گەمارۆی ئەمریکا و چارەنووسی بیرە نەوتەکانی ئێران
گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران، کە ئێستا لە هەفتەی سێیەمدایە، بە شێوازێکی کاریگەر هەناردەی یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوتی جیهانی گەیاندووەتە سفر، بەڵام گەورەترین زیان لەسەر زەریا روونادات، بەڵکو هەزاران مەتر لە ژێر زەوی، لەنێو کێلگە نەوتییە گەورەکانی ئێران روودەدات کە ناتوانن چاوەڕێی چارەسەری دیپلۆماسی بکەن.
کاتێک هێزی دەریایی ئەمریکا لە 14ـی نیسان دا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، میدیاکانی جیهان دەستبەجێ سەرنجیان خستە سەر نرخی نەوت و وەڵامدانەوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کە گوتی ئەمریکییەکان بەم زووانە "بیری بەنزینی چوار دۆلاری" دەکەن و وەک هەڕەشەیەک بۆ بەرزبوونی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی، بەڵام ئەوەی کەم کەس بیری لێدەکاتەوە، زیانێکە کە لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای خوزستان روودەدات.
بیرە نەوتییەکان وەک گڵۆپ ناکوژێنەوە، بەڵکو سیستمی زیندوون، پەیوەستن بە پێکهاتە جیۆلۆجییەکانەوە کە بۆ ملیۆنان ساڵە لەژێر پەستانێکی بەردەوامدان. کاتێک بیرێک بەرهەمهێنانی هەیە، ئەو پەستانە ئاراستەی سەرەوە دەکرێت. ئەگەر نەتوانرێت نەوت هەناردە بکرێت، دەبێ بە ناچاری کۆگا بکرێت، بەڵام ئەوکاتەی کە شوێنی کۆگاکردن نامێنێت، بە ناچاری دەبێت بیرە نەوتەکان دابخرێن. کشێەکە لێرەدایە ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوت بوەستێت جیۆلۆجیا ناوەستێت. لە نموونەی ئێران دا، ئەو زیانەی کە بەهۆی داخرانی بیرە نەوتەکان بەر ئێران دەکەوێت لە داهاتوودا، لەوانەیە زیاتربێت لە زیانی هێرشە مووشەکییەکان.
هەرێمی کوردستان ئەزموونی هاوشێوەی هەیە. ئەوەی ئێستا لە ئێران دا ئەگەری روودانی هەیە کاتی خۆی لە هەرێمی کوردستان روویدا. کاتێک بەهۆی بڕیاری دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئاداری 2023 دا، هەناردەکردنی نەوت وەستا و لە ماوەیەکی کورت دا کۆمپانیا نەوتییەکان بە ناچاری بەهۆی پڕبوونی کۆگاکانیان، بیرە نەوتەکانیان داخست.
بەندەرێک کە خەریکە پڕ دەبێت هەموو شتێک لە زنجیرەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دا بە یەک شوێن دا تێدەپەڕێت؛ دوورگەی خارک. ئەم دوورگە بچووکە مەرجانییە، کە نزیکەی 25 کیلۆمەتر دوورە لە کەناراوەکانی باشووری رۆژئاوای ئێرانەوە، نزیکەی 94 ٪ ـی هەناردەی نەوتی ئێران لەوێوە دەکرێت. ئەسکەلەکانی بەچەشنێکن کە گەورە کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەتوانن بوەستن و نەوت باربکەن، ئەو کەشتیانەی 2 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگرن. بەڵگەنامەیەکی ساڵی 1984ـی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکاCIA ، دامەزراوەکانی دوورگەی خارک وەک "گرنگترین شوێن لە سیستمی نەوتی ئێران" دا ناودەبات و بەردەوامیی ئەو دوورگەیە وەک "پێویستییەکی سەرەکی بۆ مانەوەی ئابووریی ئێران" وەسف دەکات.
