پێوه‌ندیی نێوان سرووشت و ئەدەبیات
ئارام فه‌تحی
مرۆڤ هه‌ر له سه‌ره‌تای بوونیه‌وه له داوێنی سروشتدا دەستی بە ژیان کردووه و هه‌تا ئێستاش لێی دانه‌بڕاوه، چونکه دابڕانی مرۆڤ له سروشت، یانی قه‌ڵاچۆ تێکه‌وتنی تۆره‌مه‌ی به‌شه‌ر. مرۆڤ بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و خەیاڵ و سۆزی خۆی ئامرازێکی به ناوی هونه‌ر خولقاند. هه‌روا که ده‌زانین سروشت زۆرترین به‌شی له هونه‌ر داگیرکردووه و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ست، خه‌یاڵ ناسکی، ڕۆح و عاتیفه‌ی مرۆڤه‌کان. ئه‌گه‌ر چاوێ به مێژووی هونه‌ردا بخشێنین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ڕۆحی هونه‌ر، سروشته. ئه‌ره‌ستۆ هونه‌رمه‌ند به ئاوێنه‌ی سروشت ده‌زانێ. ئه‌ده‌بیاتیش یه‌کێک له‌و هونه‌رانه‌یه که مرۆڤه‌کان له‌و کاته‌وه‌ی شێوازێکیان بۆ نووسین داهێناوه، په‌یام و قسه و بگره خه‌یاڵ و ئازاریان پێ باس کردووه و وه‌کوو ده‌رمان و ڕێگه‌چاره‌یه‌ک یان کەرەسەیەک بۆ دەربڕینی گرفتەکە و خستنەبەرچاوی، به‌کاریان هێناوه.
ئه‌ده‌بیات له سه‌ره‌تاوه تاکوو ئێستا خاوه‌نی زۆر قوتابخانە بووه. یه‌ک له‌وانه پێیدەگوترێ ڕۆمانتیک. ئه‌و شاعیر و نووسەرانەی که له‌م تاقمه به ژمار دێن که‌سانێکن هه‌ست و خه‌یاڵیان پڕه له سروشت و به شاعیرانی سروشتپه‌رست ناسراون. سروشت له به‌رهه‌مه‌کانی ڕۆمانتیستهکاندا وه‌کوو په‌رستگایه‌ک دێته به‌رچاو. که‌سێ که له سروشت نزیکه و له ههڵپهرتاوتنهکانی شارستانێتی به‌دووره، ده‌بێ به کێلکی رووته‌نک و هه‌موو شتێک ده‌بینێ. ده‌توانین بڵێین ڕۆمانتیزم بانگهێشتێکه بۆ چوونه ناو ئایینی سروشت. سروشت بۆ شاعیری ڕۆمانتیک نه ته‌نیا په‌رستگایه، به‌ڵکوو گیانیشی هه‌یه و بوونەوەرێکی زیندووە.
سروشت، ههژهتێکی ماشینی وه‌ک کاتژمێر نییه که ده‌سته نادیاره‌کانی یەکێک بیگێڕێت و بیخولێنێتەوە. سروشت زیندووه و ده‌ڕوێت وه‌کوو نه‌بات.
پێکهاته‌ی سروشت جۆرێکه که له چکۆله‌ترین بەشیەوه بگره هه‌تا بەشه زۆر گه‌وره‌کانی، هه‌موو پێکەوە پێوه‌ندییان هه‌یه. خه‌یاڵی مرۆڤیش وه‌ک سروشت ئۆرگانیکه.
