مانۆڕە سەربازییەكانی ئێران، بایدن و نەتانیاهوو

 
لە دوایین 20 رۆژی ویلایەتی ترەمپ و لە سەروبەندی دەستبەكاربوونی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكادا، ئێران 10 مانۆڕی سەربازیی قورسی ئەنجامداوە، واتە هەر دوو رۆژ یەک مانۆڕی سەربازی. رێژەیەک لە ئاگر، بارووت، چەكوچۆل، مووشەک و تەقەمەنی كە بۆ وڵاتێک كە بە فەرمی لە شەڕدا نییە پێشینەی نەبووە. جێگەی پرسیارە بۆ وڵاتێک بەو وەزعە نالەبارە ئابووریەی ئێرانەوە چ هۆكارێک لەئارادایە كە ئەو هەموو تێچووە بۆ مانۆڕی سەربازی دابین بكات؟ پێویستیی نمایشی لەو شێوەیە چییە؟
 
ئیسرائیل
 
هیچ سەرۆكێكی ئەمریكا هێندەی ترەمپ مایەی دڵنیایی و پشتگەرمیی ئیسرائیل نەبووە و تەلئەبیب هێندە نەشئەی ترەمپ بوو كە هەرگیز تەسەوری نەدەكرد بۆ خولی دووەمی ویلایەتی هەڵنەبژێردرێتەوە. هەم ئیسرائیل هەم وڵاتانی كەنداو و تەنانەت خودی ترەمپیش یەكلاییكردنەوەی پرسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیان چ لەڕێگەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەوە بووبێت و چ لەڕێگەی بەگژداچوونی سەربازییەوە دانابوو بۆ خولی دووەمی ویلایەتی ترەمپ. ئیسرائیل تاوەکو رادەیەكی زۆر دڵنیابوو كە ئەگەر سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار كۆماری ئیسلامیی ئێران نەگەوزێنێت ئەوا ترەمپی خولی دووەم لە بەكارهێنانی بژارەی سەربازیدا دوودڵ و نیگەران نابێت و هەر ئەم تێڕوانینەش ئیسرائیلی بەو باوەڕە گەیاندبوو كە پێویست ناكات خۆی بە تەنیا و بە شێوازی تاكلایەنە بۆ رەواندنەوەی مەترسییەكانی ئێرانی ئەتۆمی بیر لە بژارەی سەربازی بكاتەوە؛ بەڵام ئێستا كە خەونی خولی دووەمی ویلایەتی ترەمپ گۆڕدراوە بۆ مۆتەكەی پیرترین، سۆشیالیستترین و ئۆباماییترین كابینەی مێژووی ئەمریكا، ئەوا ئیسرائیل تاوەکو رادەیەک لە ئەمریكا بێهیوا بووە و بەرەو ئەو بڕوایە دەڕوات كە پێویستە لە كورتترین ماوەدا بنكە و دامودەزگا ئەتۆمیەكانی ئێرانی لە یەخە ببێتەوە تەنانەت ئەگەر لەڕێگەی هێرشی سەربازیشەوە بێت. ئیسرائیل كە بەئەتۆمیبوونی هیچ وڵاتێكی دیكەی لە ناوچەكەدا پێ تەحەمول ناكرێت و پێشینەی هێرشكردن و لەناوبردنی دامودەزگا ئەتۆمیەكانی سەدام و ئەسەدیشی لە كارنامەدایە، رێک لەو كاتەدا كە ترەمپ رادەستكردنی دەسەڵاتی لە ماوەی دیاریكراودا راگەیاند، سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە مۆساد و وەزارەتی بەرگریی راسپارد سێ پلانی سەربازی بۆ هێرشكردنەسەر ئێران داڕێژن كە دواتر بڕیار لەسەر پەسندكردنی یەكێكیان بدرێت. جدییەتی ئەم پلانەی ئیسرائیل بە رادەیەک بوو كە رووسیا رەزامەندیی دەربڕیی بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی ئیسرائیل، ئێران لە سووریا وەدەرنێت و لە سنوورەكانی ئیسرائیلی دووربخاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی تێپەڕینی ژێردەریاییە ئەتۆمییەكەی ئیسرائیل لە سوئێز و هاتنی بۆ نزیک ئاوە نیشتمانییەكانی ئێران و بەتایبەت لەڕێگەی رووسیاوە، ئێرانیش لە ناسكیی دۆخەكە و جددییەتی ئیسرائیل تێگەیشت. هەموو ئەمانە بنێنە پاڵ ئەوەی كە ترەمپ لە دوایین رۆژەكانی دەسەڵاتیدا ئیسرائیلی لەژێر چەتری فەرماندەیی ئەوروپای هێزەكانی ئەمریكا دەرهێنا و خستیەژێر چەتری پشتیوانیی سەنتراڵ كۆمۆند (سنتكام). ئەمەش ئەو گومانەی لای ئێرانییەكان دروستكردووە كە هەر لەسەر ئامۆژگاریی راوێژكارە وەفادارەكانی ترەمپ كە هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و رێككەوتنێكی نوێیان لەگەڵ ئێران پێ هەزم ناكرێت، ئیسرائیل بیەوێت لەڕێگەی دەستپێشخەریی هێرشی سەربازییەوە دەوڵەتی بایدنیش پەلكێشی شەڕی سەربازی لەگەڵ ئێران بكات. هەربۆیە ئێران بیری لە نواندنی هەموو توانا سەربازییەكانی كردەوە و بۆ ئەم مەبەستە دەستبەجێیەش ئەنجامدانی زەنجیرەیەكی چڕی مانۆڕی سەربازیی خستە بەرنامەی كارەوە كە تێیدا چەكی نوێ و بەتایبەت مووشەكی زیرەكی خستەڕوو كە لە هۆشی دەستكرد كەڵك وەردەگرێت و بەپێی قسەی بەرپرسە سەربازییەكانی ئێران بێت 1800 کیلۆمەتر مەودا دەبڕێت، ئەمەش بە واتای گەیشتنی ئاسانیان بە ئیسرائیل دێت.
 
