لەدایکبوونی رێکخراوێکی نوێی ئەوروپی و دەرفەتێک بۆ وڵاتانی دیکە
هەر لە دوای قەیرانی دیپلۆماسی لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پرسی پتەوکردنی هەماهەنگی لە بوارەکانی سیاسی و ئاسایش لەنێوان وڵاتانی ئەوروپی زیاتر لە جاران سەری هەڵدا. شەڕی رووسیا و ئۆکراینا گرنگی ئەو پرسەی گەیاندە ئاستێکی باڵاتر و دروستکردنی سیاسەتێکی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، ئاسایش و ئابووری گەیشتە لووتکە و رۆژەڤی بەرپرسانی باڵای ئەوروپا.
لە 9ی ئایاری 2022، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتارێکی لە پەرلەمانی ئەوروپا پێشکێشکرد و پێشنیازی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی ئەوروپی نوێی خستەڕوو. ماکرۆن ئەم دامەزراوە نوێیە ئەوروپییەی وەکو هەنگاوێک پێناسە کرد بە مەبەستی دابینکردنی دەرفەتێکی نوێ بۆ گەلانی ئەوروپا کە "بەها سەرەکییە هاوبەشەکان" کۆیان دەکاتەوە بۆ دروستکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان خۆیان. بەگوتەی ماکرۆن، بوارەکانی هاوکاری بریتی دەبن لە هەماهەنگی سیاسی، هاوکاریی ئەمنی و ئاسایش، وزە و جووڵەی ئازادی خەڵک. ئەم هەوڵەی ماکرۆن وەکو دەرفەتێك سەیر دەکرێت بۆ وڵاتانی وەکو ئۆکراینا و بالکان کە بەنیازن بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام لەبەر رێکارە ئاستەمەکانی وەرگرتنیان، میکانیزم و کاتی زۆریان پێویست دەبێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێشنیازەکەی سەرۆک ماکرۆن وڵاتانی نا ئەوروپیش لەخۆدەگرێت کە لەڕووی بەهاکان لەگەڵ ئەوروپا هاوبەشن، بەڵام ئەم هەوڵەی ماکرۆن نیگەرانی لای هەندێک لەو وڵاتانە دروستکردووە کە هەوڵیان دەدا بچنە ناو یەکێتیی ئەوروپا و پێیانوایە کە ئەو کۆمەڵگە سیاسییە پێشنیازکراوەی ئەوروپا رێگەیەک دەبێت بۆ ئەوەی ئەندامێتیی تەواوی یەکێتیی ئەوروپایان لێ رەتبکرێتەوە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئۆکراینا و ماکادۆنیا رەتکرایەوە. ئەو وڵاتانە بە مەرجێک پڕۆژەکە بە پەسەند دەزانن کە وەکو جێگرەوەی ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا سەیر نەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پرۆسەی پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەوروپا بۆ وڵاتانی وەک ئۆکراینا و ماکدۆنیا رەنگە دەیان ساڵ بخایێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم پێشنیازەی ماکرۆن لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا بە وریاییەوە سەیرکرا و وەک رێگەیەک بۆ رێگریکردن لە گەورەبوون و فراوانبوونی یەکێتیی ئەوروپا سەیر دەکرێت. پێشنیازەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (سەرۆکی دەوڵەتان یان حکومەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا) لە 23-24ی حوزەیرانی 2022 تاوتوێکرا. ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە بریتی دەبن لە پەرەپێدانی گفتوگۆی سیاسی و هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش، بەجۆرێک کە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کیشوەری ئەوروپا بەهێزتر بکرێن و جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم چوارچێوەیە جێگەی سیاسەت و ئامرازەکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا ناگرێتەوە، بەتایبەتی پرسی فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا و بە تەواوی رێز لە سەربەخۆیی بڕیاردانی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەریتانیا لە دەستپێک، پشتگیری لە پێشنیازی دروستکردنی کۆمەڵگەی ئەوروپی نەکرد و ناتۆ وەک گەرەنتی سەرەکیی ئاسایش لە ئەوروپا سەیری دەکرد، بەڵام چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی لیز ترەس بووە سەرۆکوەزیران، لە ئەیلوولی 2022 ئاماژەی بەوەدا، بەریتانیا بەشداری لە کۆمەڵگەی ئەوروپی دەکات. پێشنیازی ئەوەشی کرد کە کۆبوونەوەی داهاتوو لە بەریتانیا بکرێت و ناوی رێکخراوەکە بۆ کۆڕبەندی سیاسیی ئەوروپی بگۆڕدرێت.
ئەم دامەزراوە ئەوروپییە دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپی کە ئەندام نین لە یەکێتیی ئەوروپا بە مەبەستی بەشداریکردن و تاوتۆێکردن و دروستکردنی هەماهەنگی لە گەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بابەتەکان ئەمنی، وزە، گۆڕانی کەشوهەوا و دۆخی ئابووری لە ئەوروپا.