کورد لە بەرزەخی شەڕ و سوڵحی ساردی ئەمریکا و ئێراندا
زریان رۆژهەڵاتی
شەڕی 2026ی ئێران یەکێکە لەو رووداوانەی کە توانای ئاراستەکردنی جیۆپۆلیتیکی چارەکی دووەمی سەدەی 21ی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە و هاوکات دەتوانێت روخساری پرسی کوردیش بگۆڕێت. هەرچەندە شەڕەکە بە فەرمی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام ئەمریکا و ئێران لە بەرزەخی "ئاشتییەکی سارد" یان ئەگەری گەڕانەوە بۆ پێکدادانی سەربازیدا ماونەتەوە. دەرئەنجامی ئەم ململانێیە هەرچییەک بێت، جەنگی 40 رۆژە کاریگەرییە بنەڕەتییەکانی خۆی جێهێشتووە؛ بە جۆرێک نە ئێرانی داهاتوو دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ و نە هاوسەنگییەکانی ناوچەکەش وەک خۆیان دەمێننەوە. لەم هاوکێشەیەدا، کورد وەک بەشێکی دانەبڕاوی شەڕ دەرکەوت، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کە بە فەرمی بێلایەنیی خۆی راگەیاندبوو! لە راستیدا، بۆ جوگرافیایەکی وەک کوردستان، بێلایەنی بژارەیەک نییە کە تەنیا بە ئیرادەی ناوخۆیی دیاری بکرێت، بەڵکو پێویستی بە دانپێدانانی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیش هەیە؛ بەڵام ئاراستەی رووداوەکان دەریخست کە ئەم بێلایەنییە لەگەڵ بەرژەوەندیی هیچ کام لە جەمسەرەکانی شەڕدا نەدەگونجا/ناگونجێت. لەم نێوەندەدا، دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی کورد لە رۆژهەڵات، بەرەو قۆناخێکی نوێ و جیاواز هەنگاو دەنێت.
کورد لە ستراتیژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدا
ئەمریکا لە شەڕی 40 رۆژەدا ئێرانی لاواز کرد، بەڵام نەیتوانی لەناوی بەرێت. هەرچەندە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانی و هەواڵگرییان هەیە، بەڵام هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکانیان وەک لەناوبردنی 440 کگم یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60% و لاوازکردنی توانای مووشەکی و نفووزی ناوچەیی بەدی نەهاتوون و رژێمی سیاسییش نەگۆڕاوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاش (سێنتکۆم) باسی لە پێکانی سەرووی 13 هەزار ئامانج لە ناوخۆی ئێران کردووە و هەر لە سەرەتایانی شەڕیشەوە پرسی کردنەوەی بەرەی کوردیی شەڕ بووە باسێکی میدیایی. لە راستیدا ئەمە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر تەکتیکێکی فریودانی ئێران بوو، نەک پلانێکی سەربازیی تۆکمە کە بەتەمای سەرخستنی بن. هەروەها دەشێ رێکارێکیش بووبێت بۆ راگرتنی تورکیا لەوەی راستەوخۆ یارمەتیی ئێران بدات. ئەوان بە دزەپێکردنی ئەم زانیارییە، بەشێک لە سەرنجی سەربازیی ئێرانیان بۆ بەرەی وشکانی راکێشا، لەکاتێکدا دوای 40 رۆژ دەرکەوت هیچ پلانێکی کردەیی لەو شێوەیە لە ئارادا نەبووە.
هەر لە بنەڕەتدا، دزەپێکردنی ئەم بابەتە لە میدیاکانی ئەمریکاوە نیشانەی ئەوە بوو کە پلانێکی فریودانە نەک هێرشی راستەقینە؛ چونکە ئەگەر پلانێکی سەربازی بۆ بەکارهێنانی بەرەی کوردی وەک مەیدانێکی شەڕ هەبووایە، بە بێدەنگییەکی تەواوەوە جێبەجێ دەکرا. باسکردنی ئەم بابەتە لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی جیاوازی کوردی —ئەگەر راست بێت— سەلمێنەری ئەوەیە کە واشنتن هەر لە سەرەتاوە نەیویستووە ئەمە بە کردەوە سەر بگرێت، تەنانەت ئەگەر باسیشی کردبێت، چونکە درکاندنی پلانێکی "نهێنی" لەگەڵ چەندین لایەنی جیاواز، کە ئایدیا، بەرژەوەندی و پەیوەندییەکی ناوچەیی جیاوازیان هەیە، واتای ئەوەیە کە ویستوویانە نهێنییەکە ئاشکرا بێت! هاوکات بە پێچەوانەی هەندێک پرۆپاگەندەی میدیایی، ترەمپ راستەوخۆ لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ ئەم بابەتە قسەی نەکردبوو.
هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کردنەوەی بەرەیەکی کوردی لەدژی ئێران، پێویستی بە هێرشێکی ئاسمانیی چڕ و بەردەوام لە ناوچە کوردییەکان هەبوو، وەک لە ئاماری هێرشەکانیشەوە دەردەکەوێت ئەمە تا رادەیەک روویداوە، بەڵام لە چوارچێوەی هەوڵێکی گشتیدا بۆ لاوازکردنی توانای جەنگی و توانای بەڕێوەبردنی ئێران بووە، نەک ئەوەی کە شتێکی تایبەت بە ناوچەی کوردنشین بووبێت.
لە ماوەی نێوان 28ی شوبات هەتا 11ی نیساندا، ACLED بە گشتی 2958 رووداوی تەقینەوە و تووندوتیژیی رێگەی دووری (Explosions/Remote Violence) لە 32 شوێن لە ئێران تۆمار کردووە، کە بەپێی شیکردنەوەی ئامارەکە، وا مەزەندە دەکرێت نزیکەی 86%یان بەهۆی درۆن و مووشەک و هێرشی ئاسمانییەوە بووبێت. لە کۆی گشتیی هێرشەکاندا 8.85%ی لە چوار پارێزگای کوردنشینی کرماشان، ئیلام، کوردستان (سنە)، ئازەربایجانی رۆژئاوا (ورمێ) روویانداوە. ئەمە لەکاتێکدایە 21%ی هێرشەکان لە 8 شوێنی باشووری ئێراندا بوون. تاران بە 31%ەوە لە هەموو شوێنێک زیاتر بۆردوومان کراوە و دەوری 17% لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران بوون.
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی شەڕدا 553 هێرش کراوەتە سەر ئێران، کە تەنیا 25 دانەی لە چوار پارێزگا کوردنشینەکە بوون و لەوەشدا نزیکەی نیوەی لە کرماشان بووە. ئەویش وا مەزەندە دەکرێت بەهۆی هەبوونی لانیکەم 5 سایتی مووشەکیی گرنگەوە بووبێت. کاتی خۆی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران باسی لە چەمکی "چیای پڕچەک" کردبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ گرنگیی چیاکان لە دانانی سایتی مووشەکی و سیستەمەکانی بەرگری و هێرشکردندا. بەو پێیەی زنجیرەچیای زاگرۆس بە ناوچە کوردییەکانەوە بەرەو خوارووی ئێران شۆڕ دەبێتەوە، ئەم ناوچانە لە چەقی ستراتیژیی سەربازیی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلیشدا بوون.
لە لایەکی دیکەوە جگە لە ئامانجی پەرتکردنی توانای سەربازیی ئێران، دەشێ ئامانجێکی دزەپێکردنی ئەو بابەتی کردنەوەی بەرەی کوردی، ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر-بەغدا بووبێت. بێگومان یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئێران، کەڵک وەرگرتن لە توانای گرووپە چەکدارەکانی "موقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو، بەڵام بەهۆی سەرقاڵییانەوە بە پرسی کورد کەمتر ئەوەیان بۆ کرا. بەپێی ئامارێکی حکومەت لە 28ی شوباتەوە تاوەکو 20ی نیسانی ئەمساڵ، 809 دانە درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، کە نزیکەی 87%یان درۆن بوون و بەشێکی زۆری ئەوانەش لە ناوخۆی عێراقەوە تەقێندراون.
