شەڕی براكوژی دەكرێتە رۆمان
رووداو - هەولێر
محەممەد كەریم، چیرۆكنووس و رۆماننووس، نوێترین رۆمانی خۆی بەناونیشانی (دێو بەهمەن) چاپ و بڵاوكردەوە كە تیشك دەخاتە سەر رۆژانی شەڕی ناوخۆیی كوردستان.
محەممەد كەریم، بە (ئەدەب و كولتوور)ـی رووداوی راگەیاند: "رۆمانەكە باس لە زامە قووڵەكانی شەڕی ناوخۆ و ناڵە و هاواری قوربانییەكانی ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە دەكات. گوزارشت لەو ساتەوەختە ناخۆشە دەكات كاتێ بە كەسێك دەگوترێت چەند كاژێرێكی دیكە گوللەباران دەكرێی، لەكاتێكدا هیچ تاوانێكی نەكردووە. مرۆڤ لە ساتێكی وەها ناسك و ئاڵۆزدا هەست بەچی دەكات؟ ئایا تەسلیمی مەرگێكی ناوەختە دەبێت یان بەرگریی دەكات و خۆی بە دەزوولەی هیوادا هەڵدەواسێ؟".
هەروەها دەڵێت "رۆمانەكە بە ساتێكی پڕ لە ئازار دەستپێدەكات. وردە وردە رووداوەكان گەشە دەكەن و پەل دەهاوێن بۆ رووداوی دیكە و خوێنەر دەخەنە دڵەڕاوكێیەكی سەیرەوە كە دەستی لەسەر دڵیەتی و بە شەوقەوە دوای رووداوەكان دەكەوێ و چاوەڕێ دەكات بزانێ چارەنووسی دێو بەهمەن چی دەبێت".
ئەم رۆمانە چوارەمین كتێبی محەممەد كەریمە، پێشتریش كۆمەڵە چیرۆكی (خەونی سپی)، رۆمانی (من هەمیشە نیگەرانم)، هەروەها كۆمەڵە چیرۆكی (وەرزی دروێنەی فریشتەكان)ی نووسیوە.