"کوردستان مەوجود"

 
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک بۆ کورد جێگەی دڵخۆشی نەبوون، چونکە لە دوای پرۆسەی ئازادکرنی عێراق لە چنگی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 ەوە، یەکەم جارە کورد کورسی لە نەتەوەکانی دیکە (عەرەب و تورکمان پێکەوە) کەمترە لە کەرکووک. هۆکارەکەی وەکو رۆژی روون دیارە، چەلەحانێی حیزبیی حیزبە کوردستانییەکان بە پلەی یەکەم هۆکارە، پێدەچێت دانوی کورد بۆ ماوەیەکی زۆرتر لە نێو یەک مەنجەڵ دا نەکوڵێت، لەلایەکی دیکەوە قورسایی بەعەرەبکردن و هۆشیاری نەتەوەیی عەرەب و تورکمان لە هەڵکشاندایە لە شارەکەدا.
 
زۆربەی ئەوانەی من قسەم لەگەڵ کردوون لە کەرکووک یان بەرنامەم لەگەڵ کردوون بەتایبەتی ئەوانەی لە ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو لە کەرکووک لەدایکبوون هەموویان لەسەر ئەوە کۆکن کە عەرەب لە کەرکووک یان نەبووە یان بە پەنجەکانی دەست ژمێردراون، تاوەکو سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووش هەر وابووە، بەڵام بەهاتنە سەرکاری حیزبی بەعس و قەومییەکانی عەرەب، ئیدی بە لێشاو عەرەب هێنراون و  روویان لە شارەکە کردووە، دەوڵەت هەموو پێداویستییەکی ژیانی بۆ دابین کردوون، ئیمتیازی گەورەی پێداون لەبەرانبەر نیشتەجێبوونیان لە کەرکووک، دەسەڵاتداران بەبێ رەچاوکردنی ئەوەی سەر بە چ مەزهەبێکن هانی عەرەبیان داوە روو لە کەرکووک بکەن. مۆتەکە و ترسی حەرەس قەومییەکان لە ساڵی 1963 بەدواوە هێشتا لەنێو ناخی تاکی کوردی ئەو سەردەمە نەڕەویوەتەوە، لەوکاتەوە دەرکردنی کورد لە ماڵ و زەوی  خۆی، کوشتن و گرتن و راوەدوونانی کورد تاوەکو ئازادکرنی عێراق بەردەوام بووە، ئێستا تەعریب شێوە و دەمووچاوی جیاوازی بە خۆوە گرتووە، بەناوی برایەتی ، عێراقی بچووک و شاری پێکەوەژیانەوە پێستێکی دیکەی بە بەردا کراوە.
 
بە پێچەوانەی عەرەبی هاوردە و داگیرکەرەوە بەشێکی زۆری کوردی کەرکووک بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لە سلێمانی و هەولێر دانیشتوون و ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان، لە کاتێکدا بەرپرسە حیزبییە کوردستانییەکان تاوەکو 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 هەمە کارەبوون لە کەرکووک، بەڵام بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بە رۆژ لە کەرکووک دەوامیان دەکرد و بە شەویش دەگەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان لە چەمچەماڵ، هەولێر، سلێمانی و شوێنەکانی دیکە، ئەمەش گەورەترین زیانی لە ژمارەی دانیشتووانی کورد لە کەرکووک داوە، لەکاتێکدا دەبوو دەسەڵاتی کوردستانی بەزۆریش بێت دەبووایە بەرپرسانی لە کەرکووک نیشتەجێ بکات و هانی ئاوارەکانی کەرکووک بدات بگەڕێنەوە کەرکووک. ئاخر چۆن دەبێت بەربژێرانی کوردی کەرکووک لە هەولێر شایی و لۆغان بۆ هەڵبژاردنی شارەکەیان بگێڕن؟ لە سلێمانی پەندێک هەیە زۆرجار بەکاری دەهێنن کە پڕ بە پێستی ئەو دیاریدەیەیە کە دەڵێن: نانی کونەماسی دەخوات و پاسی جڕتاوا دەکات! 
 
لەم رۆژانەی پێشوودا بەرنامەیەکی پەنجەمۆرمان لە کەرکووک تۆمارکرد لەگەڵ کەسایەتییەک کە لەدایکبووی شاری کەرکووکە هەر لەو دارەدارەی کردووە و گەورەبووە، بەڵام باوکی بە باوەڕی من بەهۆی ئەو ناوە عەرەبییە قورسەی کە لە کوڕەکەی ناوە غەدرێکی گەورەی لێکردووە، ئاخر لەنێو ئەو هەموو ناوە کوردییە خۆشەدا لە تەسەکەرەدا ناوی بە(مەوجود) تۆمارکردووە، بەڵام بۆ تۆخکردنەوە لە بانگ کردن دا عەبدولێکیشی پێوەناوە، عەبدولمەوجود، بەڵام کە گەورە دەبێت مەوجودەکە دەکاتە تفەنگی تۆڵەکردنەوە.
 
