چۆن تۆڕی هاوبەشی کارەبای کەنداو بووەتە ئامانجی جەنگ؟
ئێران رۆژی دووشەممە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز، دامەزراندنی دەستەی تەنگەی کەنداوی فارسی راگەیاند. هەژمارێکی فەرمیشی بۆ دەستە نوێیەکەی لە سۆشیاڵمیدیا داناوە، بەناوی PGSA بۆ بڵاوکردنەوەی نوێترین زانیارییەکان لەسەر نوێترین پێشهاتەکانی پەیوەست بەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.
لە هەمان رۆژدا، سوپای پاسداران، لە رێگەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی خۆی (سپا نیوز) رایگەیاند، کە سەرجەم کێبڵەکانی فایبەر ئۆپتیک، کە بە نێو تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن، دەکەونە ژێر مۆڵەت و چاودێری و وەرگرتنی باج لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە ئێران هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی دەریایی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە دەدات.
تۆڕی پەیوەندییەکانی ژێر دەریا لە ژێر تەنگەی هورمزدا رۆژانە داتای مامەڵە داراییە جیهانییەکانی پێدا تێدەپەڕێت، کە بەهاکەیان زیاتر لە 10 ترلیۆن دۆلارە. هاوکات لەدوای هێرشی درۆنی بۆ سەر وێستگەیەکی ئەتۆمی ئێمارات لە رۆژی یەکشەممە، نیگەرانییەکان ئێستا سەبارەت بە تۆڕی هاوبەشی کارەبای کەنداو زیادیان کردووە.
بە ئامانجگرتنی تاکە وێستگەی ئەتۆمی کەنداو
لە بەیانی 17ی ئایاری 2026دا، سێ درۆن لە سنووری رۆژئاواوە، چوونە نێو خاکی ئیمارات. بەرگریی ئاسمانی ئیمارات رێگری لە دووانیان کرد. سێیەمیان لە وێستگەی وزەی ئەتۆمی (بەراکە)ی دا لە ناوچەی زەفرەی ئەبوزەبی. لە ئەنجامدا یەکێک لە موەلیدەکانی دەرەوەی بەشی پارێزراوی وێستگەکە، ئاگری گرت.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بەیاننامەیەکی دەرکرد و پشتڕاستیکردەوە ئاگر لە موەلیدەیەکی وێستگەکە کەوتووەتەوەو یەکەی 3ـی بەرهەمهێنانی کارەبا گۆڕدراوە بۆ سووتەمەنی گازوایل و ئاستی تیشکدانەوەش ئاساییەو لەو رووەوە مەترسی دروست نەبووە.. شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوە، هێرشەکەی وەک "هێرشێکی تیرۆریستی خاینانە" وەسف کرد. وەزارەتی بەرگری پشتڕاستی کردەوە، کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە سەرچاوەی هێرشەکە. بەرپرسانی ئیمارات بەپێچەواونەی هێرشەکانی پێشووتر، ئەمجارە بەرپرسیارییەتی هێرشەکەیان نەخستە ئەستۆی ئێران. درۆنەکان لە سنووری رۆژئاواوە هاتبوون کە هاوبەشە لەگەڵ سعودیە. پێشتر گرووپە چەکدارییە شیعەکانی سەر بە ئێران، کە لە ناو خاکی عێراقدا چالاکن، هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەک لەو گرووپانەش بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشەیان نەگرتووەتە ئەستۆ.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رۆژی 17ی ئایار رایگەیاند، "چالاکی سەربازی کە هەڕەشە لە سەلامەتی ئەتۆمی بکات قبوڵنەکراوە."
