پاشەکشە لە رۆژئاوا چاوەڕوانکراو بوو
ئەوەی ئەمڕۆ لە رۆژئاوا روودەدات پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو، بەڵکو دەمێکە دەنگی پێی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە رۆژئاواوە دێت. دۆخی رۆژئاوا و باڵادەستیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەوەندە دیمەشقی ناڕەحەت نەکردبوو، هێندەی ئەنقەرەی ناڕەحەت کردبوو. تورکیا بە هیچ جۆرێک ئەو باڵادەستییەی هەسەدەی بەو قەبارەیە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوا) قبووڵ نەبوو و قبووڵیشی نابێت. ئەمە یەکێکە لە هێڵە سوورەکانی دۆکترینی دیپلۆماسی، هەواڵگری و سەربازیی تورکیا هەر لە سەرەتای دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریا و تاوەکو ئەمڕۆ. لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەناوی جیاواز چەند شەپۆلێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە ئەنجام داوە. لەبەر ئەوەی هەسەدە پاڵپشتیی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکای هەبوو، تورکیا جگە لە سنووردارکردنی سنووری ئیداری و هێزی سەربازی، نەیدەتوانی هەسەدە لەناوببات. هەسەدە لەوە تێنەدەگەیشت کە نابێت لە رۆژهەڵاتی فوراتەوە بپەڕێتەوە ئەودیوی فورات. لەدوای رووخانی رژێمی سووریا و پێکدادانەکانی نێوان دەستەی تەحریر شام (هەتەشە) و هەسەدە، ئامانج ئەوەبوو هەسەدە بکشێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات. لە 2ی کانوونی یەکەمی 2024 میوانی رۆژنامەنووس هیوا جەمال بووم لە رووداو، ئەو کاتە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی سەربازی و دیپلۆماسییەکانی تورکیا ئەوەم باس کرد کە هەسەدە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە و دەبێت لە رۆژئاوای فورات بکشێتەوە، چونکە گوشارێکی زۆر تووندی ئەنقەرە لەسەر دیمەشق هەبوو لە دژی هەسەدە.
گرێکوێرەی رێککەوتننامەی 10ی ئادار و هەسەدە
ساڵێک دوای تێپەڕبوون بەسەر "ئازادکردنی" سووریا لەدەست رژێمەکەی بەشار ئەسەد، تێپەڕبوونی زیاتر لە 8 مانگ بەسەر رێککەوتننامەی 10ی ئاداری 2025 لەنێوان دیمەشق و هەسەدە، جارێکی دیکە مەترسیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەسەدە لەئارادا بوو. لە 14ی کانوونی یەکەمی 2025 لە گوتارێکدا لە رووداو باسم لەوە کردووە، سوپای سووریا ئامادەکاری بۆ هێرشی سەربازی دەکات بەتایبەتیش شارەکانی حەسەکە و دێرەزوور و رەققە. هۆکاری ئەو هێرشەش کشاندنەوەی هەسەدە بوو بۆ دیوی رۆژهەڵاتی فورات و ملکەچکردنی هەسەدە بۆ گەڕانەوە و پابەندبوون بە رێککەوتننامەکەی 10ی ئادار. ئەمە زیاتر لە ویستی رژێمەکەی ئەحمەد شەرع، خواست و ویستی تورکیایە. تورکیا نەک تەنیا لە رێگەی دیمەشق، بەڵکو لە رێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەوە، چەند جارێک پەیامی ئاراستەی هەسەدە کردووە کە پابەندی ئەو رێککەوتننامەیە ببێت. لە ئایاری 2025 لە پەیوەندییەکی تێلەکۆنفرانسدا لەنێوان ئۆجەلان و سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل و بە ئامادەبوونی ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئۆجەلان جارێکی دیکە گوشاری لە هەسەدە کرد کە پابەندبن و لەوەش زیاتر، خاڵە سنوورییەکان و بیرە نەوتییەکان رادەستی دیمەشق بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەش هێندە پشت بە وڵاتانی رۆژئاوا، ئەمریکا و ئیسرائیل نەبەستن. لە دوایین نامەی ئۆجەلان بۆ جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە؛ کە لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 ناردوویەتی، چەند جارێک دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە هەسەدە دەبێت پابەندی رێککەوتننامەی 10ی ئاداری 2025 بێت لەگەڵ دیمەشق، بەڵام هەسەدە ئەمەی قبووڵ نەبوو، چونکە رێککەوتنی 10ی ئادار، هەوڵی دیمەشقە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سووریا لەژێر یەک چەتردا. ئەمەش واتای بەفیڕۆچوونی دەستکەوتەکانی کورد بوو لە رۆژئاوا لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا. رێککەوتننامەی 10ی ئادار پێشنیاری "تێکەڵکردنەوە - Integration"ی بۆ هەسەدە کردبوو. ئەمەش واتا تێکەڵکردنەوەی لایەنێکی بچووک لەگەڵ لایەنێکی گەورە، بەڵام هەسەدە دەیەوێت "بەشداری - Participation" بکات، واتا وەکو هێزێکی هاوسەنگ لەگەڵ دیمەشق بێت. سستیی دانوستاندنەکانی نێوان هەردوولا، ململانێی باڵادەستی و هاوسەنگیی هێز بوو. هەسەدە پشتی بە ئەمریکا و رۆژئاوا بەهێز بوو، بۆیە دیمەشقی بێهێزتر دەبینی. تێکەڵبوونەوە لەگەڵ دیمەشق هەر تەنیا لایەنی سەربازی نییە، بەڵکو واتای لەدەستدانی کۆنترۆڵی هەسەدە بەسەر سەرچاوەکانی وزە و ئاو و کشتوکاڵیش دەگرێتەوە. رازینەبوون بە رادەستکردنەوەی ئەو هەموو سەرچاوەی داهاتە، نەک بۆ هەسەدە، بۆ هیچ لایەنێک ئاسان نییە.
