چۆن سیاسەت لۆژیکی عەشیرەت زیندوو دەکاتەوە؟

 
ناسنامەی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان، نە شتێکە بە تەواوی نادیار و ون و، نە پڕۆژەیەکی سەراپا جێگیربووە؛ بەڵکو لە دۆخێکدایە لەنێوان دروستبوون و هەڵپەساردنی مێژووییدا دەژیت. رەگی ئەم دۆخەش ناتوانرێت تەنیا لە فرەیی کۆمەڵایەتی یان جیاوازیی کولتووری دا بدۆزرێتەوە، چونکە بابەتەکە لەوە قووڵترە. لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا، بازنەیەکی بەردەوام لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات دا شێوەی گرتووە؛ بازنەیەک کە تێیدا پرۆسەکانی سیاسەتی مۆدێرن، لەجیاتی تێپەڕین لە پێکهاتە نەریتییەکان، چەندین جار بوونەتەوە بە کارگێڕ و بەهێزکەرەوەی هەمان پێکهاتە کۆنەکان، بەتایبەت لۆژیکی عەشیرەتی.
 
لەوانەیە پارادۆکسی سەرەکی رێک لێرەدابێت: ئەو هێزانەی کە رۆژانێک بە دروشمی تێپەڕین لە پەیوەندییە پێش-مۆدێرنەکان و بنیاتنانی سیستمی سیاسیی دامەزراوەیی هاتنە نێو مەیدانەکەوە، لە پرۆسەی ململانێی دەسەڵات دا، بەرەبەرە خۆیان بوونە بەشێک لەو لۆژیکە کۆنە. لە دۆخێکی ئاوهادا, کێشەکە تەنیا مانەوەی عەشیرەت نییە؛ بەڵکو کێشەکە لەوێوە دەستپێدەکات کاتێک دامەزراوەی مۆدێرن، لەجیاتی کۆنترۆڵکردنی لۆژیکی عەشیرەت، خۆی دەبێتە کەرەستەیەک بۆ مانەوەی ئەو.
 
 بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، دەبێ لە ئاستی وەسفکردنی رۆژانە تێپەڕین و سەیری میکانیزمە ناوخۆییەکانی دەسەڵات بکەین لە کوردستان لە دوای 1991؛ ئەو ساتەوەختە مێژووییەی کە هەرچەندە گۆڕانکاری لە رووکاری سیاسی دا پێکهێنا، بەڵام نەیتوانی دابڕانێکی دامەزراوەیی بنەڕەتی لەگەڵ رابردوودا دروست بکات.
 
رەگ و ریشە پێکهاتەییەکانی ئەم دۆخە دەبێت لە شێوازی حوکمرانیی رژێمی بەعس دا بپشکێنرێت؛ قۆناخێک کە تێیدا پەیوەندیی دەوڵەتی ناوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەدا، زیاتر لەوەی لەسەر دامەزراوە مۆدێرن و گشتگیرەکان وەستابێت، لەسەر بەڕێوەبردنی ناڕاستەوخۆی کۆمەڵایەتی و ئەمنی داڕێژرابوو. لە مۆدێلێکی ئاوهادا، عەشیرەت تەنیا راستییەکی کولتووری یان مێژوویی نەبوو، بەڵکو ببووە بەشێک لە میکانیزمی کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی دەسەڵات.
 
لەم چوارچێوەیەدا، حیزبی بەعس بە بەکارهێنانی هاوکاتی کەرەستە مادی و رەمزییەکان، بەشێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی لەنێو پێکهاتەی فەرمیی دەسەڵات دا جێگیر کرد؛ لەوانەش بەخشینی نازناوی وەک "موستەشار" و پێدانی پۆستی کارگێڕی و ئەمنی. ئەم سیاسەتە، لەلایەکەوە بووە هۆی بەهێزکردنی پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم تۆڕە نەریتییانە، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەوانی راکێشایە نێو لۆژیکی ئەمنیکردنی کۆمەڵگە و رووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان.
 
دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە، تەنیا جێگیرکردنی پێکهاتە عەشیرەتییەکان نەبوو؛ بەڵکو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی کۆمەڵگە بوو لە قاڵبی تۆڕەکانی وەفاداریی پەڕشوبڵاودا، کە ئەمەش بەرەبەرە گۆڕەپانی بۆ دروستبوونی ناسنامەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو لاوازکرد. لە بارودۆخێکی ئاوهادا، چەمکی "نەتەوە" لەجیاتی ئەوەی وەک پڕۆژەیەکی سیاسیی گشتگیر جێگیر بێت، لە ئاستی سەرەتایی و ناسەقامگیردا مایەوە.
 
لەگەڵ روودانی راپەڕینی 1991 و هەرەسھێنانی رێژەیی کۆنترۆڵی ناوەندی، ژینگەی سیاسیی کوردستان کەوتە نێو قۆناخێکی گواستنەوەوە؛ قۆناخێک کە تێیدا سیستمی پێشوو تێکچوو، بەڵام سیستمی جێگرەوە هێشتا جێگیر نەببوو. لە بارودۆخێکی ئاوهادا، بۆشایی دەسەڵات نەک بە دامەزراوەی تەواو دروستبوو، بەڵکو بە تۆڕی حیزبی، خۆجێیی و پەیوەندییە ناڕەسمییە کۆمەڵایەتییەکان پڕکرایەوە.
 
لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 1992دا، وەک خاڵێکی راگوزەر و دیاریکەر لە مێژووی سیاسیی کوردستان دا هەژمار دەکرێت؛ هەڵبژاردنێک کە یەکەمین ئەزموونی دامەزراوەییبوون و یاسادانانی نوێنەرایەتی بوو دوای چەندین دەیە لە حوکمی تاکڕۆیی و سەرکوتکاری. ئەم هەڵبژاردنە، لە کاتێکدا دروستبوو کە کۆمەڵگە دوای چەندین ساڵ لە ئەزموونی سەربازیگەریی، چەوساندنەوە و تێڕوانینی ئەمنی، بۆ یەکەمین جار دەرفەتی ئەزموونکردنی ژینگەیەکی فرەیی سیاسی  و بەستراو بە ململانێی حیزبیی بۆ رەخسا؛ ئەزموونێک کە بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە، بە نرخ و یەکلاییکەرەوە بوو.
 
ئەم هەڵبژاردنە بە بەشداریی لایەنە سەرەکییە سیاسییەکان و ئامادبوونی باڵاترین بەرپرس و سەرکردە حیزبییەکان لە پێکهاتەی پەرلەمان دا، دامەزراوەیەکی دروستکرد کە دەبوو ببێتە ناوەندی راستەقینەی بڕیاری سیاسی و خاڵی  رێکخستنی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەییدا. لەو قۆناخەدا، پەرلەمانی ساوا نەک تەنیا دامەزراوەیەکی رەمزی، بەڵکو مەیدانێک بوو کە هێزە سەرەکییە سیاسییەکان راستەوخۆ تێیدا ئامادەبوون و توانای کاریگەریی فەرمییان بەسەر پرۆسەی بڕیارە چارەنووسسازەکاندا هەبوو.
 
گرنگیی ئەم ساتەوەختە نەک تەنیا لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا بوو، بەڵکو لە رەخساندنی دەرفەتێکی مێژووییدا بوو بۆ تێپەڕین لە لۆژیکی تۆڕی بەرەو لۆژیکی دامەزراوەیی؛ دەرفەتێک کە لە دۆخی ناسەقامگیریی دوای شەڕ و هەرەسی پێکهاتەی ناوەندی دا، بۆ یەکەمین جار بە شێوەیەکی راستەقینە سەریهەڵدا.
 
بەڵام ئەم تواناییە، بەرەبەرە لەژێر کاریگەریی بەردەوامیی لۆژیکی تۆڕی دەسەڵات، ململانێ حیزبییەکان و سنووردارێتیی دامەزراوەکان دا، لە ناوەندی بڕیاردان دوورکەوتەوە و لە کردەوەدا بووە خاڵێکی وەرچەرخان لەنێوان سیستمی مۆدێرن و پێکهاتە نەریتییەکاندا.
 
