ئەمریکا خیانەتی لە کوردانی رۆژئاوا کردووە؟
مێژوو دووبارە نابێتەوە ئەگەر وانەی لێوەربگیرێت. بە واتایەکی دیکە، کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە، مانای وایە وانە لە رابردوو وەرنەگیراوە. ئەمە دەکرێت لەئەنجامی هەڵەیەک بێت. بەڵام هەڵە ئەگەر چەند جارێکی دووبارە بکرێتەوە لە تەسادوف دەردەچێت، یان بە ویست هەڵەکە کراوە و یانیش پەند لەهەڵەکانی پێشوو وەرنەگریراوە. ئەمەش جۆرێکە لە کەمتەرخەمی. پێویستی بە حەسبی حاڵ و خۆپێداچوونەوە هەیە. ئەوەی لەماوەی سێ هەفتەی رابردوو لە رۆژئاوای کوردستان روویدا، برینیکی کۆنی کوردی تازە کردەوە: شکانی هاوبەشی کورد لەگەڵ ئەکتەرە زلهێزەکانی وەکو ئەمریکا و وڵآتانی رۆژئاوا، ئەنجامی هەڵەی ستراتیژی هەردوولا و بەزاندنی پەیامی ئەخلاقی سیاسییە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. ئەوەی روویدا چاوەرواننەکراو نەبوو. بەڵکو کەمتەرخەمی و هەڵە لێکدانەوەی سەرکردایەتی کورد لە رۆژئاوا و ئەکتەرە دەرەکییە هاوبەشەکانی کوردە لەو مەیدانە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە زۆرینەی کوردن، یەکێک لە هاوبەشە ناوخۆییە کاریگەرەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە شەڕی دژی داعشدا دەرکەوت. دیسپلینی سەربازی و پاڵنەری ئایدیۆلۆژی و بوێری هەسەدە لە دوای ساڵی 2015 بوو بە شتێکی حاشاهەڵنەگر بۆ ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن واشنتۆن. بەڵام ئەم هاوبەشییە هەرگیز هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینە نەبوو. زیاتر ئالوگۆرێکی بازرگانی بوو کە بە ئامانجی ئەمنی کورتخایەن لە قاڵب درابوو، نەک دیدێکی سیاسی هاوبەش بۆ داهاتووی سوریا. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پێویستییان بە سەرباز بوو لەسەر خاکی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش؛ کورد پێویستی بە پاراستن و دانپێدانانی سیاسی هەبوو. ئەم ناهاوسەنگییەی چاوەڕوانییەکانی نێوان هەردوولا، ئەو دۆخە کوشندەی رۆژئاوای لێکەوتەوە.
هەر لەسەرەتاوە کورد لە رۆژئاوا لەنێوان واقیعە دژ بەیەکەکاندا گیریان خواردبوو. لە لایەکەوە بانگەشەیان بۆ پڕۆژەیەکی حوکمڕانی خۆسەر و خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی دەکرد کە هاوتەریبی لەگەڵ گوتاری لیبڕاڵی وڵآتانی ڕۆژئاوادا هەبوو. لە لایەکی دیکەوە، پایتەخەتەکانی وڵاتانی رۆژئاوا سەرقاڵی رەواندنەوەی گلەییەکانی هاوبەشێکی گرنگی ناتۆ، تورکیا بوون. کە دژی حکومڕانی و باڵاداستی کورد بوو لە باکوری سوریا، بە نیگەرانییەکی ئەمنی بۆ ناتۆ وەسفی دەکردن. ئەم دوو واقیعە دژ بەیەکە هیچ کاتێک چارەسەر نەکرا، بەڵکو تەنها دواخرا.