دیوێکی دیکەی دەستپێکی شەڕی حەلەب: لە ئامانجێکی هەواڵگریی ئابوورییەوە بۆ تاقیکردنەوەی توانای هێزی هەسەدە
لە مانگی ئایاری 2025 رێککەوتننامەیەکی ئابووری لەنێوان وەزارەتی وزەی سووریا و کۆمپانیاکانی (جەنگیز و کالیۆنی تورکی – پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی – یو سی سیی قەتەری) بە بڕی 7 ملیار دۆلار واژۆ کرا. ئامانج لەو رێککەوتننامەیە، دامەزراندنی چوار وێستگەی گەورەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی گازی سرووشتی و یەک وێستگەی کارەبا بە وزەی خۆر بوو بۆ حەلەب، دێرەزوور و زەیزوون بە قەبارەی 5000 مێگاوات. (کۆمپانیاکانی جەنگیز و کالیۆنی تورکی تەنیا لە 2025 بایی 11 ملیار دۆلار تەندەری وەبەرهێنانیان لە ژێرخانی وزە و فڕۆکەوانیی سووریا بەدەستهێناوە). وەبەرهێنەری دەرەکی پێویستی بە سەقامگیری و ئەمنی هەیە بۆ وەبەرهێنان. بۆ رێگەخۆشکردن، هەواڵگرییەکانی وڵاتانی بەشداربوو ئەرکێکی دیکەیان بۆ زیاد بوو، ئەویش دەستەبەرکردن و دروستکردنی رێڕۆی "گەرەنتیی وەبەرهێنان"ە لەو ناوچانە.
لە لایەکی دیکەوە، لە مانگی ئابی 2025 بۆریی گازی سرووشتیی نێوان کیلیس و حەلەب کەوتەکار. [بۆریی کیلیس - حەلەب پڕۆژەیەکی بۆریی غازی سرووشتییە بۆ گواستنەوەی رۆژانە 6 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی لە ئازەربایجانەوە لە رێگەی تورکیاوە بۆ سووریا (حەلەب)، بەمەش پاڵپشتیی پێداویستیی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکات لە سووریا]. تورکیا لەوە ناڕەحەت بوو کە ئەو هێڵە بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر بەنێو ناوچەیەکدا رەتدەبێت کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەیە، چونکە بۆ ئەنقەرە ئەمە وەکو دۆسیەیەکی "مەترسیی ئاسایشی دابینکردن – Supply Security Risk" هەژمار دەکرێت. بۆیە بڕیار درابوو کە ناوچەیەکی ئارام بۆ پاراستنی ئەو بۆریی گازە و پرۆژەی وێستگەی کارەبا دروستبکرێت، بە دەرکردنی هەسەدە لە حەلەب؛ بەڵام دوای پێکدادانەکان، سوپای سووریا بەو هەموو هێزە زۆرەوە بەرامبەر دوو گەڕەکی حەلەب، سەرکەوتنی بەدەستهێنا و تامی توانای بەرگری و ئەفسانەی بەهێزیی هەسەدەی بۆ دەرکەوت. ئەوە پاڵنەرێکی گرنگ بوو بۆ درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکان و پلانی وەدەرنانی هەسەدە لە رۆژئاوای فورات. بەتایبەتییش دوای بینینی هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا، دیمەشق هێندەی دیکە ترسی لە شەڕی هەسەدە شکا. نەک تەنها لە شەڕکردن، بەڵکو لەسەر مێزی گفتوگۆش بەرامبەر هەسەدە بەهێزتر بوو. ئەو بەهێزییەی دیمەشق لە دوایین پێشنیازەکانی مانگی 12 و رێککەوتننامە پێشنیازکراوەکەی 18ی ئەم مانگە بەدیدەکرا.
دوایین دانیشتنە بێ ئەنجامەکەی نێوان عەبدی و شەرع لە دیمەشق
رۆژی دووشەممەی رابردوو (19ی مانگ) دانیشتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع بە ئامادەبوونی تۆماس باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ دۆسیەی سووریا لە دیمەشق بەڕێوەچوو. هیچ ئەنجامێکی نەبوو. مەزڵووم عەبدی لەدوای دانیشتنەکەی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئامادەبوو لەگەڵ ئەحمەد شەرع دابنیشێت، بەڵام ئامادە نەبوو واژۆ لەسەر ئەو رێککەوتننامەیە بکات، لە کاتێکدا پێشڕەویی سوپای سووریا بەرەو حەسەکە بەڕێکەوتبوو و لە مەیداندا شەڕ بەردەوام بوو. رازینەبوونی مەزڵووم عەبدی، تۆم باراکی تووڕە کردووە. ئەحمەد شەرعیش بە مەزڵووم عەبدیی گوتووە، دانیشتنەکە بۆ دانوستاندن نییە، بەڵکو دەبێت هەسەدە رازی بێت بە مەرجەکانی دیمەشق. کۆبوونەوەکە بە ئارامی بەڕێوەنەچوو. تەنانەت ئەحمەد شەرع بە راشکاوانە بە مەزڵووم عەبدیی گوتووە، تاوەکو ئەو رێککەوتننامەیە واژۆ نەکرێت سوپای سووریا بەردەوام دەبێت لە گەمارۆدانی حەسەکە، بەڵام بەڵێنیشی بە تۆم باراک داوە کە نەچێتە نێو حەسەکە. تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە مۆڵەت بە مەزڵووم عەبدی دراوە، ئەگەر بە مەرجەکانی دیمەشق رازی نەبن، سوپای سووریا لە پێشڕەوی بەردەوام دەبێت.