دەروێشی بزووتنەوەی کورد

 
دەروێشی بزووتنەوەی کورد، یەکێک لە پێناسەکانی باوکی رەوانشادمە بۆ کاک ئیدریس بارزانیی جوانەمەرگ، کە بۆ ساڵانێکی زۆر لە بواری سیاسی و فەلسەفی و عیرفانی و فەرهەنگییەوە هاوڕێی رووحیی یەکدی بوونە.
 
هەمیشە باسی دەکرد، کە کاک ئیدریس کەسێکی لێبووردە و خۆنەویست بووە و هەموو شتێکی لەپێناو خەڵک ویستووە و هیچی بۆ خۆی نەویستووە، هەربۆیە بە (دەروێشی بزووتنەوەی کورد) دەیناساند. لەئاست خۆمدا بیرم دەکردەوە، رەنگە هەر ئەو دەروێشییە بووبێتە قەدەر و قسمەتی یەکدی دۆزینەوەیان و خاڵی هاوبەشی کارکردنیان.
 
لەناو خانەوادەیەک گەورە بووین، گێڕانەوەی فەرهەنگ و سیاسەت و بیرەوەرییەکانی کاک ئیدریس ببووە وانەیەکی رۆژانە، لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان، لە گرنگیدان بە گەنجان و پاڵپشتیکردنیان بۆ خوێندن لەو سەردەمە دژوارەی کە ژمارەیەکی زۆری کوردانی باشوور پەناهەندە بووین، کەچی کاک ئیدریس بە سەدان قوتابیی کوردی بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا دەناردە دەرەوەی وڵات. ئەوەش جگە لە باسکردنی وەفا و سۆز و خۆشەویستیی کاک ئیدریس بۆ پێشمەرگە و دۆست و هەڤاڵانی.
 
جاری واش دەبوو باوکم دەکەوتە گێڕانەوەی سەردانەکانیان بۆ وڵاتانی دیکە و بینینی سەرکردە و کەسایەتییەکان، بۆ پەیداکردنی پاڵپشتی بۆ دۆزی کورد و بەتاییەتیش سەفەرەکانیان بۆ لیبیا و سووریا، باسی لە کاریگەری و رۆڵی کاک ئیدریس دەکرد، بەتایبەت لە دانوستاندنەکان و دروستکردنی پردی پەیوەندیی دیپلۆماسی و هەمیشە دەیگوت، کاک ئیدریس خاوەن هێز و توانایەکی تایبەتە لە دروستکردنی قەناعەت بۆ بەرامبەرەکەی، کە ئەمەش خاڵی سەرکەوتنی هەر دیدار و کۆبوونەوەیەک بووە، کە کاک ئیدریس سەرپەرشتیی کردووە.
 
هەوڵ و کۆششەکانی ئەم دواییەی کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و کاریگەریی کەسایەتی و سەرکەوتنی لە دروستکردنی قەناعەت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پرسی رۆژئاوا، گێڕانەوەکانی باوکمی لەسەر کەسایەتیی کاک ئیدریس وەبیرخستمەوە، لەبەر خۆمدا گوتم: مێژوو دووبارە دەبێتەوە، ئەمجارەیان کاک نێچیرڤان هەڵگری میراتی ئەو هێزە تایبەتەیە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی و قەناعەت پێهينانی بەرامبەر و کەسێکە مایەی چارەسەری دۆخە بێچارەکانە. بێگومان دەبێت وابێت، چونکە هەڵگری خوێنی دەروێشەکەی نیشتیمانە.
 
39 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی دا تێدەپەڕێت، سەرکردەیەک کەم ژیا، بەڵام کاریگەریی رووحییەتە کوردییەکەی و دەروێشییەکەی بۆ خاک و خەڵک، هەنووکەش لە هەناسەدانە و یاد و یادەوەرییەکانی لە هزر و دڵی هەموومانە.