ئەو پشتگوێخستنەی کوردانی رۆژئاوا لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەناکاو نەبوو. لە ڕێگەی ناڕوونی و بێدەنگی وردە وردە پەرەی سەند. واشنتۆن چەندین جار جەختی لەوە کردەوە کە هەبوونی لە سوریا کاتییە و سنووردارە بە شکستپێهێنانی داعش. واشنتۆن لەماوەی رابردوو دا زۆر بە وریاییەوە خۆی لە هەموو بەڵێنێك یان پابەندبوونێک بە ئۆتۆنۆمی سیاسی کورد بەدوور دەگرت. لە کاتێکدا دەوڵەتانی ئەورووپا ڕۆڵی کوردیان لە دژی جیهادیزم بەرز دەنرخاند، بەڵام نەیانتوانی ئەو پێزانینە بە فۆرمێک بگۆرن بۆ پاراستنی دیپلۆماسی یان گەرەنتییەکی درێژخایەن بۆ کورد لە سوریا. لەگەڵ گۆرانی ئەولەویەتەکانی جیۆپۆلەتیکی لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش بەرەو کۆنتڕۆڵکردنی ئێران، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، یان دوورکەوتنەوە لە "جەنگە بێکۆتاکان"، کوردەکان بە هێمنی لە هاوبەشەوە بۆ ئەکتەری خاوەن ئیلتزامات کەمکرانەوە.
ئەو پشتێکردنەی ئەمریکا لە کوردانی رۆژئاوا زۆرجار وەکو خیانەت لەقەڵەم دەدرێت. بەڵام خیانەت واتا شکاندنی بەڵێنێکە. لە واقیعدا ئەمریکا هەرگیز بە فەرمی بەڵێنی نەدا بەرگری لە ڕۆژئاوا بکات یان گەرەنتی خۆبەڕێوەبەریی یان سەربەخۆیی کورد بدات. ئەو تێگەیەشتنە، لەهەڵ لێکدانەوەی سەرکردایەتی کورد دروست بووە کە هاوبەشییەکی تاکتیکی بە هاوپەیمانییەتیەکی ستراتیژی تێبگات و هەموو خەون و چاوەڕوانییەکانی لەچوارچێوەی ئەو هەڵە لێکدانەوەیە بنیات بنێت. مێژوو چەندین جار ئەو هۆشدارییەی بو کورد داوە: لە کۆماری مهابادەوە، بۆ ڕیککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی 1975، بە عێراقی دوای 1991 و ریفراندۆمەکەی 2017. هەموو ئەمانە کشانەوەی پاڵپشتی دەرەکی پیشانی کورد دەدەن، ئەگەر هەنگاوەکان هاوتەریب نەبن لەگەڵ بەرژەوەندی ئەکتەرە دەرەکییەکان. سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ئەم نموونەیە لە رۆژئاوا و سوریا، جەهالەت نیە، بەڵکو پشتگوێخستن و فێرنەبوون لە رابردوو نیشان دەدات.
کاتێک کە وڵاتە زلهێزەکان عەیاری دیپلۆماسی یان بەرژەوەندی سەربازی و سیاسی و ئابوری دەگۆڕن، ئەو بۆشاییەی لەئەنجامی ئەو گۆرانکارییە دروست دەبێت، زۆر بە دەگمەن لەلایەن ئەکتەرێکی خاوەن مەرامێکی پاك پڕ دەکرێتەوە. ئەو بۆشاییەی ئێستا بە لاوازبوونی کورد لە باکوری سوریا و رۆژئاوا دروست بووە، بێ گومان مەیدان بۆ گروپە توندرەوەکانی پاشماوەی هەیئەی تەحریر ولشام (هەتەشە)، گروپە چەکدارییەکانی سوریا (پاڵپشتیکراوە ئەنقەرە) پڕ دەکرێتەوە. لە بآشترین حاڵەتدا هەبوونی سوپای سوریایە لەو ناوچەیە کە ئەویش پێکهاتەیەکی هایبریدە و مەرامی تۆڵە سەندنەوەی بەسەردا زاڵە. جیهان جارێکی دیکە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژی و ئەتککردن ودەربەدەری کوردە لە رۆژئاوا. ئەو کوردەی کە لە دەیەی رابردوو بە هەزاران شەهید و برینداری داوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. ئەو جۆرێکە لە کەمتەرخەمی و لۆژیکی هەڵە لە پاشەکشکردنی هاوبەشەکانی کورد (ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا). ئەو توندوتیژییەی رۆژئاوا بە دوور نابینم بۆ ماویەیکی زۆر بەردەوامبێت، تا حکومەتەکەی دیمەشق چارەسەرێکی سیاسی و ئەمنی بۆ "پاراستن"ی کورد لە رۆژئاوا دادەرێژێت.
