سەرلەنوێ فێربوونەوەی ئاشتی لە تورکیا

 
لە تورکیا، دوای ساڵانێک لە ئیفلیجبوونی سیاسی، جموجووڵ کەوتووەتەوە نێو ململانێی دوورودرێژ و بە ئازاری نێوان دەوڵەت و بزووتنەوەی کوردی. دوای دەیان ساڵ لە تووندوتیژی، دابڕان و هیوای بەدینەهاتوو، چەند ئاماژەیەکی کز، بەڵام واتادار دەرکەوتوون ئەوە دەردەخەن کە دەکرێ سەرەتای قۆناخێکی نوێ بێتە ئاراوە. کشانەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە خاکی تورکیا و ئاماژە سەرەتاییەکان بۆ چەکدانان، رژدبوونێکی وەهای بەم دۆخە بەخشیوە کە ماوەیەکی زۆرە بەدینەکراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، رێگەی بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام، هێشتا پڕە لە مەترسی.
 
ئەم ململانێیە چیدیکە تەنیا بابەتێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکو بەستراوەتەوە بە رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاست کە گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
 
لە سووریا، هێزە کوردییەکان کە لە کۆنەوە پەیوەندییان بە بەشێکی پەکەکەوە هەبووە، شانبەشانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی داعش شەڕیان کرد. ئەوان لە باکووری ئەو وڵاتە قەوارەیەکی سیاسییان دامەزراندووە کە ئێستا لەگەڵ حکومەتی کاتی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) لە تەنگژەدایە. ئەنقەرە بە نیگەرانییەوە لەم دۆخە دەڕوانێ، چونکە تێدەگات کە رەنگە گۆڕانکارییە هەرێمییەکان مەترسی بخەنە سەر هەر پرۆسەیەکی ئاشتی لە داهاتوودا یان بەلاڕێیدا ببات. لە نێوخۆی تورکیاشدا، گرووپە نەتەوەپەرستەکان و تووندڕۆیە سیاسییەکان دەستیان بە جووڵە کردووەتەوە، هەڕەشە کۆنەکان زیندوو دەکەنەوە و بێمتمانەیی قووڵتر دەکەن.
 
پێش ئەوەی گفتوگۆکان دەستپێبکەن، ململانێ لەسەر "ترس و مێژوو" دەستیپێکردووە.
 
من لە تورکیا، عێراق، سووریا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نزیکەوە بینیومە کە چۆن تووندوتیژی خێزانەکان، گەڕەک و تەواوی کۆمەڵگەکان پەرتەوازە دەکات، هەروەها ساڕێژبوونەکەشی چەندە هێواش و بە ئازارە. ئاشتی لەسەر مێزی دانوستاندن لەدایک نابێت، بەڵکو لە هزر و بیری ئەوانەدا دەڕوێت کە ئازاریان چەشتووە. پرسیارە سەرەکییەکە ئێستا ئەمەیە: ئایا کۆمەڵگەی تورکیا ئامادەیە و توانای ئەوەی هەیە درێژە بە پرۆسەی ئاشتەوایی بدات؟ داننان بە ئازارەکان، مسۆگەرکردنی دادپەروەری، رێگری لە سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی، رەخساندنی دەرفەتی پێکئاشنابوونی راستەقینە و وێناکردنی داهاتوویەکی هاوبەش، تەنیا بیردۆزی فەلسەفی نییە، بەڵکو مەرجی رزگاربوونی سیاسین.
 
ئاوڕدانەوەیەک لە هەوڵەکانی پێشوو، ئەوە دەردەخات کە پێشتریش ئومێد هەبووە. پەیامی نەورۆزی ساڵی 2013ـی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دیدارەکانی ئیمراڵی و رێککەوتنی دۆڵمەباخچە لە ساڵی 2015، هەموویان ئەو پەنجەرانە بوون کە بە خێرایی داخران. هەرەسهێنانیان راستییەکی بەئازاریان ئاشکراکرد: دانوستاندن ناتوانێ بەردەوام بێت کاتێک بێمتمانەیی و ململانێی سیاسی بناخەکانی تێکدەشکێنن. بارگرانییەکانی رابردوو کە چارەسەر نەکرابوون - وەک داننەنان بە قوربانییەکانی بکەر نادیار، برینە ئابوورییەکان و زەبری دەروونیی بەکۆمەڵ - هەرگیز بە تەواوی هەڵوەستەیان لەسەرنەکرا. هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێ گفتوگۆ لەسەر داهاتووی خۆی بکات، ئەگەر ئامادە نەبێت رووبەڕووی رابردووی خۆی ببێتەوە.
 
