مووچەی هەرێمی کوردستان و بێ دیناریی بانکی ناوەندی یان وەزارەتی دارایی عێراق؟
بابەتی نەبوونی دینار یان نەختینە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق و مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ژمارەکانی بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی و نەوتەوە دەگەڕێتەوە. هەرچەند نەبوونی نەختینە لای بانکی ناوەندی زۆر جیاوازە لە نەبوونی دینار لای وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەوەی لە ژمارەکانەوە دەردەکەوێت، ئەوەیە کە بانکی ناوەندی بێ دینار نییە و بگرە خستنەڕوو و دەرکردنی پارەی کەمکردووەتەوە؛ ئەوە وەزارەتی داراییە جیاوازیی داهات و خەرجییەکانی زیاتر بووە و یەکەم شوێنیش بۆ کەمکردنەوە، هەرێمی کوردستان بووە.
عێراق وڵاتێکی پشتبەستووە بە نەوت و دەبێت داهات و خەرجییەکانی بەگوێرەی نرخەکەی بێت، نەوەک پلانی حکومەت و بودجەی ساڵانەی. بەپێی بانکی ناوەندی، زیاتر لە دەیەیەکە نەوت رێژەی 99٪ی کۆی هەناردەکەی و 85٪ی کۆی بودجەکەی و 42٪ی کۆی گەشەی بەرهەمە نێوخۆییەکەی پێکدەهێنێت؛ هەرچەندە لەڕووی داهاتەکەیەوە بانکی جیهانی کەمی گوتووە و لەڕاستیدا لەم ساڵانەی دواییدا 90٪ی تێپەڕاندووە.
هەروەها، نرخی نەوت حکومڕانیی ئابووریی عێراق دەکات، نەوەکو یاسای بودجەی ساڵانە و پلانی پێنج ساڵە و 10 ساڵەی نەخشەی ئاوەدانی. لە 9 مانگی رابردوو دا بەپێی وەزارەتی نەوت کە داهاتی بەدەستهاتوو 62 ملیار دۆلار بێت ئەوا بانکی ناوەندیی عێراق 81 تریلیۆن دینار بۆ خەزینەکەی وەزارەتی دارایی دابیندەکات، نەوەکو 97 تریلیۆن دینار کە خەرجیی وەزارەتی دارایی دەبێت لەو ماوەیەدا.
بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی (CBI)، عێراق نەوەک کێشەی نەختینە و هەبوونی دیناری نییە، بەڵکو لە ماوەی یەک ساڵدا وەک سیاسەتی نەختینەیی خۆی 4.5 تریلیۆن دیناری کشاندووەتەوە. بۆ نموونە، بڕی دەرکردنی دیناری عێراقی لە مانگی ئەیلوولی 2024دا لە 104 تریلیۆن دینارەوە کەمکردووەتەوە بۆ 99 تریلیۆن دینار؛ زۆرترینیشی لە بازاڕەکان کشاندووەتەوە نەک لە بانکەکان، وەکو لە خوارەوەدا هاتووە.
سیاسەتی نەختینەی بانکی ناوەندیی عێراق پەیوەستە بە داهاتی نەوتەوە، ئەگەر تەماشایەکی گرافیکی سێیەم بکەین دەردەکەوێت کە لە ئەیلوولی 2024وە داهاتی نەوت کەمدەبێتەوە و بانکی ناوەندیش بڕی پارەی دەرکراو (Issued Currency) کەم دەکاتەوە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە. واتە ئەوە نرخی نەوتە سیاسەتی بانکی و دارایی ئابووری دادەڕژێت و بانکی ناوەندی ناچار دەکات بڕی پارەی بازاڕ و بانکەکان کەم و زیاد بکات.
ئەوەی ئێستا روودەدات کەمبوونەوەی بەردەوامی مانگانەی داهاتی وەزارەتی داراییە لەچاو خەرجییەکانی، نەوەکوو نەبوونی نەختینە کە بڵاودەکرێتەوە. وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە ئەگەر لە مانگی ئەیلوولیش خەرجییەکانی 8 ملیار دۆلارێک بووبێت، ئەوا جیاوازییەکەی داهات و خەرجی لەم نۆ مانگەی ساڵ دا گەشتووەتە سەروو 4.4 ملیار دۆلار.
لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا وەزارەتی دارایی بە قەرزی نیوخۆیی کورتهێنانی پڕ کردووەتەوە، هەربۆیەش بڕەکەی لەکۆتایی 2023دا 55 ملیار دۆلار بووە، بەڵام تاوەکو چارەکی سێیەمی ئەم ساڵ دەگاتە 67 ملیار دۆلار، واتە لەو ماوەیەدا بەڕێژەی 21٪ بەتەنیا قەرزی نێوخۆیی زیادیکردووە.
