شەڕ و شۆکی جیهانی وزە؛ تەنگەی هۆرمز جێگرەوەی هەیە؟
ئەم رۆژانە بازاڕی وزەی جیهان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی مادە و کاڵاکان تووشی شۆکێکی بێ وێنە بووە، بەشێوەیەک ئێستا تەنگەی هورمز نزیکبووەتەوە لە داخستنی تەواوەتی، بەتەنیا بازاڕی وزە ناگرێتەوە، چونکە نیوەی هاتووچۆی کەشتییەکان ماددە خۆراکییەکان و کشتووکاڵییەکان و کاڵاکانی گواستووەتەوە.
لەکاتێکدا، رێژەی 20٪ نەوتی بەکارهێنراوی جیهان لە بازاڕەکان بەهۆی داخستنی تەنگەکەوە کەمبووەتەوە، وڵاتان بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت رێگەی جیاوازیان گرتووەتەوەبەر، وەکو خستنەڕووی 400 ملیۆن بەرمیل لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەوە، بەڵام ئەوەی لەرۆژانی داهاتوودا کاریگەرییەکەی زیاتر دەردەکەوێت نەبوونی جێگرەوەیە بۆ ئەو کەشتیانەی کاڵا و ماددە جیاوازەکانی دەگواستەوە.
ئێستا، ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە تەنگەی هورمز تێدەپەڕن رۆژانە لە ژمارەی پەنجەکانی دەست کەمترە، بەپێی دوایین راپۆرتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و زانکۆی ئۆکسفۆرد بۆ چاودێری بازرگانی لە دەریاکان دا، رۆژانی پێش ئەم جەنگە بۆ نموونە رۆژی 27ی شوبات 2026 ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێپەڕیون 95 کەشتی بووە، رۆژی دواتر کەمبووەتەوە بۆ 76 کەشتی و لە 8ی ئادار دا بووەتە بۆ 6 کەشتی.
ئەم کەمبوونەوەی نەوتە لە بازاڕەکانی وزە دا لەمێژوو دا وێنەی نەبووە و تەواوجیاوازە لەنیو قەیرانەکانی رابردوو دا کە رووبەڕووی بازاڕی وزە و نەوت بووەتەوە، وەک قەیرانی گەمارۆخستنەسەر هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا لە 1974، قەیرانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران 1979، داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە لە 1990، قەیرانی دارایی 2011، قەیرانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا 2020، هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا 2022، هیچ کام لەمانە هاوشێوەی ئەمەی ئەم رۆژانە نییە کە روودەدات، چونکە هەم رێڕەوەکانی گواستنەوە داخراوە و دەکرێتە ئامانج، ئەمەش سەرەڕای مەترسی خستنەسەر رێڕەوی جێگرەوە وەکو فوجەیرە لە ئیمارات و بەئامانج کردنی ژێرخانی وزەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت وەکو کێڵگە نەوتییەکانی عێراق.
ئێستا جیهان لە بەردەم مەترسییەکی گەورە دایە و لە بەردەوامی داخستنی تەنگەی هورمز و نەبوونی گواستنەوەی کەشتییەکان لەم تەنگەوە، نەک بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت و گازی سرووشتی و وزە دەبینین، بەڵکو ماددە خۆراکییەکان و بەرهەمە کشتووکاڵییەکان و کاڵا جیاوازەکانیس دەبینین.
تێپەڕینی کەشتییەکان و جێگرەوەی تەنگەی هورمز
بەپێی داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئۆکسفۆرد بۆ چاودێری بازرگانی لە دەریاکان دا چوار جۆری جیاوازی کەشتی لەم تەنگەوە رۆژانە هاتووچۆیان کردووە کە نەوت، ماددە خۆراکییەکان و کشتووکاڵییەکان، کاڵا و کەلووپەلە جیاوازەکانی گواستووەتەوە، کەبەپێی داتاکە لە 1ی کانوونی 2019وە تاوەکو 8ی ئادار 2026 بەردەستە بەرزترین ژمارەی کەشتییەکان کە بەتەنگەکەدا تێپەڕیووە لە رۆژی 6ی حوزەێران 2023 دایە کە 138 کەشتی بووە، کە 82 دانەیان نەوت بووە، 29دانەیان کۆنتەینەری بووە، 19 دانەیان کەشتی ماددە وشکەکان و 8 دانەیان کەشتی کاڵای جیاواز بووە.
لەبەرامبەردا رۆژی 4ی ئادار 2026، واتە رۆژە سەرەتاکانی جەنگی ئەمریکا –ئیسرائیل و ئێران تەنیا 3 کەشتی بە تەنگەی هورمز تێپەڕییوە، کە 2 دانەیان کۆنتەینەر و 1 دانەشی کەشتی گواستنەوەی ماددە وشکەکان بووە، واتە ئەو کەشتیانەی کە نەوت دەگوازێتەوە سفرە لە 1ی ئادار 2026وە.
جەنگ بەردەوامە و بەئامانجگرتنی ژێرخانی گواستنەوە و رێڕۆی گواستنەوەی نەوت لەدەرەوەی گەرووی هورمز هەیە، لەسەروو هەموویانەوە هێرش بۆ سەر تەنگەی بابولمەندەب، بەڵام لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە گواستنەوەی کەشتی لەم دەرچەیەوە بەرێژەی 50٪ زیادیکردووە، بۆ نموونە رۆژی 28ی شوبات 2026 ژمارەی کەشتییەکانی تێپەڕبوو لە بابولمەندەبەوە 20 کەشتی بووە، بەڵام لە 8ی ئادار 2026 دا دەگاتە 43 کەشتی.
