شانە نووستووەكانی مۆساد لە تاران!

 
ئاڵاهەڵگری سەرەكیی بەرگریی لە دۆزی فەڵەستین دوو وڵاتی ناعەرەبی ئێران و تاڕادەیەكیش توركیان رۆژئاڤا 
ئیسرائیل سەرچاوەی هەموو ناكۆكییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لەگەڵ جیهانی رۆژئاوا. بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران بە دروست یان بە نادروست رقیان لە جیهانی رۆژئاوایە، زیاتر لەبەرئەوەی كە دەڵێن ئەولادێكی ناشەرعییان بەناوی ئیسرائیل هێناوەتە دونیاوە. دژایەتیی ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە رۆژبەڕۆژ تۆختر دەبێتەوە و تەنانەت ئێستا كار گەیشتووەتە ئەوەی ئاڵاهەڵگری سەرەكیی بەرگریی لە دۆزی فەڵەستین دوو وڵاتی ناعەرەبی ئێران و تاڕادەیەكیش توركیان. ئێران تەنیا وڵاتێكیشە كە بەرپرسەكانی لە لووتكەی دەسەڵاتەوە بەڕاشكاوی دروشمی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جوگرافیی جیهانیان بەرزكردووەتەوە. ئایەتوڵڵا خومەینی كە دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران بوو، ئیسرائیلی بە تۆمۆرێكی شێرپەنجە دەچوواند كە دەبێ ریشەكێش بكرێت. هەروەها ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێستاش چەند ساڵ لەمەوپێش رایگەیاندبوو كە رژێمی سەهیۆنی 25 ساڵی داهاتوو بەچاو نابینێت. بەڵام ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن هەموو كێشە و دژایەتییەكانی ئێران وایانكردووە كە بەگوێرەی راگەیاندنی زۆرێک لە میدیا و ناوەندەكانی لیكۆڵینەوەی جیهان، ئیسرائیلیش دەست لەسەردەست لێی پاڵنەكەوێت و سەرەڕای توانا سەربازییەكانی ببێتە خاوەن یەكێک لە بەهێزترین، تۆكمەترین و كاراترین دەزگاكانی هەواڵگریی و دژەسیخوڕی لە جیهاندا.

 

قەیرانی سووریا و گیرسانەوەی هێزە ئێرانییەكان لە بناگوێی ئیسرائیل، وایکرد ئیسرائیلیش شانەی نهێنی بنێرێتە ئێران 
پێش و پاش سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا
 
قەیرانی سووریا خاڵێكی وەرچەرخانە لە دژایەتی و بەگژداچوونەكانی ئێران و ئیسرائیلدا. بەر لە سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا و بێهەڵوێستیی ئەمریكای ئۆباما، مۆساد تەنیا لە رێگەی هێرشی سایبەریەوە هەوڵی لێدانی ئێرانی دەدا. بۆ نموونە ڤایرۆسێكی كۆمپیوتەریی بەهێز بەنێوی "ستاكس نێت" دامودەزگا ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێرانی كردە ئامانج و شارەزایانی هێرشی سایبەری ئەوكات رایانگەیاند ستاكسنێت هێندە پێكهاتەیەكی پێشكەوتوو و ئاڵۆزی هەیە كە مەحاڵە كاری گرووپێكی هاككەر یان كەسانی دڕ و شەڕئاشۆی وەک موجاهیدین و لایەنەكانی دیكەی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بێت و بێگومان دەستی دەوڵەتێكی لەپشتە و قامكی ئاماژەكانیشیان زیاتر بەرەو ئیسرائیل بوون. هەروەها راشیانگەیاند ڤایرۆسەكە توانیویەتی کێشە بخاتە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە و لەوانەشە بۆ چەند ساڵێک دوایخستبێت. واتە بەرلەوەی ئێران نەک بەوەكالەت و لەڕێگەی هێزە نائێرانییە گوێڕایەڵەكانیەوە، بەڵكو بە راستەوخۆ و لە رێگەی هاتنی هێزە سەربازییەكانی خۆیەوە بچێتە نێو حەوشەی پشتەوەی ئیسرائیل گۆمەكە هێندە قووڵ نەبوو. بەڵام قەیرانی سووریا و گیرسانەوەی هێزە ئێرانییەكان لە بناگوێی ئیسرائیل، بەرپرسە سیاسی و سەربازییەكانی ئیسرائیلی گەیاندە ئەو بڕوایەی كە دەبێ ئەو خوڵك و ماریفەتەی جاران بەلاوە بنێن و نەک هەر نووكی رمی هێرشەكانیان راستەوخۆ ئاراستەی هێزە ئێرانییەكان لە سووریا بكەن، بەڵكو سەرووتر لەوە، شانەی نهێنی بەڵام چالاک رەوانەی نێوخۆی ئێران بكەن یان هەر لەنێو خودی ئێرانییەكاندا بیر لە یارگیری و پێكهێنانی شانەی شاراوە بكەنەوە.  
 
