پیشەسازیی ئێران دوای 19 رۆژی جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 19 رۆژی جەنگ دا، ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران وێرانکراوە، زنجیرەی دابینکردنی خۆراک کەوتووەتە نێو دۆخێکی مەترسیداری بایۆلۆجییەوە و سیستەمی بانکی و بازرگانی لە دۆخێکی یەکجار زۆر مەترسیداردایە.
پیشەسازیی بەرگری
بەر لە بەیانیی 28ی شوباتی 2026، ئێران خاوەنی پێشکەوتووترین ژینگەی بەرهەمهێنانی چەکی ناوخۆیی بوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. ئەمە بەرهەمی چوار دەیە لە سەپاندنی گەمارۆی نێودەوڵەتی بوو کە ئەو وڵاتەی هاندا بەرەوە بەهێزکردنی پیشەسازیی بەرگری نێوخۆیی هەنگاو بنێت. تاوەکو سەرەتای 2026، ئێران مانگانە نزیکەی 50 مووشەکی بالیستی بەرهەم دەهێنا و خاوەنی دەیان هەزار درۆنی شاهید بوو.
بەڵام لە رۆژی 19ی جەنگ دا، دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە. وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت "ئێران نە بەرگریی ئاسمانیی ماوە، نە هێزی ئاسمانی و نە هێزی دەریایی". هێزە نێودەوڵەتییەکان زیاتر لە 7,600 هێرشیان کردووەتە سەر 29 پارێزگا لە کۆی 31 پارێزگای ئێران. بەپێی زانیارییە رۆژئاواییەکان ئێستا ئێران توانای بەرهەمهێنانی هیچ مووشەکێکی بالیستی نوێی نەماوە.
لە رۆژی یەکەم دا 167 مووشەک و 541 درۆن ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کران، بەڵام لە رۆژی 15دا بۆ تەنیا 4 مووشەک و 6 درۆن کەم بووەوە، ئەمە داڕمانێکی 98.6٪ـیە.
ئەمریکا و ئیسرائیل دەڵێن زیاتر لە 70%ی سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و 85%ی سیستەمەکانی رادار و بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان لەنێوبردوون،
بەڵام دوێنێ شەوی سێشەممە 17ی ئاداری 2026 ئێران هێرشی ژمارە 61ی کردە سەر ئیسرائیل و سوپای پاسداران دەڵێ 100 شوێنی کردووەتە ئامانج، هێرشەکە بە مووشەکی (خوڕەمشەهر 4) ئەنجامدرا .
هەروەها شارەزایانی مووشەک و درۆن دەڵێن ئێران ژمارەی هاوێشتنی مووشەک و درۆنی کەم بووە، بەڵام ئەو مووشەک و درۆنانەی ئێستا هێرشیان پێدەکات بەهێزتن، لەگەڵ ئەوەش دا پیشەسازیی بەرگریی ئێران زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر و زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لەڕووی لەنێوبردن و وەستاندنەوە .
قۆناخە جیاوازەکانی هێرشەکە
قۆناخی یەکەم: پەکخستنی بەرگریی ئاسمانی، وەک بنکەی مووشەکی (ئیمام عەلی) لە (خوڕەم ئاباد) و بنکەی (حاجی ئاباد) لە (هورمزگان).
قۆناخی دووەم : لێدانی کارگەکان، وەک (کۆمەڵگەی خۆجیر) بۆ مووشەکی خاوەن سووتەمەنی رەق و ناوچەی پیشەسازیی (عەباس ئاباد) لە تاران.
قۆناخی سێیەم: وێرانکردنی ناوچەی پیشەسازیی (شوکووهییە) بەتایبەتی (کارگەی بزوێنەری درۆنی شاهید-131 و 136 و کۆمەڵگەی سەربازیی پارچین).
زنجیرەی دابینکردنی خۆراک
داڕمانی دووەم بە پێچەوانەی یەکەم، بێدەنگە و لە رێگەی بایۆلۆجیا و ژمارەکانەوە دەردەکەوێت. ئێران نیوەی پێداویستییە خۆراکییەکانی لەنێوخۆ دابین دەکات و نیوەکەی دیکەشی لە رێگەی هاوردەکردن لە تەنگەی هورمزەوەوە دابین دەکات. گەنمەشامی لە بەرازیلەوە، سۆیا لە ئەمریکای باشوور، بەشێک لە دانەوێڵەکانی دیکەش کە بەرهەمی نێوخۆیی بەشی ناکات هەر لەو رێگەیەوە دابین دەکرد.