ئەمریكای بایدن
 
راستە ئێران و بەرپرسە ئێرانییەكان لە هەموو لێدوانەكانیاندا گوشارەكانی ترەمپ بێ ‌باندۆر و ناكاریگەر ناوزەد دەكەن، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە كە رێك و راست هەر گوشارەكانی ترەمپ ئێرانی تاوەکو لێواری داڕمانی ئابووری بردووە و ئێران هیچ بژاردەیەكی دیكەی جگە لە دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكای لەبەردەستدا نەماوە. هەرچەند دۆڕانی ترەمپ و ئاماژە ئەرێنییەکانی بایدن، متمانەبەخۆیی و وەهمی بەهێزی ئێران و بەرپرسە ئێرانییەكانی تاوەکو ئاستی غورورێكی ترسناک بەرزكردووەتەوە، بەڵام ئێران بە باشی ئاگاداری ئەوەشە كە بەهۆی گوشارەكانی ترەمپەوە، لە ئەگەری دانوستان و وتووێژ لەگەڵ ئیدارەی بایدندا جگە لە بواری سەربازی دەستی لە هەموو بوارێكەوە ئێجگار بەتاڵە و لە پێگەیەكی لاوازدایە و ئێرانیەكانیش لە هەمووان باشتر دەزانن دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان بۆ لایەنی لاواز و بێهێز بە واتای دۆڕان دێت. هەربۆیە یەكێكیتر لە هۆكارەكانی ئەنجامدانی 10 مانۆڕی قورسی سەربازی لە 20 رۆژدا ئەوەیە كە ئێران دەیەوێت سەرەڕای چاوسووركردنەوە لە ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، پێگەی خۆشی لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی بایدن بەهێز بكاتەوە.
 
10 دەگۆڕێتەوە بە هەشت و هەشت ئەگرێتە مشت
 
گۆڕینی ئیدارەی ئەمریكا رەنگە مەترسیی گورزی سەربازیی ئەمریكای بۆ ئێران دوورخستبێتەوە، بەڵام سەبارەت بە ئیسرائیل دۆخەكە مەترسیدارتر دەكاتەوە و رەنگە ئەمریكاش بە شێوازێكی نەخوازراو پەلكێشی بەرگری لە ئیسرائیل ببێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا، ئاشكرایە ئێران وێڕای ئەوەی لەگەڵ تەنگەژەی دژواری ئابووریدا دەستەویەخەیە، بەڵام بۆ ئامانجێكی گرنگتر ئامادەیە پارە و هێزی مرۆیی فراوان خەرج بكات. ئەم زەنجیرە مانۆڕە سەربازییە چڕانەش دەكرێت هەر لەم چوارچێوەیەدا بخوێنرێتەوە.