کەس نەدا کە هاواریان دەکرد رێگە لەوە بگرێت عێراق نەبێتە بەشێک لەو جەنگەى پەیوەندى بە عێراقەوە نییە. تەنانەت لەناو باڵاترین بنەماڵە و هێزە سیاسییەکانى شیعەى عێراقدا (موقتەدا سەدر) چەندین جار هاوارى بەگوێی نابیستى دەسەڵاتدا، بەڵام باکیان بە هیچ نەبوو تا جەنگ گەیشتووەتە بەر دەرگەیان و سەرپشککراوون لەوەى دەرگە بەڕووى ئەو شەڕە چاوەڕوانکراوە ماڵوێرانکەرەدا دادەخەن، یان دەیهێننە ناو ماڵى عێراقەوە.
جێى داخ و نیگەرانییە کە هەست بەوە ناکرێت دەسەڵاتدارانى بەغدا هیچ هەستى بەرپرسیارێتییەکیان هەبێت بەرامبەر بە مێژوو، بەرامبەر بە گەلانى عێراق، بەرامبەر بە داهاتووى نەوەکانى خۆشیان. بەرژەوەندییە نیشتمانى و باڵاکانى عێراقیان وەک کارتى قومار خستووەتە دەستى چەند گرووپ و کەسێکى بەرژەوەندیخوازى بێدەربەست لەوەى چى بەسەر وڵاتەکەدا دێ، خەریکە دەرگاى دۆزەخ بە رووى عێراقدا دەکەنەوە.
پێم سەیرە و جێگەى تێڕامانە لەناو ئەو هەموو عەمامە بەسەر و سەرکردە و کارەکتەرە سیاسییانەى شیعەى عێراق، کەسێک نەبێت ئازایەتى ئەوەى هەبێت و دەنگ هەڵبڕێت لەدژى ئەو چەند گرووپ و کارەکتەرە بێدەربەستە و بیانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتى و راى گشتى کە ئێوە دەرگاى دۆزەخ بەڕووى وڵاتەکەدا دەکەنەوە. عێراق پەلکێشى ناو رووداوگەلێک دەکەن بەغدا و شارەکانى دیکەى نێوەڕاست و خوارووى عێراق، بە دەردى غەززە ببرێن.
لەوەش کارەساتتر ئەوەیە لەم چرکەساتە هەستیارەى ناوچەکەدا هێشتا گوتارى موزایەدە و چەواشەکارى زاڵترە لە هەر گوتارێکى عەقڵانى. تەماشا بکەن لەبرى ئەوەى بەئاگابێنەوە لەوەى لەبەردەم چى دۆخێکى مەترسیداردان، لەبرى ئەوەى شەقام و عاقڵمەندانى ناو هێزە سیاسییەکان، ئەو کەس و گرووپانە رووبەڕووى سزا بکەنەوە کە خەریکى ئەوەن ئاگر لە خەرمانى عێراق بەربدەن. بڕوانن بە گوتارێکى دیکەى چەواشەکارانە سەرنجەکان لەسەر ئەسڵى بابەتەکە لادەبەن و خەریکە وێناکە وادەردەکەوێت کێشەى عێراق تەنیا و تەنیا ئەوەیە لەگەڵ هەرێمى کوردستان ناکۆکە لەسەر پرسى هەناردەکردنى 300 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەرى جەیهانى تورکى و ئیدی وڵاتەکە هیچ مەترسى و کێشەیەکى دیکەى نییە.
داوام لە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەیە هەر ئەمڕۆ بە راگەیێندراوێک ئەو سیحرە بەتاڵ بکاتەوە و داوا بکات فەرموون بۆڕى و رێڕەوى هەرێمى کوردستان بەڕووتاندا کراوەیە. هەرێم بەمە دەتوانێت خۆى لە ئەزمەیەکى پلان بۆ داڕێژراو دەرباز بکات کە هەندێ ناوەندى هەواڵگرى ناوچەکە لە رێگەى چەند کارەکتەر و هێزێکى سوننەوە دەیانەوێ لەم چرکەساتە هەستیارەدا حکومەتەکەى شیعە و کورد بەگژ یەکدیدا بکەن و دەرگە بۆ پەلکێشکردنى عێراق بۆ ناو ئاگرى جەنگەکە بکاتەوە.
