عێراق و هەرێمی کوردستان دوو رێگەی جیاواز بۆ دابینکردنی کارەبا
بەرایی
عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەردەم هاوینێکی سەختدان بۆ دابینکردنی کارەبا، چونکە عێراق یەکەم جاریەتی بەبێ گاز و کارەبای هاوردەکراوی ئێران هەوڵی دابینکردنی کارەبا دەدات و هەرێمی کوردستانیش پرۆژەی کارەبای 24 کاژێری "پرۆژەی رووناکی" دەباتە قۆناخێکی نوێیەوە، بەتایبەتیش لەسەنتەری شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک.
ئێستا ئەوەی لەسەر پرسی کارەبا لە عێراق دەبینرێت تەواو جیاوازە لەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەشێوەیەک دەتوانین بێژین عێراق بەدوای زیادکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن و بەرهەمهێنانی وزەی کارەباوەیە، بۆ ئەوەی لە باشترین دۆخدا، بە مولیدەکانەوە بگاتە 20 کاژێر، بەڵام هەرێمی کوردستان بەدوای رێکخستنەوەی خواستەوەیە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری.
هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی سەروو 6.7 هەزار مێگاوات کارەبای هەیەو ئێستا 4.3 هەزار مێگاوات بەرهەمدەهێنیت، واتە هێشتا دەتوانێت 2.4 هەزار مێگاواتی دیکە بەرهەم بهێنێت. لە ئەگەری پچڕانی کارەبا و گازی ئێرانی بەگوشاری ئەمریکا، عێراق دەتوانێت سوود لەم بڕەش وەربگرێت وەک چۆن ئێستا بڕی 1.6 هەزار مێگاوات لە هەرێمی کوردستان دەکڕێت. ئەمەش جیا لەوەی هەرێمی کوردستان سەرەتای ساڵی داهاتوو هەنگاوێکی گەورەی دیکە لە بەرهەمهێنانی گاز دەنێت و دەگاتە 1 ملیار مەتری سێجا. ئینجا چ گازەکە بکرێت یان بکرێتە کارەبا و بیبات، ئەوا عێراق دەتوانێت لەوەدا پشت بە هەرێمی کوردستان ببەستێت.
لە راستیدا پرسی کارەبای 24 کاژێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان هێندەی پەیوەستە بە چیرۆکی خواستەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە خستنەڕوو (دابینکردنی کارەباوە)، چونکە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا بڕی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ دانیشتوان لە بەرامبەر بڕی زیادکردنی دانیشتوان چەند هێندە زیاتر بووە، بەڵام نەتوانراوە کارەبا بۆ دانیشتوان دابینبکرێت، تەنانەت وەک وڵاتانی دراوسێ نەوەکو وڵاتانی پێشکەوتوو.
ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان نرخی کارەبا بەشێوەیەکە دەتوانین بڵێین لە شارێک بۆ شارێک و لەنیو شارێکیشدا لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە. لەسەر ئاستی نرخی کارەبای حکومیش بۆ هەر کیلۆواتێک، عێراق و هەرێمی کوردستان لەریزبەندی هەرزانترینەکاندان و وڵاتانی وەک لیبیا، سودان و سووریا و ئێرانن، بەڵام نرخە نوێیەکە پرۆژەی رووناکی هەرێمی کوردستان دەباتە لای وڵاتانی وەک کۆریای باشوور، ئەرمینیا و تایلەند.
خواستی تاکێک بۆ کارەبا لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ چەندە، داهاتی تاک و خەرجییەکانی چەندە، نرخی کارەبای دابینکراو لەسەر بنەمای ئەمپێر چەندە، عێراق لە ئێستا و 2030 چەند بەرهەمدەهێنێت و چەندی پێویستە، عێراق بە زیادکردنی سەرچاوە و هەرێمی کوردستان بەرێکخستنەوەی خواست دەتوانێت کارەبا دابین بکات؟ لەم راپۆرتەدا بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا و ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەینەوە.
توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە؟
بەپێی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا (eia) کۆی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە 2023دا 31.3 هەزار مێگاوات بووە، لە کاتێکدا بەهۆی نەبوونی گاز و کەمبوونەوەی ئاو و کارنەکردنی کۆی توانای وێستگەکانەوە، نیوەی ئەو بڕە بەرهەمدەهێنرێت، کە 15.02 هەزار مێگاوات بووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی عێراق، ئەگەر بیەوێت کۆتایی بە مولیدەی کەرتی تایبەت و گشتی و ماڵان بهینێت و کارەبای 24 کاژێری دابینبکات، ئەوا پێویستی بە 73.5 هەزار مێگاوات دەبێت.
بەپێی هەمان دامەزراوە بڕی ئەو وزەیەی لە عێراق ساڵانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت بە مۆلیدەی ماڵان، مولیدەی بازرگانی و کەرتی گشتی و حکومەتەوە، کە پێیدەگوترێت بەرهەمهێنانی کارەبا Generated electricity دوو هێندەی ئەو خواستەیە کە وڵاتەکە پێویستییەتی. ئەمەش لە 2023دا گەیشتووەتە 150 هەزار مێگاوات. واتە بەهۆی رێکنەخستنەوەی ئەم کەرتەوە نیوەی وزە ساڵانە بەفیڕۆ دەچێت و دانیشتوانەکەش هێشتا بەدەست نەبوونی کارەباوە گرفتارن.
ئێستا بەپێی هەردوو ئاژانس و دامەزراوە گەورەکەی وزەی جیهان، خواستی عێراق بۆ کارەبا ساڵانە دەگاتە 70 هەزار مێگاوات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی بەپێی وەرزەکان جیاوازی گەورەی هەیە و کەم و زیاد دەکات. ئەگەر تەماشای گرافیکی یەکەم بکەین، دەبینین لەدەیەی رابردوو بەرێژەی 60% خواست بۆ کارەبا زیادیکردووەو لە 44.85 هەزار مێگاواتەوە گەیشتووەتە 73.52 هەزار مێگاوات و لە بەرامبەردا دابینکردن وەستاوەو بگرە هەنگاوی گەورەی نەناوە وەک خواست.
سەرچاوە، فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمریکا eia لە 14ی نیسان 2025
هەرێمی کوردستان ئێستا توانای بەرهەمهێنانی 6.7 هەزار مێگاوات کارەبای لە هەموو سەرچاوەکانەوە هەیە، وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە، بەڵام بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان کۆی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لەم رۆژانەدا 4.3 هەزار مێگاواتە، کە 1.6 هەزار مێگاواتی بە حکومەتی عێراق دەفرۆشرێت، واتە بڕی 2.7 هەزار مێگاوات بۆ نێوخۆ دەبێت. ئەگەر ئەمەش بەپێی دوایین سەرژمێری لێکبدەینەوە، ئەوا خواستی تاکێک بۆ کارەبا لەخوار 500 مێگاوات لە هەرێمی کوردستان بکرێت بە 24 کاژێری، بەدڵنیاییەوە پێویستی بەزیادکردنی دابینکردن دەبێت.
پڕۆژەی رووناکی لە 17ی تشرینی یەکەمی 2024وە لە سەنتەری شارەکانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کۆی سەنتەری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت بە 24 کاژێر، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی نوێیە و ئەوەشی تاوەکو ئێستا دەبینرێت هێندەی رێکخستنەوەی خواستی کارەبا و زیادکردنێکی نرخەکەیەتی، بەبەراورد بە کارەبای مۆلیدە، هێندەی زیادکردنی دابینکردنی سەرچاوەی کارەبا نەبووە. ئەگەریش خواست بگاتە بەرزترین ئاستی لە زستان و هاوین، ئەوا هەرێمی کوردستان توانای دابینکردنی دەبێت، بەتایبەتیش لەسەرەتای ئەم ساڵ و لەکاتی جیاواز لەوەرزەکان و وەرگرتنەوەی ئەو بڕەی بە عێراق دەدرێت و کەمکردنەوەی خواستی بەکارهێنان لەلایەن دانیشتوانەوە، کە بەپێی تیمی پرۆژەی رووناکی ئەوانەی تاوەکو ئێستا هاتوونەتە نیو ماڵەکانەوە مانگ بە مانگ کەمبووەتەوە، چونکە نرخەکەی گران بووە.
