لەو شوێنەوە کە سەلامەتی دەست پێدەکات و ترس هەرگیز کۆتایی نایێت
پێش ئەوەی بچینە نێو ساڵی نوێ، جێی خۆیەتی ساتێک بوەستین. ژیانمان خێرا دەڕوات، رۆژەکانمان جەنجاڵن و جیهانیش پڕە لە ژاوەژاو، بەڵام هەندێکجار پرسیارە هەرە سادەکان، راستییە هەرە قووڵەکان ئاشکرا دەکەن. با هەندێ لەو پرسیارانەتان لێبکەم.
ئایا ئەمڕۆ بە تەندروستی لە خەو هەستایت، یاخود لانیکەم هێندە باش بوویت کە رۆژەکەت بەڕێبکەیت؟ ئەگەر وایە، ئەوا تۆ سەر بە بەشە خواپێدراوەکەی مرۆڤایەتیت. نزیکەی دوو ملیار کەس چاودێریی تەندروستیی سەرەتاییان دەست ناکەوێت. ساڵانە زیاتر لە 15 ملیۆن کەس بەو نەخۆشیانە دەمرن کە دەکرێت چارەسەر بکرێن یان رێگرییان لێبکرێت. کاتێک لە خەو هەڵدەستیت و هەست بە هەبوونی ترس لەسەر ژیانت ناکەیت، ئەوا لە دیمەنە جیهانییەکەدا، شتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو شانسە.
ئایا ئەمڕۆ هیچ بۆمبێک لە شارەکەت، گوندەکەت یان گەڕەکەکەت نەکەوتە خوارەوە؟ ئەگەر وابێت، تۆ بە سەلامەتی دەژیت. ئێستا زیاتر لە 120 ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەرن. نزیکەی 40%ی دانیشتووانی جیهان لەژێر فەرمانڕەوایی ئەو حکومەتانەدا دەژین کە ئازادییە سەرەتاییەکانیان کۆتوبەند کردووە. لەخەوهەستان لەنێو بێدەنگیدا، لەجیاتی راچڵەکین بەهۆی دەنگی تەقینەوەوە، ئەزموونێک نییە هەمووان هەیانبێت، بەڵکو بەختێکی ناسکە. ئایا ماڵت هەیە، بانێکت هەیە بتپارێزێت، شوێنێکت هەیە کلیلەکەیت بەدەستەوەبێت؟ ئەگەر وایە، تۆ سەر بەو کەمینە جیهانییەی کە سەقامگیری و ئارامییان هەیە. زیاتر لە 700 ملیۆن کەس برسین. زیاتر لە دوو ملیار کەس ئاوی خاوێنیان دەست ناکەوێت. ملیۆنان کەس لە کەمپەکان، لە کاوڵە وێرانبووەکان، لە چادر یان لە دەشت و دەر دەژین. گەڕانەوە بۆ ماڵ، شتێکە کە زۆر کەس هەرگیز پێی شاد نابن.
ئایا ئەمڕۆ تێرت خواردووە و دڵنیایت کە سبەیش پارووێکت دەبێت؟ ئەگەر وایە، تۆ لە ئاسایشێكدا دەژیت کە ملیاران کەس لێی بێبەشن. ئەگەر بژاردەی ئەوەت هەبێت کە چ خواردنێک دەخۆیت و چی ناخۆیت، نەک خەمی ئەوەت بێت کە ئایا هەر شتێکت دەستدەکەوێت بۆ خواردن، ئەوا سامانێکی شاراوەت هەیە. دەتوانیت بخوێنیتەوە و بنووسیت؟ ئایا بەبێ ئاستەنگ لەم دێڕانە تێدەگەیت؟ کەواتە خاوەنی بەهرەیەکیت کە 760 ملیۆن کەس ناتوانن بخوێننەوە و بنووسن. نەخوێندەواری لەلای مرۆڤ دەرفەتەکان، مافەکان و شکۆمەندی سنووردار دەکات. خوێندنەوە تەنیا بەهرەیەک نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ جیهان.
ئایا دەتوانیت ئازادانە بە زمانی دایک قسە بکەیت، بەبێ ترس و سزا؟ کەواتە دەنگت پارێزراوە. زۆر کەس لەم ئازادییە بێبەشن. گەلی کورد باش ئاشنای ئەم مێژووەیە. لە ساڵی 1988 لە هەڵەبجە، تەنیا لە یەک نیوەڕۆدا زیاتر لە 5000 کەس کوژران. لە پرۆسەی ئەنفال دا زیاتر لە 180,000 کورد لە گوند و دۆڵەکاندا کۆمەڵکوژکران. جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 بووە هۆی گیانلەدەستدانی 5000 کەس و رفاندن و بەکۆیلەکردنی زیاتر لە 6000 ژن و منداڵ. زیاتر لە 11,000 شەڕڤانی گەنجی کورد لە رۆژئاڤا، لە ژن و پیاو، لە شەڕی دژی گرووپی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) گیانیان لەدەستدا. ئەوان بەرگرییان لە خێزانەکانیان، دراوسێیەکانیان و تەواوی ناوچەکە کرد لە دژی رێکخراوێکی تیرۆریستی کە شارەکانی کردبووە ئاگر و ژیانی کردبووە دۆزەخ. قوربانیدانی ئەوان بیرخەرەوەی ئەوەیە کە هەبوونی ژیانێکی ئاسایی بە یەکسانی بەر هەموو کەس نەکەوتووە. هۆکاری ئەوەی کە هەندێک کەس سەلامەتی و ئاسایشیان هەیە، ئەوەیە کە هەندێکی دیکە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، لە کاتێکدا جگە لە بەرگری، هیچیان بەدەستەوە نەبووە، زۆرجاریش لەلایەن ئەو جیهانەی کە دواتر لە بەرخودانیان سوودمەند بووە، هیچ پشتیوانییەکی نەکردوون.
