مرۆڤ سەنتەرە... دەبێت وەبەرهێنانی تێدا بکرێت
هەموو ئایینە ئاسمانیەکان و ئایدیا جیاوازەکان لە چەرخی کۆن و نوێ دا زیاتر بایەخیان بە مرۆڤسازی و بنیاتنانی مرۆڤ داوە، چونکە مرۆڤ بڕبڕە و پایەی سەرەکیی پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەموو کۆمەڵگە و دەوڵەتێکە؛ بۆیە بنیاتنانی مرۆڤ یان مرۆڤسازی زۆر قوورسترو سەختترە لە بیناسازی و بنیاتنان و بەرزکردنەوەی کۆشک و تەلارە جوان و رازاوەکان! هەرگیز پێشکەوتن و گەشەسەندنیش لە بوارە جیاجیاکاندا نایەتەدی ئەگەر سەرەتا مرۆڤسازیی بۆ نەکرابێت؛ واتە مرۆڤ خۆی پێشنەکەوێت، گەشەسەندوو نەبێت و ئامادە نەبێت بۆ بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی توانا و بەهرەکانی، هەروەها هیچ وەرچەرخان و گۆڕانکارییەک لە هیچ کۆمەڵگەیەکدا بەدی نایەت ئەگەر لە بەرانبەردا گۆڕانکاری لە عەقڵ و هزر و بیرکردنەوەی مرۆڤەکاندا نەیەتە کایەوە. خودی مرۆڤ خۆی بکەر و بزووێنەری سەرەکیی هەموو گۆڕانکاری و تازەگەری و وەرچەرخانێکە! هەر مرۆڤە مێژوو دەنووسێتەوە، مرۆڤە ئافرێنەری بارودۆخەکان و سەرچاوەی رووداوەکان، مرۆڤ ئاراستەکەری رووداوەکانە، چ ئاراستەیەکی ئەرێنی بێت یان نەرێنی. هەرگیز نەمانبینیوە مرۆڤ رۆژێک لە رۆژان لە هاوکێشەی گەشەکردن دا (رەگەزی تەواوکار) بێت، بەڵکو هەمیشە مرۆڤ (چونکە خەلیفە و جێنشینە لەسەر زەوی) رەگەزی بنەڕەتی و سەرەکی و جەوهەری بووە! هەروەها لەو کاتەوەی ئەم مرۆڤە دەستی بە بەگەڕخستن و ئەکتیڤکردن و بەکارهێنانی سەرچاوە و داهاتە سرووشتییەکانی سەر ئەم زەمینە کردووە، توانیویەتی رێڕەوێکی شارستانی و رۆشنبیری و عەقڵی بۆ خۆی بهێنێتە کایەوە، کە لە دروستکراوەکانی دیکە جیای بکاتەوە!
سەرنج بدەن، چارەسەر و زانستی پزیشکی بەڕێکەوت بەدەستنەهاتووە و پەیدا نەبووە، بەڵکو ئەم بوار و زانستە گرنگە لە رەحمی عەقڵی مرۆڤەکانەوە لەدایکبووە، ئەو عەقڵانەی تینووی مەعریفە و داهێنان بوون؛ بۆ نموونە: ماددەی (پەنیسیلین/ penicillin)ی دژە بەکتریا کە ساڵی 1928 لەلایەن ئەلیکساندەر فەیلمێنغ، زانای سکۆتلاندییەوە داهێندرا، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری پزیشکyی هاوچەرخدا بەرپا کرد و، گیانی ملیۆنان مرۆڤی لە مردن رزگار کرد، دەڵێم گیانی ملیۆنان مرۆڤ، واتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی وەبەرهێنانی دەوڵەتێک یان دامەزراوەیەک یان هەر دەزگایەک لە تاکە عەقڵێکدا، دەبێتە دەروازەیەک بۆ پێشکەوتنێکی جیهانیی سەرتاسەری، کە مرۆڤایەتی لە سایەیدا دەحەسێتەوە!
دەوڵەتان لە شەو و رۆژێکدا نابنە زلهێزی گەورە، بەڵکو بە وەبەرهێنانی دوورمەودا لە (رەگەزی مرۆیی)دا دەبنە زلهێزی گەورە، بۆ نموونە: ئەگەر هەوڵی کەڵەکەبووی هەزارەها زانا و ئەندازیار نەبوایە، کە ئەمریکا لە سەردەمی چلەکاندا لە (چوارچێوەی پرۆگرامێکی تایبەتی توێژینەوەکردن)دا پشتیوانیی کردن، ئەوا ئەو وڵاتە ساڵی 1968 نەدەگەیشتە مانگ! لە وڵاتی ژاپۆن دا دوای جەنگی دووەمی جیهانی (وەبەرهێنان لە کەرتی خوێندن و توێژینەوە)دا رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە دووبارە پێشخستن و گەشەسەندنی وڵاتەکە، بە رادەیەک کە ژاپۆن لە ماوەی تەنها 30 ساڵدا توانیی ببێتە هێزێکی پیشەسازیی ئابووریی گەورەی جیهانی، کە هەموو وڵاتانی جیهان رێزیان دەگرت و رێزی لێ دەگرن!
