چۆن یەک مانگ جەنگ بەندەرەکانی کەنداوی بێدەنگ کرد؟
لە بەیانیی 1ی ئاداری 2026دا، یەختێک لە کەنارە ئاوییەکانی بەندەری جەبەل عەلی تێدەپەڕی، لە کاتێکدا دووکەڵێکی چڕ لە پشتەوەی بەرەو ئاسمان بەرزدەبووەوە. ئەو وێنەیە کە لەلایەن فازڵ سنا، وێنەگری ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (فرانس پرێس) گیرابوو، لە ماوەی کاژێرێکدا هەموو میدیای جیهانی داگیرکرد. وێنەکە بووە پێناسەکردنی ساتێک کە هیچ کام لە ئەندازیاران و بنیاتنەرانی کەنداو بڕوایان نەدەکرد رۆژێک لە رۆژان بیبینن. جەبەل عەلی دەسووتا، دووبەی لەنێو جەنگ دا بوو.
تەنیا 9 کاژێری پێویست بوو لە دوای یەکەم هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاوەکو ئەو وڵاتە وەڵامەکەی بگەیێنێتە گەورەترین بەندەری کۆنتێنەرەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا. تاوەکو ئەوکاتەی تیمەکانی فریاگوزاری دووبەی ئاگرەکەیان لە تێرمیناڵە لێدراوەکە کۆنترۆڵکرد، کۆمپانیای (DP World) کە بەڕێوەبەری بەندەرەکەیە و یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا لۆجیستییەکانی جیهان، هەموو کارەکانی راگرتبوو. هەزاران کەشتی لە کەنداو لەنگەریان گرتبوو، کارمەند و کرێکارانی سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان سەیری ئاسمانیان دەکرد و چاویان لەوەبوو کەی درۆنی دووەم و سێیەم لێیان نزیک دەبێتەوە. کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی لە کۆپنهاگن، جنێڤ، هامبۆرگ و سینگاپوور خەریکی پێداچوونەوە بە حیساب و کیتابەکانیان بوون، ئاخر تەنگەی هورمز بە کردەیی داخرابوو. رەنگە ئەو کەشتییانەی کە چاوەڕێیان دەکرد دوای چەند رۆژ و چەند هەفتەیەک لە بەندەرەکەی ئەوان بێت، هەرگیز نەیبیننەوە.
ئەوەی لەدوای مانگێک روویداوە، قەیرانێکی ئاسایی نییە، تەنیا کێشەیەک نییە کە بە گۆڕینی رێڕۆیێک بۆ رێڕۆی دیکە چارەسەربکرێت. ئەوەی روویداوە وەک ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە IEA رایگەیاندووە" گەورەترین ئالینگاری بەردەم ئاسایشی وزەی جیهانە کە لە مێژوودا تۆمارکراوە". لەگەڵ هەر هێرشێکی مووشەکیدا بەندەرەکانی وڵاتە عەرەبییەکانی کەنداو تاریکتر دەبوون.
لە رۆژانە 138 کەشتییەوە بۆ تەنیا 3 کەشتی
بۆ تێگەیشتن لەوەی لە ئاداری 2026دا چی بەسەر ئابووریی دەریایی کەنداودا هاتووە، پێویستە لەم ژمارەیەوە دەست پێبکەین: 138. ئەمە تێکڕای ژمارەی ئەو کەشتییانە بوو کە رۆژانە لە تەنگەی هورمز تێدەپەڕین بەر لە دەسپێکی جەنگ "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا" ی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات دا؛ کەشتی نەوت، کەشتیی گازی شل LNG، کەشتیی هەڵگری کۆنتەینەر، کەشتیی بارکردنی ئۆتۆمبێل و ماددە کیمیاییەکان. هەموو جۆرە کەشتییەکی بازرگانی لەو رێڕۆیە 33 کیلۆمەترییە دەریاییەی نێوان کەناراوەکانی ئێران و عومان تێدەپەڕین بۆ پاراستنی ئاراستەی بازرگانیی جیهانی.
بەڵام تاوەکو 17ی ئادار، ئەو ژمارەیە بووە تەنیا سێ کەشتی. ئەو سێ کەشتییە کە لەلایەن رێکخراوی (UANI) چاودێری دەکران، ئاڵای هیچ وڵاتێکی ناتۆ یان کۆمپانیا بازرگانییە گەورەکانی جیهانیان پێوە نەبوو. ئەوان بە کەناراوەکانی ئێران دا دەڕۆیشتن و بەپێی سیستمێکی "رەزامەندیی پێشوەختە" کاریان دەکرد کە تاران تاک لایەنە دایناوە و؛ تەنیا هاوپەیمانان و هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێران دەتوانن تێپەڕن؛ کەشتی وڵاتانی دیکە بۆیان نییە تێپەڕن.