ئه‌ده‌بیات بۆ خۆی خاوەنی چەند لق و ژانرە کە بریتین لە: شیعر، چیرۆک، په‌خشان، رۆمان و... هه‌رکام له‌مانه به جوانی بۆن و به‌رامه‌ی سروشتیان لێ دێت (له ئه‌ده‌بیاتی کۆندا ئەم شتە بەرچاوترە). هه‌ر وڵاتێکیش بۆ خۆی خاوه‌ن مێژوو و ئه‌ده‌بیاتێکی مێژووییه. وه‌ک هەمەنگوای ده‌ڵێ: هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌ده‌بیاتی به‌هێزتر بێت ئه‌و نه‌ته‌وه له جیهاندا ناسراوتره. لێره‌دا بۆمان دەردەکەوێت که ئه‌ده‌بیات وه‌ک میدیایەکی گه‌وره، پردێکی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان بهئەژمار دێت و به که‌ڵکوه‌رگرتن له‌م هونه‌ره فره‌ده‌نگه ده‌توانرێت نه‌ته‌وه‌یه‌ک له هه‌موو بواره‌کانه‌وه به نه‌ته‌وه‌کانی تر بناسێنرێت. لێرەدا من باسەکە دەهێنمە سەر ئەدەبیاتی خۆمان؛ ئایا نووسه‌رانی ئێمه وه‌کوو ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی توانیویانه ئه‌م نه‌ته‌وه چه‌وساوه‌یه به باشی بناسێنن؟ ئایا توانیویانە بەپێی گرفتەکانی کۆمەڵگا دەق بخولقێنن و دەقەکانیان ئاوێنەی باڵانوێنی دۆخی ژیانی هەنووکەییمان بێت؟ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه تووشی قه‌یرانگه‌لێک بووه کە یەکێک لە بەرچاوترینیان لە ئێستادا، قه‌یرانی کاولکاریی ژینگه و سروشته. ئەویش بۆ جوگرافیای وڵاتێک کە نە دیواری چینی هەیە و نە شتێکی ئەوتۆ بتوانێ گەشتیارێک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ؛ ئەوەی هەیەتی بۆ ئەم شتە، سروشتە سرووشت.
هه‌ڵکردنی ته‌پوتۆز له وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه که دوو به‌شی کوردستانی تووشی ئاڵۆزی کردووه، ڕاوکردن و له‌ناوبردنی ئاژه‌ڵان به هۆکارگه‌لێکی جیاواز و ناڕه‌وا، له‌ناوبردنی دارستانه‌کان بۆ تێرکردنی ته‌ماحی مرۆڤه چاوچنۆکه‌کان، پیسکردنی چەم و جۆبارەکان و...ئایا ئه‌ده‌بیات وه‌کوو به‌شێکی هه‌ره گرنگ له ڕاگه‌یاندن، یان دەرخەری دۆخی هەنووکەی ژیان، چ هه‌وڵێکی بۆ ژینگه و سروشت داوه؟
ئه‌گه‌ر تۆزێک به وردی بچینه نێو بابه‌ته‌که‌وه (پێوه‌ندیی سروشت و وێژه)، ده‌بینین که ژینگه چۆن دێڕ به دێڕی شیعر و په‌خشان و چیرۆکی کوردی ته‌نیوه. بۆ وێنه له چیرۆکه‌کانی شێرزاد حه‌سه‌ندا به باشی ئه‌و شته‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، به‌تایبه‌تی له کتێبی (حه‌سار و سه‌گه‌کانی باوکم). دوا لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م کتێبه پڕه له که‌ڵک وه‌رگرتن له ئامرازه‌کانی سروشت و ئاژه‌ڵه‌کان. له کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌دا هه‌ستێکت بۆ دێت که له‌گه‌ڵ سروشت تێکئاڵا ده‌بی. کاتێ نووسه‌ر ده‌ست به نووسین ده‌کات، که‌ڵکوه‌رگرتن له ئامرازه‌کانی سروشت ناکرێ شتێکی ئه‌نقه‌ست بێت. هه‌ر ئه‌وه‌ش وای کردووه که فه‌زای ئه‌و چیرۆکانه فه‌زایه‌کی سروشت ڕه‌نگ بێت؛ به‌تایبه‌ت له بواری شیعره‌وه که ئه‌مه‌ش گرێدراوه به ڕۆح و عاتیفه‌ی نووسه‌ره‌وه. ئه‌م که‌ڵکوه‌رگرتن له سروشت و هاتنه ناو خه‌یاڵی شاعیر و نووسه‌ره له ئه‌ده‌بیاتی کۆندا زۆرتر به‌رچاو ده‌که‌وێت. زۆرن ئه‌و شاعیره کوردانه‌ی که ژیانێکی پێچراوه به سروشتیان هەبووه، به جۆرێک که فیکر و خه‌یاڵیانی داگیر کردووه. وه‌ک مه‌وله‌وی کورد ده‌فه‌رمێ:
وههارهن، سه‌وزه‌ن، ئاوه‌ن، سهرکاوهن
هاژه‌ی وهفراوهن، شاخه‌ی شهتاوهن
ساقی یه‌ن، باده‌ن، نهسیمهن، باده‌ن
بوڵبوڵ جه ده‌وره‌ی گوڵان ئازادهن
که‌سانێکی تری وه‌ک: نالی، مه‌حوی، وه‌فایی، سالم، بێسارانی و...ئه‌مانه به‌شی ئه‌ده‌بیاتی پێشوون که ئه‌گه‌ر سه‌رنجی شیعره‌کانیان بده‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به خودی سروشتدا شیعریان نه‌وتبێت، لانیکەم زۆربه‌ی وشه‌کانیان ناوی ئه‌و شتانه‌ن که له سروشتدا به‌رچاو ده‌که‌ون. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ژیانه‌ی مرۆڤی کورد که له داوێن ته‌بیعه‌ت و کەژوکێو بردوویه‌تیه سه‌ر.