لەسەرەتای ئەم جەنگەوە دوو گەورە بەرهەمهێنەری نەوت وەک سعودیە و ئیمارات جێگرەوەیان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە دەرەوەی گەرووی هورمزەوە هەبوو کە دەتوانر نزیکەی 3.5 بۆ 5 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە لەو 20 ملیۆن بەرمیلەی لە بازاڕ کەمبووەتەوە بگوازێتەوە، بەڵام بە ئامانجگرتنی بەندەری فوجەیرە و مەترسی لەسەر هێڵی سعودیە بۆ دەریای سوور کارەساتەکە قۆڵتر دەکاتەوە.
نرخی نەوت دەبێتە چەند؛لێکەوتەی ئەو نرخە بەرزەی چییە ؟
لە یەکەم رۆژی جەنگەوە تاوەکو ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرێژەی 70٪ بەرزبووەتەوە. ئەو بڕە نەوتەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەش کە خستوویەتی روو تەنیا دەتوانێت سێ هەفتە ئەو بۆشاییەی گەرووی هورمز دروستیکردووە پڕبکاتەوە، واتە ئەگەر لەسەرەتای جەنگەکەشەوە رۆژەکان هەژمار نەکرێت ئەوا 400 ملیۆن بەرمیلەکەی ئاژانسەکە تەنیا 22 رۆژ یاخود سێ هەفتە دەتوانێت بتوانێت نرخەکان نەوت لەمشێوەیەی ئیستا بهێڵێتەوە کە سەروو 100 دۆلارە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە راپۆرتی ئادار 2026دا بۆ خواست و خستنەڕووی نەوت ئاماژە بەوەدەکات کە لەم مانگەدا 8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کەمدەبێتەوە نەوەکو 20 ملیۆن بەرمیل، چونکە هەریەکە لە وڵاتانی وەک کازاخستان و رووسیا هەناردەی نەوتیان زیادیکردووە، بەڵام درێژەی جەنگ و داخراوی تەنگەی هورمز لە ئەمساڵدا کەپیشبینی دەکرا زیادەی خستنەڕوو لەچاو خواست هەبێت، پێچەوانەوە دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە 16ی ئادار 2026 پێش کردنەوەی بازاڕەکانی ئەمریکا نرخی نەوت بە 105 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە، دواتریش کە بازاڕەکانی ئەمریکا دەکرێتەوە ئاماژەکان بۆ ئەوەن جارێکی دیکە نرخەکان روو لە بەرزبوونەوە بێت تاوەکو دابەزین بەهۆی زیادبوونی هەڕەشەکان و بەئامانجگرتنی زیاتری ژێرخان و سەرخانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بانکی گۆڵدمان ساک لەدوایین راپۆرتیدا کە پێداچوونەوەی بۆ نرخەکان کردووە، ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی بۆ 150 دۆلار کردووە ئەگەر جەنگ بەردەوام بێت.
لێکەوتەیەکی مەترسیداری داخستنی گەرووی هورمز بەمشێوەیەی ئێستا و بەردەوامی مەترسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان بەتایبەتیش ئەو کەشتیانەی نەوت دەگوازنەوە زۆر گەورە دەبێت لە داهاتوودا، کە بەشێوەیەک کاتێک نرخی نەوت زیاد دەکات بەهەمان بڕ و زیاتریش نرخی ماددە خۆراکییەکان زیاتر دەبێت.
بۆ نموونە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، کاتێک لە مانگەکانی سەرەتای 2022دا نرخی نەوت بەتێکڕا لەمانگی کانوونی دووەمی 2022دا 85 دۆلار دەبێت ولە مانگی حوزەیران 2026 دەگاتە 120 دۆلار، ئەوا نرخی ئیندێکسی خۆراک بۆ ماددەکان لە 135وە دەگاتە 155 پلە بۆ سەبەتەی خۆراک، هەربۆیەش ئەمە بەرزبوونەوە لەنرخەکان واتە زیادبوونی برسیتی و هەژاری.
کۆتایی
داخستنی تەنگەی هورمز و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە وڵاتانی وەک عێراق و قەتەر کاریگەری گەورەی لەسەر هێشتنەوەی نرخی وزە دادەنێت بۆماوەی جەنگ، چونکە ئەگەر جەنگ کۆتایی بێت ئەوا پڕکردنەوەی یەدەگی بەکارهێنراو و دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنان زۆر قورس دەبێت، بەتایبەتییش بەئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و گازییەکان و هەروەها، ئەوەی ئێستا لە ئەنجامی داخستنی تەنگەی هورمز بۆ بازاڕی وزە و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لە جیهان دروست بووە سەرەتایە و وەک ئەوەی دەڵین هێشتا هەستی پێکراوە تاوەکو ئەوەی بەتەواوی ئازارەکەی پێگەشتبێت، چونکە جێگرەوەکان لاوازن و ناتوانن جێگەی تەنگەی هورمز بۆ نەوت، گاز و کاڵا و ماددە خۆراکییەکان پڕ بکەنەوە. لەکۆتاییدا، ئەمەی ئێستا لە بازاڕی وزە و بەتایبەتیش نەوت و گاز دەبینین تەواو جیاوازە و هاوشێوەی رووداوەکانی رابردوو نییە کەوا یەک بەرهەمهێنەر یاخود یەک بەکارهێنەر بەئامانج گیرابێت، بەڵکو دەرچەی 20 ملیۆن بەرمیل گیراوە و هاتووچۆی رۆژانەی دەیان کەشتی دیکە نییە کە ئاڵۆگۆڕی بازرگانیان لەم تەنگەیەوە دەکرد.