دابەشکردنی سامانی نەوت لە عێراق؛ بەرهەمهێنانی نایەکسانی و هاوردەکردنی کاڵا
بەپێی داشبۆردی نایەکسانی جیهانی، کە داتای 110 وڵاتی جیهانی لەخۆگرتووە، عێراق یەکێکە لە نایەکسانترین وڵاتانی جیهان لە دابەشکردنی داهات و سامان بەسەر هاووڵاتیانییدا، بەشێوەیەک کە تەنیا 1%ی دانیشتووان سێ هێندە زیاتر داهاتیان هەیە وەک لە 45%ی دانیشتووان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم نایەکسانییەش لە سیستمی دابەشکردنی مووچەی کەرتی گشتیدا خۆی دەبینێتەوە.
لەنیوەی یەکەمی 2025دا سەروو 30 تریلیۆن دینار بۆ مووچەخۆران لە تەواوی عێراق خەرجکراوە، بەڵام دابەشبوونەکەی جیاوازیی گەورەی تێدایە، بە شێوەیەک جیاوازییەکە لەنێو دامەزراوەیەکی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەران، یان ئەنجوومەنی وەزیران بۆ نێو وەزارەتەکانیش هێندە گەورەیە دەتوانین بێژین گەیشتووەتە 6 هێندە.
لەسەر بنەمای داتاکانی "داشبۆردی دارایی عێراق (2015 - 2025)"، کە پشتی بە داتا و بودجەی وەزارەتی دارایی بەستووە، دەردەکەوێت کە فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی سەر بە پەرلەمانی عێراق، وەک دەستەی چاودێری دارایی، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، بەرزترین مووچەی مانگانەیان هەیە. لە بەرامبەردا، فەرمانبەرانی وەزارەتی گواستنەوە لە سەرانسەری عێراق کەمترین مووچە وەردەگرن.
لە کۆی 60 تریلیۆن دیناری ساڵانە بۆ فەرمانبەران و 26 تریلیۆن دینار بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی، نزیکەی 14 ملیۆن هاووڵاتی عێراق مانگانە مووچەی فەرمی دەوڵەت وەردەگرن. ئەم ژمارەیە نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووان و زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە تەمەنیان لەنێوان 14 بۆ 64 ساڵیدایە. ئەگەر ئەم دابەشکردنەی سامانی نەوت بە یەکسانی بوایە، رێژەی هەژاری لە عێراق، کە لە ساڵی 2024 گەیشتووەتە 17.5%، ئەوەندە بەرز نەدەبوو.
ئەگەر بە تێکڕا بۆ ساڵی 2023 لێکدانەوە بۆ دابەشبوونی مووچە لە تەواوی عێراق بکەین، ئەوا هەر فەرمانبەرێک 966 هەزار دیناری عێراقی مانگانە وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر کارمەندێکی سەر بە دامەزراوەکانی پەرلەمان بێت مووچەکەی سەروو سێ ملیۆن دینار و وەزارەتی دەرەوە بێت ئەوا 2.6 ملیۆن دیناری مانگانەیە، لە کاتێکدا ئەگەر کارمەندی وەزارەتەکانی وەک کشتوکاڵ، رۆشنبیری و گواستنەوە بێت ئەوا ناگاتە 600 هەزار دیناری مانگانە، کە ئەمەش چانسی کۆکردنەوەی داهاتی مانگانە و ساڵانە بۆ تاکێک لە عێراق دەردەخات.
ئەم جیاوازییە قووڵە، تەنانەت لەناو یەک دامەزراوەشدا بەدی دەکرێت. بۆ نموونە، سەرەڕای ئەوەی تێکڕای داهاتی ساڵانەی تاکێک لە دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەگاتە سەرووی 38 ملیۆن دینار، بەڵام جیاوازی مووچەی نێوان فەرمانبەرێکی نوێ دامەزراو و پەرلەمانتارێکی دەستبەکاربوو، کەمتر نییە لە 15 هێندە.
هەروەها ئەم جیاوازییە لەنیو وەزارەتەکانیش هەیە، بۆ نموونە فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوە بێت یان وەزارەتی کشتوکاڵ جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەرووی داهاتی مانگانە و ساڵانەوە، چونکە بەتێکرا فەرمانبەرێکی وەزارەتی دەرەوە لە عێراق ساڵانە سەروو 30 ملیۆن دینار وەردەگرێت، لەبەرامبەردا فەرمانبەری وەزارەتی رۆشنبیری یان کشتوکاڵ ساڵانە خوار 6.5 یان 7.1 ملیۆن دینار وەردەگرێت.
لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش ئەم جیاوازییە هەیە، بۆ نموونە بەتێکڕا کارمەندێکی دەوڵەت لە پارێزگای بەسرە ساڵانە 6.2 ملیۆن کۆی مووچەکەیەتی، کەچی لەپارێزگای موسەننا مووچەی کارمەندێک ساڵانە دەگاتە سەروو 12.6 ملیۆن دینار وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا بۆ سێ سەرۆکایەتییەکە، هەموو وەزارەتەکان و پارێزگاکان لە عێراق هاتووە.
دابەشبوونی مووچەی ساڵانە و مانگانە بەپێی دامەزراوەکان لەعێراق بەتێکرا بۆ ساڵی 2023 لەم گرافیکەی خوارەوەدا خراوەتەڕوو
تێبینی: تێکڕای مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە گرافیکەکەدا نییە، چونکە لە 2023دا هیچ بڕە پارەیەک خەرجنەکراوە وەک مووچە، ئەگەر لەسەر داتای خەرجیی مووچە 2024 بێت بە تێکڕا فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان 1 ملیۆن و 165 هەزارە و ساڵانە نزیکەی 14 ملیۆن دینارە و نزیکەی لەتێکڕای کۆی فەرمانبەری عێراق.
سەرچاوەی داهاتی ئەم دابەشکارییەی پارەی مانگانە لە عێراق بەسەر فەرمانبەران لە نەوتەوە دێت، چونکە دوای 10 ساڵ (2015-2025) داهاتی نانەوتی 1.3 تریلیۆن دینار کەمیکردووە لەجیاتی ئەوەی زیاد بکات، چونکە لەوماوەیەدا گەشەی بەرهەمی نیوخۆی و هاوردەکردنی کاڵا و داهاتی تاک و ژمارەی دانیشتووان زیادیکردووە نەوەکو کەم، بۆ نموونەش خەرجی مووچەی فەرمانبەر و چاودێری کۆمەڵایەتی لە 44 تریلیۆن دینارەوە زیادیکردووە بۆ 86.7 تریلیۆن دیناری ساڵانە.
سەرچاوەی سەرەکی ئەم مووچانە لە عێراق پارەی نەوتە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا (2015-2025) بە بڕی 1.3 تریلیۆن دینار کەمیکردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرهەمی ناوخۆ، هاوردەکردنی کاڵا، داهاتی تاک و ژمارەی دانیشتووان زیادی کردووە. خەرجی مووچەی فەرمانبەران و چاودێری کۆمەڵایەتی لە 44 تریلیۆن دینارەوە گەیشتووەتە 86.7 تریلیۆن دینار ساڵانە.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، کۆی خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە عێراق 56 تریلیۆن دینار بووە، ساڵی رابردووش 150 تریلیۆن دینار. بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە 73% تا 95%ی ئەم خەرجیانە بۆ بەکارخستن و مووچەیە، لە باشترین حاڵەتیشدا تەنیا 16% بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا تەرخان کراوە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی عێراق ببێتە وڵاتێکی زۆر هاوردەکار و لاواز لە هەناردەکردن، تەنانەت لە دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانیشیدا.
ئەم دابەشکردنە نایەکسانەی سامانی نەوت، ئابوورییەکی سادە و کەمتر ئاڵۆزی دروست کردووە. بەپێی ئیندێکسی ئابووری جیهانی و زانکۆی هارڤارد، هەرچەندە ئابووری وڵاتێک سادەتر بێت، هێندە لاوازترە بەرامبەر گۆڕانکارییە ئابوورییەکان.
بۆ نموونە بەپێی داتاکانی OEC بۆ هاوردەکار و هەناردەکاری کاڵا لەنێوان وڵاتان، لەساڵی 2023دا بەبەهای 70 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەی عێراق کراوە، کە 50 ملیار دۆلار لە سێ وڵاتەوە بووە، بەدوای یەکدا 22.6 لە ئیمارات، 12.8 لە تورکیا و 14.3 لە چینەوە.
