ئاوێنە بچووکەکانی دۆستۆیڤسکی

ئامادەکردن و وەرگێڕان: هەژار عوسمان

فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی (1821-1881)، یەکێک لە مەزنترین رۆماننووسەکانی سەتەی نۆزدە، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەدایک بووە. کارە ئەدەبییەکانی لە دەوری دەروونناسی و ئایین و فەلسەفە دەسووڕێنەوە و راستەوڕاست لەمسی تاریکترین کون و قوژبنەکانی دڵ و دەروونی مرۆڤ دەکەن و کاریگەرییەکی بەرچاویشیان لەسەر رۆمان و چیرۆکی سەتەی نۆزدەهەم داناوە. 

لە بیستەکانی تەمەنیدا بە رۆمانی ''هەژاران'' دەست بە رۆماننووسین دەکات و کاتێ کە بڵاویش دەبێتەوە، تەمەنی ٢٥ ساڵان دەبێ و خەڵاتی بازنەی ئەدەبیی سانت پێترسبێرگی پێ وەردەگرێ. هەروەتر نۆڤلێتی ''یاداشتەکانی ژێرزەمین''ـی دۆستۆیڤسکی بە یەکەم کاری ئەدەبیی بوونگەرایی دێتە ژمار و زۆرێک لە رەخنەگرەکان پێی دەڵێن مەزنترین دەروونناسی جیهانی ئەدەبیات.  

دۆستۆیڤسکی جگە لەوەی رۆماننووس و چیرۆکنووس بوو، رۆژنامەنووسیش بوو، کاری بڵاوکردنەوە و ئیدیتی بۆ چەندان گۆڤار کردووە. بە درێژایی ژیانی بە هەریەک لە (پووشکین، گۆگۆڵ، شکسپیر، دیکێنز، بالزاک، لێرمۆنتۆڤ، هیوگۆ، پلاتۆ، سێرڤانتس، هیگڵ، شیللەر، کانت، بێلنسکی، هێرزێن، باکونین، ساند، هۆفمان و میتسکیڤیچ) کاریگەر بووە و خۆیشی کاریگەریی لەسەر هەریەک لە (ئەنتوان چێخۆڤ، فریدریک نیتچە، ئێرنست هەمەنگوەی، یان راند، سیگمۆند فرۆید و ژان پۆل سارتەر) داناوە. 

لە لیستی بەناوبانگترین کارەکانی دۆستۆیڤسکیدا ناوی ئەم رۆمانانە دێن:  یاداشتەکانی ژێرزەمین (1864)، تاوان و سزا (1866)،  گەمژە(1869)، شەیتانەکان (187) و برایانی کارامازۆڤ (1880).
 لە 9ی فێبریوەریی 1881دا دوای ئەوەی لە دواڕۆژەکانی ژیانیدا تووشی نەخۆشیی خوێنبەربوون دەبێ، لە سانت پێترسبێرگ لە رووسیا کۆچی دوایی دەکات. ئەدەب و کولتووری رووداو بە گرنگی زانی ساڵیادی کۆچی دوایی ئەو نووسەرە بەبیر خوێنەرانی بێنێتەوە. 

لە 200 ساڵی رابردوودا کەم کەس هەن بارتەقای تێگەیشتی دۆستۆیڤسکی لە سرووشت و دۆخی کەوتنی مرۆڤ تێگەیشتبن. توانا سەیرەکەی ئەو لە شیتەڵکردنی پاتۆلۆژیی بکوژێک (راسکۆلنیکۆف)، یانیش دەروونی پڕکەیفی جووتیارێکی ئاسوودەی رووسیا، بۆ ماوەی زیاتر لە سەتە و نیوێکە بوونەتە سەرچاوەی ئیلهامی نەوە دوای نەوەی نووسەران و بیرمەندانی جیهان، تەنانەت دەروونناسانیش. دەنگ و دیدگە پێغەمبەرانەکەی وای کردووە نووسەرێکی مەزنی وەک (ئی. ئێم. فۆرستەر) بڵێ: ''دۆستۆیڤسکی پێغەمبەری ئەدەبە و رۆمانەکانی ئادگاری پێغەمبەرانەیان هەیە.''