سەرچاوە کار و چالاکی و پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، ئادار 2021
تێبینی، ئەم خشتەیە بڕی بەرهەمهێنان لە وزە نوێیبوەکانی تێدا نییە، چ وەک پرۆژە بەرهەمهێنانی کارەبا یاخود ئەوانەی لە ماڵان دانراون.
ساڵ بە ساڵیش خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا روو لە زیادبوونە، بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لەنێو هەموو جۆرەکانی وزەدا بەتەنیا بەرزبوونەوەی خواست بۆ وزەی کارەبا، بەشێوەیەک خواست بۆ کارەبا لەماوەی 2024-2027دا بەرێژەی سەروو4% دەبێت، کە لەو ماوەیەدا خواست بە بڕی 3500 تێراوات بۆ کارەبا زیاد دەبێت، کە سەرچاوەکەشی بەهۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی پیشەسازی، بەکارهێنانی زیاتری ئامێرەکانی ساردکەرەوەی هەوا، خێرابوونی پرۆسەی کارەباییکردن و فراوانبوونی سەنتەرەکانی داتایە لە سەرتاسەری جیهاندا.
بەهەمان شێوەش لە ئەم ساڵەوە تاوەکو 2030بەپێی هەڵسەنگاندنێکی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی IEA بۆ کەرتی وزەی عێراق، ئەگەر توانای بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات و پرۆژە نوێیەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا تەواو بکات و نۆژەنکردنەوە و چاکسازی لە تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا بکات، ئەوا هێشتا لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا 10 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای دەبێت.
سەرچاوە: ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی IEA 6ی ئایار 2025
هەروەها، بەپێی راپۆرتی گرووپی بانکی جیهانی World Bank عێراق لەریزبەندی خراپترین وڵاتانی جیهاندایە بۆ بەفیڕۆچوونی کارەبا، بەشێوەیەک لەماوەی ساڵانی 2020 بۆ 2022دا رێژەی 66% بۆ 59% بووە، واتە نیوەی بەفیڕۆ چووە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.
لە راستیدا بەشێکی ئەم بەفیڕۆچوونە بەهۆی کۆنیی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و ئامێرەکانی کارەبا(محاویلە، خراپی سیستمی گواستنەوەی کارەبا و هتد بووە, بەڵام سەروو نیوەشی دەدزرێت. بۆ نموونە بەفیڕۆچوونی کارەبا لە هەرێمی کوردستانیش بەشێوەک لە شێوەکان هاوشێوەیە لەم رووەوەو بەپێی وەزارەتی کارەبا رێژەی 40% بەفیڕۆچووە، کە تەنیا رێژەی خوار 10% بەهۆی تەکنیکییەوەو ئەوی دیکەی لە دەرەوەی پێوەرەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێت.
سەرچاوە: راپۆرتی گرووپی بانکی جیهانی World Bank ، 7ی ئایار 202
خواستی تاک بۆ کارەبا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە؟
بەپێی داتاکانی گرووپی بانکی جیهانی لەنێو 267 وڵات و ناوچە و ئابووری جیاوازدا، عێراق لە ریزبەندی 124دایە بۆ بەکارهێنانی کارەبا، بەشێوەیەک خواستی تاکێک 1373 کیلۆوات، کە ئەمەش سێ هێندەی لە ئاستە جیهانییەکە و وڵاتانی دراوسێ کەمترە، بەڵام دوو هێندەی ئەوەی هەرێمی کوردستانە ئەگەر خەملاندنی بۆ بکرێت.
هەروەها لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، عێراق دەکەوێتە پلەی نۆیەمین، لەکاتێکدا بەرزترین ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەراست بەتێکڕا 5 هەزار کیلۆ واتە. وڵاتانی وەک بەحرەین، قەتەر و کوەیت لەسەرووی 16 هەزار بۆ 22 هەزار کیلۆوات بۆ هەر تاکێک بەکاردەهێنن.