هەروەها ئەم هاوردەکردنی کاڵایانەش کەرەستەی خاو نەبووە بۆ کارگەکان و بەرهەمهێنانەوەی کاڵا بۆ نێوخۆ و دەرەوە، بەڵکو هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەک بەنزینی سوپەر، رۆنی ئۆتۆمبیل کە بە بەهای 6.07 ملیار دۆلار، هاوردەکردنی مۆبایل بە بەهای 4.45 ملیار دۆلار، ئۆتۆمبیل بە بەهای 4.4 ملیار دۆلار جگە لە 727 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر، 645 ملیۆن دۆلار بۆ یەدەگی ئۆتۆمبیل لەو ساڵەدا.
لەرووی بەرهەمە جوانکارییەکانی وەک خشڵ، زێڕ و زیووەوە لەو ساڵەدا عێراق بە بەهای 4.7 ملیار دۆلار هاوردەکردنی هەبووە. سەبارەت بە بەرهەمە خۆراکییەکانیش 1.36 ملیار دۆلار لەساڵێکدا بۆ هاوردەکردنی برنج رۆشتووەتە دەرەوە. هەروەها بەبەهای 271 ملیۆن دۆلار چا لە وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە هاوردەکراوە. جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن بەهەموو جۆرەکانییەوە ساڵانە دەگاتە نزیکەی 1 ملیار دۆلار بۆ هەموو عێراق، لە بەرامبەردا و لە 2023دا عێراق نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی بە بەهای 102 ملیار دۆلار هەناردەی وڵاتان کردووەو هیچ شتێکی دیکە لە نەخشەی بازرگانی هەناردەکردنی کاڵای عێراق بۆ دەرەوە لەنەخشەکەدا دەرناکەوێت، کە لیرەدا باسبکرێت.
بەپێی راپۆرتی عێراق بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا لە 2023دا، ساڵانە سەروو 1100 کاڵا و ماددە و بەرهەمی جۆراوجۆر هاوردە دەکات، لەبەرامبەردا 10 هێندە کەمتر و لەرووی فرەچەشنییەوە ناگاتە 100 بەرهەمی جیاواز کە بۆ دەرەوەی هەناردە دەکات.
ئەگەر بەگشتیش بەروارد بکەین لەنێوان خەرجییەکان لە عێراق و بڕی خەرجی مووچەی فەرمانبەران و چاودێری کۆمەڵایەتی و بڕی ئەو سەرمایانەی بۆ هاوردەکردنی کاڵا لەدەرەوە رۆشتووە، وێنەکە زیاتر رووندەبێتەوە، بۆ نموونە لەساڵانی (2015-2025) دا کۆی خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان لە عێراق 764 ملیار دۆلار بووە، کە 636 ملیار دۆلار بۆ بەکارخستن و 128 ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان رۆشتووە. ئەوەی وەک مووچە خەرجکراوە 454 ملیار دۆلار بووە، لە بەرامبەردا هاووڵاتیانی عێراق بە بەهای نزیکەی 505 ملیار دۆلار کاڵای جۆراوجۆریان لە دەرەوە هاوردە کردووە، کە زۆرترینی ساڵانەی بۆ ئۆتۆمبیل، مۆبایل، خشڵ و زێڕ، برنج و چا، بەرهەمە تووتنییەکان بووە.
خاڵیکی دیکەی سەرنجڕاکیش دەربارەی وەبەرهێنان لە عێراق، ئەگەر تەماشای داتاکان بکەین دەبینین لەکۆی 128 ملیار دۆلاری وەبەرهێنان، 77 ملیار دۆلاری بۆ وەزارەتی نەوت بووە تاوەکو وەزارەتی تەندرووستی، پەروەردە و خوێندنی باڵا و ژینگە و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و گەنجان.
لەکۆتاییدا ئەگەر گەورەترین نایەکسانی لەرووی داهاتەوە بۆ سامان و داهاتی مانگانەی تاک لە دەوڵەتەوە سەرچاوە بگرێت و بێتەئاراوە و رەوشی فەرمانبەرانی حکومەت بەمشێوەیە بێت! ئەی مووچەی کارمەندانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت و ئەو کرێکارانەی بەرۆژانە و مانگانە لە بازاڕ و شوێنە خزمەتگوزارییەکان کار دەکەن چۆنە؟ لە بەشی داهاتوودا لەسەر داشبۆردی دارایی عێراق هەڵوەستە لەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەین.