رووداوییەکان کێن؟

 
 
لە 10یەمین ساڵیادی رووداودا ئەو پرسیارانەی گرنگە بوروژێندرێن بریتین لەوەی کە ئایا رووداوییەکان کێن و خاوەنی چ جۆرە دنیابینییەکن بۆ سیاسەت و میدیا؟ ئایا رووداو بووەتە دیاردە لە میدیای کوردیدا؟ ئایا رووداو پانتاییەکی بۆ میدیای چەقبەستووی حیزب هێشتووەتەوە؟ رۆڵی رووداو چییە لە بەجیهانیکردنی میدیای کوردیدا؟ 
رووداو چ وەک پەیام چ وەک دامەزراوە زللـەیەکی زۆر بەهێزبوو لە زەوقی باوی میدیای ئەوکاتی کوردی کە توانای بڕینی سنووری دێگەڵەی نەبوو، زللـەیەک بوو بۆ بەخۆداچوونەوەیەکی سیاسی کە پەیامی میدیا دەتوانێت جێی پێتان لەق بکات، رووداو بازنەی کاری میدیایی لە هەولێر و سلێمانییەوە کرد بە جیهانی و لە دابەشکارییەکانی شەڕی ناوخۆوە کردی بە خاوەن گوتارێکی نیشتمانی، نەک دابەشکاری لە میدیای کوردیدا. 
 
ئەوانەی رووداویان دامەزراند ئاسۆی بیرکردنەوەیان چەند هەنگاوێک لە پێش سیاسییەکانەوە بوو، تەنانەت لە دنیای سیاسەتیشدا نەک بەس میدیا. رووداوییەکان ئەو کۆمەڵە رۆژنامەنووس و میدیاکار و ئەکادیمیەن کە بازنەی کاری میدیایان لە کوردستان فراوان کرد و پەیوەندیی شاشە و خەڵکیان ئاسایی کردەوە، ئەوانەبوون کە یان هەمووی یان هیچیان رەتدەکردەوە، چونکە باوەڕیان وابوو کە رووبەرێک هەیە لەنێوان هیچ و هەموودا. 
 
رووداوییەکان بە حەق ئەو پەیامەیان هەڵگرتبوو، کە دەکرێت لە هیچ شتێکدا یەک نەبین، بەڵام دەبێت شتێک هەبێت بوونمان بسەلمێنێت، کە ئەویش نیشتمانە. پەیامی میدیایی ئەگەر خاڵی بوو لە نیشتمانیبوون، ناتوانێت هەموو کەس ببینێت و بەپێچەوانەشەوە. بۆیە رووداوییەکان ئەو شانازییەیان بەردەکەوێت، کە میدیای کوردییان لە میدیایەکی تەواو لۆکاڵییەوە کرد بە میدیایەکی نیشتمانیی جیهانی، هەندێ جار کەموکورتی هەبووە و دڵنیاشم دەمێنێت لە گەیاندنی پەیامی رووداوییەکان، بەڵام ئەم دیاردەیە جێی خۆی گرت، هەرچی لەدوای ئەوبێت بە شوێنپێییدا دەڕوات. 
 
رووداو وەک پەیامێکی میدیایی تەنگی بە پەیامە حیزبییەکان و میدیاکانیان هەڵچنیوە، ئێستا حیزب هەوڵی لاساییکردنەوەی دەدات، ئەو میسداقیەتەی پەیامێکی راستەقینەی میدیایی دروستی دەکات، بە هەزاران سیاسی دروست ناکرێت. 
 
ئەو چەند رووداوە خۆش و ناخۆشانەی دەیەی رابردووی کوردستان، رووداوی کرد بە میدیایەکی جیهانی و بووە سەرچاوەی دەیان میدیای جیهانی بۆ گواستنەوەی رووداوەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و کوردستان بەتایبەتی. رووداوەکانی 10 ساڵی رابردوو ئەوەمان پێدەڵێن میدیا چ رۆڵێک دەگێڕێت لە دروستکردنی بڕیار لە ناوەندە جیهانییەکانی دنیادا، کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی ئەگەر رووداو نەبووایە، ئەستەم بوو هیچ میدیایەکی لۆکاڵی بتوانێت ئەو تراژیدیە قورسە بە دنیا بگەیەنێت و بڕیاریشی پێ وەربگرێت بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستان و کوردانی ئێزدی. ئەوە میدیایەکی کاریگەرە دەچێتە ناو کارگەکانی دروستکردنی بڕیارەوە لە دنیادا، رووداو ئەمەی بۆ کورد کرد.