شتێکی دیکەش ئەوەیە کە بەردەوام ناتوانرێت قەرز بکرێت و کورتهێنانی پێی پڕبکرێتەوە، چونکە بەردەوامیدان بە خەرجییەکان وادەکات لە کۆتایی ساڵدا داهاتی بەدەستهاتوو ببێتە قەرز، هەربۆیەش دەبێت خەرجی کەمبکرێتەوە و نەوەکو کورتهێنان پڕ بکرێتەوە ویەکەم شوێنیش کە بیری لێکراوەتەوە دواخستنی مووچەی هەرێمی کوردستان بووە سەرەڕای رادەستکردنی نەوت و داهاتی نێوخو.
تێبینی، داهات و خەرجی مانگی ئەیلوول 2025، بەتێکرای هەشت مانگی رابردوو ئەمساڵ وەرگیراوە.
تێبینی 2، نرخی یەک دۆلار بە 1300 دینار دانراوە لە گۆڕینی دینار بۆ دۆلار
بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوت و دارایی وەکو لەگرافیکی یەکەمدا هاتووە، داهاتی نەوت مانگانە 6 بۆ 7 ملیار دۆلارێکە بەهۆی نرخەکەیەوە، بەڵام خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی لەم مانگانەی کۆتاییدا دەگاتە 10 ملیار دۆلار نەوەکو 8 بۆ 9 ملیار دۆلاری ئاسایی مانگانە. ئەم جیاوازییە تا گەورەتر بێت باری وەزارەتی دارایی قورستر دەبێت نەوەکو بانکی ناوەندی، چونکە بانکەکە چەند داهات بێت ئەوەندە دینار دەدات، واتە تواناکەی بەقەد داهاتەکەیە نەوەکو خەرجییەکە، هەربۆیەش دەرکردنی دیناری لە سیاسەتی نەختینەی عێراق کەمکردووەتەوە تاوەکو زیادی بکات، وەکو لەگرافیکی یەکەمدا هاتووە.
هەروەها، کاتێک خەرجی زیاد دەکەیت و داهاتت کەمدەبێتەوە، کورتهێنان دەردەکەوێت و ناشتوانێت قەرزی دەرەکی بۆ بکەیت و قەرزی نیوخۆیش فریای ناکەوێت. ئینجا باس دێتەسەر نەبوونی دینار لای وەزارەتی دارایی نەوەکو بانکی ناوەندی، چونکە لەبەرئەوەی خەرجییەکە بۆ وەبەرهێنان نییە، بانک و دامەزراوە ئابوورییەکانیش ناتوانن خەرجییەکی بۆ دابین بکەن یان کورتهێنانێکی بۆ پڕبکەنەوە کەوا بۆ مووچە، چاودێری کۆمەڵایەتی و پاداشت و هاوکاری و پاڵپشتی دابینکردنی وزە بێت کە لە ساڵێکدا گەشتووەتە 102 تریلیۆن دینار.
ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە زۆر سەرنجڕاکیشە، چونکە لەم حکومەتەدا بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و کابینەکانی پێشوو و تەنانەت ساڵانی رابردووش، هەرێمی کوردستان نەوتی رادەستکردووە و داهاتی نانەوتی ناردووە و دوو مانگیشە سۆمۆ نەوتەکەی دەفرۆشێت و بڕەکەی لە مانگی رابردوودا 5.8 ملیۆن بەرمیل بووە و لەم مانگەشدا بەهۆی بەردەوامی هەناردەکردنەوە بڕەکەی زیادیکردووە و رۆژانە 200 هەزار بەرمیل بێت، واتە پێکەوە دەگاتە سەروو 11 ملیۆن بەرمیل نەوت و داهاتەکەشی بە نرخی بەندەری جەیهان بۆ نەوتی عێراق نزیکەی سەروو 700 ملیۆن دۆلار یان 900 ملیار دینار دەبێت، ئەمەش سەرەڕای رادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کە بەتێکڕای مانگانە بەڕێژەی 9.4% بەشداری لەکۆی داهاتی نانەوتی عێراق دەکات، کەچی هێشتا مووچەی مانگی ئەیلوولی بۆ نانێرێت و دەستدەکات بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی نێوەڕاست و باشوور!.
بە کورتی، ئێستا کە باس لە نەبوونی نەختینە دەکرێت درووست نییە، بەڵکو دەبێت باس لە کەمیی داهات و زۆریی خەرجی بکرێت، چونکە کاتێک خەرجیی وڵات دەکەیتە مووچە و هاوکاری و پاداشت و چاودێریی کۆمەڵایەتی دینار نەک بەرمیلە نەوتی 70 دۆلاری بگرە 80 دۆلاریش بەرگەی ناگرێت.
لە کۆتایی دا، بانکی ناوەندی نەوەک ناتوانێت بۆ 9 مانگ سەروو 15 تریلیۆن دینار کورتهێنان بۆ وەزارەتی دارایی پڕبکاتەوە، بەڵکو بۆ پاراستنی دینار سیاسەتی نەختینەی خۆی بچووک دەکاتەوە تاوەکو فراوانکردنی.