بۆچی لە کاتی گرژییەکان دا کۆرمۆر دەکرێتە ئامانج؟

 
لە ماوەی نێوان هاوینی 2022 تاوەکو ئەمڕۆ بەگشتی  11 جار بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و وادیارە ئەمەی دوایی، لە هەموو هێرشەکانی پێشوو کاریگەرتر بووە کە ئەم شەو لایەک لە هەرێمی کوردستانی تاریک کرد. لە راستی دا هێرشەکان لە 2022ەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام بوونە، سەرەڕای گۆڕانکاریی تاکتیکی، دەرخەری ئەوەن کە ئەم بابەتە لە گرژییەکی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و عێراق گەورەترە و لەوانەیە ستراتیژێکی گەورەتری لە پشتەوەبێت، بەڵام سەرنجڕاکێشە کە ئەو هێرشانە زیاتر لە کاتێکدا دەکرێن کە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەلایەک و ناکۆکی نێوان هەردوو پارتی سەرەکی هەرێمی کوردستان ( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) لەلایەکی دیکە لە ئاستێکی بەرزدان. 
 
لە ماوەی نێوان 2022-2025 بەگشتی 151 هێرشی درۆنی و مووشەکی لە دەڤەری سلێمانی کراون کە 11 لەو هێرشانە بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر بوونە. بەهۆی یەدەگی 75 میلیار مەتری سێجای گازی شل و 7 ملیار بەرمیل نەوتەوە، ئەم ناوچە بچکۆلانەیە کە پانتاییەکەی دەوری 140 کیلۆمەتر دەبێت، بایەخێکی یەکجار زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.
 
لە ساڵی 2022 دا کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لە سەر نایاساییبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دا، گرژییەکانی بەغدا و هەولێر لەسەر وزە زیادیان کرد. لە هاوینی هەمان ساڵیش دا، هاوکات لەگەڵ پڕۆژەی  گەشەپێدانی کۆرمۆر(KM 250)، لانیکەم 3 جار بە مووشەک هێرش کرایە سەر کۆرمۆر. لە ساڵی 2023دا کە لایەنەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئامادە دەکرد و ناکۆکی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو، جارێکی دیکە بە دوو مووشەک هێرش کرایەوە سەر کۆرمۆر.
 
لە ساڵی 2024ەوە دوو گۆڕانکاری گرنگ لە جۆری هێرشەکاندا کرا و، ئەویش ئەوەبوون کە لە جیاتی مووشەک کە دەستکەوتنی تەنانەت بۆ گرووپێکی چەکداری ناوخۆییش ئاسان بوون، زیاتر درۆن بەکاردەهات هەرچەندە ئەوەی ئەم جارەیان چاودێری درۆنی و هێرشی مووشەکی بوو. لە هێرشەکانی 2022-2023دا زیاتر دەوروبەری کۆگاکان و شوێنە گرنگەکان دەکرانە ئامانج، بەڵام لە هێرشە درۆنییەکانی 2024 و 2025دا رێک کۆگا و تانکەرەکان کراونەتە ئامانج کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پڕۆژەی رووناکی حکومەت و کارەبای هەندێک ناوچەی عێراقیش هەیە.
 
ئێستاش کە هەرێمی کوردستان لەدوای دوو هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەک، بەنیازی پێکهاتنی دوو حکومەت لە هەولێر و بەغدا وەستاوە و، ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەلایەک و، ناکۆکی بەغدا و هەولێر لەسەر بودجە لەلایەکی دیکە لە ئارادیە، جارێکی دیکە هێرشی درۆنی کرایەوە سەر کۆرمۆر. 
 
وەکو دیار دەبێت؛ هۆکاری بەردەوامبوون و هاوتەریبی هێرشەکان لەگەڵ گرژییە ناوخۆییەکاندا، دەتوانێت نیشانەی ئەوەبیت کە ئەم هێرشانە کاری گرووپێکی ناوخۆیی نین کە بەهۆی بەریەککەوتنی تاکتیکی بەرژەوەندییەکانیانەوە کرابێت، بەڵام هاوکاتبوونیان لەگەڵ گرژییە نێوخۆییەکانی نێوان هەولێر- بەغدا، هەروەها هاوکاتبوونیان لەگەڵ ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سەرنج بۆ ئەوە دەبات کە ئایا دەکرێت عەقڵی ستراتیژی پشت هێرشەکان بەنیازی ئەوەبێت کە بە گازی کۆرمۆر ئاگری ناکۆکییەکان خۆشتر بکات! ئەمە بێجگە لەو ئامانجە ستراتیژییەی کە دەیەوێ هەرێمی کوردستان لەڕووی وزەوە لە پەلوپۆ بخات و بە وابەستەیی بیهێڵێتەوە.
 
کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان، بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس و پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکەی دادگەوە، هەروەها بەهۆی کێشەکان لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە 30 مانگ راوەستان و دەستاودەستبوونی بەشێک لە پشکەکانی رووسنەفت لە بۆڕی نەوتی کوردستان بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە تووشی گۆڕانی گەورە بووە، بەڵام گرفتی سەرەکی نەک ئەو دەرنجامە ئابوورییانە بەڵکو لەو حیسابە ستراتیژییەدایە کە لە پشت هێرشەکانی کۆرمۆرەوەیە!