سەرچاوە، گرووپی بانکی جیهانی world Bank 7ی ئایار 2025
هەروەها لەماوەی دوو دەیەی رابردوو کەرتە جیاوازەکان لە عێراق گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆوە بینیوە، بەشێوەیەک لەساڵی 2002 کەرتی پیشەسازی و کەرتەکانی دیکە زۆرترین خواستیان بۆ بەکارهێنانی کارەبا هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەدا کەرتی نیشتەجێبوون و دانیشتوان نیوەی کۆی خواستی عێراق بۆ کارەبا پێکدەهێنێت، واتە لەو 70 هەزار مێگاوات کارەبایەی بۆ عێراق پێویستە، 31 هەزاری بۆ کەرتی نیشتەجێبوون و دانیشتوانە. ئەم بەرزبوونەوەیەش بەهۆی دوو هێندەبوونی ژمارەی دانیشتوان و پەیوەستبوونی دانیشتوان بە کارەباوە بووە. لە راستیدا ئەم زیادبوونە هاوتەریب نییە لەگەڵ ئەوەی پێیدەگوترێت بەکارەباییبوون electrification، بەڵکو خواستێکی زۆرە لە دەرەوەی بەرهەمەوە.
ئەگەر وردیش لە گرافیکەکە بڕوانین دەبینین خواستی کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵی پاشەکشەی گەورەی کردووە و لەماوەکانی رابردوودا بەرێژەیەکی زۆر کەم زیادیکردووە، کە ئەمەش نیشانەیەکی دیکەی لاوازی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە لە عێراق.
سەرچاوە: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، 8ی ئایار 2025
بەپێی دوایین راپۆرتی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی IMF بۆ گەشەی ئابووری وڵاتان، عێراق لە 2024دا داهاتی تاک 6247 دۆلار بووەو لە 2030دا دەگاتە 6472 دۆلار، واتە بە رێژەی 3.6% زیاد دەکات، بەڵام لەهەمان ماوەدا خواست بۆ کارەبا بەرێژەی 35.3% زیاد دەکات، واتە رێژەی خواستەکە بۆ کارەبا دە هێندەی ئەوەیە، کە لەو ماوەیەدا بۆ زیادکردنی داهاتی تاک.
سەرچاوە: سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، 11ی ئایار 2025
نرخی کارەبا
لە عێراق یەک دەوڵەتی فیدراڵ و دەیان نرخی جیاواز بۆ کارەبا هەیە، لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازە، لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە نرخەکە بەشێوەیەک دەگۆڕێت وەکو سیستەمی ئابووری چەند وڵاتی جیاواز بێت. مانگێک نرخێکە و مانگەکەی دیکە نرخێکی تەواو جیاوازە، تەنانەت ئەگەر هەمان بڕی بەکارهێنانیش بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەش دەوڵەتی فیدراڵی بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی 54% پاڵپشتی نرخی کارەبای دابینکراو دەکات و ساڵانە ملیاران دۆلاری بۆ تەرخان دەکات.
هەرێمی کوردستان بۆ نرخی کارەبا هەمان چیرۆکی عێراقی هەیە لەڕووی جیاوازییەکانەوە، ئێستا نرخی کارەبای 24 کاژێری لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون 156 دینارە بۆ کیلۆواتێک، بەڵام لە گەڕەکەکەی تەنیشتیدا 110دینارەو لەشارێکی دیکەش 18 دینارەو لە پرۆژەیەکی هاوشێوەیەدا نرخی کارەبای مولیدەکە شتێکی تەواو جیاوازە. ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران نرخی پلەبەندی پەسەندکردووەو هاوشێوەی رابردووە، بەڵام بەجیاوازییەکی گەورەوە.