چەند ساڵ لەمەوپێش چەندین زانای ئەتۆمیی ئێران لە تاران تیرۆركران و ئێرانیش ئیسرائیلی بە تیرۆریستی زانا ئەتۆمییەكانی دەسنیشانكرد. پێش دوو ساڵ بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل پەردەی لەسەر چەندین تەن بەڵگە و دۆكیۆمێنتی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لادا. نەتانیاهۆ ئیدیعای كرد كە بە ئۆپەراسیۆنێكی ئاڵۆز و تۆكمەی سیخوڕی هێزەكانیان توانیویانە هەموو ئەو بەڵگانە كۆبكەنەوە و لە تارانەوە بگاتە تەلئەبیب. هەروەها چەندین مانگ بەر لە ئێستا تەقینەوەیەكی گەورە لە بنكەی ئەتۆمیی نەتەنز لەنزیک ئەسفەهان روویدا كە بەگوتەی كۆمەڵێک لە بەرپرسان و ئەندامانی پەرلەمانی خودی ئێران رووداوێكی ئاسایی یان تەكنیكی نەبووە، بەڵكو بە كارێكی تێكدەرانە كە دەستێكی دەرەكیی لەپشتە لەقەڵەمیان دا و لەم بابەتەشدا هەر پەنجەی گومان بەرەوڕووی ئیسرائیل بوو. لە دوایین پێشهاتیشدا مانگێک بەر لە ئێستا میدیای جیهانی تیرۆركردنی بەرپرسێكی باڵای حیزبوڵڵای لوبنانیان لەگەڵ كچەكەی لە شەقامی پاسدارانی تاران راگەیاند. بەڵام پاش مانگێک میدیا جیهانییەكان رایانگەیاند ئەوانەی لە شەقامی پاسداران تیرۆركرابوون نەک بەرپرسانی حیزبوڵڵا، بەڵكو كەسی دووەمی رێكخراوی تیرۆریستیی قاعیدە -جێگری ئەیمەن زەواهری - و كچەكەی واتە خێزانی حەمزە بن لادن بوون. میدیاكان لە زاری چەندین بەرپرسی باڵای ئەمریكاوە رایانگەیاند ئەلمسری و كچەكەی بە فەرمانی ئەمریكا و لەسەر دەستی شانە نهێنییەكانی مۆساد لە تاران كوژراون.
 
زانا ئەتۆمییەكانی ئێران پارێزەری باشیان هەبوو. ئەو بەڵگانەی كە نەتانیاهۆ نمایشیكردن باری چەندین هێستری چوارپەل ئەستوور دەبوون، هەرچەندە ئێران ئەوەی بە شۆیەكی میدیایی لەقەڵەم دا و رەتیكردەوە كە هیچ بەڵگەیەكی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دزرابێت. بنكەی ئەتۆمیی نەتەنز یەكێک لە پارێزراوترین دامودەزگەكانی ئێرانە. شەقامی پاسداران بەهۆی ئەوەی كە باڵیۆزخانەی چەندین وڵات و هەروەها شوێنی نیشتەجێبوونی كەسایەتییە بیانیە گرنگەكانە بە یەكێک لە گرنگترین شەقامەكانی تاران دادەنرێت و لەباری ئەمنییەوە لەژێر چاودێریی تووندی هێزە ئەمنییەكاندایە. 

 

بەرپرسانی ئەمنی و بەتایبەت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەبێ رووبەڕووی لێپێچینەوەی قورس بكرێنەوە 
ئەگەر ئەو داواكارییانەی ئیسرائیل راست بن و مۆساد توانیویەتی تا ئەو رادەیە نفووز بكاتە هەموو دامودەزگا سەربازی، ئەتۆمی و ئەمنیەكانی ئێرانەوە، بە راستی بەرپرسانی ئەمنی و بەتایبەت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەبێ رووبەڕووی لێپێچینەوەی قورس بكرێنەوە یان لانیكەم دەبێ وەبیربێننەوە ئایەتوڵڵا خومەینی رایگەیاندبوو ئەگەر حەشیمەتی موسڵمان هەركامەیان كاسەیەک ئاو بڕێژن ئەوا ئیسرائیل سەرئاو دەكەوێت و ئاودەیبات. كەچی ئێستا دەزگای هەواڵگریی ئەو ئیسرائیلە چكۆلەیە كە ئێرانییەكان بۆ زیاتر لە چل ساڵ بە زمانێكی سووكایەتیئامێزەوە بە رژێمی سەهیۆنیستی ناوی دەبەن بەئاسانی لەنێو جەرگەی تاراندا تەراتێن دەكات و ئامانجەكانی دەپێكێت.