بۆچی پلانەکەی سەدر سەری نەگرت؟

 
سەرەتا
 
رووداوەکانی 29 و 30ـی مانگی ئاب، تائێستاش لە چەندین رووبەردا بەتاریکی ماونەتەوە و شیاوی ئەوەن چەندین نیشانەی پرسیاریان لەسەر دابنرێت. دوور لە هەموو ئەو گوتارانەی لەبەردەم کامێراکاندا تۆمارکران، هەر لە کشانەوەی سەدرەوە تا دەگاتە خوێنڕشتن و پاشان دەرکەوتنەوەی بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان و بەریەککەوتنەکان، زۆر گرنگە ئێمە بڕۆینە ئەودیوی کامێراکانەوە و بزانین هەر بەڕاستی سەدر چی دەویست و بۆ وایکرد و پاشان بۆ کشایەوە.
 
سەدر ویستی چی بکات؟
 
پاش 10ی ئۆکتۆبەری 2021 و لە قۆناخی یەکەمدا، ستراتیژیەتی سەدر بریتیبوو لە پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی و لەم پێناوەشدا چەند جارێک پەرلەمانی کۆکردەوە، بەبێ ئەوەی بتوانێت رێژەیان بگەیێنێتە 220 پەرلەمانتار. لێرەوە ستراتیژیەتی یەکەمی شکست دەهێنێت و دەرەنجامەکەیشی بە پاشەکشە لە پەرلەمان کۆتایی پێدێت.
 
لە قۆناخی دووەمدا و لە دەرەوەی پەرلەمانەوە، سەدر ستراتیژیەتێکی دیکە دروستدەکات کە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە. لەپێناوی بەدیهێنانی ئەم ستراتیژیەتەشدا، چەندین رێگەی گرتەبەر، هەر لە رێگەی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمارەوە تا دەگاتە دادگەی فیدراڵیی عێراق و جێنین پلاسخارت و لە کۆتایشدا بە خۆپێشاندان و داگیرکردنی باڵەخانەی پەرلەمان کۆتاییهات. بەڵام هەموو ئەم کارتانەشی سوتا و شکستی هێنا لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەماندا.
 
پاش بێئومێدبوون لە هەموو میکانیزمە دەستووری و دەزگایی و یاساییەکان بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە خەونی پێوە دەبینین، سەدر بڕیار دەدات نەک هەر یارییەکە تێکبدات، بەڵکو یارگەکەش بەسەر یاریزانەکاندا بڕووخێنێت و بەشێوەیەکی زۆر رادیکاڵانە کۆتایی بە قۆناخی عێراقی پاش سەددام حوسێن بهێنێت و بەردی بناخەی عێراقێکی دیکە بە ڤێرژنی نوێی سەدرییەوە دابنێت.
 
سەدر ویستی لە ئێوارەی 29ی ئابدا چی بکات؟
 
سەرچاوەیەک کە لە قووڵایی دەوڵەتی عێراقیدایە و لە یەک کاتدا لە رەوتی سەدر و لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیش نزیکە بەوردی باسی پلانێکی یەکجار رادیکاڵی سەدری بۆ کردم. بەپێی ئەم پلانە، دەبوو لە ئێوارەی 29ی ئابدا تەواوی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستگیربکرێن و راپێچی زیندان بکرێن. پاشان سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار ناچاربکرێن بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی بەروارێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.
 
هەنگاوی یەکەمی ئەم پلانە دەبوو بەوە دەستپێبکات کە سەدر بە فەرمی کشانەوەی خۆی لە سیاسەت و کاری سیاسی رابگەیێنێت، بۆئەوەی بەهیچ شێوەیەک هیچ جۆرە بەرپرسیارێتییەکی دۆخەکەی نەکەوێتە ئەستۆ و رووداوەکان وا لێکبدرێنەوە کە گەل سزای گەندەڵکارانی داوە.
 
لە هەنگاوی دووەمیشدا و لەپێناوی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتدا، هەمان گەلی عێراقی داوا لە موقتەدا سەدر بکات بگەڕێتەوە و کۆنترۆڵی رووداوەکان بکات. موقتەداش بڵێت: داوای گەل رەتناکرێتەوە و دیسان خۆم دەکەم بە قوربانی و لەپێناوی گەلی عێراقدا دێمەوە مەیدانەکە.
 
