بارزانی و تاقیکردنەوەی دەوڵەتی کوردی
به‌درێژایی نۆ مانگی رابردوو، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی، له چه‌ندین چاوپێکه‌وتن و گوتاردا، پرسی ده‌وڵه‌تی کوردیی ورووژاندووه و به‌رده‌وام ئاماژه به‌وه ده‌کات که ئێستا هه‌لومه‌رجه‌که ته‌واو له‌باره بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. له دوایین چاوپێکه‌وتنی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی (لۆمۆند)ی فه‌ره‌نسی، که له 9ی سێپته‌مبه‌ری 2016 دا بڵاوکرایه‌وه، هه‌مان پرس ده‌ورووژێنێت و ده‌ڵێت: "ئه‌م پرسه له هه‌موو حیزبه‌کان و که‌سه‌کان گرنگتره و هه‌موو کورد یه‌كده‌نگن له‌سه‌ر دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی". له‌م گۆشه‌یه‌دا ئه‌وه‌ی من به‌خێرایی له‌سه‌ری ده‌وه‌ستم، پرسی "چاکه" و "خراپه"ی ده‌وڵه‌تی کوردی نیه، ئه‌مه بۆ ئه‌و رۆشنبیرانه به‌جێده‌هێڵم که خۆیان وه‌ك "دادوه‌ر" ده‌بینن و ده‌خوازن بڕیاری ئه‌خلاقی له‌سه‌ر فاکته‌کان بده‌ن. ئه‌وه‌ی من له‌سه‌ری ده‌وه‌ستم ئەو تاقیکردنه‌وه‌یەیە کە بارزانی له وانه‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا تێیدایە. ئایا به‌ڕاست بارزانی ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تی کوردی دابمه‌زرێنێت؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ش بارزانی ده‌خه‌مه به‌رده‌م سێ "چه‌مک"ی سه‌ره‌کیه‌وه: راستگۆیی سیاسی، کۆده‌نگیی سیاسی، به‌کارهێنانی سیاسی.
راستگۆیی سیاسی
رووبه‌ری سیاسی، وه‌ك هه‌ر رووبه‌رێکی دیکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی به مانا فراوانه‌که‌ی، خاوه‌نی کۆمه‌ڵێك به‌ها و نۆرم و دۆگمی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی و هه‌موویان پێکه‌وه شتێك به‌ناوی سیستمی سیاسی دروستده‌که‌ن. راستگۆیی سیاسی، ئەگه‌ر نۆرم و دۆگمی نێو ئه‌م سیستمه‌ش نه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه یه‌کێکه له‌و به‌ها گه‌ورانه‌ی هه‌ر ئه‌کته‌رێك له‌ده‌ستی بدات، به‌شێکی گه‌وره له سه‌رمایه‌ی ره‌مزیی خۆی له‌ده‌ستده‌دات. راستگۆیی سیاسی کرده‌یه‌کی به‌هێزی وایه که مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه‌ك ده‌باته‌وه سه‌ر هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌کرێت "راست" بن و شیاوی ئه‌وه‌بن باوه‌ڕیان پێبکرێت. به گوزارشتێکی دیکه راستگۆیی سیاسی بریتییه له‌وه‌ی که که‌سی گوێگر چیدی گومان ناکات له "وتنه‌کانی" که‌سی "قسه‌که‌ر"، چونکه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێت "باوه‌ڕپێکراون" و "گوتنێك" به‌رهه‌مناهێنێت که جێگەی "باوه‌ڕپێکردن" نه‌بێت. لێره‌وه سیاسیی راستگۆ ده‌بێت به‌و که‌سه‌ی که "گوتراوه‌کانی" به زنجیره‌یه‌ك له به‌ڵگه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگەی گومان نین.
