زەنگێک لە رۆژئاڤاوە بۆ هەرێمی کوردستان
کاتێک کوردانی رۆژئاوا—ژن و پیاو—دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەجەنگان و ناوچەکانی سووریایان ئازاد دەکرد، لە سەرانسەری وڵاتانی رۆژئاوا ستایش دەکران. وێنەی شەڕڤانانی کورد لە لاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەکان بڵاودەکرانەوە. کتێب لەبارەی ئازایەتییان دەنووسران و وەک سیمبوولی قوربانیدان و بەرخۆدان دەبینران.
بەڵام کاتێک هەمان ئەو کوردانە لەلایەن حکومەتە ئیسلامییە نوێیەکەی سووریاوە—حکومەتێک کە لەبەرەی وڵاتانی رۆژئاوادایە—هێرشی کرایە سەر، جیهان بێدەنگ بوو. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نزیکەی ٤٠٪ی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستیاندا بوو لەدەستداوە و چاوەڕێ بکە زیاتریش لەدەستبدەن.
پشتکردنە کورد لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە شتێکی نوێ نییە. ئەوەی نوێیە ئەو جیهانەیە کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین. سەرەڕای هەموو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان، سیستەمی نێودەوڵەتیی ئەمڕۆ زیاتر لە سەردەمە کۆنەکان دەچێت: لە جیهان دا تەنیا بەهێزەکان دەمێننەوە، نەک لەسەر ئاستی تاکە کەس، بەڵکو لەسەر ئاستی نەتەوە و دەوڵەتانیش.
دوای جەنگی جیهانیی دووەم و هۆڵۆکۆستی جووەکان، وادەردەکەوت دونیا چووبێتە نێو سەردەمێکی مرۆڤانەترەوە. لە ساڵی ١٩٤٨ جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکرا. ئەو جیهانە کۆتایی هاتووە. ئێستا لە جیهانێکدا دەژین کە دەکرێت ناوی بنێین "جیهانی پۆست-رووڵ - گرنگینەدان بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان. جیهانێک کە تێیدا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا و بەشانازییەوە باس لە بردنی نەوتی نەتەوەکانی دیکە دەکات، رووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکرانیا و هەزاران کەس دەکوژێت بەبێ ئەوەی باجێکی ئەوتۆ بدات، ئەمریکا سەرۆک دەوڵەتێک کە بە دڵی نییە دەڕفێنێت.
لەم جیهانی پۆست-رووڵەدا، هەرێمی کوردستان پێویستە چی بکات؟
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ـەوە ئازادە. زیاتر لە سی ساڵ تێپەڕیوە، کەچی هەرگیز وەک ئەمڕۆ لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدا نەبووە. دەبێت هەرێمی کوردستان خۆی بۆ ئەوەی لە پێشە ئامادە بکات.
دوای ئەوەی لە رۆژئاڤای کوردستان روویدا، سەرکردەکانی کوردستان لە باشوور دەبێت پرسیارێکی تاڵ، بەڵام پێویست لە خۆیان بکەن: چی ڕوودەدات ئەگەر دیکتاتۆرێکی لایەنگری رۆژئاوا لە بەغدا بێتە سەر دەسەڵات، بودجە ببڕێت و سوپا بنێرێتە سەر کوردستان لەسەر نەوت یان کێشەی سیاسی؟ ئایا هەرێمی کوردستان توانای بەرگریکردن لە خۆی هەیە؟ یان دیسانەوە دەبێت لە ئەمریکا و رۆژئاوا بپاڕێتەوە تاوەکو بیپارێزێت؟ چی دەکەیت ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوایی جگە لەسەرکۆنەیەکی وەکو ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین هیچ هەنگاوێکی کرداریان نەگرتەبەر؟
ئەمڕۆ کوردستان تاوەکو رادەیەک سەقامگیرە و عێراقیش لاوازە، ئەم دەرفەتە بۆ هەمیشە ناچێتە سەر. کاتی کارکردن ئێستایە، هەر ئەمڕۆ!
ئەمڕۆ تاکە شتێک کە دەبێت لە پێشینەی کارەکانی سەرکردایەتی کوردستان بێت دەستکەوتنی پێشکەوتووترین سیستەمی بەرگریی مووشەکییە. سەرەتا بچنە لای ئەمریکا. لۆبییەکی بەهێز بکەن. هەرچییەکی تێدەچێت خەرجی بکەن. ملیاران دۆلار ئەگەر پێویست بوو. قەرز بکەن. هەرچی پێویستە بیکەن تاوەکو ئیدارەی ترەمپ رازی بکەن چەکتان پێ بفرۆشێت.