ئەم داڕمانە تەنیا بەهۆی مینە دەریاییەکانەوە نەبوو، هەرچەندە ئێران دەستی بە چاندنیان کردبوو. هەروەها تەنیا بەهۆی ئەو 21 هێرشە پشتڕاستکراوەوە نەبوو بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە سێ هەفتەی یەکەم دا. ئەو ئامرازەی کە بەڕاستی تەنگەی هورمزی داخست و هەڕەشەیەکی سەربازیی گۆڕی بۆ کارەساتێکی ئابووری، "بیمە" بوو.
لە رۆژانی پێش هێرشەکان، بیمەی مەترسییەکانی جەنگ بۆ کەشتییەکان 0.125%ی بەهای کەشتییەکە بوو. بۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگری گەورە، ئەمە تێچوویەکی گونجاو بوو، بەڵام لە چەند کاژێرێکی دوای وەڵامدانەوەکەی ئێران، نرخەکە بۆ 0.2% و 0.4% بەرزبووەوە؛ واتە زیادبوونی زیاتر لە چارەگە ملیۆن دۆلار بۆ هەر تێپەڕبوونێک. پاشان کۆمپانیاکانی بیمە بە تەواوی کشانەوە. کۆمپانیای Maerskی دانیمارکی چاوەڕێی نەکرد مینێک بەر کەشتییەکانی بکەوێت، بەڵکو پێش کۆتایی هەفتەی یەکەم، هەموو گەشتەکانی بۆ کەنداو راگرت. کۆمپانیاکانی (MSC, Hapag-Lloyd, CMA CGM) هەمان کاریان کرد. گەمارۆیەکی دارایی کە هیچ کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی نەیدەتوانی بە تەنیا دروستی بکات، لەلایەن بازاڕی بیمەی جیهانییەوە سەپێندرا.
ئەو ڕۆژەی جەبەل عەلی وەستا
لە دووبەی، بە "جەبەل عەلی" دەڵێن "بزوێنەرەکە". ئامارەکان رەوایی بەم ناوە دەدەن؛ ساڵانە 15.5 ملیۆن کۆنتەینەر لە رێگەی جەبل عەلی دەگوازرێنەوە بۆ زیاتر لە 150 بەندەری جیهان. لە هەمووی گرنگتر، 36%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) دووبەی پێکدەهێنێت. کاتێک جەبەل عەلی کار دەکات، دووبەی کار دەکات. کاتێک دەوەستێت، ژمارەکان دەبنە شتێکی بڕواپێنەکراو.
کارەساتە بازرگانییەکە بە تەواو خۆی نواند ، بەندەری جەبەل عەلی لە 1ی ئاداری 2026دا وەستا.
هۆکارەکە ئاگرکەوتنەوە بوو لە یەکێک لە تێرمیناڵەکان، کە بەهۆی پاشماوەی مووشەکێکی ئێرانی دروستبوو. ئێران لە ماوەی جەنگەکەدا 357 مووشەکی بالیستی، 1,806 درۆن و 15 مووشەکی کرووزی ئاراستەی ئیمارات کرد، کە زۆربەیان لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئیماراتەوە تێکشکێندران بە تێچوویەک کە وەزارەتی بەرگری ئاشکرای نەکرد، بەڵام بە ملیاران درهەم دەخەمڵێندرێت. ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، بەڵام ئاسایشی بەندەرەکە دابین نەکرا.
راگرتنی کارەکانی (DP World) بووە هۆی کارەساتێکی زنجیرەیی. ناوچەی ئازادی بەندەرەکە کە میوانداری زیاتر لە 7,000 کۆمپانیا دەکات، لەوانە 500 کۆمپانیای چینی کە جەبەل عەلی ناوەندی دابەشکردنی کاڵاکانیانە لە ناوچەکەدا، کەوتە باری نائاساییەوە. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی چەند جار داخرا. گەشتیاران رەوانەی پەناگەی دژە بۆمب کران. هێڵی ئاسمانی "ئیمارات" گەشتەکانی راگرت. "بورجی عەرەب" کە هێمای دووبەی بوو بەهۆی پاشماوەی مووشەکە بەرپەرچدەرەکانەوە زیانی بەرکەوت. دووکەڵ لە تاوەرەکانی "دووبەی مارینا" بەرزبووەوە. درۆنێک لە نزیک هۆتێلی "Fairmont The Palm" کەوتە خوارەوە.