بارزانی له ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵیدا، ته‌واوی مێژووی نه‌ك هه‌ر حیزبه‌که‌ی و بنەماڵه‌که‌ی، به‌ڵکو خودی خۆیشی خستووەته به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌خته‌وه: تاقیکردنه‌وه‌ی راستگۆیی سیاسی له‌سه‌ر پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی. له چاوپێکه‌وتنێکی هه‌ردوو ته‌له‌فزیۆنی رووداو و کوردستان 24 دا ده‌ڵێت: "من ئه‌گه‌ر دڵنیانه‌بم کە کاتی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردستانه، سه‌رکێشی به نه‌ته‌وه‌که‌مه‌وه ناکه‌م". له‌نێو ئه‌م هۆڵی تاقیکردنه‌وه‌یه‌دا، بارزانی وه‌ك خود، وه‌ك بنه‌ماڵه، وه‌ك حیزب، ده‌کرێت به دوو شێوه وه‌ڵامی پرسیاری "تاکوێ راستگۆیه له‌گه‌ڵ دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا" بداته‌وه و هه‌ڵبژاردنی هه‌ریه‌کێك له‌و دوو وه‌ڵامه‌ش کۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجام به‌دوای خۆیدا راده‌کێشێت.
وه‌ڵامی یه‌که‌م: کۆده‌نگیی سیاسی
پێش هه‌ر چاودێرێکی کێڵگه‌ی سیاسیی کوردی، بارزانی باشتر هوشیاره به‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی کوردی به‌ته‌نیا له هه‌ولێر و دهۆک دروستناکرێت و پارتی دێموکراتی کوردستانیش به‌ته‌نیا ناتوانێت فه‌رمانێکی "مێژوویی" له‌مشێوه‌یه جێبه‌جێ بکات.
بارزانی که‌سێکی په‌راوێزکراو نییه که ژیانی له‌نێو ئه‌شکه‌وته‌کانی خێڵێکدا به‌سه‌ربه‌رێت. به‌ڵکو ئه‌و ئه‌کته‌ره سیاسییه‌یه که به‌شێکی گرنگی ژیانی له‌نێو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دیپلۆماسیه‌تی جیهانیدا به‌سه‌رده‌بات و ده‌زانێت به‌بێ کۆده‌نگیی نیشتمانی له‌نێوان زۆنی زه‌رد و زۆنی سه‌وز و نیلیدا، زۆر ئه‌سته‌مه وه‌ڵامێکی "ئه‌رێنییانه‌ی" پرسیاره کوشنده‌که‌ی ده‌وڵه‌تی کوردی بدرێته‌وه، به‌ڵام کۆده‌نگیی نیشتمانی چییه؟
کۆدەنگیی نیشتمانی بریتییه له رێککه‌وتنی نێوان هێزه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه‌ك. کۆدەنگی رێککه‌وتنێکی ئه‌رێنییانه‌ی ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌یه که پێکه‌وه له‌سه‌ر سفره‌ی ئامانجێکی باڵا کۆده‌بنه‌وه، بۆئه‌وه‌ی "پێکه‌وه" بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی جێبه‌جێکردنی ئامانجه باڵاکه بده‌ن. ئه‌کته‌ره‌کانی نێو رێککه‌وتنی بیناکراو له‌سه‌ر کۆده‌نگی، سیستمی ئاماده‌باشیان له‌سه‌رپێیه بۆئه‌وه‌ی هه‌موو میکانیزمێك بخه‌نه خزمه‌تی جێبه‌جێکردنی ئامانجه باڵاکه‌وه و قوربانی به هه‌موو ئه‌و شتانه بده‌ن که پێش کۆده‌نگی وه‌ك "هێڵی سوور" ته‌ماشایانده‌کرد.