له شاعیرانی نوێخوازیشدا که‌سانێکی زۆر هه‌ن که خه‌یاڵه‌کانیان له سروشته‌وه گه‌شه‌ی کردووه. لەوانە: گۆران، سواره ئێلخانی زاده. هێمن له شیعری ( ڕێبه‌ندان و شاعیر)دا ده‌ڵێ:
ڕێبه‌ندان! دیسان هاتیه‌وه سه‌رمان ڕه‌قمان هه‌ڵێنی دیسان له سه‌رمان
شاعیر هاتووه ئه‌و به‌شه‌ی له ژیانی کورده‌واری که له سروشته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت بنوێنێت. له شیعرێکی تردا به‌ناوی (هێلانه‌ی به‌تاڵ) ده‌ڵێ:
نییه باکم ئه‌گه‌ر زاڵم شکاندوویه‌تی باڵی من
ئه‌وه سه‌خته که‌وا ناگاته گوێی که‌س ناڵه ناڵی من
به‌هار هات و ته‌بیعه‌ت حوکمی ئازادی مه‌لانی دا
له‌ناو کونجی قه‌فه‌زدا دیاره چۆنه ئێسته حاڵی من
لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که شاعیر ویستوویه‌تی به که‌ڵکوه‌رگرتن له یاسای سروشت شێوازی ئه‌و ژیانه ناعادڵانه‌ی که تێیکه‌وتووه، ته‌نانه‌ت زۆر که‌مبایه‌ختر له ژیانێکی سروشتییانه به شیعر ده‌ربڕێت. یان ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه شیعری (پاییز)ی مامۆستا گۆران، یان (شار)ی سواره ئیلخانی زاده، به جوانی هه‌ست بە ئه‌وینداریی نێوان شاعیر و سروشت ده‌که‌ین. له کتێبی شیعری جه‌لال مه‌له‌کشادا (داستانی داره‌پیره)ی به ئه‌وپه‌ڕی لێهاتووییه‌وه له زمانی سروشته‌وه باسی خیانه‌ت و نامۆبوونی مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵ خودا ده‌کات: ...داس و کوتک و ته‌ور هاتن/ له سێبه‌ری داره‌پیره/ ئێستێکیان کرد.
هه‌روه‌ها شاعیرانێکی وه‌ک: شێرکۆ بێکه‌س، به‌ختیار عه‌لی، ڕه‌فیق سابیر، عه‌بدوڵڵا په‌شێو که به‌ڕاستی خه‌یاڵه‌کانیان تێکه‌ڵاوی سروشته و ده‌ماری ڕۆحیانی پێوه گرێدراوه. بۆ وێنه شێرکۆ بێکه‌س له (ده‌ربه‌ندی په‌پووله)دا ده‌ڵێ:
ئه‌وه‌رێم یان ئه‌ڕوێم؟/ له نێوان وه‌رین و ڕواندا/ وه‌رزێکی دیکه‌ی نوێم
لێره شاعیر چووه‌ته ناو به‌حری سروشته‌وه و خۆی له‌وێوه ده‌ناسێنێ. گومان ناکه‌م که‌سێک بتوانێت بڵێت ئه‌م خه‌یاڵه ده‌ستکرد و ئه‌نقه‌سته.