لەوەتەی گەمارۆی ئەمریکا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو کەشتییە گەورانە چیدیکە ناتوانن بێنە خارک و نەوت باربکەن، بەڵام نەوتی خاو هەر دێت و کۆگا دەکرێت. بەپێی کۆمپانیای کێپلەر Kpler ، کە کۆمپانیایەکی پێشەنگی زانیاریی بازرگانییە، ئێران توانای کۆگاکردنی نزیکەی 31 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە خارک هەیە کە تاوەکو 7ـی ئادار، 18 ملیۆن بەرمیلی تێدا کۆگا کراوە، واتە 58٪ـی تواناکەی پڕ بووە. کێپلەر مەزەندەی کردووە ئێران لە رۆژە یەکەمەکانی گەمارۆکەدا هێشتا شوێنی نزیکەی 30 ملیۆن بەرمیلی مابوو، بەڵام خەریکە شوێنی بەتاڵ بۆ کۆگاکردنی نەوتی زیاتر نامێنێت. شارەزایانی سەر بە ناوەندی (رووپێوێ ئابووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست) دەڵێن ئەگەری زۆر ئەوەیە ئێران پێش گەیشتنە بەرزترین توانای کۆگاکردن، دەست بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بکات.
تەنانەت هەر لە ئێستاوە وەک رێکارێکی کاتی، ئەو وڵاتە کەشتی گەورەی نەوتی ( ناشا)، کە تەمەنی 30 ساڵ بووەو لە کارکەوتووە، وەک کۆگای سەر دەریا بەکارهێناوە کە لە کەنارەکانی دوورگەی خارک وەستاوە. بەپێی قسەی فرێدریک شنایدەر لە ئەنجوومەنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئێران پێش دەستپێکردنی گەمارۆکە نزیکەی 127 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە کۆگای سەر دەریادا هەبووە ، بەڵام ئاژانسی (ویندوارد) بۆ زانیارییە دەریاییەکان، ئەو بڕەی بە 157.7 ملیۆن بەرمیل مەزەندە کردووە تاوەکو نێوەڕاستی نیسان.
لە ژێر زەوی چی روودەدات؟
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە 21ـی نیسان دا مەترسییە جیۆلۆجییەکانی روونکردەوە و لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی "لە ماوەی چەند رۆژێکدا، کۆگاکانی دوورگەی خارک پڕدەبن و بیرە نەوتە هەستیارەکانی ئێران دادەخرێن". بیسێنت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "سنووردارکردنی بازرگانییە دەریاییەکانی ئێران، راستەوخۆ دەبێتە هۆی پچڕانی دەمارە سەرەکییەکانی داهاتی حکومەتی ئێران".
کێڵگە نەوتییە گەورەکانی ئێران لە نێوانیاندا ئەهواز، گەچساران، مارون، ئاغاجاری و کۆمەڵە کێڵگەکانی نەوتی قورسی رۆژئاوای کاروون، هەموویان کۆگای بەردی کاربۆنیی کۆنن کە زۆربەیان لەنێوان ساڵانی 1920 بۆ 1960 دۆزراونەتەوە. بەپێی شیکارییەکانی هۆمایۆن فەلەکشاهی لە کۆمپانیای کیپلەر، بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران پێش بەرپابوونی جەنگ و لە دوای جەنگەکەش بەرەوە دابەزین روێشتووە. لە مانگی ئاداردا بڕی 200,000 بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە بۆ 3.68 ملیۆن بەرمیل و، پێشبینی دەکرێت لە نیسان دا 420,000 بەرمیلی دیکەی لێ کەم ببێتەوە و بگاتە نزیکەی 3.43 ملیۆن بەرمیل. ئەمە بەڕوونی دەریدەخات کە پەککەوتنی هەناردەی نەوتی ئێران، چۆن خەریکە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە دادەبەزێنێت.