لە سەردەمی ئێستاشدا تورکیا نموونە زیندووەکەیە، پێشکەوتنی زۆر گەورەی لە بواری فڕۆکەی بێ فڕۆکەواندا بەدەستهێنا، بەڵام چ کاتێک؟ کاتێک بڕوای بە پرۆگرامی گەنجێک هێنا بەناوی (سەلجوق بەیرەقدار)، گەنجێکی سادە کە بیرۆکەیەک و خەونێک و پرۆژەیەکی هەبوو، ئەم گەنجە دەوڵەت لە ئامێزی گرت و پشتیوانیی ئەزموونەکانی کرد، تاوەکو توانیی نەوەیەک لە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ تورکیا بەرهەمبهێنێت بەناوی (بەیرەقداری TB2)، کە هەر ئەو فڕۆکەیە ئێستا بووەتە هێمای پیشەسازییە سەربازییە بەرگرییەکانی تورکیا، کێبڕکێی کۆمپانیا جیهانییەکانی پێ دەکات، فرۆشی ئەو فڕۆکانە ملیارەها دۆلاری بۆ تورکیا دەستەبەر کردووە! ئەم ئەزموونە ئەوە دەردەخات کە تەبەنیکردنی بیرۆکە داهێنەرەکان چەندە لە سەرەتادا بچووک بن یان سنوورداریش بن، بەڵام دەرەنجام دەتوانن دەوڵەتێک بکەنە یاریکەرێکی سەرەکی لە بەرهەم و پیشەسازییەکی ئاڵۆز و هەستیاردا؛ کە لە هەموو جیهاندا بە بایەخەوە تەماشا بکرێت، سەرنجی وڵاتان بۆلای خۆی رابکێشێت و هەمووان لە هەوڵی ئەوەدا بن ببنە بەشێک لە کڕیارەکانی ئەو بەرهەمە!
لەڕاستیدا وەبەرهێنان لە مرۆڤدا تەنها بریتی نییە لە پشتیوانیکردنی دارایی پرۆسەی خوێندن، یان کردنەوەی تاقیگە و دابینکردنی ئامێر و کەرەستەکان، بەڵکو لەپاڵ ئەمانەدا و گرنگتر لەمانەش: فەراهەمکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و فێرخوازیی پێویستە، کە رێز لە توانا و بەهرە و داهێنان بگرێت، دەستپێشخەرییە تاکەکەسیەکان سووک و بێ نرخ تەماشا نەکات. تۆماس ئەدیسۆن کە ساڵی 1897 هەموو جیهانی بە داهێنانی گڵۆپێکی کارەبایی گۆڕی، پرۆژەکەی لە سەرەتاوە بە وەرشەیەکی بچووک دەستپێکرد، کە زۆرێک لە نزیکەکانی گاڵتەیان پێدەکرد. ستیڤ جۆبز کە کۆمپانیای ئەپڵی دامەزراند، پێش ئەوەی ئەو کۆمپانیایە ببێتە یەکێک لە کۆمپانیا گەورە هەرە دەوڵەمەندەکانی بواری تەکنەلۆژیا لە جیهاندا، لە حەفتاکاندا سەرەتا لە کەلاوە و گەراجێکەوە دەستیپێکرد! کەواتە پێشکەوتن و گەشەسەندنی راستەقینە بە زۆریی یاساکان و بەرزکردنەوەی کۆشکەکان و دانانی کارگەکان ناپێورێت، چونکە ئێمە دەتوانین ئەوانە هاوردە بکەین، بەڵکو گەشەسەندن بە رادەی توانای ئێمە لە وەبەرهێنان لە عەقڵ و بەهرە و توانا و سەلیقەی گەنجەکاندا دەپێورێت، هەروەها کردنەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە خۆیان لەجیاتی دوورکەوتنەوەیان و سەفەرکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات، چونکە دەوڵەت و دەسەڵات ئەگەرچی داهاتەکانیشیان بەهێز و گەورە بن لە کۆتاییدا هەر پێویستیان بە مرۆڤی بەرهەمهێن و عەقڵی بیریار و زیهنی داهێنەر هەیە؛ داهێنانی زانایەک، بەرهەمی ئەندازیارێک، چارەسەری پزیشکێک، هەروەها پسپۆڕێک کە نەخشەڕێی داهاتوو دیاری بکات.
بە کورتی و پوختی: ئەرکی دەسەڵاتدارانە دەرگاکان لەبەردەم وزە و توانا و بەهرەی گەنجەکاندا واڵا بکەن، هەموو بیرۆکەیەکی داهێنەرانە بکەنە پرۆژەیەکی نیشتمانی، چونکە ئەوە خودی مرۆڤە کە خاوەنی ئەو سەروەت و سامانەیە کە هەرگیز کۆتایی پێ نایەت و وشک نابێت! ئێمە ئەگەر راستگۆیانە و بە قەناعەتەوە وەبەرهێنان لە مرۆڤدا بکەین، دەتوانین گۆڕانکاری و گەشەیەکی بێ وێنە بئافرێنین، کە کێبەرکێی نەتەوەکانی دیکەش بکات و جێ پەنجەش لە مێژووی مرۆڤایەتی هەروەک رابردوو دابنێت.