بەراکە چییە و بۆچی بۆ تۆڕی کارەبای کەنداو گرنگە؟
بەراکە نزیکەی 25%ی کارەبای نیشتمانی ئیمارات دابین دەکات، 40 تێراوات کاژێر لە ساڵێکدا. ئەم کارەبایە راستەوخۆ دەچێتە ناو تۆڕی زەبەلاحی هاوبەشی شەش وڵاتەکەی کەنداو و کارەبای ئیمارات، سعودیە، کوێت، قەتەر، بەحرەین و عومان پێکەوە دەبەستێتەوە. لەلایەن دەسەڵاتێکەوە بەناوی (GCCIA) بەڕێوەدەبرێت و وەک پشتیوانیەکی هاوبەشی کارەبای ناوچەکە کار دەکات. کاتێک بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەر وڵاتێکی ئەندام کەمبکات، یان تووشی کێشە ببێت و پەکی بکەوێت، تۆڕی هاوبەشی کەنداو لە کارەبای زیادەی وڵاتانی دراوسێوە ئەو کورتهێنانە پڕ دەکاتەوە. تۆڕەکە لە ساڵی 2009 وە مامەڵەی لەگەڵ زیاتر لە 2,000 حاڵەتی فریاگوزاری لەو جۆرە کردووە. دامەزراوەی S&P Global پلەی "A"ی داوە بە GCCIA و ئێستا پڕۆژەی فراوانکردنی ئەو دامەزراوەیە بە بڕی 1.1 بۆ 1.5 ملیار دۆلار تاوەکو ساڵی 2027 لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
کوژانەوەی وێستگەی بەراکە چ بەهۆی بەرکەوتنی زیانی فیزیکی بە کورەیەکی بێت، یان چالاکبوونی پرۆتۆکۆڵی سەلامەتی بێت، دوای هەر چەشنە هێرشێکی سایبەری، دەبێتە هۆی نەمانی دەستبەجێی 5,380 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە تۆڕی ئیمارات. ئەو کورتهێنانە پێویستە لە رێگەی تۆڕی کەنداوەوە پڕ بکرێتەوە، کە بە پلەی یەکەم لەلایەن سعودیەوە دابیندەکرێت، بەو پێیەی توانای زیادەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە، بەڵام لە هەمان بەیانی رۆژی هێرشەکەی سەر بەراکەدا، سعودیە رایگەیاند بەرپەرچی سێ درۆنی داوەتەوە، کە لە عێراقەوە چوونەتە نێو ئاسمانی وڵاتەکەی.
خاڵی یەکلاکەرەوە لە تۆڕی کارەبای هاوبەشی وڵاتانی کەنداو، وێستگەی پشتیوانی (فەزلی)ـیە لە رۆژهەڵاتی سعودیە. ئەمە تاکە دامەزراوەیە، کە سیستمی کارەبای 60 هێرتزی سعودیە لەگەڵ ستانداردی 50 هێرتزی تۆڕی کەنداو دەگونجێنێت. بەبێ ئەم وێستگەیە، سعودیە ناتوانێت کارەبا بۆ وڵاتانی دیکەی کەنداو دابین بکات، ئەگەر کارەبای زیادەیشی هەبێت. تا ئەمڕۆ وێستگەی فەزلی راستەوخۆ لێی نەدراوە، بەڵام لە ناوچەیەکدایە کە لە 28ی شوباتەوە چەندین جار رووبەڕووی هێرشی موشەکی بالیستی و درۆن بووەتەوە، لەوانە دوو هێرشی پشتڕاستکراوە بۆ سەر کۆمەڵگەی پاڵاوگەی رەئس تەنورەی ئارامکۆ.
79 رۆژ هێرش بۆ سەر ژێرخانی کارەبای کەنداو
درۆنەکەی بەراکە نوێترین رووداوە لە زنجیرە هێرشە پشتڕاستکراوەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانی کارەبا و وزەی کەنداو، کە لە یەکەم رۆژی جەنگەوە، واتە 28ی شوباتی 2026، دەستی پێکردووە. قەبارەی زیانەکان بەم شێوەیەیە: تا 17ی ئایار، ئێران هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی کارەبا و وزە لە هەر شەش وڵاتەکەی کەنداو. ئەمەی خوارەوە تۆمارە پشتڕاستکراوەکانە:
لە 2ی ئاداردا، درۆن و موشەکەکانی ئێران لە کۆمەڵگەی پاڵاوگەی ئارامکۆی سعودیەیان دا لە ناوچەی رۆژهەڵات، کە گەورەترین پاڵاوگەیە لەو وڵاتەدا و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە، کە بۆ ماوەیەکی کورت کارەکانی وێستگەکەی راگرت. لە هەمان رۆژدا، شاری پیشەسازی راس لافان لە قەتەر، کە نزیکەی 20٪ـی گازی سروشتیی شلکراوی جیهان بەرهەم دەهێنێت، کرایە ئامانج. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە هەڵسەنگاندنێکیدا لە 22ی نیسان، گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێرشەکانی دواتر لە 18 و 19ی ئادار بۆ سەر راس لافان (رەنگە بگاتە ئاستی تاوانی جەنگ). لە 9ی ئاداردا کۆگای سووتەمەنی وێستگەی کارەبای سوبییە لە کوێت بەهۆی پاشماوەی درۆنێکەوە ئاگری گرت. وێستگەی کارەبا و ئاوی (فۆجەیرە ئێف یەک) لە ئیمارات لە 8ی ئاداردا لێدرا. وەزارەتی کارەبای کوێت لە 5ی نیسان پشتڕاستی کردەوە، کە بەهۆی هێرش بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و شیرینکردنی ئاو، دوو یەکەی بەرهەمهێنان لەکار کەوتوون.
