ئایا بڵقی بەهای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا دەتەقێت؟

 
سەردەمانێک 7 کۆمپانیای گەورەی نەوتیی جیهان کە دەسەڵاتیان بەسەر سیستمی دارایی جیهان دا هەبوو بە 7 خۆشکەکە ناویان دەرکردبوو، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی کۆرۆنا و گەشەی بەرچاوی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا، 7 کۆمپانیای گەورەی جیهان، کە کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆجیان  بە " 7 زەبەلاحەکە" ناویان دەرکردووە:  ئێنڤدیا، مایکرۆسۆف، ئەپڵ، ئەڵفابێت، ئامازۆن، مێتا و تێسلا.
 
ئەمانە 7 کۆمپانیا زەبەلاحەکەی جیهانن کە هەرزانترینیان کۆمپانیای تێسلایە کە بەهاکەی 1.43 تریلیۆن دۆلارەو گرانترینیشیان ئینڤیدیایە کە بەهاکەی 4.5 تریلیۆن دۆلارە.
 
کۆی بەهای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا گەیشتە زیاتر لە 22 تریلیۆن دۆلار، بەڵام لە ماوەی یەک هەفتەدا پاشەکشەیەک لە بەهای پشکی ئەو کۆمپانیانەدا دەبینرێت و نزیکەی دوو تریلیۆن لە بەهاکەیان کەمبووەتەوە. جگە لە کۆمپانیای ئەلفابێت، کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی تەکنۆلۆجیا هەموویان بەهای پشکەکانیان لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دابەزین. بەهای کۆمپانیای ئامازۆن بەڕیژەی 6٪ و مایکرۆسۆفت بەڕێژەی 7٪ دابەزین. بەهای کۆمپانیای ئۆراکڵ یەکێکی دیکە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری چیپی ئەلێکترۆنی بە رێژەی 11٪ دابەزی. بەهای کۆمپانیاکانی دیکەی بواری تەکنۆلۆجیا وەک ئەو کۆمپانیانەی کە لە تەکنۆلۆجیای کۆمپیوتەری کوانتۆمی کار دەکەن بە رێژەی 10٪ تاوەکو 13٪ دابەزین. دابەزینی بەهای پشکی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا هێندە بەرفراوان بوو کە تەنانەت بەرزبوونەوەی قازانج و داهاتی بەرچاوی کۆمپانیای ئێنڤیدیا لە چارەکی سێیەمی ئەم ساڵ دا نەیتوانی هەستێکی ئەرێنی لەنێو بازاڕی کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆجیادا دروست بکات. (رەی دالیۆ)، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندووقی وەبەرهێنانی (برێج واتەر) رایگەیاندووە کە بە دڵنیاییەوە بڵقی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا پێشتر دروستبووە. لەم مانگەدا تاوەکو ئێستا کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆجیا بەهای پشکەکانیان تێکڕا دوو تریلیۆن دۆلار دابەزیوە.
بۆچی بڵق؟
 
هەرچەندە پێشکەوتنەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لە بواری تەکنۆلۆجیا و ژیریی دەستکرد زۆر سەرسوورهێنەر و خێران، بەڵام بازرگانان و وەبەرهێنەران گرەوی زۆریان لەسەر بەردەوامی و بەدیهاتنی خەونەکان و پڕۆژەکانی ژیریی دەستکرد کردووە، ئەوەش بەهای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیای گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی و مەترسیدار.  یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکان ئەوەیە کە کۆی بەهای بازاڕی پشکەکانی ئەمریکا ئێستا زیاترە لە 200%ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتەیە. ئەم رێژەیە تەنانەت زیاترە لەوکاتەی کە لە ساڵی 2000 دا بڵقی کۆمپانیاکانی ( ئینتەرنێت) دروست بوو کە بە ( دۆت کۆم ) دەناسران.  ئەو کاتە بەهای کۆمپانیاکانی بواری ئینتەرنێت بەرزبووەوە بۆ 150٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئەمریکا.
 
یەکێک لە پێنوێنە گرنگەکانی بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا، (S&P 500)ـە کە بەهای پشکی 500 کۆمپانیای گەورەی ئەمریکا دەستنیشان دەکات. رێژەی سەرمایە بە قازانج لەو کۆمپانیانەدا بەرزبووەتەوە بۆ 23 ، بە واتایەکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی یەک دۆلار قازانج لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا، بازرگانان 23 دۆلار وەبەرهێنانیان کردووە (پشکی ئەو کۆمپانیانەیان کڕیوە). ئەم رێژەیە زۆر بەرزە. بۆ کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا تەنانەت رێژەکە زیاترەو ئێستا 28ـە. بە شێوازی ئاسایی ئەو رێژەیە دەیان ساڵە نزیکەی 18 بۆ 19 دۆلار بووە. واتە گرەوی بازرگانان قورسە و ئەو پارەیەش کە خراوەتە بازاڕی پشکەکانەوە زیاترە لە ئاراستەی ئاسایی جووڵەی پشکەکان لە دەیان ساڵی رابردوودا.
 
لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە تەنیا گرووپێکی بچووک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنۆلۆجیا، وەک ئێنڤیدیا، مایکرۆسۆفت، ئەمازۆن، ئەلفابێت و مێتا  نزیکەی یەک لەسەر سێی تەواوی بەهای S&P 500 پێکدەهێنن. 
 
مێژوو دەریخستووە کاتێک بەشێکی زۆری بەهای بازاڕ پشت بە ژمارەیەکی کەمی کۆمپانیایەکان دەبەستێت، خۆڕاستکردنەوەی بازاڕ دوای پاشەکشەیەکی گەرە، زۆر ئەستەم دەبێت.
 
خەرجیی زۆر و قازانجی کەم
 
نیگەرانییەکی دیکە ئەوەیە کە قازانجی راستەقینەی کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا هێشتا لەگەڵ ئەو پارە زۆرەدا ناگونجێت کە لە ژیریی دەستکرد دا وەبەرهێنانیان پێوەکردووە. لە دوو ساڵی رابردوودا کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا هەریەکەو تێکڕا نزیکەی 30 بۆ 40 ملیار دۆلاریان لە دروستکردنی سیستەمی "ژیریی دەستکرد" خەرجکردووە، کەچی 95%ـی هەمان ئەو کۆمپانیانە کاتێک راپۆرتە داراییەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە، دەردەکەوێت هێشتا لەو وەبەرهێنانانەی کە کردوویانە لە ژیری دەستکرد دا، قازانجێکی ئەوتۆیان نەکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیا گەورەکانی تەکنۆلۆجیا پلانیان هەیە قەرزێکی یەکجار زۆر بکەن بۆ دابینکردنی سەرمایە بۆ پڕۆژەکانیان. بەپێی هەندێ خەمڵاندن، لە نێوان ساڵانی 2025 بۆ 2028 ، کۆمپانیا گەورەکان پلانیان هەیە تاوەکو 1.2 تریلیۆن دۆلار قەرز بکەن بۆ پڕۆژەکانیان لە بواری دروستکردنی سەنتەری داتا و بەرهەمهێنانی چیپ. ئەمەش مانای ئەوەیە پارەیەکی زۆر قەرز دەکرێت و خەرج دەکرێت لە ژیرخانی ژیریی دەستکرد دا کە رەنگە کاتی زۆری پێویست بێت بۆ ئەوەی قازانجی خۆی بداتەوە. بەوپێیەش بەهای ئێستای پشکی ئەو کۆمپانیانە، رەنگدانەوەی ئەو توانایەیە کە رەنگە لە داهاتوودا رووبدات نەک توانای ئێستای ئەو کۆمپانیانە.
 
زەنگی مەترسی لە دامەزراوە داراییەکانەوە
 
دامەزراوە داراییەکان و چاودێرانیش زەنگی مەترسی لێدەدەن. بانکی ناوەندیی بەریتانیا هۆشداریداوە کە "بەهای پشکی کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا هەڵئاوساوە و بە سەردەمی دۆت-کۆم دەچێت". لە ئەمریکاش، نوێنەرانی کونگرێس وەک ئەلێکساندەریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز هۆشدارییان داوەو رایانگەیاندووە،"گەشەی ئێستای ژیریی دەستکرد دەتوانێت مەترسیی هاوشێوەی قەیرانی دارایی  2008 بۆ سەر سیستەمی دارایی دروست بکات، ئەگەر بڵقەکە لەناکاو بتەقێت". ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مەترسییەکان تەنیا پەیوەست نین بە وەبەرهێنەرانەوە، بەڵکو بوونەتە پرسێک و نیگەرانییەکی ئابووریی گەورەتر و بەرفراوانتر. لەگەڵ ئەوەش دا هەرچەندە زۆر لە ئاماژەکان بۆ ئەگەری دروستبوونی بڵقی تەکنۆلۆجیا و ژیریی دەستکرد دەچن وەک بەهای خەیاڵی، کۆبوونەوەی سەرمایە لە چەند کۆمپانیایەک دا، خەرجیی زۆر بەبێ قازانجی روون و، زیادبوونی هۆشداریی چاودێران، بەڵام هەموو شارەزایان و ئابووریناسان لەسەر مەترسی بڵقی تەکنۆلۆجیا هاوڕانین. هەندێک لە شرۆڤەکارەکان دەڵێن ژیریی دەستکرد لە دوورمەودادا بەرهەمهێنان زیاد دەکات و بازاڕ خۆی لەگەڵ سەردەمێکی تەکنۆلۆجیای نوێ دەگونجێنێت و بەوپێیەش بڵق دروست نابێت و ناتەقێت. پرسیارە سەرەکییەکە ئێستا ئەوەیە ئایا کۆمپانیاکان دەتوانن وەبەرهێنانەکانیان لە ژیریی دەستکرددا تاوەکو یەک یان دوو ساڵی داهاتوو بکەنە قازانجی راستەقینە؟ ئەگەر ئەوە رووبدات رەنگە مەترسی تەقینی بڵقی تەکنۆلۆجیا کەم بێتەوە یان هەر روونەدات.