لێرەدا ئاوێنەی باڵانوێن و گەورە و یەکپارچەی دۆستۆیڤسکیمان کردووە بە چەند پارچەیە یان چەند ئاوێنەیەکی بچووکەوە:

ئاوێنەی لاوێک لە سەربازگەدا:

ساڵی 1837، ئەو ساڵەی دایکی بە نەخۆشیی سیل مرد، فیۆدۆری لاو نێردرا بۆ دامەزراوەی ئەندازیاریی سەربازی لە سانت پێترسبێرگ. خولق و خووە هونەرمەندانەکەی و جەستە قەڵەو و قورسەکەی بە جۆرێ داماویان کردبوو کە بەکەڵکی سەربازی نەدەهات، بەڵام هەوڵی دا هونەر و توێژینەوە مرۆییەکانی، کە ئەو پێی وابوو بژێویی دڵ و دەروونی ئەون، لە خۆی حەرام بکا تا وەکو کەسێکی رەقوتەق ئامادەی کارە تەکنیکییە وشکەکەی بێ. ژیان لە سەربازگە ئێجگار سەخت و دژوار بوو، بە جۆرێ کە دەنێو خێمە و لەژێر باراندا دەخەوت و جێخەوەکەی لە پووشوپەڵاش بوو، بە شڕەپەڕۆ سەری داپۆشرابوو، بەڵام ئەوەی لە هەموو شت زیاتر ژیانی ئەوی لە سەربازگە قورستر کردبوو و هەروەتر زۆری بۆ هێنابوو؛ نەبوونی کتێب بوو.


ئاوێنەی پاڕانەوە لە باوک بۆ کتێب: 

لە نامەیەکی نێو کتێبی ''نامەکانی فیۆدۆر میکایلۆڤیچ دۆستۆیڤسکی بۆ خێزان و هاوڕێکانی'' و لە مەیی 1838دا، دۆستۆیڤسکی، کە ئەودەم تەمەنی شانزە ساڵان دەبێ، دوای ئەوەی زۆری بۆ دێت، خۆبەزلزانییەکەی قووت دەدات و داوای پارە و یارمەتی لە باوکی دەکا: ''چۆن بتوانم کات بەبێ کتێب تێپەڕێنم؟  ئەگەر لەم پێویستییە باوانکوژەدا پشتی کوڕەکەی خۆت دەگریت، ئەوا لە سەرەتای مانگی جوندا پارەی بۆ بنێرە. ناوێرم زۆر لەسەر ئەم پاڕانەوەیەم سوور بم: داوای پارەی زۆرت لێ ناکەم، بەڵام ئەگەر ناردت سوپاس و پێزانینم سنووری نابێ.''

ئاوێنەی ''هەژاران'' و هەژاریی دۆستۆیڤسکی: 

"ئەوپەڕی دڵخۆشم بە رۆمانەکەم'' ئەمە دێڕێکی ناو نامەکەی ساڵی 1845ی دۆستۆیڤسکییە بۆ براکەی، هەمان ئەو ساڵەی لە نووسینی رۆمانی ''هەژاران'' بووەوە. لەو ساڵەدا دۆستۆیڤسکی بە جۆرێ هەژار بوو کە هەر لەو نامەیەدا دەڵێ: ''من چیم داوە لە ناوبانگ، کاتێ بۆ کڕینی نانی رۆژێک دەنووسم؟ برای عەزیزم خۆت چاک دەزانیت ئەم ماوەیە بۆ ئەوەی زیندوو بمێنم و بژیم، بژێویم کەوتووەتە سەر کاری خۆم. بەڵام سەرەڕای گشت ئەو شتانە، بۆ خۆم سوێندم خواردووە کە بەردەوام بم و خۆمی بۆ سازکەم. بێ چەندوچۆن دەمەوێ شتی باش بنووسم. هەر وەک پووشکین و گۆگۆڵ؛ لەگەڵ ئەوەی هەردووکیان کەمیان نووسی، بەڵام شایان بەوەن پەیکەری نەتەوەییان بۆ سازکرێ. ڕاستیت دەوێ دەمەوێ شتێک بنووسم کە خۆم بە دنیا بناسێنم. ئەگەر شکستم خوار، خۆم دەخنکێنم.''  