درێژەکێشانی ئەم پرۆسەیە، بووە هۆی ئەوەی پرسی دەوڵەتسازی لە کوردستانی عێراق دا بکەوێتە نێو قۆناخێکی ئاڵۆزەوە؛ قۆناخێک کە تێیدا هەوڵدان بۆ دروستکردنی دامەزراوەی مۆدێرن، هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی لۆژیکی تۆڕی و وەفادارییە ناڕەسمییەکان بەرەو پێش چوو. لە رواڵەت دا، دامەزراوەی وەک حکومەت، پەرلەمان و میکانیزمەکانی هەڵبژاردن لە حاڵەتی دروستبوون دا بوون، بەڵام لە ناخی واقیعی سیاسی دا، لۆژیکی رێکخستنی دەسەڵات هەر بەستراوی پەیوەندییە کەسییەکان، تۆڕە حیزبییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە پێش-مۆدێرنەکان مایەوە.
 
لەم چوارچێوەیەدا، لۆژیکی دەسەڵات دەکرێت لە سێ ئاستی بەیەکەوە بەستراودا شیکردنەوەی بۆ بکرێت:
 
یەکەم، ئاستی دامەزراوەیی کە حکومەت، یاسا و بیرۆکراسیی فەرمی دەگرێتەوە.
 
دووەم، ئاستی تۆڕی کە بەستراوە بە پەیوەندییە کەسییەکان، پەیوەندییە حیزبییەکان و وەفادارییە خۆجێییەکان؛
و سێیەم، ئاستی ئابووریی رانتی کە تێیدا سەرچاوە و ئیمتیازاتەکان دەبنە ئامرازی جێگیرکردنی پشتگیریی سیاسی.
 ئەم سێ ئاستە نەک بە جیاواز، بەڵکو لە پەیوەندییەکی هەمیشەیی و دوولایەنە و بەرامبەردا کار دەکەن.
 
لە دۆخێکدا کاتێک ئاستی دامەزراوەیی خاوەنی یەکگرتوویی و سەربەخۆیی پێویست نەبێت، دوو ئاستەکەی دیکە بەشێوەیەکی سرووشتی رۆڵێکی باڵادەستتر لە رێکخستنی دەسەڵات دا دەبینن. لە بارودۆخێکی ئاوهادا، لەجیاتی ئەوەی دامەزراوە فەرمییەکان رەفتاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکبخەن، رێک ئەم تۆڕانەن کە بەرەبەرە لۆژیکی کارکردنی دامەزراوەکان دادەڕێژن و ئەوان لەنێو خۆیاندا دەتوێننەوە.
 
لەم نێوەندەدا، حیزبە سیاسییەکانیش بەرەبەرە لە کارکردی سەرەتایی و شۆڕشگێڕانەی خۆیان دوورکەوتنەوە و لە پرۆسەی جێگیرکردن و بەردەوامیی دەسەڵاتدا، چ بە شێوەیەکی ئاگایانە و چ بەهۆی زەرورەتە سیاسییەکانەوە، تەسلیمی قبووڵکردن و بەکارهێنانی هەژموونی تۆڕە نەریتییەکان، لەوانەش پێکهاتە عەشیرەتییەکان بوون. ئەم تێکەڵاوبوونە قۆناخ بە قۆناخەی نێوان لۆژیکی حیزبی و لۆژیکی تۆڕی، بووە سەرەتای دۆخێک کە تێیدا سنووری نێوان کاروباری نەتەوەیی و کاروباری ناوخۆیی (خۆجێیی) لاواز بوو و، دەرفەتی خوڵقاندنی پێناسەیەکی یەکگرتوو بۆ ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی لەگەڵ تەحەدای جیدی رووبەڕوو کردەوە.
 
لە پرۆسەیەکی ئاوهادا، پەیوەندیی نێوان عەشیرەت و سیاسەت لە ئاستی مامەڵەیەکی سادە تێپەڕی و بووە جۆرێک لە پێکەوەژیانی پێکهاتەیی؛ پێکەوەژیانێک کە تێیدا هەردوولا یارمەتیی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی یەکتر دەدەن.
 
حیزبە سیاسییەکان بۆ پاراستنی پێگەی کۆمەڵایەتی و ململانێ لە گۆڕەپانی دەسەڵات دا، سەرمایەی کۆمەڵایەتیی تۆڕە نەریتییەکانیان بەکارهێنا و، لە بەرامبەردا، ئەم تۆڕانەش لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەکانەوە درێژەیان بە دووبارە بەرهەمهێنانەوە و جێگیرکردنی پێگەی خۆیان لە پێکهاتەی دەسەڵات دا.
 