ترەمپ باشترین سەرۆکە بۆ ئەم داوایە. ئەو گرنگی بە پارە دەدات، نەک نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکان. تەنیا لە ماوەی ساڵێک دا، وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردوومان کرد، سەرۆکێکی بیانی رفاند و بە ئاشکرا هەڕەشەی گرتنی گرینلاند دەکات بە هێز، کە بەشێکە لە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ. ئەگەر ئەمریکا رەتیکردەوە، دەبێت کوردستان بە راشکاوی بە واشنتن بڵێت: ناچارین بچین بۆ لای رکابەرەکانت: چین، رووسیا، یان هەر وڵاتێکی دیکە. شەرم مەکەن. روونی بکەنەوە کە ئەمە بریتییە لە مان و نەمانی کوردستان.
هەندێک دەڵێن کوردستان دەوڵەت نییە و بەپێی یاسا ناتوانێت چەک بکڕێت. ئەو قسانە بۆ سەردەمێکی دیکەبوون. ئەمڕۆ، یاسا نێودەوڵەتییەکان رۆژانە پێشێل دەکرێن. کەس چیتر گوێی پێنادات. کوردستان داوای چەکی بەرگری دەکات کە ئاسانترە قەناعەت بە وڵاتان بهێنیت پێت بفرۆشن، بەڵام دەبێت داوای چەکی بەرگری و داوای چەکی هێرشیش بکرێت، چونکە هێرشیش جۆرێکە لە بەرگری، بەڵام بەڵێن بدەن و ئامادەبن هەموو رێککەوتنێک واژۆ بکەن کە تەنیا بۆ ئەوکاتە بەکاریدەهێنن کە هێرشتان کرایە سەر و هێرش ناکەنە سەر کەس. بە کورتی، کوردستان دەبێت رێک ئەوە بکات کە ئیسرائیل کردی: سوپایەکی بەهێز بنیات بنێت. ئیسرائیل زانیویەتی کە لەناوچەیەکدا گیریخواردووە کە دووژمنی لە دۆست زیاترە، بۆیە خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادەکرد.
باشترین پرۆفیسۆر و ئەندازیارانی جیهان بهێننە کوردستان. قوتابخانەی ئەندازیاری پراکتیکی دابمەزرێنن کە تێیدا درۆن و تەکنۆلۆژیای سەربازی دروست بکرێت. مامۆستای ئەمریکی و ئەورووپایی بهێنن و قوتابخانەکە لە ژێر زەوی دروستبکە کە هیچ وڵاتێک نەتوانێت و نەوێرێت بۆمبارانی بکات.
زاراوەیەک لە جیهانی کارسازیدا هەیە بە ناوی (future-proofing): واتە پاراستنی داهاتوو لە رێگەی خۆئامادەکردن بۆ خراپترین ئەگەر. گەورەترین خاڵی لاوازی کوردستان هەمیشە ئەوەبووە کە ئێمە زۆر گەشبینیین، لە کاتێکدا جیهان خەریکی پلانداڕشتنە بۆ داهاتوویەکی کارەساتبار.
کاتێک داعش بە چەند تانکێکی ئەمریکی و ئەو چەکانەی سوپای عێراق جێی هێشتبوون بەرەو روومان هات، نەمانتوانی بەشێوەی پێویست بەرگری لە نیشتمانەکەمان بکەین. ئەگەر دەستوەردانی نێودەوڵەتی نەبووایە، لەوانەبوو هەموو شتێکمان لەدەستبدایە. ئایا ئەمڕۆ چەندە باشتر ئامادەین بەرگری لە خۆمان بکەین؟
دووبارەی دەکەمەوە: ئەمڕۆ هیچ شتێک بۆ هەرێمی کوردستان گرنگتر نییە لە بنیاتنانی سوپایەکی بەهێز و سیستەمێکی بەرگریی باوەڕپێکراو. سەرکردایەتی کوردستان دەبێت بە ڕاستگۆیی و بەبێ خەیالی گەورە وەڵامی ئەو پرسیارەی پێشتر بدەنەوە کە کردم: ئایا کوردستان دەتوانێت بەبێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەرگری لە خۆی بکات ئەگەر بەغدا هێرشی بکاتە سەر؟
ئەگەر وەڵامەکە "نەخێر"ە، کەواتە دەبێت هەرچییەکی پێویستە بیکەن. دەبێت ئێستا بیکەن، هەر ئەمڕۆ لەکاتێکدا جیهان هێشتا گوێتان لێدەگرێت و خاوەنی داهاتێکن، دەبێت کۆڵنەدەن تاوەکو وەڵامی ئەو پرسیارە بە "بەڵێ" دەدەنەوە. ئەمەی من پێشنیازم کردووە، شتێکە کە هەموو دامەزراوەیەکی دووربین و جیدی، لە کۆمپانیایەکەوە بۆ وڵاتان، پەیڕەوی دەکەن: خۆ ئامادەکردن بۆ خراپترین سیناریۆ.