ئاوێنەی ناوبانگ: 

دوای بڵاوبوونەوەی لە جەنیوەریی 1846دا، هەژاران رەخنەی کاریگەر و گرنگی زۆری لەسەر نووسرا و وەکو یەکەم رۆمانی کۆمەڵایەتیی رووسیا ناوی دەرکرد. پارەی باشیشی پەیدا کرد، بۆیە دۆستۆیڤسکی هەر دوای ئەوە لە نامەیەکدا بۆ براکەی دەنووسێ: ''برای خۆم، باوەڕم وایە ئێستا ئیتر ناوبانگم وەک گوڵێک پشکوتووە. هەر جێیەک دەڕۆم گرنگیی زۆرم پێدەدەن و حەزێکی گەورەم پیشان دەدەن. بوومەتە هاوڕێی چەندان کەسی گرنگ. هەمووان وەک عەجایەبێکی دنیا سەیرم دەکەن. ئەگەر بەس دەمم بکەمەوە، هەوایش ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە دۆستۆیڤسکی دەیڵێ، ئەوەی کە دۆستۆیڤسکی نیاز و مەبەستیەتی". دۆستۆیڤسکی دوای بڵاوبوونەوەی (هاوزا) دووەم رۆمانی دەڵێ: ''ئێستا ئیتر ناوبانگم گەیشتووەتە چڵەپۆپەی خۆی".

ئاوێنەی دۆستۆیڤسکی هەمان ئاوێنەی قارەمانەکەیەتی:
  
دۆستۆیڤسکی دوای بڵاوبوونەوەی هەژاران و ئەو رەخنە و نووسینانەی لەسەری نووسرابوون، جارێکی دی دڵی خۆی بەوە دەدایەوە کە قارەمانەکەیشی هەمان چارەنووسی تووش بووە: ''گۆگۆڵیش هەر وای لێهات. جنێویان پێدەدا، جنێویان پێدەدا، بەڵام دەیانخوێندەوە. ئێستا ئیتر ئەو خەڵکە کردوویانە بە دەمەقاڵە و بە شانوباڵیدا هەڵدەدەن. ئێسقانێکی رەقم هاویشتووە بۆ سەگەکان، بەڵام لێگەڕێ بۆ خۆیان خەمی لێ بخۆن ئەحمەقینە! ئەوەی ئەوان دەیکەن تەنها پێی بەناوبانگتر دەبم". 

ئاوێنەی ئەڤینی غەمگینی دۆستۆیڤسکی: 

"زاوازێڕینە سی و چوار ساڵی تەمەنە و بووکەخانیش بیست و نۆ.'' ئەمە لە تۆماری کڵێسەی یەکەم هاوسەرگیریی دۆستۆیڤسکیدا نووسراوە، بەپێی ئەو نووسراوە، مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ 6ی فێبریوەریی 1857. دۆستۆیڤسکی دوای چوار ساڵ لە خزمەتکردن لە سیبیریا دەگەڕێتەوە رووسیا و بێوەژنێک بە ناوی ''ماریا دیمیتریێڤنا ئیساییڤا'' مارە دەکات. ئەگەرچی قەت بۆ یەکتر گونجاو نەبوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە جۆرێ لە جۆرەکان دۆستۆیڤسکی خۆشی دەویست. لەو هاوسەرگیرییەش کوڕێکی بەناوی ''پاڤێڵ'' هەیە. دوای نووسینی ''ماڵی مردووەکان''، دۆستۆیڤسکی کە ئەودەم تەمەنی 40 ساڵان بوو، شێتانە دەکەوێتە داوی ئەڤینی کچێکی گەنجەوە بەناوی ئەپۆلیناریا- پۆلینا کە تەمەنی 21 ساڵان بوو. 

دۆستۆیڤسکی لە رۆژگاری گوتنەوەی وانەی نووسین بەو و بە چەندان گەنجی تر لە رووسیا، ناسیبووی. ئەوانەی توێژەری ژیان و بەرهەمەکانی دۆستۆیڤسکین، دەڵێن ئەڤینی راستەقینە (ئەڤینی ژیان)ـی دۆستۆیڤسکی ''پۆلینا'' بووە. ئەگەرچی پۆلینا کارەکانی دۆستۆیڤسکی نەدەخوێندەوە و حەزی پێیان نەبوو. دۆستۆیڤسکی لە جێیەکدا دەڵێ: ''ژنێکی فشەکەری نەخۆش بوو''. ئەم پەیوەندییە نەگەیشتە هاوژینی و بە ئێش بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەڵام بۆ دۆستۆیڤسکی بەئێشتر بوو، (ڕەنگە) هەر ئەمەیش بووبێتە هۆی ئەوەی لە ڕۆمانی ''یاداشتەکانی ژێرزەمین''ـدا بڵێ: ''ئەڤین یانی ئێش و ئازار، ئەگینا ئەڤین نییە.''