لە 28ی ئاداردا، وێستگەی کۆمپانیای ئەلەمنیۆمی گڵۆباڵی ئیمارات (EGA) لە ئەبوزەبی تووشی زیانی سەخت بووەوە، کە بووە هۆی راگرتنی کارەکانی و پێشبینی دەکرێت چاککردنەوەی تا یەک ساڵ بخایەنێت. چەندین هێرش لە رووداوی جیاوازدا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەیان کردە ئامانج و بوونە هۆی راگرتنی کاتیی گەشتە ئاسمانییەکان. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات تۆماری کردووە، کە تاوەکو 27ی ئادار، ئێران 378 موشەکی بالیستی، 15 موشەکی کروز و نزیکەی 1,835 درۆنی بەرەو ئیمارات تەقاندووە. تا 1ی نیسان، ئامارەکانی ئیمارات گەیشتنە 438 موشەکی بالیستی و 2,012 درۆن.
رەهەندی سایبەری
هاوتەریب لەگەڵ هێرشە فیزیکییەکان، هاککەرەکانی سەر بە سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی سایبەری بەردەوام دژی سیستمەکانی کۆنتڕۆڵی تۆڕی کارەبا ئەنجام دەدەن. لە 7ی نیسانی 2026، شەش ئاژانسی فیدراڵیی ئەمریکا لەوانە CISA، FBI، NSA و وەزارەتی وزە ئاگادارکردنەوەی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو پشتڕاستیان کردەوە، کە ئەکتەرەکانی سەر بە ئێران خەریکی تێکدانی بەرنامەی کۆمپیوتەری کۆنترۆڵی ژێرخانە هەستیارەکانن، وەک ژێرخانی کارەبا و ئەوەش لانیکەم لە مانگی ئاداری 2026ەوە دەستی پێکردووە. ئاگادارکردنەوەکە پشتڕاستی کردەوە کاری هەندێ دامەزراوە پەکی کەوتووەو زیانی داراییشیان پێگەیشتووە.
بەرنامەی کۆمپیوتەری کۆنترۆڵی کارەبا، فەرمان بە وێستگەکانی کارەبا دەکات، کە چۆن لە سەرانسەری تۆڕی کارەبای کەنداو کار بکەن و چۆن لە نێوان وڵاتانی کەنداودا دابەش بکرێن. بۆ نموونە هەر ئەم بەرنامەیە بووە، کە بە شێوازی خۆکار فەرمانی داوە بە گۆڕینی یەکەی 3ی وێستگەی ئەتۆمی بەراکە بۆ سەر سووتەمەنی گازوایل، بەڵام لە حاڵەتێکدا ئەگەر بەرنامەکە خۆی هاک بکرێت بەو واتایە پڕۆسەی جیاکردنەوە و چاککردنەوە پێویستی بە دەستێوەردانی مرۆڤی دەبوو لە ژێر بارودۆخێکی جەنگیدا.
تۆڕی کارەبای کەنداو لە ژێر بارودۆخێکدا کار دەکات، کە بۆی دیزاین نەکراوە. 17 هێرشی پشتڕاستکراو لە هەر شەش وڵاتی ئەندام لە تۆڕەکە مەترسییەکی جیدی بۆ داهاتووی کارەبای کەنداو دروستدەکات. ئەو تۆڕە هاوبەشەی کارەبای کەنداو، کە عێراق بڕیاربوو لە رێگەی کوێتەوە پێیەوە پەیوەست بێت و لەمساڵدا 500 بۆ 600 مێگاواتی لێوەربگرێت، ئێستا خۆی کەوتووەتە ژێر مەترسی جیدیەوە.