بەپێی داتای 147 وڵات لە جیهان بۆ نرخی کارەبا، عێراق لە ریزبەندییەکەدا لەریزی هەرزانترینەکاندایە لە جیهان و هەرێمی کوردستان ئەگەر نرخی ئێستای کارەبای نیشتمانی هەژماربکرێت، ئەوا هاوشێوەی عێراقە و بگرە هەرزانتریشە، چونکە بەتێکرا 0.054 دۆلار دەکات بۆ یەک کیلۆوات و لە عێراقیش نرخی یەک کیلۆوات بۆ هاووڵاتیان و شوێنی نیشتەجێبوون بەتێکڕا لە چارەکەکانی 2023 تاوەکو چارەکی یەکەمی 2025 بەتێکڕا 0.015 دۆلار بووەو حەوتەمین هەرزانترین نرخی کارەبای لەنێو 147 وڵاتی جیهاندا هەیە. ئێستا بەتێکڕا یان هاوبەش بۆ کۆی نرخە پلەبەندییەکە نرخە نوێیەکەی کارەبا لە کوردستان 0.133 دۆلارە بۆ هەر کیلۆواتێک.
درووستە ئەم نرخە نوێیە پەیوەست بەبەکارهێنانەوەو نرخەکەشی بە پلە بەرز دەبێتەوە، واتە پێویست ناکات لەماڵەوە نەبیت پارە بەکارەبا بدەیت، بەڵام نرخی پلەبەندییەکە بەشێوەیەکە کە نازانرێت چۆن رەچاوی داواکارییەکانی خێزانێکی گەورە یان ستراکچەری خانوو و ئامێرە هاوردەکراوەکانی فێنککەرەوە و گەرمککەرەوە دەکات.
رێکخستنەوەی خواست و کەمکردنەوەی سەرچاوەی بەفیڕۆچوون و چۆنیەتی بەکارهێنان لەلایەن هاونیشتمانییەوە تاکە رێگەی بەفیڕۆچوونی سامانی گشتییەو دامەزراوە گەورەکانی جیهان پاڵپشتی دەکەن، بەڵام چ میکانزمێک پەیڕەودەکرێت بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ دانیشتوانی کەمدەرامەت و خواستی زۆر.
نرخەکان لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو جیاوازییەکی دیکە وەک نرخی سووتەمەنی دەڕوات، راستە هەم عێراق و هەم هەرێمی کوردستان ناتوانن بەم شێوەیە بەردەوام بن، چونکە ئەم شێوازە نە خەڵک کارەبای هەبوو و نەتێچووەکەی پڕ دەکردەوە، بۆ نموونە بەردەوامیدان بەم شێوازە وایکردبوو هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر قەرزی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و عێراقیش بخاتە بەردەم خەرجکردنی ملیاران دۆلار بۆ مۆلیدەکانی کەرتی تایبەت، کە لە 2018دا بەتەنیا خەرجی پاڵپشتی مۆلیدەکان 4 ملیار دۆلار بووە، کە نرخی یەک کیلۆوات بەکارهێنانی 6 بۆ 12 دۆلار لەسەر عێراقییەکان کەوتووە.
سەرچاوە: وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، 15ی ئایار 2025 و وەزارەتی کارەبای عێراق، 13ی ئایار 2025
تێبینی، نرخی یەک کیلۆوات کارەبا گوڕینی لە دینارەوە بۆ دۆلار، بە نرخی بانکی ناوەندی 1 دۆلار بە 1310 دانراوە.
بەدیوێکی دیکەدا ئەگەر بەگشتی ئەم نرخە نوێیانەی پێشنیازکراوەو پلەبەندی لە نرخەکان پەیوەستکردووە بە بڕی بەکارهێنانەوە وەکو پێشووتر، ئەوا نرخی هاوبەشی یان تێکڕای ئەم چوار نرخە پلەبەندییە بۆ بەکارهێنانی یەک کیلۆوات لەلایەن ماڵانەوە لە هەرێمی کوردستان وەربگرین، ئەوا لەنێوان 0.133 بۆ 0.147 دۆلار بۆ هەر کیلۆواتێک، ئەم نرخە نوێیەی کارەباش هاوشێوەی وڵاتانی وەک غانا، سربیا و کەنەدا و مەغریب دەبێت وەکو لە گرافیکی پێنجەمدا هاتووە.