کارەساتی هەرەسی شۆرشی ئەیلوول شتێک نییە هەروا بە ئاسانی لە یادەوەری کورد بسڕێتەوە، مەگەر بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانی. حیزبی بەعس لە دوای رێککەوتنی 6ـی ئاداری ساڵی 1975 توانی بۆ ماوەیەک بەسەر شۆڕشی کورد دا سەربکەوێت، بەڵام باجەکەی ئەتککردنی مێژوویی خۆیان بوو، ئاخر بەشێک لە خاکی خۆیان کە شتولعەرەبە پێشکێشی شای ئێران کرد، شەرمەزاری لەوەزیاتر دەبێت چی بێت؟ 
 
دوای نسکۆی ساڵی 1975 حیزبی بەعس دەستی بە تۆخکردنەوەی زیاتری تەعریب لە کەرکووک و موسڵ کرد، بەڵام خەڵکانی نەتەوەپەروەری کورد تاوەکو رادەیەک توانییان بەرەنگاری تەعریب ببنەوە. ئەمەی من لێرەدا دەیگێڕەمەوە بەلای منەوە ئازایەتی و بوێرییە، هەروەها کوردایەتی یە و پەیامێکە بۆ داگیرکەر کە ناتوانن پیلانەکانیان بەتەواوی جێبەجێ بکەن. ساڵی 1979 ماڵی کاک مەوجود کچێکیان دەبێت، کاک مەوجود کە هێشتا خەمی نسکۆی ساڵی 1975 لەسەر شانی لانەچووە، بۆ دڵنەوایی خۆیان ناوی دەنێت(کوردستان). هەرچەندە خەڵکانێک پێیدەڵێن بۆ بە دەستی خۆت کێشە بۆ خۆت و دواڕۆژی منداڵەکەت دەنێییەوە، بەڵام ئەو هەر سوور دەبێت لەسەر بڕیارەکەی، ئیدی لە فەرمانگەی ناسنامە و باری شارستانی بەناوی (کوردستان مەوجود) تۆماری دەکات.
 
زۆری پێناچێت لە دائیرەی ئەمنەوە بانگی دەکەن، هەڵبەت ئەوەش دوای نووسینی راپۆرتێک لەلایەن چەند سیخوڕێکەوە، کاک مەوجود دەیگوت بە بیرمدا نەدەهات لەسەر ناوی کچەکەم بانگم بکەن، بەڵکو دەمگوت هێشتا داخی بەشداریکردنم لە شۆڕشی ئەیلوول لەسەر دڵیان ماوە! 
 
کاک مەوجود پیاوێکی سەرڕاستە و چیرۆک ناهۆنێتەوە بۆیە تەنانەت کە باسی بەڕێوەبەری ئەمن دەکات دەڵێت "خوا هەڵناگرێت کە منی بینی بەڕێزەوە فەرمووی لێکردم، یەکەم شت هەواڵی ئەوەی لێ پرسیم مندڵت هەیە؟ منیش گوتم بەڵێ، کچێکم هەیە. گوتی ناوی چییە؟ گوتم کوردستان! باشە مامۆستا ناو قاتی بوو وا ناوت ناوە کوردستان؟ منیش گوتم بۆچی هیچ یاسایەک هەیە ناوی کوردستانی پێ قەدەخە کرابێت! تێگەیشتم مەسەلەکە چییە، بۆ ئەوەی لە دەستی رزگارم بێت بە بەڕێوەبەری ئەمنم گوت مەگەر سەرۆک سەدام حوسێن خۆی چەندین جار ناوی کوردستانی نەهێناوە؟  بەم قسانەم بەڕێوەبەری ئەمن بزەیەکی تاڵ کەوتە سەر دەموچاوی و گوتی مەسەلەکە ئەوە نییە، بەڵکو تۆ بە مەبەست ناوت ناوە کوردستان تاوەکو لەگەڵ ناوەکەی خۆت ئاوازێکی ناخۆش بدەیت بە گوێچکەی ئێمەدا، کوردستان مەوجود!". 
 
دوای ئەم بگرە و بەردەیە کاک مەوجود روو لە بەڕێوەبەری ئەمن دەکات و دەڵێت: ماڵت ئاوابێت من بیرم لەوە نەکردبووەوە، بەڵام خۆ منیش و کچەکەیشم نەبین، کوردستان هەر مەوجودە!
 
بەرێوەبەری ئەمن تێدەگات و رەنگە گوتبێتی باشترە زیاتر ئەم بابەتە نە ورووژێنم، بۆ ئەوەی بە کاک مەوجودی بسەلمێنێت کە لەنێو ئێوەدا خەڵکانی خۆفرۆشتان زۆرە و دەڵێت: "ئەگەر ئێوە لەنێو خۆتاندا سیخوڕی بەسەر یەکتریەوە نەکەن من چوزانم کچی تۆ ناوی چییە، هەستە مامۆستا لەبەرچاوم ونبە".
 
بەڕاست ئێمەی کورد کەی پەند و وانە لە رابردوو وەردەگرین، لە کاتێکدا خەریکە مەوجودییەتمان لە هەندێک ناوچە دەکەوێتە مەترسییەوە.