ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆردا؛ لە روانگەی رووداوەکانی رۆژئاڤای کوردستانەوە
ئێش و ئازارەکانی رۆژئاوا ئەوەندە کاریگەرن، بە ئەندازەیەک کە راستەوخۆ ئەمریکییەکان بە 'ناپاک" لە لایەن کوردەوە بناسێنرێن، بەتایبەت نێردەی تایبەتی هەنوکەی سەرۆکی ئەمریکا -تۆم باراک-، راستە کورد بە درێژایی مێژووی خۆی هەر لە حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لە چەند وێستگەیەکدا بە ئاگری ئەمریکیی سوتێنراوە یان داخ کراوە، بەڵام هیچ جارێک وەک ئەمجارە زەق نەبووە، لەوانەیە بەهۆی پێشکەوتنی راگەیاندنەوە بێت لەم سەردەمەدا.
لەم بابەتەدا دەمەوێت دوو خاڵ رون بکەمەوە:
یەکەمیان: ئەمریکا و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆردا.
دووەمیان: مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپی چەکداریی هەسەدە شێوەدا.
یەکەم: تیرۆریست لە دیدی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئەو لایەن و کەسایەتییانەن کە ترسن بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، یان هاوپەیمانانی.
هەڵگرتن یان لادانی هەرکام لەو تیرۆریستانە لە لیستەکەدا، بە دوو رێگا دەبێت:
- وەزارەتی دەرەوە بگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەو کەس و گرووپانە وەک ترس بۆ سەر وڵات نەماون.
- ئەگەر بەرژەوەندی ئەمریکا لە لیستی تیرۆردا نەمێنن، واتە مەرج نییە تیرۆریستەکان گۆڕابن، ئەوان هەروەک خۆیان ماونەتەوە، بەڵام وا دەخوازێت ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات، بەڵام ئەگەر لە لیستی تیرۆردا هەبن یاسا رێگر دەبێت، بۆیە و بۆ خۆشکردنی رێگای گرێدانی پەیوەندی لەگەڵیاندا پێویست دەکات کە لە لیستەکەدا نەمێنن ببن بە دۆست، پێوەریش لێرەدا بەرژەوەندی ئەمریکایە نەک پاشگەزبونەوەی گروپەکان لە دیدو ئایدیای تیرۆریزم.
سووریا روونترین نموونەی ئەم میتۆدەی واشنتنە، ئەحمەد شەرع – ئەبو محەممەدی جۆلانی، لە زیندانەکانەوە لە عێراق دیدی سیاسیی دروست بووە، پاشان بە نوێنەرایەتیی ئەبوبەکری بەغدادی رۆشتووەتە سووریا و رێکخستنی دەوڵەتی ئیسلامیی – داعش-ی دروستکرد، لە داعش جیابووەوە و بەرەی نوسرەی سەر بە رێکخراوی قاعیدەی دروستکرد و بەیعەتی بە ئەیمەن زەواهیریی دا، لەوێشەوە بەرەی فەتحی شام، پاشان دەستەی رزگارکردنی شام- هەتەشە، لە هەموو ئەو ساڵانەدا ئەم کابرا وەک تیرۆریست ناوی دەبرا، بە بەرچاوی رۆژئاواو تورکیا و عەرەبەکانەوە دەسووڕایەوە، بەڵام چاویان نەیدەبینی. لەبری ئەوەی دەستگیر بکرێ، هاتن و لە 2018 هەرێمێکییان لە ئیدلیب بۆ دروستکرد لەژێر چاودێریی تورکیادا. لە کاتێکدا کە لە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرەی نووسرە و هەر بونێکیدی هەڵگری هەمان دید و فکر بن، بە تیرۆریست ناسێندراون.
ئەمریکاش 10 مليۆن دۆلاری بۆ سەری خودی جۆلانی ئەو کات دانا، بەڵام لەو کاتەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە گەیشتە دیمەشق دیداری فەرمیی لەگەڵ کرد، لەبری بردن و زیندانیکردنی لە لیستی تیرۆر دەرهێنرا، چونکە ئەوان لەسەر بەرژوەندییەکان سیاسەتیان دادەڕێژن، بەها مرۆیی و یاسا نێودەوڵەتییەکان تێکڕا لە لایەن ترەمپەوە لەکارخراون.
کەواتە هیچ قسەکردنێک لەگەڵ ئەمریکییەکان و سەلماندنی ئەوەی کە ئەمانە نەک کۆنە داعیشن بەڵکو هێشتا هەر وان هیچ کەڵکی نییە، چاوەڕێی جوڵەی رۆژئاوا گەمژەیی سیاسییە لەسەردەمی ترمپدا.