دەشێ رێگرتن لە هاوکاریی تورکیا-ئێرانیش ئامانجێکی دیکەی ئەم "تەکتیکی دزەپێکردنە" بووبێت. تورکیا زیاتر لە ئێران نیگەرانی جمووجۆڵی هێزە کوردییەکان بوو. بێگومان ئەنقەرە "ئێرانێکی لاواز" بە قازانجی خۆی دەزانێت، بەڵام نایەوێت ئیسرائیل ببێتە باڵادەستی ناوچەکە، بۆیە ئەگەری هاوکاریی تورکیا بۆ ئێران لە ماوەی شەڕەکەدا شتێکی چاوەڕوانکراو بوو. لێرەدا، پێدەچێت ئەمریکا/ئیسرائیل هەستیاریی تورکیایان بەرامبەر پرسی کورد وەک "کارتێکی پێشگیرانە" بەکارهێنابێت؛ چونکە ئەمە بە کردەوە رێگری لەوە کرد کە تورکیا لەم شەڕەدا هاوکاریی ئێران بکات.
مانەوەی پرسی کورد وەک بابەتێکی زیندوو، لە قۆناخی "سوڵحی سارد"دا وەک پێویستییەکی ستراتیژی بۆ واشنتن دەمێنێتەوە. بێدەنگیی سیستەمەکانی بەرگری بەرامبەر بەشێکی بەرچاو لەو زیاتر لە 30 هێرشەی کە دوای ئاگربەست کراونەتە سەر بنکەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، نیشانەیەکی خواستی ئەمریکایە بۆ "بەڕێوەبردنی تەنگژە" لەگەڵ ئێران. لەم نێوەندەدا هەرێمی کوردستان نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ وڵاتانی کەنداو و تورکیاش دەبێتە چەقی هاوسەنگی؛ بۆ رێگریکردن لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق. تورکیا پێشبینی گرژییەکی زیاتر لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، بۆیە لەوانەیە هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکی زیاتر لەگەڵ کورد بدات.
بەرەی کوردی و خواستی ئێران
هەم هەرێمی کوردستان، هەمیش حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تاران لە ناوچەقی ستراتیژیی شەڕ و دوای شەڕی ئێراندان. شەڕ پەیوەندییەکانی "کورد-ئێران-بەغدا"ی بردووەتە قۆناخێکی ئاڵۆز و بەڵکو گوشارێکی بێوێنەشی لەسەر کورد دروست کردووە. لە راستیدا پرسی هێرشی وشکانی و ئەگەری رۆیشتنی هێزە کوردییەکان، هەر لە سەرەتاوە بۆ ئێرانییەکانیش، کارتێکی پرۆپاگەندەیی بەکەڵک بوو بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەگەرایی لایەنگرەکانیان، بەتایبەتی لەنێو فارس و ئازەرییەکاندا گەشە پێ بدەن و هەستێکی پان-شیعی لە عێراق و ناوچەکە ببزوێنن. رەنگە هۆکارێکی دیکەی بەردەوامیدان بە هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات لە دوای ئاگربەست و دانوستاندنیش لەگەڵ ئەمریکا، هەر زیندووهێشتنەوەی ئەو هەستە بێت کە رەنگە تاران بۆ قۆناخی دوای شەڕیش پێویستی پێی بێت.
ئەگەر شەڕ دەست پێ نەکاتەوە، ئەگەری دەستپێکردنەوەی خۆپێشاندان و دەرکەوتنی ناکۆکیی ناوخۆیی نوخبەی دەسەڵاتدار لەو وڵاتە شتێكی نامۆ نابێت، وەک ئەوەی کە لە دوای شەڕی 12 رۆژە لە 2025دا روویدا. حکومەتی ئێران بە فەرمی باسی لە 270 ملیار دۆلار وەک زیانی شەڕ کردووە، کە بە زیاتر لە نیوەی داهاتی ناپوختەی نەتەوەیی (GDP)ی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت. سندوقی نێودەوڵەتیی دراویش پێشبینی کردووە کە ئابووریی ئێران بە لانیکەمەوە سەرووی 6% بچووکتر بێتەوە و ئامارەکانی خودی ئێرانیش لە گەشبینانەترین سیناریۆدا، تا کۆتایی ساڵ باسی هەڵاوسانێکی سەرووی 50% دەکەن؛ ئامارێک کە نەک هەر لە ئێران بەڵکو لە هەر شوێنێکی دیکەی دنیاش بێت، وەک زەمینەیەکی دەرکەوتنی ناڕەزایەتی سەیر دەکرێت، بەتایبەتی لە ناوچە پەراوێزخراوەکان.