ئایا دەتوانیت ئەو رەنگە بپۆشیت کە دەتەوێت، بیروڕای خۆت دەرببڕیت و رەخنە لە دەسەڵات بگریت؟ ئەگەر وابێت، تۆ لە یەکێک لە ئاسۆیە دەگمەنەکانی ئازادیی جیهانی دا دەژیت. زیاتر لە 3.3 ملیار کەس ئەو ئازادییەیان نییە. لە زۆر وڵات، یەک وشە، یەک هێما یان تەنانەت یەک پارچە جل، دەکرێت ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانت.
ئایا ئەمڕۆ نامەیەک، ئیمەیڵێک، یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیت پێگەیشت؟ کەواتە تۆ لەگەڵ کۆمەڵگەدا لە پەیوەندیدایت. زیاتر لە دوو ملیار کەس لە جیهان دا پەیوەندی دیجیتاڵییان نییە. بێدەنگی هەمیشە ئارامی نییە. زۆرجار دابڕان و پەراوێزخستنە. ئامانج لەم پرسیارانە ئەوە نییە شەرم داتبگرێت، بەڵکو فراوانکردنی ئاسۆی بینینتە. بەهرەکەت گرنگە. کارەکەت گرنگە، بەڵام شوێنی لەدایکبوونت، ژینگەی سیاسیت و ئەو ساتە مێژووییەی تێیدایت بە هەمان ئەندازە گرنگن. زۆر کەس لە نێو مەترسیدا لەدایک دەبن، نەک لەبەرئەوەی شایستەی [ژیانێکی] کەمترن، بەڵکو چونکە جیهان هاوسەنگ و دادپەروەر نییە.
دەروونناسی دەریدەخات کە سوپاسگوزاری بەرهەمی هەست و سۆز نییە، بەڵکو شێوازێکی بیرکردنەوەمانە کە رەفتارەکانمان دیاری دەکات. ئەو کەسانەی سوپاسگوزارن، زیاتر هاوسۆزی، بەخشندەیی و بەرپرسیارێتی دەنوێنن. سوپاسگوزاری ئەو وەهمە دەڕەوێنێتەوە کە دەڵێت، ژیان تەنیا ئەنجامی هەوڵی تاکەکەسییە. لەڕووی سیاسییەوە، سوپاسگوزاری، هۆشیارییە. ئەو نایەکسانییانە دەخاتەڕوو کە ئەوانەی لێیان سوودمەندن، نایانبینن. سوپاسگوزاری، دەریدەخات کە ئازادی چەندە ناسکە، سەلامەتی چەند بە ئاسانی دەکرێت داخورێت و راستی چەند بە خێرایی ون دەبێت کاتێک کۆمەڵگەکان لاوازیی خۆیان لەبیر دەکەن.
زانستی مرۆڤناسی بیرمان دەخاتەوە کە مرۆڤایەتی یەک توخمە. جیاوازییە بایۆلۆجییەکان بچووکن. کولتوورەکان جیاوازن. مێژووەکان لێک جیان، بەڵام بناخەکانی مانەوەی مرۆڤ گەردوونین: مرۆڤ پێویستی بە ئاسایشە. حەزی لە ئامێزگرتن و پەنادانە، تامەزرۆی خۆشەویستییە. مێژوو نیشانی دەدات کە چەند بە خێرایی دەکرێت کۆمەڵگەکان داڕمێن. دیموکراسییەکان بە چرکەساتێک ناڕووخێن، بەڵکو بەهۆی ترس، بێکاری و بە ئاسایی سەیرکردنی نایەکسانی دادەخورێن. ئەگەر سوپاسگوزاری وەک جۆرێک لە هۆشیاریی سیاسی سەیر بکرێت، رێگری لەم داخورانە دەکات.
ساڵی نوێ ململانێیەکانی جیهان ناسڕێتەوە، بەڵام دەتوانێت بیرمان بخاتەوە کە ئێمە لە دەستمان دێت دەستەوستان نەوەستین. دەتوانین بەرگری لە راستی بکەین. دەتوانین دژی رق بوەستینەوە. دەتوانین خەمخۆری یەکدی بین. دەتوانین کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە پشت لە ئازارەکان نەکات. ناتوانین هەمووان رزگار بکەین، بەڵام دەتوانین رەتی بکەینەوە کە بێباک و خەمسارد بین. دەکرێت ساڵی نوێ بە پرسیارێکی سادە دەست پێبکات: چەند بەختت هەیە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت؟ هەروەها ئەم بەختە چی لێدەکەیت و چۆن بەکاری دێنیت، بۆ خۆت و بۆ ئەو جیهانەی تێیدا هاوبەشی؟
*د. یان ئیلهان کزلهان، دەروونناس و توێژەرێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە. پسپۆڕە لە بواری تووندوتیژی دەروونی، تیرۆر، جەنگ و سایکۆلۆجیای نێوان کولتوورەکان. لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیاوە میدالیای فیدرالیی ئەڵمانی پێدراوە.