دووەم: مامەڵەی ئەمریکییەکان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکاندا، ئیدی هەر نازناو و شوناسێکیان هەبێت، پێش باسکردنی هەسەدە، لە عێراق ئەزموونی (بێداریی خێڵەکان) هەیە، ئەمان خێڵگەلێکی سوننەی عەرەبی رۆژئاوای عێراق بوون، لەو کاتەی کە رێکخراوی قاعیدە سەرتاپای ژیانیانی لێ تاڵ کردبوون، کەوتبوونە نێوان ئاگری چەکی ئەمریکی و سوپا و گرووپە شیعەکان و چەکدارانی قاعیدە، کوڕان و کچانیان دەبوونە قوربانی و ماڵەکانیان کاول دەبوون و، بازاڕەکانییان دەتەقێنرانەوە، لەو کاتەدا (ئەبو ریشە) بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی قاعیدەیان دا و ئەمریکاش یارمەتیدەریان بوو، ئەوەندە لە ریزبەبدنی پێشەوەی گرنگی پێدانی کۆشکی سپی بوون، کاتێک جۆرج بۆش هاتە عێراق، رۆیشت لە بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار دابەزی و سەرکردە عێراقییەکان رۆیشتن بۆ ئەوێ بۆلای، کەچی پاش تێکشاندنی قاعیدە، ئەمریکییەکان داوایان لە نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە لەناو سوپادا و پۆلیسدا جێگایان بکرێتەوە، مالیکی قبووڵی نەکرد، ئەبوریشە لە تەقینەوەیەکدا کوژرا، سەحوەی عەشائیریی کۆتایی هات، ئەمریکاش هیچی پێنەکرا، تەفروتونا بوون.
چونکە لە کۆتاییدا ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەت مامەڵە دەکات، هاوپەیمانی گرووپی چەکدار کاتی و مەرحەلەییە. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت لە دیدی ئەمریکییەکان بەرامبەر هەسەدە تێبگەین، لە سەرەتادا بەناوی یەکەکانی پاراستنی گەل واتە (کورد) بوو، یەکەکانی پاراستنی ژنان واتە کورد بوو، بۆ پاراستنی گەلی کورد لە رۆژئاڤا لە دڕندەیی داعش دروست بوو، پاش کۆبانێ، هاتن و پڕچەکیان کردن، بەڵام شوناسی نەتەوایەتییان لێ سەندەوە و کردیان بە نیشتیمانی سووریا لەژێر ناوی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ناوچە کوردنشینەکانیش ناردنیان بۆ ناوچە عەرەب نشینەکان، واتە لە هێزێکی نەتەوایەتیی کوردییەوە بۆ هێزێکی سووریی، لە کوردەوە بۆ تێکەڵەی کورد و عەرەب، لە هێزێکی رزگاریخوازەوە بۆ جەنگاوەرێکی کاتی بە مەبەستێکی تایبەت، لەو ساتەوە رێچکە و کاری سەرەکی شۆڕشگێڕیی رۆژئاڤا لە رێگای خۆی لایدا، بۆیە ئێستا دەڵێن بەشی خۆیان پارەیان وەرگرتووە هیچ قەرزاریان نین و غەدرمان لێ نەکردوون، چونکە ئەوان لەگەڵ کورد مامەڵەیان نەکردووە بەڵکو لەگەڵ هەسەدە، هەسەدەش کاری تەواو بوو. ئەوەی کە هەسەدە بۆی دەکردن ئێستا بە کۆنە داعشەکان ئەنجامی دەدەن. لای ئەوای هەروودک ئامێرن.
بەم سیاسەتەوە جێمس جێفری بەدور لە گشت مۆراڵێک دەڵێت هاوپەیمانیمان لەگەڵ هەسەدە کاتی و تەکتیکیی بووە. جێفری نوێنەری ئەمریکا بوو لە سووریا تا 20-1-2021.
ئایا هەسەدە لێرەدا هەڵەی کردووە؟ یان خەڵەتێنرا؟
ئەوەی لە سیاسەت کەمێک بزانێت دەڵێت هەڵەی کرد، ئەگەر لە سەرەتاشەوە باش تێنەگەیشتبێت، پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێک و بوونی ئەزموونی باشووری کوردستان، دەبوایە باشتر لە دۆخەکە تێبگەیشتنایە، کوردانەتر لەگەڵ دۆخەکەدا هەڵوێستەکانییان دابڕشتایە نەک یەکێتیی گەلان. گوێیان بۆ ئامۆژگارییەکان بگرتایە، پشت بەستن بە بەها مرۆییەکان، دۆستەکان، قسە زارەکییەکان دەرد ناخوات، پشت بەستن بە بیانووی دژایەتیکردنی تیرۆر لە سەردەمی ترەمپدا باجی گەورەی لەم جۆرەی دەبێت، جێمس جێفری لە وتارەکەیدا دەڵێت "ئێمە ناپاکیمان لێ نەکردوون، چونکە بەڕوونی پێمان گوتوون هاوپەیمانیی ئێمە لەگەڵ ئێوە کاتی و تەکتیکییە و هیچ بەڵێنێکمان پێ نەداون".
لە رابردوودا بەتۆ شەڕی جۆلانیی کرد، ئێستەش ناوی گۆڕیوە لە جۆلانییەوە بۆ شەرع و دەیکات بە سەرۆکی تۆ.