لە لایەکی دیکەوە هێشتا دیار نییە کە داینامیکی ململانێی ناوخۆیی دەسەڵات لە ئێران چۆن دەبێت، بەڵام هەندێک نیشانە هەن دەریدەخەن لەوانەیە هەروا بێگرفت نەبێت. جارێ بەر لە هەموو شتێک دەشێ بڵێین کە لە ماوەی شەڕدا، پرسی مانەوەی رژێمی سیاسی بەشێکی زۆر لە هێڵەکانی ناکۆکیی نێوان نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی بە ریفۆرمیست و موحافیزەکار، پیاوی ئایینی و سوپاییەوە پڕ کردووەتەوە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ نەمانی دۆخی شەڕدا ئەمە بەو جۆرە بمێنێتەوە. سەرنجڕاکێشە کە لە دوای ئاگربەستەوە تاران لە نێوان دوو روانگەی دژبەیەکدا دێت و دەڕوات؛ لە لایەکەوە رێککەوتنی دەوێت و لە لایەکی دیکەشەوە سوورە لەسەر هەڵوێستی خۆی. هەرچەندە بەرەی ئەمریکا-ئیسرائیل باڵادەستیی ئاسمانی و هەواڵگرییان لە شەڕدا هەبوو، بەڵام هێشتا ئامانجە ستراتیژییەکانیان —وەک لەناوبردنی 440 کگم یۆرانیۆمی پیتێندراوی 60% و لاوازکردنی توانای مووشەکی و نفووزی ناوچەیی ئێران— بەدەست نەهێناوە و رژێمی سیاسییش نەگۆڕاوە. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئاگربەستێک کراوە و هێشتا جۆرێک دانوستاندن لە ئارادایە. رەنگە ئەمەش ئەو روانگەیەی لای نوخبەی دەسەڵاتداری ئێران دروست کردبێت کە ترسی رووخانی رژێم نەماوە، بۆیە هەبوونی جۆرێک لە ناکۆکیی ناوخۆیی بە ئاسایی بزانن.
لە کاتی دانوستاندنەکانی ئیسلام ئاباددا، ئاژانسی هەواڵی فارس بابەتێکی کورتی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەوەی حوسێن تایب کە کاتی خۆی فەرماندەی هەواڵگریی سوپای پاسداران بووە، رێگەی لە رێککەوتنی تیمی دانوستاندن گرتووە، کە "بە تەما بوون هەموو شتێک بدەن بێئەوەی هیچ وەربگرن." لە ئەنجامی ئەو رەخنانەی کە لێی دەگیران، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیی کرد و گوتی "بەو جۆرە نییە کە پاشەکشەمان لە داواکانی خۆمان کردبێت" و دانی بەوەشدا نا کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە رووی سەربازییەوە لە ئێران بەهێزترن و ئەزموونیان زیاترە، بەڵام گوتیشی ستراتیژەکەیان هەڵە بووە و ئەوەی ئێران کاریگەرتر بووە. وێبسایتی ئینتیخاب باسی لەوە کردووە کە بەرەی پایداری و لایەنگرانی سەعید جەلیلی ئامادە نەبوون بەیاننامەیەکی پەرلەمان بۆ پشتگیریکردن لە قالیباف و تیمی دانوستاندنکار واژۆ بکەن. هەر لەو چوارچێوەیەدا هەردوو وێبسایتی رەجا نیوز و ئاژانسی تەسنیم لەدژی یەک نووسینیان بڵاوکردووەتەوە، کە شتی وا نموونەی کەم بووە. ئەو کاتەش کە عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران باسی کردنەوەی گەرووی هورمزی کردبوو، هێرشێکی میدیایی زۆری کرابووە سەر، ئەمە بێجگە لەوەی بەردەوام گوتاری دژی رۆحانی-زەریف لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بڵاو دەکرێتەوە. هەڵبەت کات دەریدەخات کە ئەمانە دەبنە هەوێنی ناکۆکییەکی قووڵتری دەسەڵات یان وەک شتێکی کاتی دەمێننەوە، بەڵام ئەمە لەگەڵ گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی شەڕدا وا دەکەن کە زیندووهێشتنەوەی پرسی حیزبەکانی رۆژهەڵات هەم پاساوی ئەمنی کردنی ناوچە کوردییەکان دروست بکات کە زۆرجار ئامادەیی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییان تێدایە، هەمیش "ترسی جوداخوازیی کوردی" وەک هۆکارێک بۆ کەمکردنی ناڕەزایەتی لە شوێنەکانی دیکە بەکەڵکی حکومەت بێت.