سبەى پەرلەمانى عێراق بۆ ئەو ئەجێندایە کۆدەبێتەوە و زنجیرەیەک بڕیار لە دژى هەرێمى کوردستان دەردەکات کە زیاترن لەو بڕیارانەى لە رۆژانى نێوان ریفراندۆم و 16ـی ئۆکتۆبەر دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکران. هەموو کەسێکى بە ئیدراک و بەویژدان دەزانێت بەغدا ستەمکارە و نامەردانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات. بۆ هەر کەسێک هۆش و بیرى لەدەستنەدابێت دەزانێت لەم چرکەساتە ناخۆشەدا مووشەکبارانکردن و ناردنى درۆن بۆ سەر ژێرخان و سەرخانى کوردستان، هەموو سنوورێکى دووژمنایەتى تێپەڕاندووە. لەم هەلومەرجەدا کە بەهۆى داخستنى گەرووى هورمز رێڕەوى بازرگانى عێراق داخراون و لەبرى ئەوەى دەروازەکانى هەرێمى کوردستان وەک دەرفەت ببینێت بۆ هێنانى کاڵا و خۆراک بۆ عێراق، لەم کاتەدا بڕیارى ئەوە دەدات هەر کۆمپانیا و بازرگانێکى کورد کاڵا و خۆراک بهێنێت دەبێت بچێتە بەغدا پێش ئەوەى کاڵاکانى بهێنێت گومرگى پێشوەختە بداتە بەغدا، هەر ئەمە بەسە بۆ ئەوەى بزانین چى نیەتێکى خراپیان هەیە، بەڵام جارى وایە رۆژگار ناچارت دەکات ناهەقیش قبووڵ بکەیت. دڵنیابن لەنێوان (زاڵم و مەزڵووم) خوا بێلایەن نییە، ئێوە لێگەڕێن خواى کورد تۆڵە دەکاتەوە.
بۆیە داوا دەکەم بە کردەوەى بەغدا مەکەن و گوێ مەدەنە ئەوەى لەم دۆخەشدا بەغدا دەرفەتى ئەوەى لەدەستنەداوە پیلان لە هەرێمی کوردستان بگێڕێت و لە هەموو رێگە و کەناڵێکەوە بازنەى گەمارۆکەى تووندتر دەکات. دڵنیابن زۆریان نەماوە بەدەستى خۆیان ماڵ و دەسەڵاتى خۆیان دەڕووخێنن. ئەو سیحرەیان بەتاڵبکەنەوە و پێویستتان بە بەڵگەى دیکە نییە بۆ ئەوەى بۆ خەڵکى کوردستانى بسەلمێنن بەغدا نامەردە. تەنیا سەردەمى شەڕى داعش بەسە وەک نموونەى دەرخستنى حەقیقەتى بەغدا کە سێ ساڵ کوردستان لە شەڕى رووبەڕووبونەوەى داعشدا بوو، بەغدا ئامادەنەبوو یەک فیشەک بداتە پێشمەرگە. دوو ملیۆن ئاوارەى عەرەب هاتبوونە هەرێمی کوردستان و داڵدە درابوون، بەغدا ئامادە نەبوو یەک لیتر سووتەمەنى، تەنیا یەک پاکەت (حەپى سەرئێشە) بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت کە دەیزانى چى بارگرانییەک بوون بەسەر کوردستانەوە. بۆیە ئەوەى نەفرۆشرابێت دەزانێت و پێویستى بە بەڵگەى دیکە نییە بۆ ناسینى دەسەڵاتدارانى عەرەب بەرانبەر بە کورد، بیانووە چەواشەکارییەکەیان ببڕن، با بزانین بەوە عێراق رزگارى دەبێت لەو دۆخەى تێیکەوتووە.