لەڕاستیدا لێکدانەوەی نرخەکان تەنیا بە کیلۆوات و بڕی بەکارهێنانەوە نییە، بەڵکو پێوەرەکانی دیکەی وەک داهاتی تاک، ئاستی بژیوی کۆمەڵگە و رۆشنبیری و پێداویستی و ئاستی بەرهەمیشەوە دەگۆڕێت.
ئێستا هەرێمی کوردستان بەنرخە نوێیەکە تەواو جیاوازە لەوەی عێراق، لەکاتێکیشدا پاڵپشتی دارایی عێراق بۆ ماڵان و بارزگانی، بەشێوەیەکە لەرۆژانی رابردوو گازی بۆ مۆلیدەکان کرد بەخۆڕایی و بەتێکڕا بۆ کارەبای ماڵان رێژەی 54% تێچووەکە پاڵپشتی دەکات و بەرێژەی نزیکەی 75% پاڵپشتی دابینکردنی تێچووی کارەبایە بۆ شوێنە بازرگانییەکان، کە هەمووی پێکەوە دەکاتە رێژەی 5.6% گەشەی بەرهەمی نێوخۆی وڵات.
هەروەها بڕی ئەو پارەیەی عێراق لەماوەی ساڵانی 2022و 2023دا بەتەنیا بۆ پاڵپشتی کەرتی کارەبا خەرجی کردووە گەیشتووەتە 12 ملیار دۆلار، واتە ئەمە لەدەرەوەی تێچووەکەی بووە، هەندێک رۆژ کاژێرەکانیشی لە ژمارەی پەنجەیەکی دەست تێنەپەڕیووە.
سەرچاوە، بیست بۆرد و ورۆلدڤیو، 14ی ئایار 2025
جیاوازییەکانی هەولێر و بەغداد
یەکەم، هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنان یان دابینکردنی خواستی تێپەڕاندووە، عێراق هێشتا بەتەواوکردنی کۆی پرۆژەکانیشەوە هێشتا 10 هەزار مێگاوات کورتهێنانی دەبێت.
دووەم، هەرێمی کوردستان لە قۆناخی رێکخستنەوەی خواست و دابینکردنی کارەبای 24کاژێریدایە، عێراق بەدوای دابینکردنی خواستەوەیە، کە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەکات.
سێیەم، هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناخی کۆتایی بەکارهێنانی مولێدەی تایبەت بۆ دابینکردنی کارەبا دەڕوات، بەڵام عێراق هەوڵی دابینکردنی گازی خۆڕایی بۆ مۆلیدەکان بۆ دابینکردنی کارەبای 20کاژێری بەحکومی و مۆلیدەوە دەدات.
چوارەم، هەرێمی کوردستان نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکان و ئامێرەکانی دەستپێکردووهو پێوەری زیرەکی بۆ کەمکردنەوەی بەفێڕۆچوونی کارەبا لەسەرکارەبای بەرهەمهێنراو لە ویستگەکانەوە تاوەکو بەکارهێنەر جێبەجێدەکات، بەڵام عێراق هێشتا نیوەی کارەبای بەرهەمهاتوو بەفیڕۆ دەڕوات.
پێنجەم ، هەرێمی کوردستان ئێستا لەقۆناخی هەناردەکردن دایە و ساڵی داهاتوو لەم رووەوە هەنگاوی گەورە دەنێت، بەڵام عێراق بەدوای سەرچاوەی نوێی هاوردەکردنی کارەباوەیە.
شەشەم، هەرێمی کوردستان بەتەواوکردنی پرۆژەی رووناکی، کۆتایی بەدوو سەرچاوەی گرنگی پیسبوونی ژینگە و هەوا، ئەوانیش دەردانی دووکەڵ و پیسبوونی دەنگ دەهێنێت، عێراق لەدوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەرگای زیاتر بۆ پیسبوونی ژینگە و هەوا دەکاتەوە، بەپاڵپشتی خۆڕایی دابینکردنی گاز بۆ مۆلیدەکان.
پێویستە هەرێمی کوردستان چی بکات؟
یەکەم: لەبەرچاوگرتنی داهاتی تاک و خێزان و هێنانەئارای سیستمی نوێ بۆ بەستنەوەی سەرچاوەی داهات و خەرجی بەشێوەیەک، کەوا بتوانرێت ئەو بڕەی بەکاریدەهێنیت پارەکەی بدات.