سەبارەت بە هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵاتیش، تاران لە سەرەتادا هەوڵ دەدات وەک مۆدێلی "موجاهیدینی خەلق" هێزە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان دەرپەڕێنێت، بەڵام بە ئەگەرێک لە دوای شەڕ ناچار دەبێت بۆ رێگەیەکی دیکە بگەڕێت؛ یان گەڕانەوە بۆ رێککەوتنێکی دیکەی ئەمنی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، یان پەنابردن بۆ دانوستانێکی هاوشێوەی ئەوەی لە نێوان تورکیا و پەکەکە روودەدات.
ئەگەر شەڕ دەست پێ نەکاتەوە، بە ئەگەری زۆر ئێران هەوڵ دەدات نفووزی خۆی لە عێراقیش زیاتر بکات، بەڵام ئەمە تەگەرەی زۆری لەبەردەمدایە. عێراق خەسارەتمەندی یەکەمی ململانێی ئێران و ئەمریکایە و دیار نییە تاکەی دەتوانێت باجی گەورە بۆ ئەوە بدات. وا چاوەڕوان دەکرێت دوای پێکهێنانی حکومەت، بەرەو هەڵوێستێکی نەرمتر لەگەڵ ئەمریکا بڕوات و ناچار بێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر لە رووی ئابووری و سیاسییەوە رێک بخاتەوە. هەرچەندە "هەستی پان-شیعی" لە کاتی شەڕدا گەشەی کرد، بەڵام ئەمە کاتییە؛ چونکە پاڵپشتییە داراییەکانی پێشووی ئێران لە گرووپەکانی عێراق کەم بووەتەوە و ئێستا زیاتر رۆڵی پەیوەندییەکی ئایدۆلۆژی-دینی لە پێشە، کە ئەمەش ناتوانێت بەرگەی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی عێراق بگرێت، کە رەنگە لەگەڵ هاتنی وەزری هاویندا زیاتر بن. بۆیە دواجار ئەگەری سستبوونی پەیوەندییەکانی شیعەی عێراق لەگەڵ ئێران (هاوشێوەی خۆپێشاندانەکانی تشرین) زۆر بەهێزە. ئا لێرەشدایە کە پێویستیی ئابووری-سیاسیی ئێران بە هەرێمی کوردستان زیاد دەکاتەوە.
هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەرفەتێکی گرنگ بێت بۆ عێراقیش بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو، کە بەهۆی ئەم شەڕەوە زیانی زۆری پێگەیشتووە. بە گشتیش عێراق لە 2003وە تاوەکو ئێستا دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی ببێتە دەوڵەتێکی مۆدێل لە پرسی کورددا و لەبری ئەوەی کورد وەک هەڕەشە سەیر بکات، بیکاتە هۆکارێکی بەهێزبوون و هەستانەوەی جیۆپۆلیتیکی خۆی، بەڵام هێرشی گرووپە چەکدارەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی سیاسییانەی بودجە و پرسی ناکۆکیی ناوخۆیی کوردان، کە لەوانەیە بۆ هەندێک لایەنی عێراقی شتێکی سەرنجڕاکێش و کارتێکی بەهێز بێتە بەرچاو، خەریکە تەگەرەی گەورە بۆ ئەوە دروست دەکات. عێراق بە مۆدێلی دەستووری 2005ەوە دەتوانێت بەهۆی کوردەوە هەستانەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی گەورە بکات، بەڵام لە رێی لاساییکردنەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ ئەمنیکردنەوەی پرسی کورد، تووشی تەڵەیەکی مێژوویی دەبێت کە لەوانەیە بەرەو ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنی دیکەی ببات.
