لە ئیحسان نووری پاشاوە بۆ رەفیق حیلمی

 
لەوانەیە کەم نووسەر و رووناکبیری کورد هەبن هێندەی مامۆستا رەفیق حیلمی گرنگی بە مێژوو و ئەرشیف دابێت. هەر نامەیەکی بۆ هاتبێت، یان هەر نووسراوێکی فەرمی لە دەوڵەتەوە بۆ هاتبێت، تەنانەت کارتێکی جەژنە پیرۆزە یان داوەتنامەیەک، هەمووی پاراستوون.
 
 بە دڵخۆشییەوە ژیان خانی کچی رەفیق حیلمی هەموو ئەو نووسراوانەی باوکی و تەنانەت  چەتر و هەموو کەلوپەلە تایبەتەکانی مامۆستای لەلای خۆی پاراستوون و ئێستا بەشێکی زۆریان لە بنکەی ژین لە سلێمانی پارێزراون. ژیان خان کاتی خۆی شەرەفی ئەوەی پێدام  کۆپی چەند نامە و نووسینێک لەلای خۆم بپارێزم، کورد گوتەنی عومر باقی بێت لە داهاتوودا لەگەڵ کۆمەڵێک نامە و بەڵگە و نووسینی مێژوویی دیکە کە لێرە و لەوێ دەستم کەوتوون، کاریان لەسەر دەکەم.
 
لێرەدا دەقی ئەو نامەیەی سەرکردەی کورد ئیحسان نووری پاشا ، رابەری شۆڕشی ئاگری (ئارارات)لە 21-11-1958 کە بۆ مامۆستا رەفیق حیلمی ناردووە وەکو خۆی بڵاودەکەینەوە، هاوکات نامەکەم هێناوەتەوە سەر رێنووسی ئێستا.        
  
ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا نامەکەی بە پیتی ئارامی (عەرەبی) کە کرمانجیی خواروو (سۆرانی) پێدەنووسرێت نووسیوە و بۆ ئەو سەردەمە و بۆ کەسێکی وەکو ئیحسان نووری پاشا کە خەڵکی باکووری کوردستان بووە، کوردییەکی خۆشە، بەڵام پێویستی بە ودربینییەکی ورد و ساخکردنەوەی رستەبەندییە بۆ ئەوەی بەتەواوی لە نامەکە تێبگەین.
 
ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت بەوەی کە زمانی کوردی لە باشووری کوردستان بووەتە زمانی خوێندن و نووسین و وەکو زمانێکی فەرمی قبوڵکراوە، هەروەها دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت کە کەسێکی کوردپەرەوەر و نیشتیمانپەروەری وەکو مامۆستا رەفیق حیلمی کراوەتە بەڕێوەبەری مەعاریف (پەروەردە).
 
لەلایەکی دیکەوە دەبینن پەیوەندی رووناکبیرانی ئەو سەردەمە لەسەر بنەمای کتێب، زمان و کوردایەتی بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری پاشا لە ئێران ژیاوە و لەژێر چاودێری ئێرانییەکاندا بووە بۆیە نەیتوانیوە هەموو شتێک بە دڵی خۆی بنووسێت.
 
ئیحسان نووری پاشا نامەکەی لەکاتێکدا ناردووە کە ژەنەڕاڵ بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕاوەتەوەو، بێگومان زانیویەتی کە مامۆستا رەفیق حیلمی پەیوەندییەکی گەرموگوڕی لەگەڵ ژەنەڕاڵ بارزانی هەیە، بۆیە بە دەرفەتی زانیوە نامەیەکی تایبەت کە بۆ ژەنەڕاڵ بارزانی نووسیوە بخاتە نێو هەمان ئەو پاکەتەی کە نامەکەی مامۆستا حیلمی تێدابووە، بۆ ئەوەی لە دەستێکی ئەمینەوە بگاتە بارزانی نەمر. لە نێو دێرەکاندا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە ژەنەڕاڵ ئیحسان لە رەوشێکی باشی ئەمنیدا نەبووە و نەیتوانیوە راستەوخۆ نامە بۆ ژەنەڕاڵ بارزانی بنێرێت. ژەنەڕاڵ ئیحسان نووری  پاشا لە نامەکەیدا بۆ مامۆستا حیلمی نووسیویەتی :" کاخەزێکم بۆ قارەمانی نەتەوەیی خۆمان ژەنەڕاڵ بارزانی نووسیوە، وەزعی نائاسایی من رێگرە لەوەی بە ئاشکرا نامەکەی بۆ بنێرم، بۆیە خستوومەتە ناو پاکەتی نامەکەی جەنبتانەوە، تکایە بە دەستی موبارەکی خۆتان پێشکەشی ئەوی بکەن".
 
ئەم نامەیە بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگە، باسی سەردەمێک دەکات کە لە عێراق و باشووری کوردستان رەوشێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و دەرفەتی زیاتر بۆ زمانی کوردی و بزاڤی سیاسی کورد کراوەتەوە. ئیحسان نووری پاشا لە نامەکەیدا ژەنەڕاڵ بارزانی وەکو قارەمانی نەتەوەیی دەناسێنێت، ئەوەش لە خۆڕا نەبووە چونکە ژەنەڕاڵ بارزانی دوای کاروانە مێژووییەکی بۆ یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ هاوەڵانی لەلایەن زۆر لە مێژوونووسانی بیانیش وەکو سەرکردەیەکی ئەفسانەیی کورد ناوی تۆمارکراوە. 
 
یادی هەردوو ژەنەڕاڵی کورد ئیحسان نووری پاشا و ژەنەڕاڵ بارزانی و مامۆستا رەفیق حیلمی بەخێر، بەڕێزەوە یادیان دەکەینەوە. 
 
لێرەدا من نامەکە بە رێنووسی ئێستا دەنووسمەوە و دەقی نامە ئۆرگیناڵەکە وەکو خۆی بڵاو دەکەمەوە:
 
 
دۆستی بەڕێز و خۆشەویست!

ماوەیەک لە مەوپێش نووسراوێکم پێشکەش کردبوون، وەڵام دی نەهات (وەڵامم وەرنەگرتەوە). هاواڵی من کە لە بەغدا لەگەڵ جەنابتان ئاخاوتووە و لە دوایی دا لە تارانەوە بۆ جەنابتان پەرتووکی ناردبوو، سڵاوتان لێ دەکات و دەڵێت رەفیق حیلمی بەگ قەد پێڕانەدەگەیشت پەرتووک بنووسێت. بیستومە لە هەموو کوردستانی عێراق قوتابخانەی ئیبتیدایی (سەرەتایی) بە زمانی کوردی تەدریس دەکەن (دەخوێنن) و جەنابتان  "مدیریە العام" ن. زۆر کەیفخۆش بووم، هیوام وایە زووتر رەسمیەت پەیدا بکات. لە ئێستاوە پێتان دەڵێم موبارەکە، ئینشاڵلا بە گیان و دڵ پیرۆزبایتان لێدەکەم. 

 
کاخەزێکم بۆ قارەمانی نەتەوەیی خۆمان ژەنەڕاڵ بارزانی نووسیووە، وەزعی نائاسایی من رێگرە لەوەی بە ئاشکرا نامەکەی بۆ بنێرم، بۆیە خستوومەتە ناو پاکەتی نامەکەی جەنبتانەوە، تکایە بە دەستی موبارەکی خۆتان پێشکەشی ئەوی بکەن. 
 
سڵاو و رێزم لە حزورتاندا هەیە. چاوەڕێی وەڵامتانم.
واژۆ
ئیحسان نووری
21-11-1958