بەڵام لە ئێوارەی 29ی ئابدا، تا زیاتر بەغدا بەرەو تاریکی دەچوو، هەواڵی ناخۆش بە حەنانە دەگەیشت! سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەخێرایی هەست بە مەترسیی دۆخەکە دەکەن و داوا لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن تەوقی خۆپێشاندەران و چەکدارەکانی سەرایای سەلام بدەن و دەستیان لێبکەنەوە. 
 
لێرەوە، ئاراستەی رووداوەکان دەگۆڕێت. رژانی خوێن، گەیشتنی چەکی قورس، بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی تووند، داخستنی رێگەکان، هەڵنەهاتنی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بێباکییان لە بەکارهێنانی هەموو فۆرمەکانی زەبر و زەنگ و ...وایکرد کە موقتەدا سەدر، وردە وردە تێبگات لەوەی کە پلانەکەی سەرناگرێت و ئەم جارەش شکستی هێنا لە بەدیهێنانی خەونەکەیدا.
 
نیوەڕۆی 30ـی ئاب، بۆ سەدر وا تووڕە دەرکەوت؟
 
من راستەوخۆ لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بووم کە رۆژنامەنووسەکە پێیگوتم با پێکەوە تەماشای کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیی موقتەدا سەدر بکەین و پاشان بەرنامەکە تەواودەکەین. 
 
ئەو پیاوەی کە رۆژێک پێشتر بڕیاریدابوو لە سیاسەت بکشێتەوە، ئەمڕۆ لە بەردەم تەلەڤزیۆنەکاندایە، زۆر تووڕەیە، زۆر بەتووندی لەگەڵ جەماوەرەکەیدا قسەدەکات و زمانێکی زەبر و زەنگاوی لە بەرامبەریاندا بەکاردەهێنێت. 
 
بەشێکی زۆری خوێندنەوە و شرۆڤەکان، وەک هەستێکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر خوێنی رژاودا، ستایشی گەڕانەوەی سەدر و تووڕەبوونەکەی و بڕیارەکەیان دەکرد. بەڵام لەڕاستیدا، ئەو تووڕەبوونەی سەدر، ئەوەندەی تووڕەبوون بوو لە جەماوەرەکەی و سەرایای سەلام کە نەیانتوانی لەو زەمەنەی بۆیان دەستنیشانکرابوو پلانەکەی جێبەجێبکەن، ئەوەندە پەیوەندیی بە رشتنی خوێنی شیعە بەدەستی شیعەوە و رشتنی خوێنی عێراقی بە دەستی عێراقییەوە نەبوو. خۆ لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017شدا، هەمان عێراقییەکانی حەشد هاتن و چەندین پێشمەرگەیان شەهیدکرد، بەڵام ئەوکاتە موقتەدا سەدر نەهاتە سەر تەلەڤزیۆن و سێ جار بە تووڕەییەوە بڵێ: کوشتنی عێراقی بە دەستی عێراقی حەرامە! مەگەر پێشمەرگەش هەر هاووڵاتیی عێراقی نین؟
 
کۆتایی
 
لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021دا، سەدر سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا، بەڵام لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا هەرگیز نەیتوانی ئەم سەرکەوتنەی وەربگێڕێتە سەر سەرکەوتنی سیاسی و کۆنکرێتیکردنی لایەنی هەرە زۆری ئامانجەکانی. 
 
حیزبە سیاسییەکان دەبێت تێبگەن لەوەی کە بردنەوەی هەڵبژاردنێک مەرج نییە هەمیشە یەکسان بێت بە بردنەوەی سیاسی، بەپێچەوانەوە، دەکرێت سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا توونێلێک بێت بۆ زنجیرەیەک لە شکستی جۆراوجۆر و خۆپاراستنیش لەم شکستانە، پێویستی بە عەقڵی ستراتیژی و کولتووری ساردی بیرکردنەوە و بیناکردنی ستراتیژیەتی واقعی و پاشان خوێندنەوەی پەیوەندییەکانی هێزە بەو شێوەیەی کە هەیە، نەک بەو شێوەیەی کە دەمانەوێت هەبێت.