راگرتنی باڵانسی په‌یوه‌ندییه‌كان؛ هه‌ر سه‌به‌ته و هێلكهیەک
بێگومان بڕیاری له‌ناكاو و تاكلایه‌نه‌ی دۆناڵد ترەمپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا سەبارەت بە كشاندنه‌وه‌ی سوپاکەی له سووریا و کۆتاییھێنان بە پشتگیریکردنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات، ئه‌م گومانه‌ی لای هه‌رێمی كوردستانیش دروستكردووه، كه بڕیارێكی له‌م چه‌شنه له‌لایه‌ن ترەمپەوە، بۆ عێراق و به‌تایبه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ده‌ربچێت.
پرسیاره‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر ترەمپ ئه‌م بڕیاره‌ی ده‌ركرد، كاریگه‌ری لەسەر شه‌ڕی دژی داعش و به‌تایبه‌تی لە رووی نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییەوە چەند دەبێت و، ئایا كوردستان به‌ته‌نیا ده‌مێنێته‌وه؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، ده‌بێت ھەڵوەستەیەکی جدی لەسەر پێگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ستراتیجی و ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ھەرێمی كوردستان بكه‌ین لەگەڵ دونیای دەرەوە.
ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه، ئه‌و راستییه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت: به‌راورد بە چه‌ند ساڵی رابردوو، په‌یوه‌ندییە نێوده‌وڵه‌تییەکانی هه‌رێمی كوردستان گۆڕانكاری ئه‌رێنی و پێشكه‌وتنی بەرچاویان بهخۆیانەوە بینیوه، ئەمڕۆ په‌یوه‌نده‌كانی هه‌رێم ته‌نیا له‌گه‌ڵ یه‌ك لایه‌ن، به واته‌یه‌كی دیکە ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نین، ھەرێمی كوردستان کۆی هێلكه‌كانی نەخستووەتەوە ناو یەک سەبەتەی ھێزە نێودەوڵەتییەکانەوە.
لێره‌دا گرنگه ئاماژه به په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان وڵاتانی ئه‌وروپا و هه‌رێمی كوردستان بكرێت، كه له ئاستێكی گونجاو و لەجێی رەزامەندیدایه، رۆژ له‌دوای رۆژیش پێشكه‌وتن و گهشەسەندنی زیاتر به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت.
به‌پێچه‌وانەی زۆر له بۆچوونه‌كان كه پێیان وابوو؛ پهیوهندییەکانی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا دهرهاویشتەی شه‌ڕی دژی داعش و دۆخی ئەمنیی عێراقن و، دوای كۆتاییهاتن یان لاوازبوونی داعش گۆڕانکاری بەسەر فۆرم و چوارچێوەی ئەم سەردان و پەیوەندییانەدا دێت و دواجار ئەم په‌یوه‌ندی و سه‌ردانانه‌ش نامێنن، بەڵام له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا، تەنانەت لهئاییندەیەکی نزیكیشدا، سه‌ردانه دیپلۆماسییه‌كان بۆ هه‌رێمی كوردستان لە ئاستی زۆر باڵا چڕتر و بەرفراوانتر ده‌بنه‌وه و، ترافیكی به‌رفراوانی دیپلۆماسی به‌ره‌و زیادبوون ده‌چن، به‌تایبه‌تی دوای پێكهێنانی کابینەی نۆیەمی حكومه‌تی نوێی هه‌رێمی كوردستان.
لێره‌دا ده‌بێت ئاماژه به دابڕانێكی كاتی له رێژه‌ی سه‌ردانه‌كان له‌دوای رووداوه‌كانی 16ـی ئۆكتۆبه‌ر بكه‌ین، كه به بۆچوونی بەشێک له چاودێرانی سیاسی، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك و بەڵگەیەک لەسەر پشتگوێخستنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌وروپا لێكدانه‌وه‌یان بۆ دەكرا، كه‌چی ده‌ركه‌وت له راستیدا هۆکاری سه‌ره‌كی بۆ گه‌مارۆی دیپلۆماسی و رێگه‌نه‌دان به شانده‌كان و داخستنی ئاسمانی كوردستان دەگەڕایەوە بۆ بەغدا، نه‌ك گۆڕانکاری لە سیاسەت و هه‌ڵوێستی وڵاتانی ئه‌وروپا بەرامبەر کوردستان.