لە دۆخێکی وەهادا، کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی ئاشتەوایی نیشتمانی کە تازە دامەزراوە و نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی دەکات، سەنگێکی تایبەتی هەیە. ئەرکی ئەم کۆمیسیۆنە کە بریتییە لە دروستکردنی پرد لەنێوان دەوڵەت، کۆمەڵگە و کەمینەکان، دەکرێ چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی متمانەپێکراوی لێ دروست بێت، بەڵام تەنیا بەومەرجەی سەربەخۆیانە کاربکات، فرەدەنگی قبووڵ بکات و پشت بە پسپۆڕانی شارەزا ببەستێت. ئاشتی تەنیا پڕۆژەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی دەروونیشە. ئەو کۆمەڵگەیانەی دەیان ساڵە لە ململانێدان، جۆرێک لە زمانی رەق پەرەپێدەدەن کە وادەکات دووژمنایەتی وەک شتێکی ئاسایی دەربکەوێ، ئەوەش هاوسۆزی لاوازدەکات و سازشکردن بە ناڕەوا دەبینێ. ئەگەر بە پێداگیرییەوە هەڵوەستە لەسەر یادەوەریی بەکۆمەڵ نەکرێ، متمانە تەنیا وەک بەڵێنێکی کاتی دەمێنێتەوە. ئەگەر سیاسەتێکی "یادەوەریی تورکی-کوردی" هەبێت کە لە قوتابخانە، میدیا و دامەزراوە کولتوورییەکان رەنگبداتەوە، دەکرێ ئەڵقەکانی ئەم گێژاوە تێکبشکێندرێن.
 
دەبێت دادپەروەری سەنتەر و تەوەر بێت. ئەزموونەکانی ئەفریقای باشوور، ئایرلاندی باکوور و کۆڵۆمبیا دەریدەخەن کە گەڕان بەدوای راستی، قەرەبووکردنەوە و لێپرسینەوە تەنیا ئەوکاتە سەردەگرن کە قوربانییان وەک کارەکتەرێکی کاریگەر سەیربکرێن نەک وەک کەسانی سیمبوولی. بۆ تورکیا، دامەزراندنی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان و گوێگرتن لە قوربانییان لە ناوچە جیاوازەکان و ئەنجوومەنی راوێژکاریی قوربانییان، دەکرێ هەنگاوێکی یەکلاییکەرەوە بێت. ئاشتەوایی بەبێ دادپەروەری، ئاشتەوایی نییە، سڕینەوەیە.
 
خاڵێکی گرنگی دیکە، رەخساندنی دەرفەتی ئاشنابوون بە یەکدییە بە شێوەیەکی دڵسۆزانە و رێزدارانە. پڕۆگرامە پەروەردەییە هاوبەشەکان، هاوبەشیی ئابووری و دەستپێشخەرییەکانی بنیاتنانەوەی نێوخۆیی دەتوانن رق و کینە کەمبکەنەوە، ئەگەر لەسەر بنەمای هاوکاریی راستەقینە بن. هەروەها ئاشتی پێویستی بە ژێرخانێکی دەروونی-کۆمەڵایەتییە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەوانەی لەگەڵ میراتی تووندوتیژیدا دەژین، وەک سەنتەری راوێژکاری، شوێنی پارێزراو بۆ ژنان و منداڵان، هەروەها پشتیوانیی تایبەت بە زەبری دەروونی. گەرەنتی سیاسی، ئەو خاکەیە کە تێیدا متمانە رەگ دادەکوتێ. بەبێ سەروەریی یاسا، ئاشتی هیچ نابێت جگە لە وەستانێکی کاتی و لەرزۆکی ململانێ. کێبڕکێی سیاسیی دادپەروەرانە، خۆبەڕێوەبردنی خۆجێیی، مافە کولتوورییەکان و چاکسازیی رۆشن لە دۆسیەی ئەمنیدا کۆڵەکەی سەرەکیی سەقامگیرین. سەرئەنجام ئاڵنگارییەکە تەنیا هێنانەخوارەوە و تێکەڵکردنەوەی پەکەکە نییە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی چۆنیەتیی وێناکردنی داهاتووی هاوبەشە لەلایەن کورد، تورک و پێکهاتەکانی دیکەوە.
 