ئەگه‌ر بڕیاربێت له خه‌یاڵدانی سیاسیی بارزانیدا، بارزانی وه‌ك خود، وه‌ك بنه‌ماڵه، وه‌ك پارتی، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی ئه‌و ئامانجه باڵایه بێت که ده‌بێت کۆده‌نگیی نیشتمانیی له‌سه‌ر بکرێت، ده‌بێت له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌بێت هه‌موو قوربانییه‌ك بدات، به هێڵه سووره‌کانیشیه‌وه. به زمانێکی ساده‌تر ده‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کانی زۆنی سه‌وز و نیلیدا رێککه‌وێت. بارزانی له تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌ختدایه: ئایا ئاماده‌یه له‌پێناوی دروستکردنی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا سه‌ردانی نه‌وشیروان مسته‌فا بکات، ده‌رگای په‌رله‌مان بۆ یوسف محەممه‌د بکاته‌وه، وه‌زیره ده‌رکراوه‌کانی گۆران بخاته‌وه شوێنه‌کانی خۆیان؟ هه‌موومان ده‌زانین که چه‌ند ئه‌م هه‌نگاوانه له‌سه‌ر کۆی هه‌سته‌کانی بارزانی و پارتی قورسن، به‌ڵام ئایا ده‌وڵه‌تی کوردی له خه‌یاڵدانی ئه‌ودا ئه‌وه‌نده ده‌هێنێت که ئه‌و هه‌موو قوربانییانه‌ی له‌پێناودا بدات یان نا؟ ئەگه‌ر بارزانی به ئه‌رێنی وه‌ڵامنه‌داته‌وه، به‌دڵنیایه‌وه کۆدەنگی دروستنابێت. لێره‌وه گریمانه‌ی دووه‌م هه‌ژموون به‌سه‌ر، نه‌ك هه‌ر به‌ته‌نیا وێنه‌ی بارزانی له‌نێو خه‌یاڵدانی ده‌ستەجه‌معیی کوردی‌دا، به‌ڵکو وێنه‌ی بارزانی له‌نێو کرده‌ی شرۆڤه‌کردنی چاودێره جیهانییه‌کانیشدا ده‌کات: بێگومان مه‌به‌ست له گریمانه‌ی به‌کارهێنانی پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی بۆ گوشینی چه‌ند لیمۆیه‌كه، له‌وانه لیمۆی یه‌کێتی و گۆڕان، تا دوا دڵۆپ.
وه‌ڵامی دووه‌م: به‌کارهێنانی سیاسی
به‌کارهێنانی سیاسی بریتییه له‌و دیارده‌یه‌ی که که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی یان حیزبێکی سیاسی رووداوێكی مه‌زن یان پرسێکی مه‌زن "ئیستیغلال" ده‌کات و له رووبه‌ره گشتییه‌کاندا وه‌ك کارتی فشار به‌کاریده‌هێنێت و هه‌رکاتێکیش به‌رانبه‌ره‌کانی ناچارکرد به‌وه‌ی مل بۆ داواکارییه‌کانی بده‌ن. ئیتر به‌ئاسانی رووداوه مه‌زنه‌که یان پرسه مه‌زنه‌که ده‌خاته نێوان دوو که‌وانه، تا ئه‌وکاته‌ی سه‌رله‌نوێ پێویستی به‌وه ده‌بێت به‌کاریبێنێته‌وه.
بارزانی هوشیاره له‌وه‌ی که چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی کوردستان، چ له‌سه‌ر ئاستی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش، سه‌دان چاو‌دێر هه‌ن و گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌ن که پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی لای بارزانی، جگه له کارتێکی فشار هیچ شتێکی دیکه نییه و، له بیست و پێنج ساڵی رابردوودا به‌رده‌وام ئه‌م کارته‌ی بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن، دۆشین یان گوشینی به‌رانبه‌ره‌کانی به‌کارهێناوه. تاقیکردنه‌وه گه‌وره‌که‌ی راستگۆیی بارزانی له‌به‌رده‌م هه‌رسێ ئاسته‌که‌دا (ناوخۆیی، ناوچه‌یی، جیهانی) ئێستا گه‌یشتوه‌ته دووڕیانێکی یه‌کلاییکه‌ره‌وه: یان ئه‌وه‌یه بارزانی هه‌موو قوربانییه‌کان له‌پێناوی دروستکردنی کۆده‌نگیی نیشتمانیدا ده‌دات و پێکه‌وه له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌کانی دیکەدا ده‌وڵه‌تی کوردی راده‌گه‌یه‌نێت یان له‌کۆتاییدا ئه‌مه ناکات و ئه‌و هه‌سته لەلای هه‌مووان دروستده‌کات که پرسی ده‌وڵه‌تی کوردی ته‌نیا کارتی فشاره له‌به‌رامبه‌ر رکابه‌ره‌کانیدا و هیچیدیکە. له دۆخێکی وادا به‌دڵنیاییه‌وه بارزانی له تاقیکردنه‌وه مه‌زن و مێژووییه‌که‌دا ده‌رناچێت و درئه‌نجامه‌کانیشی له‌سه‌ر ئاستی دوورمه‌ودادا دراماتیکانه به‌سه‌ر خۆی و حیزبه‌که‌یدا ده‌ردەکه‌ون.