مەترسییە سەرەکییە جیۆلۆجییەکە پێیدەگوترێت (Water coning) . لە ژێر ستوونی نەوتی نێو کۆگای هەر کێڵگەیەکی نەوتی، ئاوی ژێر زەوی چالاک هەیە. لەکاتی بەرهەمهێنانی ئاساییدا، ئەو جیاوازییەی لە پەستاندا دروست دەبێت بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە، ئاستی بەرکەوتنی نەوت و ئاو لە ژێر درز و کونی نێو چینە بەردینەکان دەهێڵێتەوە. کاتێک بیرێک دادەخرێت، ئەو جیاوازییەی پەستان نامێنێت. بەوشێوەیە ئاوەکەی خوارەوە لە جوڵە ناوەستێت. لە رێگەی درزەکانی نێو چینە بەردینەکان بەرەو سەرەوە دەڕوات و دەچێتە نێو ئەو درز و کونانەی کە پێشتر نەوتیان تێدا بووە. ئەو نەوتە لەوێدا دەمێنێتەوە و چیتر بە رێگەی ئاسایی دەرناهێنرێت و قەتیس دەمێنێت. لەڕووی کردارییەوە، ئەو نەوتە بە لەدەستچوو هەژمار دەکرێت.
شیکارییەکی وردی رەیمۆند حەکیم ئەندازیاری نەوت کە لە 21ـی نیسان دا لە ماڵپەری (Energy News Beat)، بڵاوکرایەوە ئەوە بەڕوونی دەخاتەڕوو. داخستنی ناچاریی بیرەکان دوای تەنیا چوار رۆژ دەتوانێت هاوسەنگی پەستانی کۆگاکان تێکبدات و ببێتە هۆی چوونە ناوەوەی ئاو و گاز و، دروستبوونی پارافین (مۆم) کە بۆڕییەکان و کونەکان دەگرێت، ئەمەش لەوانەیە سەدان بیر بکاتە بیرێکی بێ سوود، یان بۆ هەمیشە زیانیان پێبگەیێنێت. هۆکارێکی دیکەی هەرەسهێنانی بیرە نەوتەکان نیشتنەوەی پارافین یان مۆمە کە کێشەکە قورستر دەکات. نەوتی قورسی ئێرانی (API 29.6)، کە زۆربەی قەبارەی هەناردەی ئێران پێکدەهێنێت و بە پلەی یەکەم لە پێکهاتەکانی گەچساران و مارونەوە دێت، رێژەی مۆمی زۆرە. لە بیرێکی داخراودا، پلەی گەرمی دادەبەزێت و مۆمەکە لەسەر دیواری بۆڕییەکان دەبەستێت، بەوەش ئەو رێگەیەی کە نەوت دەبێت پێیدا بڕوات بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان، دەگیرێت.
هەریەکە لە دامەزراوەکانی (The Gateway Pundit) و (Foundation for Defense of Democracies) جەختیان لە هەمیشەییبوونی زیانەکان کردووەتەوە. ئەوان دەڵێن، دەستپێکردنەوەی بیرە داخراوەکان دەکرێت چەندین مانگ بخایێنێت و بە گەڕخستنەوەیان ملیاران دۆلاری تێبچێت و، لە هەندێک کات دا بەرهەمهێنان هەرگیز وەک پێشووی لێ نایێتەوە. کۆمپانیای رایستارد ئێنێرجی، (Rystad Energy) بە جیا مەزەندەی کردووە کە ژێرخانی وزەی ئێران تەنیا بۆ چاککردنەوەی زیانە راستەوخۆکانی هێرشەکان، پێویستی بە 19 ملیار دۆلارە و گەڕانەوەی تەواوی بەرهەمهێنان لەوانەیە دوو ساڵ بخایێنێت.
ئەمە جیا لە زیانە هەمیشەییەکانی کۆگاکانی ژێر زەوی. هەڵسەنگاندنێکی فراوانتری رایستاد دەریخستووە کە جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێت 58 ملیار دۆلار زیان بە ژێرخانی وزەی ناوچەکە بگەیێنێت، کە 50 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ دامەزراوەکانی نەوت و گازە.