کارمەندێکی کەرتی دارایی لە قەتەر، لەکاتێکدا وێنەی مووشەکەکانی لە بالەکۆنی شوێنی مانەوەی دەگرت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بە تەنزێکی تاڵەوە نووسیبووی: "هاتم بۆ قەتەر لە باج رابکەم، بەڵام ئێستا لە دەست مووشەک رادەکەم و خۆم حەشاردەدەم."
کاریگەرییە داراییەکان دەستبەجێ بەدەرکەوتن. بۆرسەی ئەبووزەبی و بازاڕی دارایی دووبەی بۆ دوو رۆژی یەکەم بازرگانییان راگرت؛ ئەمە یەکەم داخستنی بازاڕ بوو لەکاتی جەنگ دا لە مێژووی ئیمارات دا. کاتێک کرانەوە، بازاڕی دارایی دووبەی 5.2% دابەزی. لە ئاستی جیهانیش دا، پێوەرەکانی "داو جۆنز" و "S&P 500" دابەزین. پشکی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی داڕمان.
مارکۆ کۆلانۆڤیچ، ستراتیجیستی پێشووی بازاڕ لە (JPMorgan) دەڵێت: دووبەی کە 88%ی ئابوورییەکەی لەسەر بیانییەکان، گەشتیاری، دارایی و فڕۆکەوانییە، ئەگەری هەیە زیانێكی گەورە لە جیهان بدات ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت. زیانە گەشتیارییەکانی وڵاتانی کەنداو بەهۆی داخستنی ئاسمانەوە گەیشتە 40 ملیار دۆلار؛ ئەمەش دوای ئەوەی گەشتەکانی پشووی رەمەزان بە تەواوی تێکچوون.
بیرکاریی نەوت
ئەگەر دۆخی جەبەل عەلی وەک "دراما" بێت، ئەوا نەوتەکە "تراژیدیا" یە.
پێش جەنگ، رۆژانە نزیکەی 20 ملیار بەرمیل نەوت لە هورمزەوە تێدەپەڕی؛ واتە یەک لەسەر پێنجی هەموو ئەو نەوتەی لە جیهان دا بە دەریا دەگوازرێتەوە. هەروەها ساڵانە 80 ملیۆن تۆن گازی شل LNG دەگوازرایەوە کە دەکاتە 12-14%ی پێداویستی ئەورووپا بە گاز. 84%ی نەوتی خاوی بازاڕەکانی ئاسیا لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دابین دەکرا. چین یەک لەسەر سێی نەوتەکەی لەم رێڕۆیەوە دەست دەکەوت و، ژاپۆنیش 95%ی نەوتەکەی لە وڵاتانی کەنداوەوە دەکڕی.
بانکی فیدراڵیی دالاس رایگەیاند: ئەم رووداوە، لەڕووی قەبارەی پەککەوتنی دابینکردنی جیهانییەوە، سێ بۆ پێنج جار گەورەترە لە هەر شۆکێکی نەوتیی پێشوو (وەک ساڵانی 1973، 1979 و 1990). داخرانی هورمز لە 2026دا هەڕەشەی نەمانی 20%ی وزەی جیهانە.
تاوەکو 6ی ئادار، داتاکانی کۆمپانیای (Vortexa) نیشانیاندا کە هەناردەی نەوتی کەنداو بە رێژەی 72% لە یەک هەفتەدا کەمیکردووە. هەناردەی عێراق لە رێگەی بەسرەوە بە تەواوی وەستا. کوێت هیچ بۆرییەکی جێگرەوەی نەبوو. سعودیە هەوڵیدا نەوتەکەی بگۆڕێت بۆ "بۆریی رۆژهەڵات-رۆژئاوا" بەرەو دەریای سوور، بەڵام توانای ئەو بۆرییە تەنیا 7 ملیۆن بەرمیلە، کە کەمترە لە چارەگێکی بەرهەمهێنانی پێش جەنگی کەنداو.
لە قەتەر، قەیرانەکە شێوەیەکی وێرانکەرتری گرتەبەر. کۆمپانیای (Qatar Energy) بەرهەمهێنانی لە "راس لافان" بە تەواوی راگرت دوای هێرشە راستەوخۆکانی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی. نرخی گازی سرووشتی لە ئەورووپا تەنیا لە هەفتەی یەکەمدا 40% بەرزبووەوە. زیانەکانی قەتەر تەنیا لە یەک مانگی وەستانی گازدا بە 4 ملیار دۆلار خەمڵێندرا.