هەرچەندە ئێران خۆی یەکێکە لە هەناردەکارانی پەینی کیمیایی نایترۆجن، بەڵام بۆ پەینی کیمیایی فۆسفات و پۆتاسیۆم پشتی بە هاوردەکردن لە چین و وڵاتانی دیکە بەستووە. کارگەکانی ئالیک تەنیا بۆ ماوەی 14 رۆژ تاوەکو 21 رۆژ دەتوانن بەو ئالیکە کۆگاکراوەی کە ئێستا هەیانە بەردەوام بن.
لەنێوچوونی بەرهەمی مریشک: بەهۆی نەمانی دانەوێڵە، خاوەن کێڵگەکان ناچارن بە ملیۆنان مریشک پێشوەختە سەرببڕن و بیخەنە بازاڕەوە، بەر لەوەی ئالیکیان نەمێنێت . پێشبینی دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا خاوەن کێلگەکانی پەلەوەر بە ناچاری کێڵگەکانیان دابخەن.
قەیرانی گەنم: کۆگای گەنمی ئێران (7-8 ملیۆن تۆن) بەرامبەر بە قەبارەی بەکارهێنانی مانگانەی 1.4 ملیۆن تۆنە کە تەنیا 5 تاوەکو 6 مانگی دیکە بەشی نان دەکات. لە مانگی تەممووز یان ئابی 2026دا نانەواخانەکان تووشی کێشەی گەورە دەبن ئەگەر شەڕ نەوەستێت.
دۆخی خەڵک: حکومەت دەستی بە دابەشکردنی (کۆپۆنی ئەلێکترۆنی خۆراک) کردووە کە مانگانە یەک ملیۆن تمەن (نزیکەی 7.50 دۆلار) بۆ 11 جۆر خۆراک دابین دەکات، بەڵام ئەمە تەنانەت 2%ی پێداویستیی خێزانەکانیش دابین ناکات. گرانبوونی خۆراک گەیشتووەتە 90% .
بانک، بازرگانی و ئابووریی دیجیتاڵی
داڕمانی دارایی ئێران پێش جەنگ دەستی پێکردبوو. لە سەرەتای 2026دا، نرخی تمەن هێندە بە خێرایی دابەزی کە پلاتفۆرم و ماڵپەرەکانی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی دراو لە جیهان دا، نرخی تمەن لە بەرامبەر دۆلاریان بە سفر نیشاندەدا.
سکۆت بێسێنت، وەزیری دارایی ئەمریکا، دانی بەوە دانا کە ئەوان بە ئەنقەست بوونە هۆکار بۆ ئەوەی دۆلار لە ئێران ببڕن بۆ ئەوەی سەرئەنجام کەرتی دارایی ئێران بکەنە ئامانج.
هەر ئەوە بووە هۆکاری مایەپووچ بوونی (بانکی ئایندە) لە کانوونی یەکەمی 2025 و داخستنی بازاڕی گەورەی تاران. داخستنی بازاڕی گەورەی ئێران بەردەوام هەوێنی گۆڕینی دەسەڵات بووە لە مێژووی ئێران دا.
ئابووریی دیجیتاڵی: پێش جەنگ، ئابووریی دیجیتاڵیی ئێران رۆژانە نزیکەی 42 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو. 500,000 بازاڕی ئۆنلاین لە ئینستاگرام کاریان دەکرد و چالاک بوون. بەهۆی پچرانی ئینتەرنێت کە تەنیا 4%ی ماوەتەوە، ئەم داهاتە ئێستا دابەزیوە بۆ رۆژانە کەمتر لە 1.7 ملیۆن دۆلار و بووەتە هۆی بێکاربوونی یەک ملیۆن کەس.
بانکی سپە: لێدانی ئەم بانکە لە 12ی ئازاردا، سیستەمی دابەشکردنی مووچەی پاسداران و هێزە چەکدارەکانی پەکخست، کە ئەمەش نیشانەی چوونە ناوەوەی جەنگی داراییە بۆ نێو دەزگا ئەمنییەکان.
تاقە دەمارێک کە ماوەتەوە
ئابووریی ئێران پێش جەنگ تەنیا بە 39%ی توانای خۆی کاری دەکرد. لە رۆژی 19یەمی جەنگ دا، تەنیا یەک هۆکار ماوە کە رێگری لە داڕمانی یەکجارەکی ئابووری ئێران دەکات، ئەویش وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی دوورگەی (خارک)ە.
ئەم وێستگەیە 90%ی هەناردەی نەوتی ئێران پێکدەهێنێت و ساڵانە 53 ملیار دۆلار داهات دەستەبەر دەکات. ئەگەر دامەزراوە نەوتییەکانی خارک هاوچەشنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی بکرێتە ئامانج، هەرسێ داڕمانەکە (بەرگری، خۆراک، بانک) یەکدەگرن و ئابووری ئێران بەرەو پەککەوتنی یەکجارەکی دەڕوات.