یەکێک لەو بابەتانەی کە هەستیارترینە، بەڵام خۆلێدان لێی ئەستەمە، پەیوەندی بە گەڕانەوە و تێکەڵبوونەوەی گەریلاکانی پێشووی پەکەکەوە هەیە. ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە دەستبەرداری تووندوتیژی دەبن، دەبێ رێگەی یاسایی و کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێتەوە بۆ گەڕانەوە، شیاندنەوە و بەشداریکردن [لە کایەی کۆمەڵایەتی و سیاسی]. بەبێ هەبوونی رێچکەی لەم شێوەیە، ئاشتی تاکلایەنانە دەمێنێتەوە و بەو هۆیەشەوە نێوبۆش دەبێت. کۆڵۆمبیا و ئایرلاندی باکوور دەریدەخەن کە لێبووردنی مەرجدار، رێکارەکانی دادپەروەریی چاکسازیخوازانە و پڕۆگرامەکانی تێكەڵکردنەوەی دەتوانن سەرکەوتووبن ئەگەر رۆشن بن و قوربانیانیش بە شێوەیەکی کارا تێیدا بەشداربن. دیموکراسی بەوە پێوانە ناکرێ کە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانەکان دەکات، بەڵکو بەوە دەپێورێ چۆن ئەوانە لەخۆدەگرێتەوە کە رۆژگارێک دژی جەنگاون. تورکیایەک کە ئامادەبێت ئەم هەنگاوە بنێت، ئامادەیی خۆی نیشاندەدات بۆ پێشوازیکردنەوە لە کوڕان و کچانی وڵاتەکەی وەک هاووڵاتی، نەوەک وەک دووژمن.
 
ئاشتەوایی کاتێک دەستپێدەکات کە خەڵک هەست بکەن ئازارەکانیان دانپێدانراوە و دادپەروەریش بووەتە شتێکی بەرجەستە. پێکئاشنابوون کاتێک دەبێتە مایەی گۆڕانکاری کە وەک بارگرانی سەیر نەکرێ، بەڵکو وەک هەنگاوێک بەرەو پێکەوەکارکردن سەیربکرێ. پڕۆسەی راستەقینەی ئاشتی، زیاترە لەوەی تەنیا ئاگربەست بێت، بەڵکو دیدگایەکە بۆ وڵاتێکی نوێ. پرۆسەی ئاشتیی تورکی- کوردی کە چاکسازیی سیاسی و ساڕێژبوونی دەروونی پێکەوە کۆبکاتەوە، دەتوانێ ببێتە بناخەی ناسنامەیەکی هاوبەش کە تێیدا جیاوازییەکان نەوەک وەک مەترسی، بەڵکو وەک سەرچاوەی هێز سەیر بکرێن. تورکیایەکی فرەدەنگ دەتوانێ پەیامێکی بەهێز بۆ هەموو ناوچەکە بنێرێ: ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە "هێز" دەستپێناکات، بەڵکو بە "هاوسۆزی"، "یادکردنەوە" و بوێریی باوەشکردنەوە بە مرۆڤایەتیدا دێتەدی.
 
د. یان ئیلهان کزلهان، دەروونناس و توێژەرێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە. پسپۆڕە لە بواری زەبری دەروونی، تیرۆر، جەنگ و سایکۆلۆجیای نێوان کولتوورەکان. لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیاوە میدالیای فیدرالیی ئەڵمانی پێدراوە.