عه‌بدوڵڵا په‌شێو له شیعرێکی حه‌ماسیدا ده‌ڵێ: ئه‌مساڵ بێ چیا نه‌ورۆز ناکه‌م/ بێ بۆنی گیا نه‌ورۆز ناکه‌م
شیعرگه‌لێکی حه‌ماسی له‌م چه‌شنه زۆرن و ئه‌مه‌ش خۆی بۆ خۆی ئه‌و ڕاستییه ده‌ردەخات که ته‌نانه‌ت هه‌ڵهاتنی ساڵێکی نوێش گرێدراوه به سروشته‌وه و ئاخۆ ئه‌م ڕاستییه حاشا هه‌ڵنه‌گره چی بێت که وا له مرۆڤ ده‌کات به‌بێ چیا و بۆنی گیا، ده‌سپێکی ژیانێکی نوێ نه‌بینێت و هەستی پێ نەکات؟ وەها کە سروشت تێکەڵی شوناسی تاکی کورد بووبێت!
یه‌کێک له هه‌ڵبه‌سته‌کانی مامۆستا قانیع به ناوی (کۆتر و ڕاوچی)، به زمانێکی زۆر ساده و ساکار، باسی یه‌ک له شێوازه‌کانی غهدرکردنی مرۆڤه‌کان له سرووشت ده‌کات.
له ژیانی ئه‌مڕۆی ڕۆشنبیراندا ئه‌زموونه‌کانی ڕۆژانه، گۆڕاون. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ڕۆژگارێک شاعیرێک جێژوانەکەی تەنیشت کانییه‌کی بن کوێستان بوایە، ئێستا بووه به ''کافێ شۆپ''. یان ئه‌گه‌ر بیگوتایه: چه‌پکێک گوڵ به خه‌زانه‌وه چاوت ئه‌ینێرێ، ئێستا ده‌ڵێت: چاوه‌کانت په‌یامێکم بە بلوتوس بۆ دەنێرن. زۆر ئه‌زموونی تریش که مرۆڤی ئه‌مڕۆی ده‌ستکرد کردووه‌ته‌وه، دیاره که له‌م بەشە لە بەرەوپێشچوون و بەشاریبووندا شاعیر یان نووسه‌ر بێ ده‌سه‌ڵات ماوه‌ته‌وه، بەڵام رێک لە دنیای بەرەو مۆدێڕنەدایە کە کاولکاریی ژینگە و قەیرانە ژینگەییەکان بەشێوەی جیددی دەستپێدەکەن.
له کۆی ئه‌م باسە کورتەدا شتێک کەم بوو؛ یان دەتوانین بڵێین کەلێنێک هەبوو لە توێژی باسەکەدا؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ڕۆشنبیرانی کورد ڕاسته به‌درێژایی مێژوو خزمه‌تی بێ‌وچانیان نواندووه، به‌ڵام له بواری بەرگری له خودی سروشت که‌مته‌رخه‌میی زۆریان هەبووه. له‌وانه‌یه ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که باسی پاراستنی سروشت دەکەن لە دیدێکی ڕۆشنبیرانەوە، به قامکه‌کانی ده‌ست بژمێردرێن. بۆیە هیوادارم بەچاوێکی کراوەتر و جددیتر لەم قەیرانە بڕوانرێت و ئەم که‌لێنه به زوویی پڕبێته‌وه.
له کۆتاییدا و جیا له باسه‌که، وه‌کوو فرانسیس پۆنێژ ده‌ڵێت: مرۆڤ ئایندهی مرۆڤه. به‌م ڕسته به‌نرخه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که داهاتووی مرۆڤه‌کان گرێدراوه به یه‌کتره‌وه. نامۆبوونی مرۆڤ له سروشت یانی بوون به ئینسانێکی ده‌ستکرد و بێهەست و بێ‌ڕۆح. شتێکیش که زۆر سه‌رنجڕاکێش و جێگای مه‌ترسییه، گهنهکهڵکی (سو‌و استفاده) سه‌رمایه‌دارانه. که به کاولکردنی سروشت بۆ به‌رهه‌مهێنانێکی زۆرتر و جۆراوجۆریی به‌رهه‌مه‌کانیان کێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ئه‌م نامۆبوونی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سروشتەدایه. وه جیا له‌مه‌ش بووه به هۆی زۆربوونی ژماره‌ی مرۆڤه هه‌ژاره‌کان و به دێوهزمهبوونی بڕێکی زۆر که‌م له مرۆڤه‌کان له‌ڕووی ژیانی ئابوورییه‌وه.