دووەم: جیاکاری بەپێی پلەبەندی بەکارهێنان نەبێت، بەڵکو بەپێی داهات بێت یاخود میکانزمێکی نوێ، کە بتوانێت بەکارهێنەر لەکاتی نەبوونی سەرچاوەی داهات، لە دابینکردنی پێداویستی سەرەتایی بێبەش نەبێت.
سێیەم: هەڵسەنگاندنی سەرەتایی و ستراتیژی بۆ ئاسایشی دابینکردنی سەرچاوەی وزە لە هەموو رووەکانەوە، وەک سەرچاوەی دابینکردن، گواستنەوە، دابەشکردن و بەکارهێنان بۆ ئێستا و داهاتوو بکات.
چوارەم: کەمپەینی بەرزکردنەوەی رۆشنبیری تاک و خێزان بۆ بەکارهێنانی وزە لە هەموو رووەکانەوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی رۆژانە.
پێنجەم: گۆڕانکاری لە ستراکچەری خانووبەرە، بەشێوەیەک ئەگەر بۆ گشتی نەبێت، ئەوا لە پرۆژەکانی وەبەرهێنان بکرێت کە ستانداردی جیهانی بۆ گەرمی و ساردی لەبەرچاوبگرێت، کە لەداهاتوودا کۆی وزەی بەکارهێنراو کەمبکاتەوە.
شەشەم: کۆنترۆڵکردن یاخود جێبەجێکردنی بڕیاری ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی ئامێرە کارەباییەکان، کە کەمترین بڕی کارەبای پێویست بۆ بەکارهێنان و هاوکاریکردنی ماڵان لەگۆڕینی ئامیرە کارەباییەکان دا.
پێویستە عێراق چی بکات؟
بەگشتی عێراق پێویستە لەم کەرتەدا رێگاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەبەر چ وەک سەرچاوەی دابینکردن، دابینکردنی وزە و دانانی پێوەر و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوون و رێکخستنەوەی و نرخی کارەباوە.لەنرخەکەشدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بێت، چونکە ناکرێت ملیاران دۆلار لە داهاتی دەوڵەتە فیدڕاڵییەکە بۆ دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی خۆی خەرجبکات و دانیشتوانی هەرێمی کورستانی لێ بێ بەش بکات:
کۆتایی
لە 2003وە تاوەکو ئەمڕۆ، کارەبا بەردەوام ئاڵنگارییەکی گەورەی بەردەم حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە، بەتایبەتی لە چلەی زستان و هاوین. ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان دوو رێگەی جیاوازیان گرتووەتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە؛ هەرێمی کوردستان خەریکی رێکخستنەوەی خواستە بە بەرزکردنەەوەی نرخ و عێراقیش خەریکی زیادکردنی سەرچاوەکان و دابینکردنیەتی بۆ تێپەڕاندنی هاوینێکی بێ خۆپێشاندان!
هەرچەندە داتای خواستی تاک لە هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانی کارەبا بەردەست نییە و ناشتوانرێت ئەوەی عێراق بە نموونە وەربگیردرێت، بەڵام بەپێی دوایین لێدوانی تیمی پڕۆژەی رووناکی"رێژەی 50٪ی ئەو هاوبەشانەی کەوا ماوەی شەش مانگە کارەباکانیان بووەتە 24کاژێری، بە تێکڕا کەمتر لە 670 کیلۆواتیان لەکاژێرێکدا بەکارهێناوە."واتە نیوەی ئەو بڕەیە کە تاکێکی عێراقی بۆ کارەبا بەکاریدەهێنێت و نزیکە لە وڵاتانی وەک کۆریای باشوور، لوبنان و بەنگلادیش و هتد. ئەگەر بەمشێوەیە بێت هەرێمی کوردستان بۆ ئێستا لەڕووی خواست و خستنەڕووەوە هاوسەنگە، بەڵام بۆ داهاتوو دەبێت سەرچاوەی نوێ بدۆزێتەوە.