پێگه‌ی گرنگی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی جیۆپۆلەتیكی له رۆژھەڵاتی ناوین كه خاوه‌نی سنوورێكی درێژە لەگه‌ڵ ئێران، توركیا، سوریا و عێراق، كاریگەری و قورسایی له‌سه‌ر سه‌قامگیری و ئاسایشی ئه‌م وڵاتانه‌دا ھەیە.
رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایش: شه‌ڕی داعش ئه‌م راستیه‌ی سەلماند كه هه‌رێمی كوردستان بەھۆی خاوه‌نداریێتی هێزی پێشمه‌رگه، سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی چه‌ك و كه‌رەسته و پێداویستییە سه‌ربازییە پێشكه‌وتووەکان، وه‌ک یه‌كه‌م هێز له ئاستی جیهان ئەفسانەی داعشی تێك‌شكاند، تاوەکو ئه‌م كاته‌ش له ناوه‌نده سه‌ربازی و به‌رگرییه‌كانی جیهان جێگه‌ی مشت‌ومڕ و گفتگۆیه.
لە لایه‌كی دیکەشەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كه توانیویەتی سه‌ركه‌وتووانه هه‌رێمی كوردستان له ناوچه‌یه‌كی پڕ له مەترسی و تیرۆر و تۆقاندن بپارێزێت، جێگه‌ی سه‌رنج و بایەخپێدانی ئه‌وروپایه.
راگرتنی هاوسه‌نگی هێز له ناوچه‌ی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و مامه‌ڵه‌كردنی دروست و سه‌كه‌وتوو له‌گه‌ڵ پرسی ئاواره و په‌نابه‌ران، كه سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی و ئابووری هه‌رێم، سه‌ركه‌وتووانه مامەڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر هه‌رێم له‌م پرسەدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووایه؛ ئه‌م ئاوارانه به جێهێشتنی كوردستان و، رووكردنیان له ئه‌وروپا كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا دروست ده‌كرد.
دوورگه‌ی دیموكراتی له ناوچه‌كە: سه‌ره‌ڕای كه‌موكورتی و ساوابوونی پرۆسه‌ی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی وه‌ك ناوچه‌كی گرنگ لە هه‌رێمی كوردستان دەڕوانن؛ له بوارەکانی په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له به‌ها دیموكراتییه‌كان به‌تایبه‌تی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی پڕ لەکێشەدا.
سه‌ركردایه‌تی ژیرانه و حه‌كیمانه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ده‌ركردنی بڕیاری دروست و گونجاو له‌كاتی پێویستدا.
هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وزه‌ی جیهان: هه‌رێمی كوردستان جگه له نه‌وتی خاو، خاوه‌نی بڕێكی زۆر گازی سرووشتییە، كه له رووی ئابووری و سیاسییەوە گرنگییەکی زیاتری هەیە له نه‌وت بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.
نزیكی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌وروپاوە له‌رووی جوگرافیەوە، واتە ھەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی، یان نەرێنی کاریگەری راستەوخۆی لە سەر ئەوروپا دەبێت.
ئه‌مانە و چه‌ندین لایه‌نی گرنگی هه‌رێمی كوردستان، وایان كردووه زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، هه‌رێمی كوردستان وه‌ک ناوچه و هاوبه‌شێكی گرنگ ببینن، بۆیه له‌هه‌وڵی پته‌وكردنی پهیوهندییهكانیاندان له‌گه‌ڵ هه‌رێم.
سه‌ردانی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌ندا و ئا‌ڵمانیا و له رۆژانی داهاتووشدا، بەتایبەت دوای سه‌ری ساڵ وڵاتانی دیکەی گرنگ له یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ هه‌رێمی كوردستان، شاهێدی به‌ره‌وپێشچوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ن، به‌تایبه‌تی كه شه‌ڕی دژی داعش به‌ره‌و كۆتایی هه‌نگاوده‌نێت و ئێستا وڵاتانی ئه‌وروپا بیر له قۆناخی دوای داعش ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی له بواری پته‌وكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئابووری، زانستی و بونیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌كه.
ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تی: دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا كات و پلان و ستراتیژی بەھێز و تۆکمە و باشتری پێویستە و، سەختترە له دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی دیکەی جیهان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا په‌یوه‌ندی لەگەڵ ئەوروپا درێژخایه‌نتر و پتەوترە و به شه‌و و رۆژێك گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نایه‌ت.
د. دلاوەر خالد ئاژگەیی
نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا