ئەز و ئەز؛ گەشتێک بەنێو یادەوەرییەکانی قەقنەسدا
باڵیۆزی ئیتاڵیا ساڵی 1980 دەلیڤی پەڕینەوە لە دۆزەخەوە بۆ لاوێکی کورد دەستەبەر دەکات، لاوێک پاشان دەبێت بە فیلمسازێکی نێوداری کورد. دیرۆکی سینەما و فیلمسازی ئێمە سوپاسبژێری ئەو مرۆڤە دیپلۆماتەیە. سوپاس بۆ باڵیۆزی ئیتاڵیا لە شام کە فیلمسازێکی ئێمەی لە نێو خۆڵەمێشی لە ناوچووندا دەرهێنایەوە.
"ئەز و ئەز" گەشتی دوای مردنی فیلمسازێکە، گەشتێک خوێنەر هاوکات بینەریشە و لەوە دەچێت لە پەردەیەکی گەورەدا فیلمێکی راستی، بەڵام پڕ لە ئەفسوون تەماشا بکات. نووسەر ناوی لەو گەشتەی ناوە گەشتی پاش مردن، بەڵام ئەز وەها هەستی پێدەکەم گەشتی هەستانەوەیە. راستییەکەی هونەر سەلیم نووسەری گەشتی هەستانەوە و رابوونە، نەک گەشتی پاش مردن. لە ژیانی ئەم نووسەرەدا هەستانەوە لەو خاڵەوە دەستپێدەکات، کاتێک باڵوێزی ئیتاڵیا لە شام ڤیزایەکی شەش مانگی بۆ دەخاتە سەر گەشنامەیەکی ساختە و پێی دەڵێت: "من لە ئازاری تۆ تێدەگەم، من هاوژینەکەم کوردە".
دیمەنی وەرگرتنی ڤیزای ئیتاڵیا، بەجۆرێک لەم بەرهەمەدا بەرجەستە کراوە، گەر هەر کەسێک لە ئێمەی کورد ئەو جۆرە گەشتەی کردبێت، دەزانێت لێرەدا نووسەر بەردەڤکی هەمووانە و هەستی هەموومانی هێناوەتە گۆ. خوێنەر دەزانێت پەڕینەوە لە دۆزەخەوە بۆ باوەشێکی ئارام، بۆ دەڤەرێک مرۆڤ بە شکۆی خۆیەوە بژی چ واتایەکی هەیە و چۆن لەو وێستگەیەوە ژیان دەستپێدەکات. هەموومان وا بووین، کاتێک گەیشتین ئەوە باشتر حاڵی بووین دەرودراوسێ چیان پێکردووین. کاتێک قەقنەس ڤیزا وەردەگرێت، لەگەڵ هەڵچوونی نایابی ئەودا خوێنەریش لە خۆشیاندا دەفڕێت، ئەوە هەستێکە بارگاوی بە هەنگاونان بەرەو مرۆڤبوون، ساتێکە هەستکردن بە مرۆڤبوونی خۆت لە هەناودا سەردەردێنێت، بۆیە لاوی 17 ساڵە خۆشحاڵە و خەریکە باڵی لێبڕوێت و بفڕێت. هاوکاتیش هەردوو چاوی دەبن بە گوڵ و خوناو دەیانتەنێت. ئەو هەستانەوەیە چیرۆکێکی بچووکە لەنێو داستانی گەورە و پڕ برکوژانی نەتەوەیەکدا کە هاوسێکانی دەیانەوێت بیکەن بە قەقنەس و خۆڵەمێشەکەیشی بەردەوام بسووتێننەوە. ئاسمان چ نەفرەتێکە بەرانبەر بە کورد و چیاکانی هەیانە!
بۆیە پاش وەرگرتنی ڤیزا کاتێک نووسەر بە فڕۆکەی هێڵی ئیتاڵی لە شامەوە بەرەو رۆما دەفڕێت لە کاتی جێهێشتنی رۆژهەڵاتدا تفێک لەو سەرزەوینە دەکات، سەرزەوینێک ئەم نووسەرە و خەلەکی نەوەکانی ئێمە جگە لە چەوساندنەوە هیچ یادەوەرییەکی دیکەیان لێ دەستگیر نەبوو. تفێک تەنیا کورد لێی حاڵی دەبێت. بۆ؟ چونکە لە مێژووی نزیکدا بۆ حەفتا ساڵ دەچێت کورد دەکوژن، بێ ناوبەر و ماندووبوون کورد دەکوژن و ژینگە و ژیانی وێران دەکەن.
ئەوە تف نییە لە رۆژهەڵاتی خەیام و خانی و رەسافی، نەخێر، ئەوە نەفرەتە لەوانەی رۆژهەڵاتیان بەم دەردە بردووە. حەفتا ساڵە بە ناپاڵم و بە ژەهر و بە کێوماڵ کورد وێران دەکەن، لە ئەنفالێکەوە دەیدەنە دەست ئەنفالێکی دیکە، بۆیە فیلمسازێکی کورد کە ئەو دەم لاوێکی حەڤدە ساڵەیەوە تف لەو سەرزەوینە دەکات. ئەوە نەفرەتێکە لە کوشتن و هاوارێکیشە بۆ ژیاندۆستی. خۆڵەمێشەکەی هونەر سەلیم هەڵگری خەمێکی گەورەیە بۆ مرۆڤ، نەک هەر بۆ مرۆڤی کورد، بەڵکو سەرباری سەختیی کوردبوون، ئەو خەمی هەموو مرۆڤە جوانەکان دەخوات لە هەر شوێن و لە هەر پێگەیەکدا بن. تۆ بە وردی "ئەز و ئەز" بخوێنەوە و بە وردی سەرنجی نێو دێڕەکان و پەرەگرافەکانی بدە؛ ئەو پاش بوونە خۆڵەمێشیش لە خەمی دنیا و داهاتوودایە.
دنیایەک ئەو جێیهێشتووە، بەڵام دەزانێت چەند کێشەی گەورەی لێبارکراوە. لە کێشەی ژینگەوە، لە مژاری پەنابەرانەوە، تاوەکو سیاسەت، تاوەکو ئابووری و ناجێگیریی بەردەوام، دەبینین چاوچنۆکان و پاوانخوازان چۆن ئەم هێلانە هەڵواسراوەی مرۆڤ بەردەوام دەهەژێنن. گەشتی ئەم خۆڵەمێشە، چەند دژوار و خەمبەخشیش بێت، وەکو نووسین و وەکو دیمەنسازی ئەوەندەیش چێژبەخشە. من وەکو خوێنەرێک کە شارەزای کۆڵانەکانی پاریسم، یان ئەو شوێنانەی لە ئیتاڵیا ئاماژەی پێکراوە، بە وێنە و بە دیمەنی گشتگیر و روون دەمبینی چۆن خراونەتە بەردەست و دیدە. گەڕان بە پاریس و کۆڵانەکانیدا بە شێوەیەکی نایاب بەرجەستە کراوە، ئاخر منیش لە پاریس ژیاوم و دەزانم هونەر چەند هونەمەندانە ئەو گەشتە بە خوێنەر دەکات. بە راستی گەشتێکی فیلمسازانەی نایابە.
لە هەموو ئەم جوڵان و گەشت و گەڕانانەدا نووسەرەکە شتی زۆر، زانیاری فرە و دیمەنی جێهڕەنگ و جیاوازمان پێشان دەدات، بەڵام هەموو ئەو دیمەن و زانیارییانە لە یەک چیرۆکی پڕ کۆژانەوە سەرچاوەیان گرتووە: "من بۆ ئەوە نەهاتوومەتە ئەم ژیانەوە تا پەنابەر، نامۆ و بێ ناسنامە بم. ئەو مرۆڤەی خاوەن نیشتمانێکی ئازادە، ناتوانێت لەو کەسە تێ بگات کە نیشتمانی نییە، ناتوانێت لەوانە تێ بگات کە تا ئاستی مردن پەراوێز خراون".
ئەز و ئەز، چیرۆکی نووسەر و خۆڵەمێشی تەرمەکەیەتی، خۆڵەمێشێک خۆی بڕیاری داوە پاش مردن تەرمەکەی بسووتێنن و خۆڵەمێشەکەی بۆ بکەنە شووشەیەکەوە. ئەم تەرمە سەرباری ئەوەی بە دۆزەخی ئاورگەدا تێپەڕ دەبێت، هەرچەندە ئاگر لەشی دەکات بە مشتێک خۆڵەمێش، بەڵام ئاگر ناتوانێت رووحی بسووتێنێت. چونکە ئەو بەر لە مردنیشی بە دۆزەخی کوردبووندا تێپەڕیوە، ئەو ئەزموونی سوتانی هەیە. بۆیە لە کۆتاییدا خۆڵەمێشەکە "وەکو تۆوی گوڵی دەم با" بە هەموو لایەکدا بڵاودەبێتەوە. گەلۆ ئەوە ئاماژەیەک نییە بۆ رووحی مرۆڤی کورد و پتەویی چیاکان و درەختەکانی نیشتمانی ئێمە کە سەرباری ئەوەی لە ئەنفالێکەوە دەمان دەنە دەست ئەنفالێکی دیکە، کەچی هێشتا لێرەین و هێشتا لە تۆوکردنی گوڵەکانی ژیان بەردەوامین؟ گەلۆ قەقنەس ئاسا ئەمە هەستانەوە نییە لە خۆڵەمێشی خۆیدا؟ ئایا ئەم کردەیە ئاماژە نییە بۆ خەونە بەردەوامەکەی کورد، کورد هەمیشە پڕە لە خەون، خەونی مانەوە و بە پێوەوەستان؟ چونکە "ژیانێکی پڕ خەون هەرگیز ژیانێکی دۆڕاو و شکستخواردوو نییە."