دوایین وێستگەی رێككەوتنی ئەتۆمیی

 
دوو ساڵ‌ و نیو پاش چوونەدەرەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی 5+1 ، ئێستا كە كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، ترەمپ بە پشتبەستن بە بڕگەی 11ی رێككەوتنەكە "سناپ‌بەک" یان ئەوەی لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێراندا پێیدەگوترێت "ئالیەتی ماشە"ی چالاکكردووە. لە بڕگەی یازدەدا ئاماژە بەوە دراوە لە ئەگەری ناڕەزایی هەركام لە وڵاتانی واژۆكەری رێككەوتنەكە لە هەڵسوكەوتی ئێران، ئەوا ئەو وڵاتە دەتوانێت پەنا بۆ سناپ‌بەک (میكانیزمی ماشە) ببات، كە بە واتای گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆ نێودەوڵەتییەكانی دژ بە ئێران دێت كە بەهۆی رێككەوتنی ئەتۆمی و بڕیارنامەی 2231ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەڵپەسێردراون.
 
هەركام لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش سناپ‌بەك كارابكەنەوە، بەواتای مەرگی رێككەوتنی 5+1 دێت
یاسایی یان سیاسی؟
 
ئەم بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ لەئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا مشتومڕی زۆری لێكەوتووەتەوە. جەوهەری هاوبەشی زۆربەی رەخنەكانیش ئەوەیە كە كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنەكە، بە واتای ئەوەدێت كە واژۆی خۆیشی لەسەری سڕیوەتەوە، هەربۆیە ناتوانێت پەنا بۆ "سناپ‌بەک" یان هەر بڕگەیەكی دیكەی رێككەوتنەكە ببات و ئەگەر بیبات ئەوا كارێكی نایاسایی دەكات. هەر سەبارەت بە ئالیەتی ماشە، لە رێككەوتنەكەدا بەڕوونی هاتووە پاش ئەوەی یەكێک لە وڵاتان، تەنانەت ئەڵمانیاش، داوای كاراكردنەوەی سناپ‌بەک بكات، یەكێک لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش دەتوانێت لەماوەی یەک مانگدا بە پێشكەشكردنی نووسراوی فەرمی دژ بەو داواكارییە بووەستێتەوە كە لەو حاڵەتەشدا وڵاتی خوازیاری سناپ‌بەك (ئەمریكا) دەتوانێت هەموو دانیشتنەكانی پەیوەندیدار بەو بابەتە ڤیتۆ بكات. كەواتە هەركام لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەگەر بیانەوێ لە هەرحاڵەتێكدا دەتوانن سناپ‌بەك كارابكەنەوە و ئەمەش بەواتای مەرگی رێككەوتنی 5+1 دێت. ئەمە یەكێک لە لاوازییە هەرە گرنگەكانی لیژنەی ئێرانیی بەشدار لە داڕشتنی دەقی رێككەوتننامەكەمان بۆ دەردەخات كە ئەم ناشارەزایی یان كەمتەرخەمییەیان بووەتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی یاسایی كوشندە بۆ وڵاتەكەیان.
 
وڵاتانی ئەوروپی دژ بە تاكڕەوییەكانی ئەمریكان، بەڵام لە دەركردنی بەیاننامەی باقوبریق دەرنەچووە
كەواتە لەڕوی یاساییەوە ئەم بڕیارەی ئەمریكا هاوكات كە نایاساییە، دەتوانرێت بگوترێت زۆریش نایاسایی نییە و ئەمریكا دەتوانێت لە وەڵامی رەخنەگراندا بڵێت، بەڕوونی ئاماژە بەوە دراوە "هەر وڵاتێک كە واژۆی لەسەر دەقی رێككەوتنەكە هەبێت" بەبێ گوێدانە ئەوەی كە لە ئێستادا ئەندامێتیی لە پەیمانەكدا هەیە یان نا، دەتوانێت پەنا بۆ سناپ‌بەک ببات. بەهەموو ئەمانەوە نابێ ئەوەش لەبیركەین كە ئەم بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ زیاتر لەوەی یاسایی بێت سیاسییە. واتە بێ گوێدانە یاسایی یان نایاساییبوونی كارەكەی ئەمریكا پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە كە سەرەڕای هەموو دژایەتییە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، ئەمریكا تاوەکو چەند دەتوانێت ئەم خواستەی بباتە قۆناخی جێبەجێكردنەوە؟. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی دووساڵ ‌و نیوی رابردوو و بەهۆی كێشەی سیاسی و ئابووری ئەمریكا لە هاوكێشە جیهانییەكاندا، بێ هەڵوێستە و بیركردنەوەی تێروتەسەل لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەكرێت خێرا بگوترێت بەڵێ دەتوانێت. ئەزموونی ئەم دوو ساڵەی دوایی پێمان دەڵێت هەرچەندە وڵاتانی ئەوروپی بەتایبەت، ئیرادەیەكی سیاسیی پتەویان هەیە كە دژ بە تاكڕەوییەكانی ئەمریكا بووەستنەوە، بەڵام ئەم بەرەنگاریانە زیاتر لە دەركردنی بەیاننامەی باقوبریق و لێدوانی میدیاییدا رەنگیداوەتەوە و هیچ‌ كات تەرجومە نەبوونە بە هەنگاوی كردەیی.
 
هیچكام لە كۆمپانیا ئەوروپییەکان نایانەوێ وەزارەتی بازرگانی و گەنجینەی ئەمریكالەخۆیان زویر بكەن
چەند ساڵە ئەوروپا باس لەوەدەكات كە دژ بە گەمارۆكانی ئەمریكا رێكارێكیان بۆ ئاڵوگۆڕی دارایی لەگەڵ ئێران پێكهێناوە بەناوی "ئینستێكس". بەڵام بەكردەیی تاوەکو ئێستا یەک دۆلاریش لەڕێگەی ئینستێكسەوە نەگوازراوەتەوە بۆ ئێران. جگە لەوەش ئابووری ئەوروپا لەسەر لاقی كەرتی تایبەت بەڕێوەدەچێت و وڵاتانی ئەوروپی ئەگەر بشیانەوێ ناتوانن كۆمپانیا زەبەلاحە ئابوورییەكانی كەرتی تایبەت ملكەچی دانوستاندن لەگەڵ ئێران بكەن، چونكە زۆر روونە هیچكام لەو كۆمپانیانە نایانەوێ وەزارەتی بازرگانی و گەنجینەی ئەمریكا و ستیو مینوچن لەخۆیان زویر بكەن. لەبیرمان نەچێت لە یەكەم دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە داواكاریی ئەمریكا بۆ كاراكردنەوەی ئالیەتی ماشە هەرچەند داواكارییەكەی ئەمریكا تەنیا دوو دەنگی بەڵێی هێنا (خودی ئەمریكا و كۆماری دومەنیكەن) بەڵام لە بەرامبەریشدا تەنیا دوو دەنگی نەخێر هەبوو و یازدە ئەندامی دیكەی ئەنجوومەنی ئاسایش كە وڵاتانی ئەوروپیشی لەخۆدەگرت بێلایەنییان هەڵبژارد. ئەمەش پێمان دەڵێت كە ئەوروپا بۆئەوەی بڕیاری كۆتایی بدات چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا دەكات و لە ئەگەری هەڵبژاردنی دووبارەی ترەمپدا ئەوروپا ناچاردەبێت دیسان بچێتەوە بەرەی ئەمریكا، ئەگەریش بایدن بردییەوە ئەوا ئەوروپا دڵی ئێرانیشی راگرتووە. هەرچی سەبارەت بە چین و رووسیاشە ئەوانیش تاڕادەیەكی زۆر بە گەمارۆ ئابوورییە تاكلایەنەكانی ئەمریكاوە دەربەست بوونە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەل ئێران تاوەکو ئاستێكی هەرە نزم دابەزیوە.
 
ئێران و ئەوروپا گرەویان لەسەر بردنەوەی بایدن كردووە
ئێران و ئەوروپا گرەویان لەسەر بردنەوەی بایدن كردووە و ئیدارەی ترەمپیش كار بۆئەوە دەكات رێككەوتنی 5+1 وەها بباتە قۆناخێكی بێگەڕانەوە كە لە ئەگەری سەركەوتنی جۆ بایدن ـیشدا ئێران و ئەوروپا بۆیان نەلوێ دیسان ئەمریكا پەلكێشی نێو رێككەوتنەكە بكەنەوە. ئەمریكای ترەمپ سەلماندوویەتی زیاتر لە بارتەقای ئابووری، سەربازی و سیاسیی خۆی دەتوانێت لەئاستی جیهانیدا تاكڕەوی بكات و بۆشی دەچێتەسەر و لەم نێوەندەدا ئەگەری زۆرە سەری ئێران دیسان بێ‌ كڵاو بمێنێتەوە.