کۆتایی
پرسی کردنەوەی "بەرەی کوردی" لە شەڕی ئێراندا، بابەتێکی دووفاقەیە کە بە شێوەیەکی جیاواز خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو لایەنی دژبەیەک دەکات. لە لایەکەوە، بۆ هەرێمی کوردستان، مانەوەی ئێران بە لاوازی —بە جۆرێک کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن ئاڵۆز بێت— وەک باشترین بژارەی ستراتیژی دەبینرێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە، حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات گۆڕینی رەفتاری رژێم یان گۆڕینی خودی سیستەمە سیاسییەکە بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان دەزانن.
لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی سەربازییەوە، هەر لە سەرەتاوە ئامادەییەکی کردەیی بۆ کردنەوەی بەرەیەکی کوردی لە ئارادا نەبوو. هەرێمی کوردستان بەهۆی دۆخی شپرزەی ناوخۆیی، وابەستەیی بودجە، نەبوونی سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانیی تۆکمە و هەبوونی بەرەیەکی پشتەوەی کراوە لەبەردەم هێرشی گرووپە چەکدارەکان، هەرگیز لە پێگەیەکدا نەبووە بەشداریی شەڕێکی لەو شێوەیە بکات. هاوکات، ئەزموونی شەڕەکانی حەماس، پەکەکە و هەسەدە، ئەو راستییەی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش سەلماندووە کە دەستپێکردنی جەنگێکی بێبەرنامە تەنیا وێرانکاریی زیاتر بۆ ناوچە کوردنشینەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت؛ بەتایبەت کە پێگە و کەمپەکانیان بە تەواوی ئاشکران و لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانەوە وازیان لە شەڕی چەکداریی پێشمەرگانە دژی تاران هێناوە. بە ئەگەری زۆر، قۆناخی دوای جەنگ کۆتایی بەو مۆدێلەی کاری حیزبەکان دەهێنێت کە لە چەند دەیەی رابردوودا هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە ناڕوونیی پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران، وەک "مەتەڵێکی سیاسی" کاریگەریی لەسەر زۆر لە لایەنەکان هەبوو. لە کاتی خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەمساڵدا، بەڵێنەکانی ترەمپ بۆ پاڵپشتیی خۆپێشاندەران جێبەجێ نەکران و خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی. جێی سەرنجە لەو خۆپێشاندانانەدا، ئاستی بەشداریی کورد بەراورد بە جارانی پێشوو کەمتر بوو، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ هەڵوێستی حیزبەکان لە کاتی جەنگدا، پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر هەیە.
لە داهاتوودا، هەڵوێستی تاران لە نێوان دوو بژارەدا دەمێنێتەوە: یان کردنەوەی دەرگای سازانێکی سیاسی —ئەگەر مۆدێلی دانوستاندنی تورکیا و پەکەکە سەربگرێت یان گرتنەبەری رێکارێکی ئەمنی و سەربازیی تووندتر. لێرەدا ئەوە روونە کە تەنیا بەکارهێنانی هێز بەس نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان؛ چونکە بزووتنەوە کوردییەکان رەنگە لە قۆناغێکدا سەرکوت بکرێن، بەڵام لەناو ناچن و مێژوو دەریخستووە کە بە هێزێکی زیاترەوە سەرهەڵدەدەنەوە.
شەڕی 2026ی ئێران جارێکی دیکە ئەو راستییەی پشتڕاست کردەوە کە باڵادەستیی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت رەفتاری ئەکتەرەکان بگۆڕێت. لەم جەنگانەدا، تەنانەت لایەنە لاوازەکانیش دەتوانن لە رێگەی "ستراتیژیی بەرگریی ناهاوسەنگەوە" خۆیان رابگرن. ئەمە خەسڵەتێکی دیاری جەنگە هاوچەرخەکانە؛ وەک چۆن رووسیا لە ساڵی 2022ەوە نەیتوانیوە شەڕی ئۆکرانیا یەکلا بکاتەوە، ئیسرائیلیش لە ساڵانی 2023 و 2024دا نەیتوانی کۆتایی بە حەماس و حیزبوڵڵا بهێنێت.