جەنگی دژی کورد لە سووریا؛ چۆن دروست بوو و بەرەو کوێ؟

 
هەر پاشخان و ئامانجێک لەپشت شەڕی دژی کورد لە ناوچەکانی سووریا هەبێت کە بەشێکە لە جەنگی دژ بە بوونی کیانی کوردی، لەکۆتاییدا لە هەلومەرجێکی فەراهەم هاتوو گونجاو لە ئاستە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکەیدا بەرپابوو، بۆیە بە دوور لە هەر ململانێیەکی فیکری کە سەرگەردانییەکی تێدا دەبینرێت، وا دەخوازێت ئەوەندەی دەکرێت لە هەلومەرجەکانیشی تێبگەین، چونکە مەخابن لە کوردستاندا دوو جۆر هەژاری لە تێڕوانینەکاندا لە هەردوو رووی فیکری و سیاسییەوە هەیە.
 
1. سیستمی نێودەوڵەتی لە جیهاندا بێ سیستمییە، ترەمپ وەک بەهێزترین پیاوی جیهان بێ سەروبەرییەکی خوڵقاندووە، عەقڵ و میزاج و ویست و ئارەزووی خۆی ئیلهامی پێ دەبەخشن و سنوورەکانی بۆ دیاری دەکەن، لەوە بەدواوە شتێک نییە بە ناوی یاسای نێودەوڵەتی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەهاکان تاوەکو رێنیشنادەری بن، ئەوەی لای ئەو هەیە کڕین و فرۆشتنە، سەنگت چەندە لەسەر شایەن کاتێک دەکێشرێیت، ئەگەر قورس بوویت ئەوە بەشت زۆرە لای ئەو، ئەگەر لە تۆ قورستر خرایە سەر تای دووەمی ترازووەکە ئەوە دەڕوات بەلای ئەودا، چونکە نرخەکەی زیاترە. تورکیاش بە باشی لەم عەقڵ و دەروونەی ترەمپ تێگەیشتووە و کڕین و فرۆشتن و بازرگانی لەگەڵدا دەکات، بەڵام لەژێر ناوی دیکەدا کە لەژێر بەرژەوەندیی گەل و نەتەوەی تورکیادا کۆدەکرێتەوە. هەر بەم جۆرەش عەفرین و ئیدلبی لە رووسیا و ئێران کڕی و حەلەبی تەسلیم بە بەشار ئەسەد کرد، لەم ساتانەشدا کاسپی بە خاکی سووریا و سەروەری دەوڵەتەکەیەوە دەکات. 
 
2. ئیسرائیل بە زۆر بێ پرس و سەودا، 35 کیلۆمەتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریاوە دوورە، سوەیدا بە دەنگی بەرز دەڵێن ئیسرائیل دەمانپارێزێت، دەمانەوێت لە سووریا جیا ببینەوە، حکومەتی کاتیی سووریا بێدەنگە و رێککەوتنی لەگەڵ دەکات لە کاتێکدا هەموو جیهانی موسڵمان دژ بە بێدەنگین بەرامبەر بە ئیسرائیل لەمەڕ هەنگاو و سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا، بە واتایەکی دیکە، سەربازی ئیسرائیل دێتە سەر زەمینی سووریای شەرع و هەمووش کەڕ و لاڵن و چاویان ئاڵای زایۆنیزم لەسەر شاخی سووریا نابینێت، چاو و دەمیان دادەخەن تاوەکو لە جەنگی دژی ناوچە کوردییەکان ئەمریکا بەربەستیان بۆ دروست نەکات، رێککەوتن لەگەڵ نەتەنیاهوو لە بوارەکانی هەواڵگری و ئابووری و دیپلۆماسیدا لە کاتێکدا کە هەموو جیهان بەدوای دابڕینی ئیسرائیلن لە جیهان.
 
3- ئامانج لە هەڵگیرسانی ئەم جەنگە بەدیهێنانی دیدی تورکیایە، بڕیاری جەنگ لە ئەنقەرەوە دەرچووە، تەنانەت تۆم باراک فوتی: چی روویدا؟ ئێمە لە سەروبەندی گەیشتن بووین بە رێککەوتنی کۆتایی، بۆ هەموو شت تێکچوو؟ ئامانجەکانی تورکیاش لێرەدا دوو بەشن:
 
- یەکەم: سەپاندنی دیدی تورکیایە بۆ شێوازی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ـی ئادار.
- دووەم: ئەگەر ئەوە نەبوو بەرپاکردنی جەنگی یەکجارەکی و وردوخاشکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
 
مەبەستی کۆتاییش نەهێشتنی کیانێک - بوونێک - جەستەیەکی کارگێڕیی سیاسیی کورد تێیدا باڵادەست بێت، ئەو نایەوێت گشت کوردان بکوژێت، پڕوپاگەندەی واش ناکات، بەڵکو بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی سیاسیی کوردزمان ئەگەر لەژێر سێبەری یەکپارچەیی سووریاشدا بێت قبووڵ نییە، هەروەک چۆن هەوڵیدا تاوەکو هەرێمی کوردستانی باشوور دروست نەبێت، بەڵام دۆخەکە لە جەستەی سیاسیی و توانای ئەو بەهێزتر و گەورەتر بوو، بە ناچاری پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێک مامەڵەی لەگەڵدا کرد، بەڵام ئەم هەنگاوە بێ پێشکێشکردنی دیاریی زیاتر بە ئیسرائیل نانرێت، ئیسرائیل سرووشتی هەباشەی هەیە، دەڕوات و دەهاڕێت، تێر نابێت، رازیش نابێت لێیان.
 
لەگەڵ رەهەندی نەتەوایەتیی تورکیا، رەهەندی کەسیش لە هەڵگیرسانی ئەم ئاگرەی حەلەبی سووتاند و بەرەو ناوچەکانی دیکە دەچێت، لە گۆڕێدایە، ئەویش هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیایە. فیدان عەوداڵی تۆماركردنێکی زەقی مێژووییە بۆ خۆی، هیچ خاڵێکیش لە تورکیادا بە ئەندازەی نەهێشتنی تیرۆر گرنگ نییە و هاوسۆزیی دەست ناخات، هەروەها ئەو پیاوە دەیەوێت سیڤی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆمار ئامادە بکات، لێرەدا پێویستی بە سەرجەم تورکەکانە، بونیادنانی پردی پەڕینەوە و سەردانی کردنی یەک لەگەڵ نەژادپەرستەکان بێگومان بەشێک دەبێت لە نەخشەی گەیشتن بە کۆشک، لە لایەکی دیکە، فیدان سەرسامه بە جەنەراڵی سوپای پاسداران "قاسم سولەیمانی" و توانا و خۆسەلماندنی لە ناوچەکەدا، تائاستێکی دیار ئەویش لاسایی دەکاتەوە، سووریاش لەبارترین جێگەیە و هاوشێوەی عێراقی پاش 2003 یە، بەڵام لێرەدا پرسیاری کاریگەریی بەرپاکردنی جەنگی یەکلاکەرەوە دەکرێت، چەند و چۆن دەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسیی و ئاشتەوایی جەماوەری لە تورکیا و باکووری کوردستان؟
 
هیچ گومان نییە کە کاردانەوەی خراپی دەبێت، پێدەچێت ئەگەر رووداوەکانی رۆژئاوا کارگەرییەکەی ئەوەندە زۆر بێت تاوەکو ئاستی هەڵوەشاندنەوە یان پەکخستنی پرۆسەکە، فیدان و باخچەلی باکیان نییە، ئەو سووربوون و رژدییە و خوێنڕشتن لەپێناو چەماندنەوەی هەسەدە و تەفروتوناکردنی پێدەچێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆسەیە بێت، بەڵام نەک لەلایەن تورکیای فەرمییەوە، بەڵکو کاردانەوەیەک لە ئۆجەلان یان قەندیلەوە ببێت و ئەو هەڵوێستە بگیرێت، ئەو کاتەش دەگوترێت ئەوە ئەوانن پاشگەزبوونەوە، چونکە گۆڕینی باخچەلی و بانگەوازەکەی بۆ ئۆجەلان لە گۆڕانکاریی فیکر و ئایدیاییەوە نەبووە، کەسێک لەسەر لێواری گۆڕ راوەستاوە پاش نزیکەی 80 ساڵ تەمەن و گۆش و پەروەردە بوو بە ئایدیایەک کە مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزدا دەکات، بە شەو و رۆژێک ناگۆڕێت. لە کۆنگرەی ئاشتیی MEPS لە کۆتاییەکانی مانگی 11ـی 2025، لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بیرمەند و سیاسەتڤانی گەورەی تورکیا "ئەحمەد داودئۆغڵو"م بینی، لێم پرسی: ئایا عەقڵی باخچەلی لەسەر پرسی کورد گۆڕاوە؟ گوتی رووداوەکانی سووریا گۆڕانکاری بەسەردا هێنا، بەواتایەکی دیکە وەک قەناعەت نەخێر، نەگۆڕاوە، هەر خۆیەتی، هەر بۆر رەنگە.
 
وای دەبینم، ئەگەر زاڵ بوون بەسەر هەسەدەدا ببێتە مایەی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتیش گرفتێک نابێت، بۆیە هاوکات لەگەڵ رووداوەکانی حەلەب باخچەلی بە تووندی و تووڕەیی گوتی: دەبێت هەسەدە لە چەک دابماڵێنرێت چی دەبێت با ببێت. ئەو گوفتارە لە پشتئەستووریی بە بێدەنگیی ئەمریکاوە دێت، لە بەخشینی زەویی سووریا بە ئیسرائیلەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو چییەش کە ئەگەر بوو با هەر ببێت، ئەوە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتییە. هەر ئەوەش هەنگاوە مێروولە ئاسای پرۆسەکە راڤە دەکات. 
 
چی ئەم زنجیرە رووداوانە رادەگرێت؟ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکەکەی کە ترەمپە، ئەویش بە میزاجی خۆی، چەند ساتێک قەناعەت بکات کاسپی نەکات، بە گوشاری دۆستەکانی کورد لە کۆنگرێس، یان بەڕشتنی خوێنێکی زۆر و بەرپابوونی جەنگێک هیچ سنوورێکی تێیدا رەچاو نەکرێت، ئەمە نەریتی گرووپە جیهادییە تووندڕۆ و تووندوتیژەکانە، هەروەک رێکخراوە چەپە چەکدارەکانیش لە ئاستێکی سنوورداردا، لەو کاتەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جووڵەیەک بکەن. لە هەمووی باشتر و مرۆییانەتر، مافەکانی گەلی کورد بە ئاشتی لە چوارچێوەی بەها مرۆییەکان و سیستمێکی فەرمانڕەوایی نوێدا، چونکە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دیدی سیاسییان ئۆتۆکراتییە.