شارەزایانی سەر بە چاتام هاوس لەو بارەیەوە رایانگەیاند "بەردەوامیی داخرانی هورمز دەکرێت نرخی نەوتی برێنت بگەیێنێتە 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک؛ ئاستێک کە بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی سستبوونی ئابووریی جیهان.
ناسنامەی شارێک لە ژێر ئاگردا
جۆرە برینێک هەیە کە هەژمارکردنی قورسترە لە هەلە بازرگانییە لەدەستچووەکان یان گەشتە هەڵوەشاوەکان؛ ئەویش برینی "تێگەیشتنی شارە بۆ خۆی".
دووبەی 40 ساڵی بەسەربرد بۆ دروستکردنی شتێکی بێوێنە: چیرۆکی "جیاوازبوون" لە ناوچەیەکی ناسەقامگیردا. شارەکانی دیکەی کەنداو نەوتیان هەبوو، بەڵام دووبەی خاوەن دیدگا بوو. فڕۆکەخانەیەکی دروستکرد کە بووە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی جیهان، بەندەرێکی هەبوو کە لە هەر شوێنێکی ئەمریکا و ئەورووپا زیاتر کۆنتەینەری تێدا دەگوازرایەوە. بەڵێنەکە ئەوەبوو کە دووبەی پارێزراوە، کراوەیە و جێگەی متمانەیە. شەڕ هەمیشە لە پشت سنوورەکانی دووبەی بوون.
لە 1ی ئاداری 2026ەوە، ئەو متمانەو بڕوابەخۆبوونە کەوتنە ژێر هێرشێکی وەک ژێرخانە فیزیکییەکان.
پاشماوەی مووشەکەکان لە ناوچەی "برشا" و "نەخلەی جمێرە" کەوتنە خوارەوە. کۆمپانیای (AWS) رایگەیاند کە سەنتەری داتاکانی پێکراوە؛ ئەمە رەنگە یەکەم جاربێت لە مێژوودا ژێرخانی "کلاود"ی کۆمپانیایەکی گەورە لە جەنگێکدا زیانی بەربکەوێت. "دووبەی دیجیتاڵ"یش لە ژێر ئاگردا بوو.
نەبیل میلال، بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە (Edmond de Rothschild) دەڵێت " بەڕێژەی 70% مەترسی هەیە کاریگەری شەڕ لەسەر ئەم ناوچەیە بۆ ماوەیەکی درێژ بەجێ بمێنێتەوە.." بەراوردکردنی دووبەی بە بەیرووت کە پێشتر پایتەختی دارایی ناوچەکە بوو و لە حەفتاکاندا بەهۆی جەنگی ناوخۆوە وێرانبوو شتێکە کە ئێستا هەندێ لە شارەزایان بە وریاییەوە باسی دەکەن.
گۆڕینی رێڕۆی جیهان
لە نێو بشێوییەکەی کەنداودا، سیستەمی گواستنەوەی جیهانی تەنیا یەک بژاردەی ماوە، گرتنەبەری رێگە دوورەکە. واتە رێگەی ( Cape of Good Hope) کە باشووری ئەفریقا دەوردەداتەوە و ئاسیا و ئەورووپا پێکەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە رۆژی شەممە حوسییەکان رایانگەیاند کە ئەوانیش چوونە ناو شەڕەوە بۆ پشتیوانی ئێران.
سعودیە و ئیمارات بە خێراییەکی زۆر رێگەی جێگرەوەیان گرتەبەر. ئارامکۆ بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"ی چالاک کرد. ئیمارات نەوتەکەی لە رێگەی بۆرییەوە گەیاندە "فوجەیرە" لەسەر دەریای عەرەب. کۆمپانیاکانی گواستنەوە رێگەی وشکانی و هێڵی ئاسنینیان بەکارهێنا بۆ گەیاندنی بارەکان لە بەندەرەکانی دەریای سوورەوە بۆ ناوەوەی وڵات.
بەڵام راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە قەتەر، کوێت، بەحرەین هیچ رێگەیەکی وشکانیی جێگرەوەیان نییە جگە لە تێپەڕین بە هورمز یان خاکی سعودیەدا. دانیشتووانی ئەم وڵاتانە خۆراکی هاوردەکراو دەخۆن، نەخۆشخانەکانیان دەرمانی هاوردەکراو بەکاردەهێنن. داخرانی درێژخایەنی هورمز بۆ ئەم وڵاتانە بە واتای نەمانی پێداویستییە سەرەتاییەکان دێت.
لەم نێوەندەدا، رووسیا سوودمەند بوو. نەوتی رووسیا کە بەهۆی سزاکانەوە رێگەی ئەورووپای لێ گیرابوو، خواستێکی زۆری لەلایەن هیندستان و چینەوە لەسەر دروستبوو، چونکە وەک سەرچاوەیەکی جێگیرەوەی سەقامگیر بەراورد بە نەوتی کەنداو.
قەبارەی زیانەکان
دوای مانگێک لە جەنگی ئێران، قەبارەی زیانەکان هێشتا لە زیادبووندایە:
• زیانی داهاتی بەندەرەکان: لە مانگی ئاداری 2026دا بە 14.4 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت (بۆ وڵاتانی کەنداو).
• زیانی هەناردەی نەوت و گاز: نزیکەی 21.5 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی کەنداو.
• زیانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری: نزیکەی 40 ملیار دۆلار بەهۆی داخستنی ئاسمان و راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی دووبەی و قەتەر.
• زیانی بازاڕە داراییەکان: داڕمانی بۆرسەکان، کشانەوەی سەرمایە و، راگرتنی پڕۆژە وەبەرهێنانە ملیار دۆلارییەکان.
کۆی زیانە ئابوورییەکانی تاکە یەک مانگی جەنگ تەنیا بۆ وڵاتانی کەنداو (GCC) نێوان 75 بۆ 80 ملیار دۆلارە. ئەمە پێش هەژمارکردنی کاریگەرییەکانە لەسەر هەڵاوسان و پیشەسازی لە ئاسیا و ئەورووپا.
ئەو بەڵێنەی کەوتە ژێر تاقیکردنەوەوە
زیانە ئابوورییەکان لە مێژوودا بێوێنەن، بەڵام ئەوەی کەوتووەتە ژێر تاقیکردنەوەوە و لەوانەیە هەرگیز بە تەواوی چاک نەبێتەوە، شتێکە کە نرخەکەی لە بەرمیلەکانی نەوت و کۆنتەینەرەکان گرانترە.
بۆ 40 ساڵ، ناوەندە بازرگانییەکانی کەنداو لەسەر یەک بەڵێنی بنەمایی کاریان دەکرد، ئەوەش ئەوەیە کە ململانێی و شەرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناگەنە ئەوان. بەیرووت ئەو بەڵێنەی دا و لە جەنگی ناوخۆدا لەدەستیدا. کەنداو ئەو بەڵێنەی پاراست و شتێکی ناوازەی لەسەر بونیاد نا؛ ئەو شارانەی کە دوو ترلیۆن دۆلار سەرمایەی سندوقە نیشتمانییەکانیان بۆ لای خۆیان راکێشا. ئەو بەڵێنە تەنیا رێکلام نەبوو، بەڵکو هۆکاری ئەوەبوو کە سەدان هەزار پسپۆڕی بیانی بچنە دووبەی و کۆمپانیا جیهانییەکان جەبەل عەلی هەڵبژێرن.
لە 28ی شوباتەوە، ئەو بەڵێنە بە قورسترین شێوە تاقیکرایەوە. ئێران لە وەڵامدانەوەکەیدا تەنیا ژێرخانی سەربازیی نەکردە ئامانج، بەڵکو ئەو شوێنانەی پێکا کە هێمای ئەو "بەڵێنە" بوون: فڕۆکەخانە، بەندەر، هۆتێلە بەرز و رازاوەکان و ناوچە داراییەکان. ئامانجەکە تێکشکاندنی ئەو وێنەیە بوو کە دەڵێت "کەنداو پەناگەیەکی ئارامە."
ئایا ئەم بەڵێنە دەمێنێتەوە یان نا، ئەوە بەستراوەتەوە بەوەی جەنگەکە چۆن کۆتایی دێت. وەڵامێکی خێرا و یەکلاکەرەوە دەکرێت رێگە بدات کەنداو جارێکی دیکە هەستێتەوە، چونکە ژێرخانەکە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام وێران نەبووە، وەبەرهێنەران ترساون، بەڵام هێشتا بە تەواوی رایان نەکردووە.
بەڵام سیناریۆ رەشبینانەکە واتە ململانێیەکی درێژخایەن و بەردەوامی داخرانی هورمز و گەیشتنی نەوت بە 200 دۆلار، ئەمە وادەکات پرسیارەکەی "بەیرووت" بێتە پێشەوە، ئەوە بیرکاریی جەنگێکی بێکۆتاییە، کە نەک تەنیا بۆ سەرباز و مووشەک، بەڵکو بۆ ئەو سەرمایە گەورەیەی جیهان بەکاردێت کە هەموو رۆژێک بەدوای شوێنێکی ئارامدا دەگەڕێت.