دەرئەنجام، لەجیاتی دروستبوونی هێواشی سیستمێکی بەستراو بە هاووڵاتیبوون و رێسای دامەزراوەیی، جۆرێک لە جێگۆڕکێ لە لۆژیکی متمانەی کۆمەڵایەتیدا روویدا؛ متمانە لە ئاستی گشتی و نەتەوەییەوە بۆ ئاستی سنووردارتری تۆڕەکانی خزمایەتی، حیزبی و خۆجێیی گوازرایەوە.
 
لە بارودۆخێکی بەوجۆرەدا، یاسا و دامەزراوە، لەجیاتی ئەوەی مەرجەعی سەرەکیی رێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بن، لە زۆر حاڵەتدا کەوتنە پەراوێزی پەیوەندییە ناڕەسمییەکانەوە.
 
لە درێژەی ئەم پرۆسەیەدا، درزی نێوان نەوەی نوێ و پێکهاتە نەریتییەکانی دەسەڵات، بووەتە یەکێک لە گرنگترین گۆڕاوە دیاریکەرەکانی ئایندەی سیاسیی کوردستانی عێراق. نەوەی نوێیەک کە لەژێر سایەی پەروەردەی مۆدێرن، پەیوەندییە جیهانییەکان و ئەزموونە جیاوازە کۆمەڵایەتییەکاندا پێگەیشتووە، زیاتر لە هەمیشە خۆی لە چوارچێوەی چەمکەکانی وەک هاوڵاتیبوون، لەسەر بنەمای شایستەیی و سیستمی دامەزراوەییدا پێناسە دەکات.
 
لە بەرامبەردا، پێکهاتە باڵادەستە سیاسییەکان هێشتا تاوەکو ئاستێکی زۆر لەسەر لۆژیکی وەفادارییە تۆڕییەکان، پەیوەندییە ناڕەسمییەکان و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مۆدێلەکانی رابردوو وەستاون.
 
لە بارودۆخێکی ئاوهادا، بەردەوامیی تۆڕە نەریتییەکانی دەسەڵات لە کردەوەدا دەتوانێت ببێتە هۆی سنووردارکردنی بنەمای شایستەیی و کەمبوونەوەی رۆڵی پێوەرە پیشەییەکان لە دابەشکردنی دەسەڵات و دەرفەتەکانداو، توانای سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئاراستەی گەشەپێدانی بەردەوام، نوێکردنەوەی دامەزراوەیی و بەدیهێنانی ئامانجە گەورەکاندا لاواز بکات.
 
بەگشتی، ئەزموونی سیاسیی کوردستانی عێراق نیشانیدەدات کە کێشە بنەڕەتییەکە تەنیا لە دروستبوونی دامەزراوەی مۆدێرن دا نییە، بەڵکو لە جۆری پەیوەندیی نێوان دامەزراوەکان و لۆژیکی دەسەڵاتدایە. لە هەر شوێنێک سیاسەت نەیتوانیبێ لە پاشکۆیی تۆڕەکانی وەفاداری و پێکهاتە نەریتییەکان دوور بکەوێتەوە، دامەزراوەی مۆدێرنیش لەجیاتی گێڕانی رۆڵی رێکخەر، لەنێو هەمان لۆژیکدا تواوەتەوە و بووەتە بەشێک لە بازنەی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات. 
 
لە بارودۆخێکی بەوجۆرەدا بنەمای شایستەیی بەرەبەرە پەراوێز دەخرێت و توانای کۆمەڵگە بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆیی و دامەزراوەییەکانی خۆی سنووردار دەبێت. بە جۆرێک کە رێڕۆی گەشەپێدان، لەجیاتی پشتبەستن بە توانایی و رێسا گشتییەکان، لە چوارچێوەی پەیوەندییە ناڕەسمی و تۆڕییەکاندا سەرلەنوێ پێناسە دەکرێتەوە.
 
دەرئەنجامی ئەم پرۆسەیە، نە شکستێکی کاتی، بەڵکو دروستبوونی جۆرێک لە بنبەستی قۆناخ بە قۆناخە لە پرۆسەی دەوڵەتسازیدا؛ بنبەستێک کە دەتوانێت سیاسەت لە هۆکارێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەکان، بگۆڕێت بۆ میکانیزمێک بۆ بەردەوامبوونی هەمان ئەو بەربەستە مێژووییانەی کە لە بنەڕەتدا بڕیاربوو تێیان پەڕێنین.