سێ سیناریۆ
ماوەی گەمارۆکە ئێستا گۆڕاوی سەرەکییە لە داهاتووی نەوتی ئێران دا. پێش دەستپێکردنی جەنگ، ئێران لە ساڵی 2025ـدا رۆژانە بە تێکڕا 1.68 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد و، رۆژانە نزیکەی 115 ملیۆن دۆلار یان 3.45 ملیار دۆلار لە مانگێکدا داهاتی هەبوو. ئەو ژمارانە چیتر نەماون، ئەم سیناریۆیانەی خوارەوە گوزارشت لە رێگە جیاوازەکانی داهاتوو دەکەن:
سیناریۆی یەکەم: رێککەوتن پێش نێوەڕاستی ئایار. ئەگەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی رێگە بدات گەمارۆکە لاببرێت پێش ئەوەی کۆگاکانی خارک بەتەواوی پڕ ببن، ئێران لە خراپترین کێشەی داخستنی ناچاری بیرەکان رزگار دەبێت. داتاکانی کێپلەر دەریانخستووە کە ئێران لە مانگی ئاداردا هێشتا 1.84 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا هەناردە کردووە، بەڵام ئەو پەنجەرەیەی داهاتە ئێستا داخراوە. لەم سیناریۆیەدا، تەنیا 100,000 بۆ 200,000 بەرمیلی رۆژانە زیان بەر توانای بەرهەمهێنان دەکەوێت و لە ماوەی چوار بۆ هەشت هەفتەدا زۆربەی بەرهەمەکە دەگەڕێتەوە.
سیناریۆی دووەم: بەردەوامیی گەمارۆکە تاوەکو کۆتایی ئایار و دەستپێکردنەوەی جەنگ لە حوزەیران دا. لێرەدا زیانە جیۆلۆجییەکان گەورە و بەشێکیان بێگەڕانەوە دەبن. پڕبوونی کۆگاکان بۆ ماوەی شەش بۆ هەشت هەفتە، دەبێتە هۆی داخستنی بیرەکان لە سەرانسەری کێڵگە گەورەکانی خوزستان دا. دیاردەی سەرکەوتنی ئاو لە بیرە نەوتەکان بەتایبەت لە ئەهواز و گەچساران روودەدات. لەم سیناریۆیەدا زیانی هەمیشەیی بەرهەمهێنان بە 300,000 بۆ 500,000 بەرمیل لە رۆژێکدا مەزەندە دەکرێت کە یەکسانە بە 9 بۆ 15 ملیار دۆلار داهاتی ساڵانە کە هەرگیز ناگەڕێتەوە.
سیناریۆی سێیەم: درێژبوونەوەی جەنگ بۆ مانگی حوزەیران و تەممووز. گەمارۆی سێ بۆ شەش مانگی، ئەو سیناریۆیە کە بەراوردکردن بە جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 دەبێتە جێگەی سەرنج. عێراق لە سەرەتای ساڵی 1991ـدا نزیکەی 732 بیری کوێتی سووتاند؛ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانە نۆ مانگی خایاند و 1.5 ملیار دۆلاری تێچوو و، چاککردنەوەی ژێرخانەکە 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاند. زیانەکانی ئێران خاوتر و کەمتر دیارن لە ئاگر، بەڵام لەڕووی پێکهاتەییەوە هاوشێوەن. لەم سیناریۆیەدا، ئاستی بەرهەمهێنانی بەردەوامی ئێران لە 3.1-3.4 ملیۆن بەرمیلی ئێستاوە دادەبەزێت بۆ 2.0-2.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. زیانی هەمیشەیی دەگاتە 500,000 بۆ 900,000 بەرمیل لە رۆژێکدا. بە نرخی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەر 500,000 بەرمیلێک کە کەم بکاتەوە، ساڵانە 16.4 ملیار دۆلار زیان بە ئێران دەگەیێنێت.