کەواتە بۆچی هاوبەشی ئەمریکا و کورد لە سوریا کۆتایی هات؟ وەڵامەکە لە ناهاوسەنگی ستراتیژیدایە. بۆ کورد ئەم هاوپەیمانییە بوونگەرایی بوو؛ بۆ ئەمریکا، تەنها ئامرازێک بوو. کاتێک داعش کۆنترۆڵی خاکی لەدەستدا، پاساوی بنەڕەتی بۆ هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و هەسەدە نەما. بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردن لە هەسەدە بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا و بەشداریکردنی ئەمریکا لە ململانێی سیاسی چارەسەرنەکراوی سوریا و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی حوکمڕانی و ئاسایش- هەموو ئەو تێچوونانە بوو کە واشنتۆن ئامادە نەبوو لە ئەستۆ بگرێت. لە پلەبەندی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئاسایشی کورد زۆر نزمتر بوو لە هاوتەریبی هاوپەیمانی واشنتۆن لەگەڵ ئەنقەرە و فشاری ناوخۆیی بۆ کشانەوەی ئەمریکا لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئایا کورد جارێکی تر متمانەی بە ئەمریکا دەبێت؟ متمانە بە مانا تەقلیدییەکە، نالۆژیکی دەبێت. بەڵام سیاسەت بە دەگمەن بە لۆژیکی پاک بەڕێوە دەچێت. ڕەنگە کورد جارێکی تر هاوکاری ئەمریکا بکاتەوە، یان ببێتەوە هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا. نەک لەبەر ئەوەی باوەڕ یان متمانەیان بەو هاوبەشییە هەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەدیلی دیکەی نیە. لە بەرامبەر ڕژێمە دوژمنکارەکان و گروپە جیهادییەکان و زلهێزە ناوچەییەکان، هاوکاری سنووردار لەگەڵ زلهێزە دوورەکان بۆ کورد ڕەنگە وەک بژاردەیەکی کەم مەترسیدار دەرکەوێت.
بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەم هاوبەشییە بەبێ هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی و ئەزموونی رابردوو تەنها کەمتەرخەمی کورد پشتڕاست دەکاتەوە. بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا و پارچەکانی دیکە دەبێ ڕووبەڕووی واقیعە توندەکان ببنەوە: زۆر پشتبەستن بە زلهێزە دەرەکییەکان، نەبوونی فرەچەشنەیی لە دیپلۆماسی، خوێندنەوەی تاک لایەنانە بۆ هاوبەشییەکان و خۆشباوەری، لە داهاتوودا کورد تووشی هەمان شکست دەکاتەوە. خۆهەڵسەنگاندن بە مانای وازهێنان لە بنەماکان نییە، بەڵکو بە مانای ڕێکخستنەوەی ستراتیژییە.
بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە هەمان شێوە دەبێت وانەیەک لەوە وەربگرن. بەکارهێنانی ئەکتەرە ناوچەییەکان لە بەرژەوەندییەکانیان بۆ کورت مەودا و پاشان وازهێنان و پشتگوێخستنیان بێ متمانە لە هاوبەشیکردن لە داهاتوو دروست دەکات. لە جوگرافیایەکی وەکو رۆژهەڵاتی نێوەراست کە گۆرانکاری ئەمنی و سیاسی بە بەردەوامی لێ روودەدات، هەڵبژاردنی هاوبەشەکان و دروستکردنی هاوپەیمانییەتی دەبێت لەسەر بنەمای درێژخایەن بن و لەگەڵ ئەو لایەنانە بێت کە یارمەتیدەرن لە دارشتنەوەی داهاتوو، نەک تەنها بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی کورت مەودا. گەلە ستەملیکراوەکانیش هەمیشە هاوپەیمان و هاوبەشی وەفادارن، چونکە ئەوان پێویستیان بە پاڵپشتی دەرەکی هەیە بۆ مانەوە.
لە کۆتاییدا، ئەوەی لە ڕۆژئاوادا دەگوزەرێت، تەنیا کارەساتێک نیە دژی کورد نییە؛ بەڵکو توێژینەوەیەکی کەیسێکە کە چۆن مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە کاتێک وانەکان بە شێوەیەکی گوتاری وەرگیراون بەڵام لە پراکتیکدا پشتگوێ دەخرێن. کورد جارێکی تر لە دووریانی بریاردانە لە نێوان بەرخۆدان و واقیعبینی و و مانەوە.