ئینسایكلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر بڵاودەكرێتەوە

رووداو - هەولێر

"ئینسایكلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر" لە ئامادەكردنی عەبدولڕەحمان مەعرووفە و زانیاری و بایۆگرافیای نووسەرانی هەولێر و لەخۆدەگرێت.

عەبدولڕەحمان مەعرووف لەوبارەوە بە (ئەدەب و كولتوور)ی راگەیاند "پرۆژەی ئینسایكلۆپیدیا لەلای میللەتانی دنیا لە تەواوی بوارەكانی ژیان و مەعریفە و زانیاری كاری لەسەر كراوە، ئێستا بووەتە پێویستییەكی سەردەم و وەك بەشێك لە كولتووری گەلان بە هەند وەردەگیرێ". 

گوتیشی :"شانم داوەتە بن ئەم پرۆژەیە و وەك هەنگاوی یەكەمیش لە (ئینسایكلۆپیدیای نووسەرانی هەولێر و دانیشتووی هەولێر)ـەوە دەستمپێكرد، ئەگەر تەمەن بە بەریەوە بمێنێ هی سەرجەم شارەكانی دیكە و هەموو كوردستانیشم لە پلان و بەرنامەدایە".

مەعرووف نزیكەی 10 ساڵ كاری لەسەر ئەو پرۆژەیە كردووە و كاتی خۆی بەشێكی لەسەر داوای لیژنەی باڵای (ئینسایكلۆپیدیای هەولێر) ئامادە كرد و چاپكرا.

پرۆژەی ئینسایكلۆپیدیاكە پێكهاتووە لە نووسەرانی هەولێر و دانیشتووی  هەولێر كە كتێب و چاپكراویان هەیە. 

ئینسایكلۆپیدیاكە 2000 لاپەڕەیە و لە چوار بەرگ پێكدێت، بڕیارە لەم نزیكانە چاپ و بڵاوبكرێتەوە. ئامادەكاری ئینسایكلۆپیدیاكە داوا لە نووسەرانی هەولێر و دانیشتووی هەولێر دەكات، ئەوانەی دەیانەوێت لە پرۆژەكەدا بەشداربن، لەرێگەی ئیمەیلی abdulrahman.m.rasul@gmail.com پەیوەندی پێوە بكەن.